٢٦\٥\٢٠١٠
لەبارەى
راگەیاندنەوە.
جەعفەر جەوهەر خدر
(١)
راگەیاندن، چەمک و پێناسە،
مێژوو.
وشەى راگهیاندن لە لاى کورد لە بەرامبەر (اعلام)ى
عەرەبى و (press)ى ئینگلیزی بەکارهاتووە.
لە ڕووى زمانەوانیەوە (راگهیاندن) لە زمانى کوردیدا لە بنەڕەتەوە لە دوو
پێشگیرى (پێ+ڕا) لەگەڵ چاوگى (گەیاندن) پێکهاتووە،کە مەبەست لێى
پێڕاگەیاندنى بەرامبەرە (وەرگر)ە بە ڕا و بیر و زانیارى و هەواڵێک کە لاى
وەرگر نامۆیە، بە مەبەستى ئاگادارکردنەوەى جەماوەر بەو بیر و ڕا و زانیارى
و هەوڵانەوە، وابەستە کردنى وەرگر بەو دۆخەى کە نێرەر دەستەواژە و ڕستەکان
دەردەبڕێت.
پسپۆرانى بوارى راگهیاندن چەندین پێناسەى جیاجیایان بۆ چەمکى راگهیاندن
داڕشتووە،کە هەریەکەیان بەشێوەیەک پێناسەى دەکات ،بەڵام لێرەدا ئێمە
ئەم پێناسەیە دەخەینەڕوو کە دەڵێ(راگهیاندن بریتیە لەو چالاکى و
پەیوەندى کردنەى کە دەبێتە هۆى گەیاندنى هەوڵ و زانیارى دروست لەبارەى
بابەت و کێشەکان بە جەماوەر ،ئەوەش دەبێتە هۆى دروستکردنى شارەزایى و
هۆشیارى پەیام وەرگرەکان بەمەش ڕایگشتى جەماوەر سەبارەت بەو کێشە و
بابەتانە دروست دەبێت).
ئەگەر بێتو سەیرێکى ئەم پێناسەیە بکەین دەبینین چەند خالێکى گرینگى
تێدا بەرجەستە دەبێت:.
• راگهیاندن چالاکیەکى پەیوەندى کردنە.
• راگهیاندن هەواڵ و زانیارى دروست
لەسەر کێشە و بابەتەکان دەدات بە جەماوەر.
• راگهیاندن ئاستى هۆشیارى و زانیارى و
شارەزایى پەیام وەرگرەکان بەرز دەکاتەوە.
• راگهیاندن دەتوانیت ڕایگشتى دروست
بکات.
گەر بەشێوەیەکى گشتى و کورت باسى راگهیاندن بکەین ،دەبێ ئاماژەیەک بە
مێژووەکەى بدەن ،بەپێى سەرچاوە مێژوویەکان زانراوە کە چینیەکان و
ڕۆمانیەکان لەپێشەوەى وڵاتانن لەسەر هەڵدانى شێوەکانى راگهیاندن کاتێک
بۆ ئاگادار کردنەوەى خەڵکانى سنوورى قەڵەم ڕەوى ئیمپراتۆرتەکەیان هەندێ
نوسراویان بەکارهێناوە و لەشوێنە گشتیەکاندا هەلێنواسیوە ،لەڕێگاى ئەو
نووسراوانەوە هەواڵە سیاسى و ئابوورى تەنانەت کۆمەڵایەتیەکانیان
پێڕاگەیاندنوون،بەم کارەش جۆرێک لە راگهیاندنیان بۆ خۆیان دابین
کردووە.
کەچى هەندێ واى بۆدەچن یەکەمین گفتوگۆى مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤێکى تردا بۆخۆى
سەرتایترین و ساناترین جۆرى راگهیاندنە و هەر ئەم گفتوگۆ و
پەیوەندیەشە بۆتە بناغە بۆ ئەم پێشکەوتنە بەربڵاوەى ئێستا.
بەڵام لە ساڵى(1445) بەملاوە،داهێنانە مەزنەکەى (گۆتەنبەرگ)ى ئەلمانى
واتە دۆزینەوەى چاپخانە،شۆرشێکى گەورەى لەراگهیاندن دروست کرد،چاپخانە
بووە هۆى هاتنە ئاراى دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بە هەزاران
ژمارەیان کەوتە دەستى خوێنەران،دۆزینەوەى چاپخانە نەک هەر تیراژى
چاپەمەنیەکانى زۆرتر کرد بەلکو نرخەکانیشى بەشێوەک دابەزاند تاکو
هەژارانیش کەڵکى لێ وەرگرن و بکەونە ژێرکاریگەریەکانیەوە. کۆتایى سەدەى
نۆزدەیەم و سەرتاى سەدەى بیستەم داهێنانەکانى وەک(فۆتۆ
گراف،سینەما،ئیزگە) برەوێکى زۆریان بە کارى راگهیاندندا و قەبارەى
ئەوانەى پەیامیان لە راگهیاندن وەردەگرت بەدەیان جار زیاتر
بوو.داهێنانى تەلەفیزیۆن لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم شێوازى راگهیاندنى
لەڕیشەوە گۆڕى ،چونکە پێشتر تەنها بەنووسراو و بیستراو هەبوو کەچى
تەلەفیزیۆن بە دەنگ و ڕەنگ لە ڕێگەى سندوقێکى بچکۆلانەوە خۆى کرد بە
ماڵەکاندا.
کۆتایى سەدەى ڕابردووش مەزنترین تەکنەڵۆژیاى راگهیاندنى پێشکەش بە
مرۆڤایەتى کرد و سەتەلایت و ئینتەرنێت دونیایان کردە چاوەچۆلەکە.
بەپێى ئەو ئەرک بەرپرسیاریەتیەى کە راگهیاندن لەم چەرخەدا لە
ئەستۆیدایە بەتەنیا کەرەستەیەک نییە بۆ گەیاندنى هەواڵ و زانیارى و کات
بەسەربردن بەڵکو بوتە هونەرێکى ئاڵۆز و ورد لە ڕێگەى تەکنەلۆژیاى نوێ و
تواناى ماددى و مرۆیى لەبن نەهاتووە و بالادەستى و هێزى دەزگا
زەبەلاحەکان دەردەخات.
(٢)
راگهیاندنى سیاسى.
نە لە کوردستان نە لە دەرەوە، راگهیاندنێکى تایبەت نییە، بەناوى راگهیاندنى
سیاسی، بەڵکو بەشى سیاسی لقێکە لە کۆى گشتى راگهیاندنى هەر پارت و
وڵاتێک. لە تەلەفزیۆن، بەرنامەى سیاسی هەن، لە ڕۆژنامە و گۆڤاریش
بەهەمان شێوە فایل یان لاپەڕەى سیاسیەت هەن، لەو لاپەڕانە قسە و بۆچوون
و ڕووداوەکانى وڵات لە قالبی سیاسی بۆ جەماوەر ڕوون و شی
دەکرێتەوە،ئەمەش واى کردووە کە پەیامەکان جۆراو جۆر بن و بەشێوەیەک بێت
کە بتوانێ کۆنترۆلى هەست و هۆش و سۆزى جەماوەر بۆلاى خوێ کێش بکات.بۆیە
دەبینین دەزگاکانى راگەیاندن چەندین جۆر پەیام ئاراستەى خەلک دەکەن
وەک(پەیامى بازرگانى،پەیامى کۆمەلایەتى-هۆشیارى،پەیامى سیاسى،پەیامى
شەڕ و جەنگ..تاد) ئەوەى ئێمە مەبەستمانە پەیامە سیاسیەکەیە کەهەندێک لە
دەزگاکانى راگهیاندن و پیاوانى دەولەت بایەخێکى زۆرى پێدەدەن لەپێناو
گەیشتن بەدەسەلات و کۆنترۆلى کۆمەڵگا.پەیامى سیاسیش لەڕێگاى کەناڵ و
ئامرازە جۆربەجۆرەکانى راگهیاندنەوە ئاراستە دەکرێ.لێکۆلەران و
پسپۆرانى بوارى راگەیاندن و سیاسیش چەندین پێناسەى جۆراو جۆریان بۆ
راگەیاندنى سیاسى کردووە،(سکدسۆن) بەم شیوەیە پێناسەى دەکات(بریتیە لە
هەر پرۆسەیەکى گواستنەوەى پەیام،کە مەبەست لێى کاریگەرى بێ بەسەر
بەکارهێنانى دەسەلات ،یان رەواج دان پێى لە کۆمەلگا) .کەواتە لەو
پێناسەیە بۆمان دەردەکەوێ کە جۆرى پەیامەکە دەبێ کاریگەرى بەسەر
دەسەلات و کۆمەلگاوە هەبێ،کەئەمەش ئامانجێکى دیاریکراوى هەیە ئەویش
شێوازى بەرێوەچونى دەسەلات و کۆمەڵگە و چۆنیەتى کۆنترۆل کردن و ئاراستە
کردنیەتى.
راگهیاندنى سیاسى( پەیوەندى کردنێکى ئامانجدارە کە بە سیاسەتەوە
پەیوەندیداربێ)، ئەگەر بێتو سەیرێکى ئەم پێناسەیە بکەین بۆمان
ڕوندەبێتەوە کە سەرجەمى ئاستەکانى ئەو پەیوەندى کردنەى سیاسەتمەداران
یان ئەوانەى بەکارى سیاسەتەوە سەرقالن دەگرێتەوە ئەمەش بۆ گەیشتن بە
ئامانجێکى دیاریکراو یان ئامانجێکى خواستراو،و پەیامێکى ئاراستەکراو بۆ
ئەو سیاسیانەى خەریکى سیاسەتکردن نین وەک دەنگدەران، هونەرمەندان،
کەسانى ترى کۆمەلگە.و پەیامێک کە ناوەرۆکەکەى بە کەسانى سیاسییەوە
پەیوەندیداربێ و وەهەروەها ئەوانەیشى کە سیاسەت دەکەن و ئەوانەشى کە
ئەم سیفەتە نایانگرێتەوە و چالاکیەکانیان نوسینە لەسەر ئەو شتانەى
ڕاپۆرتە هەوالیەکان لە خۆیانى دەگرن، لەگەل سەروتارەکان ،یان هەر
رێگایەکى ترى وتووێژکردنى ناوەندەکانى دەنگدان بۆ سیاسەت و سیاسەت
مەداران.
jahfarxosnaw@gmail.com
|