په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\٥\٢٠١٠

لە بێدەنگیی دەسەڵاتى کوردى، شەرم لە کوردبوونم دەکەم،
سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە تی ڤى کوردەکانى باشووردا بۆ دیار نەبوون؟!


گەرمیانى حەمەى پوور


پاش ئەو ماوە زۆرەى لە زیندانەکانى ڕژێمى دەسەڵاتى ئیسلامى لە ئێران گوزەراندیان، سەرەنجام پێنج گیراوى سیاسیی کوردى ڕۆژهەڵات لەلایەن ئەو ڕژێمەوە لە دار دران و لەم نێوەندەشدا ئەوەى دەکرێت هەموومان نیگەران بکات بێ هەڵویستى کوردو بە تایبەت دەسەڵاتى هەرێمى کوردستانە لە بەرامبەر ئەو تیرۆرەى کە ڕژێمى ئێران بەرامبەر بە کوردەکانى ڕۆژهەڵاتى گرتووەتەبەرو زیندانییانى سیاسیی لە دار دەدات.


لە لایەکى تریشەوە کەناڵەکانى دەسەڵات لەم هەرێمە تەنانەت وەک هەواڵێکى جیهانیش باسیان لەو کارەساتە نەکرد کە لە یەک کاتدا چوار گیراوى سیاسیی نەتەوەکەیان لە ڕۆژ هەڵات لە دار دەدرێت.


ئەگەر ڕۆژانە تی ڤی یەکانى عەرەب سەیر بکەین ئەوە بێگومان دەبینین ئەگەر خوێن لەبەر بەنجەى منداڵێکى فەلەستینى بچێت بەجۆرێک بڵاوى دەکەنەوە کە سەرنج و سۆزى هەموو جیهان بۆ لاى عەرەبى فەلەستین کێش بکەن و بەرنامەى تایبەتى لەسەر دەکەن.


ئەگەر پیرەژنێکى عەرەبى فەلەستین لە تەمەنى 150ساڵیدا بمرێت، ڕژێمى ئێران دنیا لەوە تێدەگەیەنێت کە ئەمە بەکاریگەریی ستەمکارییەکانى ڕژێمى زایۆنیی مردووەو گەشتێکى هەواڵی تی ڤی یەکانیان نابینیت کە هەواڵێکى لەسەر مەزڵومیەتى فەلەستین و زامڵیەتى ئیسرائیل تێدا نەبێت، لە کاتێکدا تەنها شتێک کە پێکەوەیان دەبەستێت ئاینى ئیسلامەو ئاینزایەکى جیاواز! نە هاونەتەوەن و نە مێژوو و کولتوورو دابو نەرێت و جوگرافیا پێکەوەیان دەبەستێتەوە، زۆر جار خودى سەرۆک کۆمار بۆ ئیدانەکردنى ئیسرائیل دێتە سەر شاشەى تی ڤی یەکان و لەسەر فەلەستین بەدەنگ دێت.


کەچى کوردەکانى ئێمە بۆ گەورەترین کارى تیرۆر کە لەسێدارەدانى پێنج گیراوى سیاسییە لە ڕءۆژهەڵاتى کوردستان و لە هەمووشى شەرم هێنەرتر بۆ دەستى ڕەشى دوژمن، بوونى ژنێکە لە نێو ئەو سیاسییانەدا، لە داردانى ئەو گیراوانە لەلایەن چەندین وڵاتى جیهانەوە ئیدانە کرا، بەڵام سەردەرناکەین لەوەى کە هاوزمان و هاودابو نەریت و ئاین و نەتەوەو مێژوو و خەباتى هاوبەشیان لە باشوورى کوردستان بۆچ بێ دەنگن؟!


کاتێک بێهەڵوێستیى ئەوان دەبینم هەست بەشەرمەزارى دەکەم، شەرم لە کورد بوونى خۆم دەکەم، تەنانەت تف لەوەش دەکەم کە من لە نەتەوەیەکم کە تواناى هەڵبڕینى دەنگى لەبەرامبەر لەداردانى براکانیدا نییە، لەکاتێکدا لە داردانى شەهیدان (شیرین عەلەم هۆلى و مامۆستا فەرزادى کەمانگەرو فەرهاد وەکیلى و عەلى حەیدەرى و مەهدى) لە سەر مەسەلەیەکە کە ئەکرێ تاک بەتاکى ئەم نەتەوە شانازى پێوە بکەن، چونکە ئەوان گیانى خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکەیان کردووە.


بەڵام لە هەمان کاتدا وەکو نەتەوە شانازى بەکورد بوونى خۆم دەکەم کە لە نەتەوەیەکم خاوەنى فەرزادى کەمانگەرو شیرین عەلەم هۆلین، ئێمە بەدرێژایی مێژوو خاوەنى زۆر فەرزادو شیرینى ترین، لەداردانى ئەوانیش لەسەر داواى مافى نەتەوەکەیان دواکەس نین و کاروانى خەباتى ئەوان هەر درێژەى ئەبێ لە هەر پارچەیەکى نیشتمانە بەش بەش کراوەکەمان بێت، ئەگەرچى ئەمڕۆ بەشێک لە سەرکردەو دەسەڵاتدارانى نەتەوەى کورد بێ دەنگن لە بەرامبەر کارى دڕندانەو وەحشیگەرانەى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێران، بەڵام هەرچى ئازادیخواز و نەتەوە پەروەرى کورد هەیە ئەمڕۆ لەبەرامبەر گیانى بەخت کردووى ئەو شەهیدانەدا سەرى ڕێز دادەنەوێنن، ئازادیخوازان و نەتەوە پەروەرانى کورد لە هەر قوژبنێک بووبن دەنگى ناڕەزایەتى و ئیدانەکردنیان لێ هەڵبڕى چونکە ئەوان بوون بە چراو ڕێگایەکیان ڕووناک کردەوە کە ئیتر ئێمە بەو ڕێگایەدا بڕۆین و بەداگیرکەرانیش بێژین، ئێمەش خاوەنى خاک و ئاوى خۆمانین و دەستبەردارى نیشتمانى داگیرکراومان نابین، تەنانەت ئەگەر لەداریشمان بدەن، بە لەداردانى هەرنیشتمان پەروەرێکیش ئێمە ڕێگاکەمان بۆ ڕووناکتر دەبێتتەوە.

 

 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور