په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

لە ئێران نرخی ژیان ھەرزانترە لە نان!

عەبدولڕەحمان رەسول  


کاتێک دەگوترێت کەسێک مرد یان چەند کەسێک مردن لەیەک کاتدا پێویستە ھۆکارەکەی بزاندرێت بۆخەڵک بەگشتی ,ئایا ئەو مردنە ھۆکاری ھەبوونی ناتەدروستی و نەخۆشی بووە یان سروشتی بووە یاخود بە ھەر ھۆکاریکی ترەوەبووە,پێویستە بۆخەڵکی کۆمەڵگا ومرۆڤایەتی ڕوون بکرێتەوە.لەگەڵ ئەوەی لەقۆناغی ئێستادا زانست وتکنۆلۆجا زۆرباش گەشەی کردووە لەسەرجەم بوارەکانی مرۆڤایەتی دا بەڵام بەداخەوە گەنجان ولاوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەژێر سایەی ڕژێمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێراندا ڕۆژانە بەشێوازی جۆراوجۆر بەرەومەرگ دەبرێن,گەنجان ولاوان لەبەر ھەبوونی بێکاری,بۆ دابینکردنی گوزەران وژیانی خۆیان وخانەوادەکەیان بەناچاری کاری تاقەت پڕوکێن وقورس دەکەن و بەناچاری ڕوودەکەنەجۆرە کارێک کە خۆشیان زۆر باش دەزانن ئەو جۆرەکارانە زۆر مەترسیدارو ناشایەستەیە بەخۆیان وسلامەتی گیانیان لەمەترسی دایە بەبەردەوامی بەڵام لەبەرئەوەی ئەوان نایەنەوێت ھەرگیز سەرشۆڕبکەن بۆ خواست وداواکارییەکانی ڕژێمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران.گەنجان ولاوان مردنی ناوبەفریان پێ باشترە لەدەست کەوتنی نانێک کە بەکۆیلەیەتی وجاشایەتی و خۆفرۆشی پێیان بدرێت لەلایەن ئەوڕژێمە داگیرکەرو سەرکوت کەرەی ئێرانەوە.

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ژمارێک کۆڵبەری لە نزیک بێورانی سەردەشت کەوتنە ژێر ھەرەسی ڕنوو و گیانیان لەدەست داوە. ھاووڵاتییان لە گوندەکانی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە بەفریای کۆڵبەرانەوە چوون.ئێوارەی رۆژی شەممە ٩ی رێبەندانی ١٣٩٥، بە ھۆی بارینی بەفر و ھەرەسی ڕنوو لە بێوارنی ناوچەی سەردەشت سێ کۆڵبەر بوونە قوربانی.ناوی ئەو سێ کۆڵبەڕەکەگیانیان لە دەست داوە بریتیە لە: "دیار محەممەدنژاد "کوڕی ھەمزە، تەمەن ١٨ ساڵ و "شێرزاد عەبدوڵایی" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عومەر و "ھیوا ئیبراھیمی‌نیا" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ ساڵ".ھاوکات بەپێی سەرچاوەی ھەواڵی ڕاگەیاندنەکان کۆڵبەرێکیش بریندار بووە کە ناوی "ڕزگار عەلیزادە" خەڵکی گوندی بێوارانی خوارێ، کە لەو ڕووداوەدا لاقێکی شکاوە.شایانی گوتنە ئەو کۆڵبەرانە بە ھاوکاری خەڵکی خۆجێیی و شاخەوانان و خەڵکی شاری سەردەشت ڕزگار کراون.بارینی بەفر لە وەرزی زستاندا یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانە کە بەرەوڕووی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەبێتەوە.

کاک خدر کۆڵبەرێکی خەڵکی خانێیە، حەفتا ساڵی تەمەنە، ئەو پێنج منداڵی ھەیە، تازە عەمەڵیکی قەلبی کردووە و ددانەکانیشی کیسی کردووە ودەڵێ پووڵیشی نییە بچێتە دوکتۆر. و ئێستا بارێک کەدەبێ ھەڵیگرێ ١٢٠ کیلۆیە. ئەمانەو چەندین چیرۆکی خەم ناک ودڵتەزێن وویژدان ھەژێن ڕۆژانە لەھەواڵی ڕاگەیاندنەکان دەبیستین وبڵاودەکرێتەوە.

ئەگەر ئەم گەنج ولاوانە ھی وڵات و دەوڵەتێکی پێشەکەوتووبان,یاخودسیستەمێکی مەدەنی وشارەستانی وئازاد وبەرابەریان ھەبووایە لە ھەر شوێنێکی دیکەی جیھان بانایە، ئێستا یان خەریکی خوێندن بوون یان کارێکی شیاوی خۆیان دەستکەوتبوو، یاخود لەوانەش بوو تەنیا بەژن و باڵای بەس بێت بۆ ئەوەی ببێتە "فۆتۆ مۆدێل" یان سینەماکارێکی سەرکەوتوو، مۆزیک زان ومامۆستا وگۆرانی بێژ ویا ھەرکارێکی شایەستەی بە گەنجێتی خۆی بکات بە ئازادانە وخەڵکی کۆمەڵگاکەی لەداھێنانە فکری و ئەقڵێکەیان وجەستەکەیانەوە سوودی لێیان بینێت.کەچی لە کوردستان بە ناچاریی بوون بە کۆڵبەر و لەم تەمەنە کەمەدا گیانییان لە دەستدەدەن!! بۆ پەیدا کردن بۆ منداڵ , بەفر دڕین , تاریکە شەوو شاخ و کیو بڕین , قورسای سەر شان و مل لە پشت بیوران , ھاتنە خواری ڕنوە بەفر و خنکان بۆ نان بۆ سەربەرزی و سەر بڵندی لای ژن و منداڵ لای دایک و باب و لای سەرجەم خەڵکی کوردستان.


ژیان و بژێوی کۆلبەر لە رووبەروو بوونەوەی پاسداری دڵ رەق و سنوری مین رێژ و باران و تۆفان و رنۆ و خاوەن کاری بەتەماح دا، ھەر ساتێکی کارەسات و ژان و مردنە. ئەوان ژان دەژین و لە پەراوێزی تەنانەت وێژدانی مرۆڤە ئاگا و ھۆشیارەکانیشن. ئەوان گیانیان لەسەر دەست دانا تاکوو لارەمل و شڕەخۆری ڕێژیمی دوور لە کەرامەتی مرۆیی نەبن.

ڕۆحی کۆڵبەرانی گیان بەختکردووە بەرز و بەڕێز و شاد بێ. وێڕای ھاوخەمی دەربڕین لە گەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ئەم روداوە، کۆماری ئیسلامی بە ھۆکاری سەرەکی ئەم چەشنە روداوانە تاوانبارە.لەبەرئەوەی ئەرکی دەسەڵات ودەوڵەتە کاری شایەستە بەگەنجان ولاوان دابین بکات,بەربەگەشەی بێکاری ونەبوونی وھەژاری بگرێت بەڵام دەوڵەتی سەرکوتکەروچەوسێنەری کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران ھەرگیز ناخوازێت ونایەوێت چارەسەری ھەژاری وبێکاری خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکات ھەربۆیەشە کەمترین کارگەو شوێنی دابینکردنی کار لە کوردستان ھەیە,یاخود ئەگەر چەند کارگەیەکیش ھەبێت ئەوا یاساکانی کارکردن لەبەرژەوەندی خەڵکی کرێکاروزەحمەتکێش دانییە بەردەوام لەبەرژەوەندی وسوودی خاوەنکاری سەرمایەداردایە کە بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەکە شەریکەبەشن یاخود خاوەنی کارگەومزرایەکانن.

لە وڵاتی داگیر کراوی کوردستان, نرخی ژیان ھەرزانترە لە نان بۆیە کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران ھۆکاری ڕوودانی ئەم جۆرە کارەستە دڵتەزێنانەو چەندین ڕووداوی دڵتەزینی ترە کە لەڕابردوو ڕوویانداوە,دوێنێ کارەساتی پلاسکۆی تاران، ئەمڕۆ کۆڵبەرانی سنوری سەردەشت. قوربانیەکان ھەموو کرێکاران و زەحمەتکێشی خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگەن لە لەداھاتوودا چەندین ڕووداوی کارەست باروخەمناکبارتریش لەژێر سایەی ئەم سیستەمە دیکتاتۆر وزاڵم وفاشی یە ڕوودەدات لەبەرئەوەی خۆی گەشە بە بێکاری ونابەرابەری وسەرکوت وئیستبداد دەدات.ئەبێت ئەوە ڕاستی یە بزاندرێت یەک ژیانی قوورس و یەک چارەنووسی چینایەتی ھاوبەش ڕووبەڕووی خەڵکی ئێران بەگشتی بۆتەوە,ئەگەرچی لەزۆر بواردا لەڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆر سەختروچەوسێنەرترە لەبەشەکانی تر بەھۆی زمانی جیاوازوئایینی جیاواز کەزۆرینەی ڕۆژھەڵات کوردن وسوونەمەزھەبن بەڵام بۆسەرکەوتن وبەدیھێنانی ئامانجەئینسانییەکان کە بەکۆتایی ھێنان وڕوخانی ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران دەستەبەردەبێت,ئەویش تەنھا ڕێگایەکیش لەبەردەم ھەمووماندا یەکگرتن و خەباتی چینایەتی یە ,خەباتی ھاوبەشی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی یە کە بەرەو ئایندەیەکی باشتر بچێت کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەتی.ئەوەش تەنھا بەبەھێزکردنی شۆڕش وتێکۆشانی ئازادیخوازانە ویەکسانیخوازانەی خەڵک دەبێت کە بەیەکگرتوانە بێنەمەیدان بۆ ڕوخانی ڕژێمی ھارودڕندەی دژەئینسانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران ودامەزراندنی سیستەمێکی سیکۆلارو مەدەنی وشارەستانی و ئازاد وبەرابەر.پێویستە خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان یارمەتی ڕۆڵە ئازادیخوازە شۆڕشگێڕەکانی خۆی بدات تا بگەنە ئازادی و بەرابەری, لە غەیری ئەوەدا ھەر بە ستەم دیتوو کۆیلایەتی دەمێننەوە.

 

 

Abdulrehman.rasul@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک