په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٣

لە ماوەی ساڵێکدا

نزیکەی ٢٥١ کەیسی جۆراوجۆر روویانکردۆتە سەنتەری نینا.

 


شێوەی کار و بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی چارەسەکردنی گرفتەکان.

سەنتەری نینا بۆ رێنوێنی و پاڵپشتی و داڵدەدانی ژنان لە سوید ساڵانە ھاوکاری ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچا ن و پیاوان و کوران دەکات، کە بەشێوەی جۆراو جۆر و بۆ گرفتی جۆراو جۆر پەیوەندی بەم سەنتەرەکەوە دەکەن. لە رێگای ئەم راپۆرتەوە کە ئامارەکانی لە نێوان ناوەڕاستی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ دایە، بەکورتی باس لە چەندیەتی و چۆنیەتی کارەکان و کەیسەکان دەکرێ و ھاوتەریب لەگەڵ ئەمە کەموکوری و ڕێگریەکانی بەردەم ھەوڵەکان دەربارەی تاوتوێکردنی کەیسەکان دەخرێتە روو.

١- چۆنیەتی پەیوەندیکردن بەسەنتەروە و شێوەی کەیسەکان و تاوتوێکردنیان:

شێوەی پەیوەندی کردنی کەسەکان بە سەنتەرەوە جۆراوجۆرە، بەڵام زۆرترینیان لە رێگای دامودەزگا رەسمیە سویدیەکانی وەک (پۆلیس، دەزگای ھاوکاری کۆمەڵایتی"سۆسیال"، قوتابخانەکان، نەخۆشخان و دەزگای کۆچ) ە، بەشێکی تریشیان کە رێژەیەکی زۆرن لە رێگای ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیەی کە سەنتەر ھەیەتی پەیوەندی دەگیرێت. جگە لەمەش سایت و فەیس بوکی سەنتەر پێگەیەکی گرنگە بۆ پەیوەنیەکان و بەتایبەت بۆ ئەو ژن و کچانەی کە تازەن لە وڵاتی سوید و زمان نازانن و زانیاریەکی ئەوتۆیان لەسەر یاساکانی سوید نیە.
بەشێک لە کەیسەکان راستەوخۆ ڕودەکەنە ئۆفیسی سەنتەری نینا لە ستۆکھۆڵم و بەشێکی زۆریش لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی دەگرن و گەر پێویست بکات لە سەنتەر ئامادە دەبن. جگە لەوەش ئەوانەی لەرێگای دامودەزگا رسمییەکانەوە پەیوەندی دەکەن، لە رێگای ئیمەیل یان تەلەفۆن یان کۆبونەوەوە بوە. زۆربەی دامودەزگاکان پێویستیان بە رێنوێنی و ھاوکاری ھەیە، سەبارەت بەو کەیسانەی کە پەیوەندی بە کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵآیەتیەوە ھەیە کە خودی دەزگاکان زانیاری پێویستیان کەمە لەسەری، ئەویش کێشەی ژنان، گەنج و خێزانی پەنابەرە بەگشتی. یان وا پێویست دەکات کە سەنتەر خۆی پەیوەندی بە سۆیسال و پۆلیس و قوتابخانەکانەوە بکات لەو کاتانەی کە پێویستیان بەھاوکاری ئەم دەزگایا‌نە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە ڕاستەوخۆ ڕو لە سەنتەر دەکەن.
لە کوردستانەوە، یان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، یان ڕێکخراوەکان وەیان ھەندێ جار دەزگای دەوڵەتیش پەیوەندی دەکرێت، بۆ ھاوکاری و تاوتوێکردنی ئەو کەیسانەی کە پێیان وایە لێرەوە لە ڕێگای سەنتەرەوە کارئاسانیان بۆ دەکرێت. بێگومان بۆ ھەندێکی دەکرێ کارئاسانی بکرێ یان ڕێنوێنی و زانیاری بدرێ کە لەوێ چیان بۆ بکرێ بەپێی ئەو ئەزمونەی کە سەنتەر ھەیەتی.
ھەندێک لە پەیوەندیەکان لە ووڵاتانی تری ئەوروپیەوە دەکرێت، بۆ کێشەیەکی دیاریکراو، کە لەوانەیە تەنھا ڕێنوێنی بێت یان گواستنەوەی کەسەکە بۆ سوید، لەبەر باری ئەمنی، وە یان ناساندنی بە ڕێکخراوێک لەو ووڵاتەدا. بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بە ھاوکاری نێوان ڕێکخراوەکانی ئەو ووڵاتەو ئێمە دەکات، کە بە بەردەوام پەیوەندی ھەبێت، چ ڕێکخراوە ئەوروپیەکان یان پەناھەندەکان.
ئەو حاڵەتانەنی پەیوەندی راستەخۆی بە ھەڕەشەو توندوتیژی جەستەیی ھەبووە، بە ‌رەزامەندی خۆدی ژنەکە گوێزراوەتەوە بۆ خانەی داڵدەدان و دواتر پەیوەندی کراوە بە پۆلیس و سۆسیالەوە بۆ ئەوەی بەرپرسایەتی یاسایی خۆیان ئەنجام بدەن، لە ھەمان کاتدا بەھاوکاری یەک تاوتوێی گرفتەکە بکرێ.
جۆرێک لەو کەیسانەی کە سەنتەری نینا بەردەوام ئیشیان لەسەر دەکا، کەیسی ئەو ژن و منداڵ و کچە گەنجانەیە کە بە شێوەی جۆراو جۆر لەلایەن مێردەکانیانەوە یان باوکەکانیانەوە نێردراونەوە بۆ کوردستان. ھەندێکی بۆ بەشودانی کچەکان لەوێ، یان پێیان وایە کە ئیتر کچیان گەورە بوەو نابێ لە ئەوروپا بژی بۆ ئەوەی وەک کچێکی ئەوروپی ڕەفتار نەکات. ھەندێکیان ئەو ژنانەن کە بە ھاوسەرگیری دێن و پەیوەندیەکە سەرکەوتو نابێت، ھەندێک لەم ژنانە پیاوەکان لەگەڵیاندا سەفەر دەکەنەوەو لەوێ پاسپۆرتیان لێوەردەگرنەوەو بەجێیان دێلن، وە یان بەبیانوی سەردانی ماڵی باوکیان دەیانگەڕێننەوە بۆ کوردستان پێش ئەوەی دوساڵ بەسەر مافی پەنابەریان تێپەڕێ و لێرە دامو دەزگای کۆچ ئاگادار دەکەنەوە کە لە ژنەکە جیا بونەتەوە، لەو کاتەشدا مافی پەنابەری لەو ژنانە دەسەندرێتەوە گەر دوو ساڵەکەیان پڕ نەکردبێتەوە. زۆر جار ئەم ژنانە دەکەونە نێوان دوو دۆخی دژوارەوە ،لە کوردستان خێزانەکانیان و لێرەش پیاوەکە و نەمانی مافی پەنابەری. بەشێکی زۆر لەم کەسانە کە پەیوەندیان پێوەکردوین ھێنراونەتەوە سوید، و ھەندێکیش کەیسەکانیان دژوارەو ھێنانەوەیان ئاسان نابێت.
لە ڕێگای پارێزەری سەنتەرەوە، ئەو کەیسانەی کە پێویستیان بە کۆمەکی یاسایی ھەیە کاریان بۆ دەکرێت، بە پێی ژمارەی کەسەکان بونی منداڵ یان نەبونی، چەند کاتژمێرێکی کارەکە بە خۆبەخشە، و ئەو کەیسانەش کە درێژە دەخایەنێ ئەوا ھەقدەستی پارێزەر یان لە دەزگای خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی یان لە دەزگای کۆچ بەپێی کەیسەکان وەردەگیرێ.
ھاوتەریب لەگەڵ کەیسەکان، سەنتەری نینا بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی و ھۆشیارکردنەوەی ژنان بەردەوام خولە خێزانیەکانی خۆی لە سەنتەرو چەند گەرەکێکی ستۆکھۆڵم بۆ ئەو خێزانانە دەکات کە لەسەر ویستی خۆیان بەشدار دەبن.
کارمەندانی سەنتەری نینا بەردەوام بەشداری کۆرسی پەروەردەیی دەبن، و لەم رێگایەشەوە خۆیان ئەپدەیت دەکەنەوە بە زانیاری تازە لەسەر چۆنیەتی ئیشکردن و رێگا یاساییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەم حاڵەتانەوە.
چالاکی فەرھەنگی و ھونەری: ئەم چالاکیانە ژنان و خێزانەکان و گەنجان بەیەکترو بەسەنتەریان دەناسێنێ، کە دەبێتە ئاسانکاریەک بۆ وەرگرتنی زانیاری و پەیوەندی کردن لە کاتی پیویستدا. لە ھەمان کاتدا پێکھێنانی دۆخێک کە تێیدا توندوتیژی کاڵ دەبێتەوەو زیاتر خۆشەویستی خەڵکەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.

٢- رێگری و بەربەستەکان:


تا ێستاش کەموکوڕی و بەربەست ھەیە لەھاوکاریکردن و ئیش بەیەکەوە کردنی سەنتەر یان شەڵتەرەکانی تریش، لەگەڵ داوام دەزگا پەیوەندیدارەکانی وەک، دەزگای کۆمەڵایەتی "سۆسیال"، پۆلیس، یان قوتانخانەکان، دەزگای کۆچ، دادگا.....بەتایبەت سەبارەت بەو ژنانەی لەڕووی ئابووریەوە پێویستیان بە کۆمەکەکانی سۆسیالە. کێشەکەش لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی سیستەمێکی ھاوبەش لە نێوان ئەو دەزگایانەدا لە کاتی پرۆسەی تاوتوێکردن و چارەسەری کێشەیەکدا، یان نەبونی سیستەمێک کە کاری ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری کێشەیەک بەیەکەوە ببەستێت گەر پێویست بکات زیاتر لە دەزگایەک ئاگادار بکرێتەوە، و ھەریەکە لە شوێنی خۆیەوە کارەکان ئەنجام دەدات و بەردەوامی نابێ لەئاگادارکردنەوەی یەکتر لە پێشکەوتنەکانی پرۆسەکە. زۆر جار لێرەدا بەپەرۆش بونی ئەو کەسەی کە لێپرسراوە لەو دەزگایەدا دەبێتە پێوەری بەرەوپێشچونی پرۆسەکە، نەک سیستەمێکی ھاوبەش و دیاری کراو لە نێوانیاندا.
تا ئێستاش بەشێکی زۆر لەو پیاوانەی کە پەیوەندیان بە کێشەکانەوە ھەیە ئامادەیی ھاوکاریان نیە لەگەڵ سەنتەر، کاتێک کە ھەوڵدەدرێ دیالۆگیان لەگەڵ بکرێ لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی (ژن، کچ و خوشک)ەکانیان. ئەمەش وادەکات پرۆسەی چارەسەکردنی کێشەکان و رێگرتن لەبەردەم قوڵبوونەوەی کێشەکان ھەموار ‌بێ. زۆر جار سەنتەر ناچار دەبێ لە رێگای دامودەزگاکانەوە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ پیاوەکاندا بۆ چارەسەری کێشەکە ڕێک بخات، ھەندێ جاریش بە پێچەوانەوە پیاوەکان نایانەوێ لەگەڵ دامو دەزگاکاندا دانیشن و تەنھا متمانەیان بەسەنتەرە لەوبارەوە.
بە شێوەیەکی گشتی ھەندێک لە کەیسەکان خۆیان بە ھۆکاری جیاواز ھاوکار نابن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان. ئەویش بە ھۆی (ترس لە کەسوکار، ھەڕەشە یان تەنیای، وەیان "عەیبە"، یان تێنەگەیشتن و نەزانینیان بە مافی خۆیان و ئەو ھاوکاریانەی کە ھەیە پێشکەشیان بکرێت). ئەمەش وادەکات کە پرۆسەی چارەسەرو بەلاداکەوتنی گرفتەکە درێژە بخایەنێ.

٣- بەربەست و دژواریەکان لەو کەیسانەدا کە ناچار بە گەڕانەوە کراون یان لە کوردستانن:

کاتێک ئیش بۆ ئەو ژن و کچانە دەکەرێت کە بۆ ئامانجی جیاوازی وەک بەزۆر بەشودان و رێگا نەدان بە ژیانکردن لە سوید ڕەوانەی کوردستان کراونەتەوە، بەربەستی زۆر دروست دەبێ، بەشێکیان پەیوەندی بەھاوکاری نەکردنی دەزگای کۆچی سویدیە بۆ ئاسانکاری و دەستوبرد راپەراندنی ئیشەکانە. بەشێکی تریش بەھۆی نەبوونی باڵوێزخانەی سویدی لە کوردستان، ھەبوونی باڵیوزخانەی سوید لە بەغداد ھیچ ئاسانکاری ناکات بۆ ژنان لە کوردستاندا، چونکە ژنانی ئەوێ زۆر بەزەحمەت دەتوانن سەفەر بکەن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ڤیزا و دۆکومێنتی پێوسیت وەربگرن بۆ گەرانەوەیان. وە یان زۆر جار بۆ ئەم کارانە دەبێت ڕوبکەنە ووڵاتە دراوسێکانی وەک، ئەردەن، ئێران یان تورکیا.
بۆ ھاوکاری ئەو کەیسانەی کە لە کوردستانن، یان گەڕێنراونەتەوە ئەوێ، پێویست بە ھاوکاری ڕێکخراوەکانی کوردستان یان عێراق دەبێت. لەم بارەوە کارێکی زۆر دژوارە، بەشێکی بە ھۆی دوری لەیەک، بەشێکی بەھۆی خەم ساردی خودی ڕێکخراوەکان و نەبوونی زانیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی تاوتوێکردن و کارکردن لەسەر کەیس.
ئەوەشی بە دەزگاکان یان دادگا و پارێزەر بگەڕێتەوە لە کوردستان ئەوە ئیتر ڕۆشنە کە نەک ھاوکاری ناکرێین بەڵکو زۆر جار دەبنە ڕێگریش لەبەردەم چارەسەر کێشەکاندا و ھەندێ جار ھاوکارن بۆ گەورە بونەوەی کێشەکانیش نەک چارەسەر کردنی.


٤- تا چ رادەیەک ھەوڵەکان بەسەرئەنجام گەیشتوون:

زۆربەی ئەو کەیسانەی کە پەیوەندیان بە سەنتەرەوە کردوە ھەوڵدراوە لە رێگای قسەکردنی بەردەوام لەگەڵیان، و گوێگرتن لێیان توانراوە ئاسایش و ئارامی دەرونیان بۆ بگێردرێتەوە، و بۆ بەشێکیشیان توانراوە بگێردرێنەوە بۆناو خێزانەکانینان بێ ئەوەی ھەست بە مەترسی بکەن.
ئەو ژانانەی لە رێگای ھاوسەرگیرییەوە ھاتوون بۆ سوید و پێش ئەوەی دوو ساڵە قانونیەکە تەواوبکەن مەجبوربوون جیاببنەوە و پەیوەندیان پیوە کردوین، ھاوکاری زۆر کراون و زۆربەیان ئیقامەی ھەمیشەییان وەرگرتوە لە سوید.
ئەو ژن و کچانەشی کە بە بیانوو و ھۆی جۆراوجۆرەوە نێردراونەتەوە بۆ کوردستان و لە پەیوەندیدا بون لەگەڵ سەنتەردا، توانراوە بەشی زۆریان بێھنرێنەوە بۆ سوید، وە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ھەموو ئەو دەزگا پەیوەندیدارانەی سوید و تۆڕی کۆمەڵایەتی سەنتەرو ڕێخراوەکانی ناو کوردستان پەیوەندی بەردەوام ھەبێت بۆ کۆمەکیان.
ئەو منداڵانەی کە دایکیان ڕوبەڕوی توندو تیژی بوەتەوە، لە رێگای پەیوەندیکردن بە دامودەزگای پەیوەندیدار بەمافەکانی منداڵان لە سوید ھاوکاریدەکرێن، بۆ کارکردن لەسەر باری دەرونیان. لە ھەمان کاتدا بۆ ئەو دایکانەش کە پێویستیان بە چاودێری زیاتری باری دەرونی بوبێت پەیوەست کراونەتەوە بە پسپۆڕی دەرونیەوە.
پێشوازی لەو گەنجو پیاوانە کراوە کە بۆ تاوتوێی گرفتەکانیان ڕویان کردوەتە سەنتەر.
سەبارەت بەو پیاوانەش کە پەیوەندیان بەو ژنانەوە بوە کە پەنایان بۆ ئێمە بردوە، ھەوڵدراوە پەیوەندیان پێوە بکرێ تا بتوانرێت وێنەیەکی تەواو لە کێشەکە وەرگیرێت و چارە سەرێکی گشتگیریانەی بۆ بکرێت. ھەڵبەتە گەر کەیسەکە خۆی ڕەزامەندی لەسەر بوبێت.
لەبەر نەبوونی سەرچاوە و پاڵپشتی ئابووری پێویست لەچاو جەندێتی کارو چالاکی و کێشەکاندا بۆ داڵدەدانی ژنان، و ئیشکردن لەسەر کەیسەکان دژواری خۆی ھەبووەو ھەیە. بۆیە زۆرێک لە کارەکان بە ھێزی خۆبەخشی ئەندامانی سەنتەر دەچێتە پێشەوە. ئەمەش لایەنێکی گەورەی لە کارەکانمان گرتوەتەوە.

تێبینی:

ھەندێ ئامار ھەیە لەوانەیە لەقەڵەم کەوتبێ بەھۆی ئەوەی کە بە تەلەفۆن یان چات بوەو لە بیرکراوە تۆمار بکرێت.

بۆ دیتنی ئاماری کەیسەکانی سەنتەر ئێرە کلیک بکە.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک