په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٨

لە بارەی رۆڵەی بەناوبانگی کورد "قاچاغ نەبی".

 

لەتیف مەمەد

وەرگێرانی لە رووسییەوە: د. کامەران ئەمین ‌ئاوە

پێشەکیی وەرگێر.


نەتەوەیەک کە دەوڵەت و کیانی خۆی نەبێ، نەک هەر لە ژیانێکی بەختەوەرانەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی‌ بێبەش دەبێ، بەڵکوو پێناسە فەرهەنگییەکەشی لێ زەوت دەکرێ. زەوتکرانی مافی نووسین بە زمانی زگماکی دەبێتە هۆی ئەوەی کە نووسەر و شاعیر و بە گشتی ڕووناکبیری نەتەوەی ژێردەست بە زمانی نەتەوەی دەسەڵاتدار بیر بکەنەوە، بنووسن و لە جیاتی خزمەتی زمانیخۆیان، یاریدەی گەشەسەندنی زمان و بیر و فەرهەنگی نەتەوەی داگیرکەر بدەن. لە لایەکی دیکەشەوە شوڤێنیزمی دەسەڵاتدار هەوەڵ دەدا حاشا لە بوونی ئەم نەتەوانە بکا یاخود مێژوو و کەسایەتییەکانیان چەواشە بکا.

کوردیش بە هۆی دابەشکرانی نیشتمانەکەی لە نێوان چوار وڵات و بڵاوبوونەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەی لە ئازەربایجان و ئەرمەنستان و کازاخستان و بە گشتی لە باشوری قەفقاز، بەڕەوڕووی ئەم دیاردەیە بۆتەوە و لەم سۆنگەیەوە گەلێک کارەساتی تووش بووە. کاتێک نیزامیی گەنجەوی، شاعیری بە ناوبانگی سەدەی ١٢ی کورد لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەکوو فارس و لە لایەن ئازەرییەکانەوە وەکو تورک یان ئازەری پێناسە دەکرێ، یان ڕەگەزی کورد بوون لە قارەمانە ئەفسانەییەکانی کورد وەکوو کوێرئۆغلی و قاچاغ نەبی زەوت دەکرێ، بەشێک لە مێژووی کورد چەواشە دەکرێ ‌و، هەوڵ دەدرێ کولتوری ئەم نەتەوەیە لەو کەسایەتییە ناودارانەکە هێمای ئازادی، دادپەروەری، فیداکاری و لەخۆبردوویی لە پێناوی گەلەکەیان دان، بێبەش بکرێ.


لە کۆماری ئازەربایجان پاش لە نێوبردنی کۆماری سووری کوردستان [١٩٢٩-١٩٢٣]، بە پێچەوانەی بیر و هزری مارکسیستی کە دەبوو ڕێز لە مافی نەتەوەکانی دیکە بگیرێ، بەداخەوە هەلومەرجێک خوڵقا کە هەتا ئێستاش حاشا لە ڕەگەزی بەشێک لە کەسایەتییە کوردەکانی ئەم وڵاتە دەکرێ و مێژوونووسە ئەدەبی_ سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نکۆڵی لە کوردبوونی شاعیر و نووسەرە بەناوبانگەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە وەکوو نیزامی گەنجەوی، سلێمان ڕەحیمۆف، شامۆ عارف، عەلی وەلیۆف، سەمەد وەرغون، حوسێن کوردئۆغلو، شامیڵ عەسکەرۆف یان قارەمانە نەتەوەییەکانی وەکو کوێرئۆغڵو و قاچاغ نەبی و هتد دەکەن. بە داخەوە دابەشکرانی کوردستان و نەبوونی دەوڵەت و کیانی کورد ئەم دەرفەتەی بۆ ئێمەی کورد نەڕەخساندوە کە زانایان و پسپۆڕانمان لەم بوارانەدا چالاک بن و بە پشتیوانیی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەوڵ بدەن ڕووناکی بخەنە سەر خاڵە نادیارە و شاراوەکانی مێژووی ئەدەبیی کورد و ئەم چەشنە کەسایەتییانە بە خەڵکی بناسێندرێنەوە.


لە نیو کورداندا چەند دڵسۆزێکی ئەدەب و کولتوری کورد جێ پەنجەیان بە ناساندن و بە خاوەنکردنەوەی ئەو جۆرە قارەمانانەوە دیارە. مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە (ئایا کوێرئۆغڵو کورد بووە؟)، لەتیف مەمەد لەدایکبووی ئەرمەنستان (دەربارەی کەسایەتیی کوێر‌ئۆغڵو لە بزووتنەوەی نەتەویی_ڕزگاریخوازانەی کورد؛ سەبارەت بە ڕۆڵەی بەناوبانگی کورد قاچاغ نەبی)، تاهیر سلێمان لە دایکبووی کۆماری ئازەربایجان (نامەی سەرئاوەڵا بۆ ئاکادێمی زانستیی ئازەربایجان: نیزامیی گەنجەوی کورد بووە و بە زمانی کوردییش نووسیویەتی) لەو توێژەر و نووسەرانەن کە لە پێناوی دۆزینەوە و ناساندنی ئەم کەسایەتییانەدا گەلێک هەوڵیان داوە و زەحمەتیان کێشاوە کە جێگای ڕیز و پێزانینن.


*    *    *


لە نێو کورد و ئازەرییەکانی باشووری قەفقاز قاچاغ نەبی گەلێک بەناوبانگە. ئەوان گۆرانییان بەسەردا هەڵ گوتوە، کتێبیان لەسەر نووسیوە و فیلمگەلی هونەرییان لێ دروست کردووە. ئەو هەتا ئەمڕۆ، بۆ زۆرکەس هێمای خەباتی دژ بە دەستەڵاتدارانە. قاچاغ نەبی لە ساڵی ١٨٥٤ی زایینی لە بنەماڵەیەکی هەژاری کورد لە گوندی ئاشاخی مۆللو(٢) سەر بە ناوچەی زانگزور (Zangezur) (ناوچەی قوباتلیی(Qubadli District) ئێستا، کە پێشتر سەر بە کوردستانی سوور بووە) لە ئازەربایجان لەدایک بووە. ڕۆژێك، کە باوکی دەکەوێتە ژێر پەلاماری بەگێک، بۆ بەرگریکردن لە باوکی هێرش دەکاتە سەر فێیۆداڵەکە. لەم پێوەندییەدا دەیگرن و حوکمی زیندانی بۆ دەبڕنەوە، بەڵام ئەو دەتوانێ ڕابکا ‌و بگەڕێتەوە زێدی خۆی. قاچاغ نەبی بە کۆکردنەوەی هاوبیرەکانی، چەک بەدەست، ماوەی ٢٠ ساڵ دژ بە حکوومەتی دەستەڵاتداران و مەئموورەکانی تێزار خەباتی کرد. وێرای چالاکی لەمبەر و ئەوبەری چۆمی ئاراس، یاریدەی وەرزێرە هەژارەکانی دەدا. ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان یارمەتی و هاوکارییان دەکرد. هەر ئەوان بوون کە گۆرانی و ئەفسانەیان بۆ دروست کردبوو.


لە درێژایی تەواوی ئەو ساڵانەدا هەجێ (هاجێ، هاجەر)ی هاوخەباتی کە لەبەکارهێنانی چەک لە هاوژینەکەی کەمتر نەبوو، لەوپەڕی دلێری و بوێریدا لە تەنیشتی قاچاغ نەبی بوو.


توێژەری ئەرمەنی ک. خاچاتورۆڤ ئاوا دەنووسێژنە کوردێکی چەکدار دەتوانێ دەرەقەتی چوار پیاوی گەلێکی دیکە بێ.

هیچ گەنجێک ئامادە نابێ زەماوەند لەگەڵ کچێک بکا کە دایکێکی ترسەنۆکی هەیە.

ئەمچەشنەتێڕوانینەدەربارەیژنانتاڕادەیەککۆنەو،بەمپێیەلەنێوکوردەکانداچەشنەکاراکتەرێکی ژنانەی بوێری پێک هێنا کە لە هیچ بوارێکدا لە پیاوان بەجێ نامێنن. (بڕوانە: سەرجەمی بەڵگەکان بۆ شیکردنەوەی شوێن و هۆزەکانی قەفقاز ژمارەی ٢٠، تفلیس، ١٨٩٤، لاپەڕەی ٨٥). دوژمن کە لە بەرەی شەڕی ئاشکرادا دەرەقەتی ئەو نەدەهات، پەنای بردە بەر چەکی ئەزموونکراوی خۆی واتە فێڵ و دەهۆ. لە ساڵی ١٨٩٥ فەرماندەری ناوچەی نەخجەوان، بازرگانێکی ئوردوبادی بە ناوی پاشا حاجی فەرەج کە لە شاری ورمێ خەریکی بازرگانی بوو، بۆ کوشتنی نەبی لەو کاتەی لە دیوی ئێرانێ بوو، ڕاسپارد. پاشا حاجی فەرەج توانی دوو کەس لە لایەنگرانی نەبی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانگێڕییە ڕابکێشێ. شێخ حوسێن و کەربەلایی ئیمام لە لایەن ئەم بازرگانەوە بەکرێ گیران هەتا قاچاغ نەبی لە ڕێگای گەڕانەوەی لە شاری کەربەلایی بکوژن. (بڕوانە: ئەنسیکلۆپێدیای ئازەربایجان، بەرگی سێهەم، لاپەرەی ١٠٤). نەبی لە ڕێکەوتی ١٢ی مارسی ١٨٩٦ لە گوندی لارین لە باشووری ئازەربایجان کوژرا.

بەڵام قاچاغ نەبی هەتا ئەمڕۆش لە بیرەورییەکانی خەڵکی ئەمەگداردا زیندووە. ئەو گۆرانییانەی سەبارەت بەو گوتراون هەتا ئەمرۆش هەروا بە دڵی جەماوەرن. سولێمان ڕەحیمۆف نووسەری بە ناوبانگی ئازەربایجان کە بە ڕەگەز کوردە، ڕۆمانی هەڵۆی قەفقاز و جەلال بەرگوشاد ڕۆمانی بە سواری بۆزات یان نووسیوە، بەڵام سانسۆری ئازەربایجان ئیجازەی بە نووسەرەکان نەدا تا باسی ئەو نەتەوەیە بکەن کە قارەمانەکەی ئەوانی لێ هەڵکەوتووە. لە تەواوی ئەو بەرهەمانەی لەلایەن نووسەرانی دیکەوە نووسراون (بۆ وێنە: شانۆیقاچاغ نەبی نووسراوەی سولێمان ڕۆستەم) بە تایبەتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە نەبی ئازەربایجانی بووە، لەم حاڵەتەشدا مەبەستیان زۆرتر تورک بوونیەتی، هەرچەند سەرچاوەکان بە تایبەت شایەتی بۆ ڕەچەڵەکی کوردیی ئەو دەدەن. بۆ وێنە س. پ زیلینسکی لە بابەتیژیانی ئابووریی وەرزێڕەکانی سەربەدەوڵەت لە ناوچەی زانگزوری هەرێمی ئەلیزاوێتپۆڵ(٣) بە ڕاشکاوی دەنووسێ کە خەڵکی مۆللو بە تایبەتی بە زمانی کوردی قسە دەکەن. هەروەها لە تەواوی ڕۆژژمێرەکانی قەفقاز کە لە تفلیس چاپ و بڵاوبوونەتەوە (بڕوانە بۆ وێنە ساڵی ١٨٩٥، لاپەرەی ١٨٤؛ هەروەها ساڵی ١٩٠٧)، گوندی ئاشاخی یوخاری(٤)، مۆللو لە هەرێمی ئەلیزاوێتپۆڵ، ناوچەی زانگزور وەک ناوچەیەکی کوردی پێناسە دەکرێ.

هاجەر پاش مردنی مێردەکەی ماوەیەکی زۆر بێوە‌‌ژن مایەوە، پاشان مێردی بە هەمزەی گۆرانیبێژ کرد کە گەلێک گۆرانیی بەسەر قارەمانەتیی قاچاغ نەبیدا هەڵگوتبوو. ئەوان بوون بە خاوەن کچێک بە ناوی زێنەب کە مێردی بە کوڕی موحەڕەم کرد. زێنەب و کوڕی مەحەرەم کوڕێکیان بوو بە ناوی عاشق مەحەڕەمۆڤ کە هەتا کاتی داگیرکردنی قوباتلی لە لایەن هێزە چەکدارە ئەرمەنییەکانەوە، لە گوندی ئاشاخی مۆللو(هەروەها گوندی مۆللوی پێشوو) ژیا. هەتا ئەمڕۆش ناوی نەبی پێوەندیی بەم شوێنەوە هەیە (بەردی خۆزان، ڕێگای نەبی و هتد.

گەلی کورد بەحەق شانازی بە کوڕ و کچە ناودارەکانی خۆیەوە دەکا. کرداری ئەوان، ئێمە بەرەو پاڵەوانەتی، دڵێری و بوێری بانگ دەکات و هانمان دەدات بۆ ئەوەی لە خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراتیک لە سەر خاکی مێژووییمان بەشدار بین.
_________________________________________________
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:
www.Kurdist.ru ٦ی فوریەی ٢٠٠٨.
١.‌ لەتیف مەممەد بروکی(لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ لە ناوچەی ئاراراتی ئەرمەنستان) کوردێکی توێژەر، مێژووناس، کوردناس و بەرپرسی سایتی www.kurdist.ru، لە ڕووسیە و ئەندامی یەکێتی ژۆرنالیستەکانی رووسیە و فدراسیۆنی نێونەتەوەیی ژۆرنالیستەکانە. لەتیف مەممەد پێشتر لە ساڵانی ٢٠٠١/٢٠٠٠ سەرنووسەری گۆڤاری کۆمەلایەتی - سیاسی دروژبا - دۆستی لە مۆسکۆ بووە.
٢.‌ مۆللوی خواروو.
٣. Elisabethpol Governorate or Elizavetpol Governorate.
٤.‌ یوخاریی خواروو.
زیادکراوی وەرگێر:
نموونەی بەندی "قاچاغ نەبی" لە سەر یوتیووب:

https://www.youtube.com/watch?v=scD87hxc2Q4
https://www.youtube.com/watch?v=AhbdQyMsHpk
https://www.youtube.com/watch?v=x3QNsvCQfFE
https://www.youtube.com/watch?v=d2NZpVxWq_0

 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک