٨\٣\٢٠١٢ لە ٨ی ئادار شەھید (خهجه باوە) لە بیر مەکەن!
ئەوەی من لێرە دەمەوێ، لە ساڵیادی جەژنی ژنانی جیھان و ساڵوەگهڕی راپەڕینەکانی ھەولێر قسەی لێوە بکەم، وەبیرھێنانەوەی یەکێ لهو ژنه ئازا و چاونهترسانهیه، کە لە راپەڕینی رزگارکردنی شاری ھەولێر، وەک سەرکردە و رابەر دەرکەوت و خۆی کردە قوربانی خاک و نەتەوەکەی، ئەویش ژنە شەھیدی راپەڕین (شەھید خهجه باوە)یە، کە لە یەکەم رۆژی رزگارکردنی شاری ھەولێر، دوای ئەوەی رقئەستورانە ھێرش دەکاتە سەر بپێگەکانی رژێمی بەعس، سەد مخابن ئەو ژنه بوێره لە کاتی ھێرشبردنی چاونەترسانەی بۆ سەر پێگەکانی ئەمن شەھید دەبێ، جارێکی دیکە مێژووی سەربەرزیی و نەمریی بۆ نەتەوەکەی، دواتر بۆ بنەماڵەکەی و شارەکەی تۆمار دەکا، جێگای وەبیر ھێنانەوەیە، کە شەھید لەگەڵ گزنگی بەرەبەیانی ١١ی ئاداری ١٩٩١، لە ماڵ دەردەکەوێ و پەلاماری مۆلگەکانی ئەمن و جاشەکان دەدا، پێیان دەڵی ئەی خۆفرۆشینە وەرنە دەرەوە،سەرەتا سەرلەبەیانییەکە لەبەردەم کارگەی مافوور و (مەرکەز شەباب)ی سێتاقان نزیک ماڵەکەیان لە گەڕەکی شەھیدان بریندار دەبێ، ھەر خۆی برینەکەی دەستی دەپێچیتەوە، بەڵام رقی ئەستوری ناسرەوێ، ئەمجارەیان بە چەکەوە روو لە (دائیرەی ئەمن)ی ھەولێر دەکا، دووبارە بریندار دەبێ و بە ھۆی قورسی برینەکەیەوە، بۆ دواجار دڵە گەورەکەی دەوەستێ و چاوی پڕ لە ھیوای لێکدەنێتەوە، ئەوە کەرنەفاڵی ئازادی شارە، یان مەرگەساتی ژنێکی گەورەیە، کەوا بە پێوە ئاوزینگ دەدا، باڵای لە قەڵا و منارە دەئاڵێنێێ.
|