په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٦

لە نێوان باوڕ و گومان.

هەندرێن حەمەدەمین   


مرۆڤ بەبێ باوڕ لەدایک ئەبێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و توانای بیرکردنەوەی هەیە، لە ژێر کاریگەری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و گەیشتن بە تەمەنی بیرکردنەوە باوڕ یان باوڕەکان لەناویدا دروست ئەبن کەواتە هەموو مرۆڤێکی ئاسایی ئەبێتە هەڵگری باوڕێک یان زیاتر لە باوڕێک، باوڕ ئەو بیرکردنەوە و تێڕامان و تێگەیشتنانەن کە لە مرۆڤێک بۆ یەکێکیتر ئەگوازرێتەوە بە فێرکردن و تێگەیاندن و رۆنکردنەوە و شیکردنەوە و وێنەکردن و جولانەوە و هتد، بەو شێوەیەش هەموو باوڕێک تەم و مژاوی ئەبێ، باوڕەکان بە رێژەی جیاواز لە مرۆڤەکاندا بارگاوی ئەبن بە گومان، لێرەدا بەوە ئەگەین باوری رەها، باوڕی بێگەرد، بوونی نیە.

 
ئەو کەسانەی هەڵگری تاک باوڕین، هەموو کار و کردەوە و بانگەشەکانیان بە مەبەستی بەهێزکردنی باوڕەکەیانە و ئەیانەوێ باوڕەکەیان لە تەواوی گومانەکان پاک بکەنەوە و بگەن بە باوڕی رەها، بەڵام بیرکردنەوە و هەست و غەریزەکانی مرۆڤ بە بوونی ناکۆکیەکانی نێوانیان بەردەوام باوڕ لەناو تاکدا تەم و مژاوی ئەکەن و رێگا نادەن باوڕ تەواو پاک بێتەوە و بە رەهابوون بگا، چەکەرەکردنی گومان لەناو مرۆڤدا دەستی بەسەردا ناگیرێ هەر وەک چۆن مرۆڤ توانای دەست بەسەرداگرتنی هەست و غەریزە و بیرکردنەوەی نیە.

 
مرۆڤەکان ئەتوانن هەست و سۆز و غەریزەکانیان لەوانیتر بشارنەوە یان بە درۆ بیانگەینن بەوانیتر، ئەوانەی هەولی ئەوەش ئەدەن ئەم شاردنەوە و درۆیە لەگەڵ خۆشیان بکەن رەنگە بۆ ماوەی کورت و لە هەندێ کاتی دیاری کراو و شوێنی تایبەت بتوانن تا ئاستێکی زۆر کۆنترۆلی خۆیان بکەن و بەسەر بیرکردنەوە و هەست و غەریزەکانیان زاڵ بن، بەڵام دیارە کات لە ژیانی هیچ کەسێک وەستانی نیە، لەگەڵ کاتیشدا شوێن گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەوەش جارێکیتر بیر و هەست و غەریزەکان لە مرۆڤدا ئەبزوێنێ، بزوانی ئەمانە باوڕ تەم و مژاوی ئەکات، باوڕ ئەکەوێتە ناو شەپۆڵەکانی گومان، ئیتر زۆری و کەمی تەم و مژ، بەهێزی و لاوازی شەپۆڵەکانی گومان لە کەسێک بۆ کەسێکیتر جیاوازە و کات و شوێنێش کاریگەری تەواویان بەسەر ئەو رێژەیە هەیە، باسی ئێمە لەسەر کەمی و زۆری گوماناوی باوڕ نیە بەلکو لەسەر بوون و نەبوونی گومانە، گومان هەرچەند کەم بێت لەسەر باوڕ ناگاتە ئەوەی کە نەمێنێ.

 
لە هەمان کاتدا هەموو ئەو کەسانەی هەڵگری باوڕی تاکن کەم یان زۆر تێکەڵ ئەبن بە باوڕەکانیتر، مەبەست بەو کەسانەی کە هەڵگری باوڕی جیاوازن، تێکەڵ بوونی کەسەکان یان تێکەڵ بوونی باوڕەکان یان لێکخشانی باوڕەکان یان پێکدادانی باوڕەکانی لێئەکەوێتەوە، هەر یەکێک لەم کردارانە بە ئاست و رادەی خۆیان و بە جیاوازی باوڕەکان و کەسەکان، رێژەی جیاواز لە گومان ئەخاتە سەر باوڕەکان، ئەگەر هەڵگری باوڕێک لەوانیتریش دوور بکەوێتەوە و بجێ بە تەنها لە شوێنێکی دوورە خەلک بژێ ناتوانێ بە سەداسەد خۆی و مێشکی پاک بکاتەوە لە تەواوی ئەو کەسانەی کە پێشتر لەگەڵیان ژیاوە، ئەگەر ئەو کەسانەش جێگای گومان و دوو دڵی و رارایی نەبووبن بۆ ئەو، بۆ لێیان دوور ئەکەوێتەوە، ئەگەر پێی وانەبێ بە بوونی لەناو ئەو کەسانە کاریگەری نێگەتیفانەی لەسەر باوڕەکەی هەیە، ئەگەر پێی وانەبێ بوونی لەناو ئەو کۆمەڵە باوڕەکەی لاواز ئەکات و ئەیخاتە گومان بۆ دوور ئەکەوێتەوە، دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و خەلک بۆ ئەوەیە کە باوڕدار باوڕەکەی خۆی بەهێزتر بکات و بتوانێ باوڕەکەی لەو گەرد و خاش و گومانانە پاک بکاتەوە کە ئەو پێی وایە بە هۆی ئەو خەلک و کۆمەڵە ناتوانێ باوڕەکەی بێ گەرد و بێ گومان بێت.

 
بە هەمان شێوە ئەوانەی روو بە رووی باوڕەکانیتر ئەبنەوە و ئەیانەوێ بە شێوەیەک خۆیان دەرخەن کە ئەوان هەڵگری باوڕێکی بێ گەرد و رەهان، هەموو دژایەتی کردن و هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ سڕینەوەی باوڕەکانیتر بە مەبەستی بەهێزکردنی باوڕەکەی خۆیانە و دەیانەێ راستی باوڕی خۆیان بەوە تاقیبکەنەوە، ئەیانەوێ ببینن کە چۆن ئەو باوڕەی ئەوان ئەتوانێ بە هۆی راستی و دروستی خۆی باوڕەکانیتر بسڕێتەوە، ئەوەش ئەو گومان و دڵنیا نەبوونەیە کە لەناو ئەو کەسانە پەنگی خواردوە و ئەیانەوێ گومانەکانیان بە سڕینەوەی باوڕەکانیتر بڕەوێنەوە.

 
کاتێکیش هەولی سڕینەوەی باوڕەکانیتر بە گفتوگۆ و باوڕ گۆڕینەوە ئەبێت، بە دروستکردنی زەمینەی دەرکەوتن و خستنە رووی باوڕە جیاوازەکان ئەبێت، تەواوی باوڕەکان یەکتری گەمارۆ ئەدەن بە گومان، تا ئەگاتە ئەوەی گومان لەباوڕکان گەورەتر و کاریگەرتر ئەبێت، ئەوەندەی گومانەکان دەرئەکەون باوڕەکان ئەوەندە دەرناکەون، ئەمەش جۆرێک لە بێ باوڕی ئەهێنێتە ئاراوە زەمینەی بەدواداچوونی راستیەکان ئەرەخسێ، بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەموو کار و چاڵاکیەکانی بوارەکانی هونەر ئەدەب و زانست و رۆشەنبیری و فەلسەفە و هتد، بەدوای راستیدا ئەگەڕێن، ئەو راستیەی کە لەناو باوڕە گوماناویەکاندا وونە، بزرە، ململانە و پێشبڕکێ سەرهەڵئەدا هەر کەسە و هەر گروپە و هەر کۆمەڵە دەیەوێ بە زووترین کات راستی بدۆزێتەوە و بە باوڕێکی بێ گەرد و رەهایانە نمایشی بکات.

 
بەڵام کاتێک ئەکەوێتە بەر رەخنە و سەرنج و تێبینی باوڕەکانیتر، لە کاتی نمایش، پێوەرە جیاوازەکانی کایە جیاوازەکانی ژیان هەڵیئەسەنگێنن، سەیر ئەکەی ئەو راستیەی بەناو بێگەرد و رەهایەی نمایشکرابوو، تەم و مژاوی بووە، بە گومانەکان دەورە دراوە، ئەمانەش فاکتەرەکانی بەرەوپێشچوون و جولاندنی رەوڕەوەی مێژوون.


کارەسات لەوەوە سەرهەڵئەدا کە یەکێک لە تاک باوڕەکان ئەبێتە خاوەن هێز و دەسەڵات، ئەو کات ئەو هێز و دەسەڵاتە لە پێناو باوڕەکەی خۆی و دژ بە باوڕەکانیتر بەکاردێنێت، کەواتە باوڕ بەبێ هێز و دەسەڵات تەنها بە خۆی وەک باوڕ ناتوانێ بە خێرایی و بە ئاسانی رێگری لە باوڕەکانیتر بکات، لەگەڵ ئەوەش هێز و دەسەڵات ناتوانێ باوڕ پاک بکاتەوە لە گومان و راستی رەها بۆ خەلک بسەلمێنێ، بەلکو هێز و دەسەڵات گومانەکانی باوڕ دائەپۆشن و راستیەکی دروستکراوی خۆیان بەسەر خەلک ئەسەپێنن و رێگری لە باوڕەکانیتر ئەکەن، باوڕەکانیتر لەناو نابەن، ملکەچیان ئەکەن.

 
لەناوبردنی تەواو و سڕینەوەی تەواوی باوڕەکانیتر لەلایەن باوڕی خاوەن هێز و دەسەڵات، گۆڕ هەڵکەندنە بۆ خۆی، درێژەدان و بەهێزتر بوون و خۆسەپاندنی باوڕی دەسەڵات لەوەدایە کە باوڕەکانیتر بهێڵێتەوە و لە خزمەتی خۆی بەکاریان بێنێت، باوڕی دەسەڵات کە ناتوانێ بە دەسەڵاتەکەی خۆی پاک بکاتەوە خۆی بێگەرد و رەها بکات، پێویستی بەوەیە کە باوڕەکانیتر گومانەکان لەسەرخۆیان فرەوانتر بکەن، واتە بەشێکی یان ئەگەر بۆیان بکرێ تەواوی گومانەکانی باوڕی دەسەڵات بۆ خۆیان ببەن، بەردەوام لە ئاست باوڕی دەسەڵات شەرمەزار بن، وا پیشان بدەن کە بوونی ئەوانیش لە سای سەری باوڕی دەسەڵاتە، ئەو خۆسەپاندنەی باوڕی دەسەڵات و شاردنەوەی گومانەکان و خۆ بەپیرۆزکردنە ئەگەر هیچ باوڕێکیش نەبێ روو بە رووی ببێتەوە ئەوە خۆی ئەگات بە بەربەست، چونکە پیرۆزبوون لوتکەیە.

 
دوای لوتکە یان مانەوەیە لە شوێنی خۆی یان شۆڕبوونەوەیە، جا بە هەر ئاڕاستەیەک بێت، مانەوە لە شوێن خۆ، لەکار کەوتنە، لەکارکەوتن لاواز بوون و سستی و مردنە، بۆیە باوڕی دەسەڵات لە لوتکەدا ئەکەوێتە جولەیەکی بازنەیی بە دەوری خۆیدا بێ ئاڕاستە ئەمێنێتەوە و گێژئەخوا گومانە شارەوەکانی دەرئەکەون ئەکەوێتە شەڕی ناوەخۆ، بۆ ئەوەی جارێکیتر گومانەکانی بشارێتەوە، بۆ ئەوەی شەڕی ناوەخۆ لەخۆی دوور بکاتەوە ئەکەوێتە شەڕکردن لەگەڵ دەرەوەی خۆی، هەوڵی ئەوە ئەدات شەڕ بخاتە نێوان باوڕەکانیتر و لەناو ئەو شەڕانە راستی و پاکی و رەهایی خۆی بنوێنێ، بە تۆمەتبارکردنی باوڕەکانیتر گومانەکانی سەر خۆی بڕوێنتەوە، ئەوە یاری سیاسەت و دەسەڵاتە ئەبێ بە شەڕی مانەوە و نەمانی ئەوانیتر، لە هەموو لایەک باوڕ ئەکەوێتە خزمەتی دەسەڵات و سیاسەت، باوڕ وەک ئامرازی شەڕ بەکار دێت، ناکۆکیەکان تەشەنە ئەکەن و بڵاوئەبنەوە باوڕەکان جارێکیتر ئەکەونە گوماناوی کردنی یەکتر، ئەمجارەیان بە ململانە و گفتوگۆ و گۆڕینەوەی باوڕەکان نا، ئەمجارە بە شەڕ، بە کوشتار، بە خوێن رشتن،... هتد.


هەرچی هەڵگرانی زیاتر لە باوڕێکن کەسانێکی بزێون، بەردەوام لە هات و چوون دان لە نێوان باوڕەکانی ناوەوەی خۆیان، باوڕەکانیان بارگاویترن بە گومان بەراورد بە تاک باوڕەکان، چونکە هەر یەک لە گومانەکانی ناوەوەی خۆیان گوماناوی ئەبێ بە باوڕەکانیتری ناوەوەی خۆی، ململانەی نێوان باوڕەکان ئەگاتە ئاستی دەرکەوتنی گومانەکان لەو کەسانەدا، پێشبڕکێی باوڕەکان لەناو ئەو کەسانەدا لەسەر چەند رەهەندێکی جیاوازی خودی کەسەکە و دەرەوەی کەسەکە ئەبێت، زیرەکی و هۆشیاری و ئارەزوومەندی لە فێربوون و سەرچاوەکانی فێربوون لە دەرەوەی کەسەکان، ژینگە کۆمەڵایەتیەکان و فشار و زەمینە ئابوری و سیاسیەکان و سروشتی ناوچە جیاوازەکان و کات، هەڵگرانی زیاتر لە باوڕێک لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی بە پێی کات و شوێن بەسەر دەور و بەریاندا دێت بە خێرایی و ئاسانی رەنگدانەوەی بەسەریاندا ئەبێت.

 
ئەو کەسانە توانای خۆ گونجاندنیان لەگەڵ ژینگە و گۆڕانکاریە نوێکان زۆر زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ کەسانی تاک باوڕ، ئەو توانایەی خۆگونجاندن بۆ ئەو ئامادەیە ئەگەڕێتەوە کە لەو کەساندا هەیە بۆ تێکەڵ بوونیان بە کەس و باوڕە جیاوازەکان لە خۆیان و لە یەکتر، ئەو تێکەڵ بوونانە گومانی زۆرتریان لێئەکەوێتەوە، وایان لێئەکات زۆر پرسیار بکەن، دەیانەوێ لەناو باوڕە جیاوازەکاندا بەدوای راستیدا بگەڕێن، ئەگەری دۆزینەوەی راستی بۆ هەر یەک لە باوڕەکان ئەگەڕێنەوە، هیچ باوڕێک بەدەرناکەن لە راستی و راستی بە تەنها بە یەک باوڕ نادەن، رێز لە باوڕەکان ئەگرن و هەوڵئەدەن باوڕەکانیش رێز لەوان بگرێت، زەمینەی گفتوگۆ و زانیاری گۆڕینەوە ئەرەخسێنن، گومانەکانی ناوەوەی خۆیان ئاشکرا ئەکەن، ترسیان لە لەدەستدانی هیچ یەکێک لە باوڕەکانی ناوەوەی خۆیان نیە، ئەوان پێیان وانیە بوونی ئەوان بە یەک باوڕ بەستراوەتەوە ئەگەر لەدەستیاندا ئیتر تەواو، ئەوان کار بۆ ئەوە ناکەن تاکە باوڕی خۆیان پاک بکەنەوە لە گومانەکان و بگەن بە باوڕی رەها، ئەوان ئەوەندەی گومانەکانی خۆیان دەرئەخەن ئەوەندە باوڕەکانیان دەرناخەن، دەرخستنی باوڕەکانیشیان بە گومانەوەیە، ئەوە ئەو بێ باوڕیەیە کە تاک باوڕەکان لێی ئەترسن.

 
بێ باوڕی واتە گوماناوی، گومان زادەی باوڕە.

 
باسمان لەوەکرد هەموو باوڕێک بە رێژەیەک لە گومان بارگاویە، واتە تاک باوڕەکان بە رێژەیەک لە گومان بارگاوین، فرە باوڕەکان بە چەندین رێژەی زۆرتر و جیاوازتر لە گومانەکان بارگاوین، کەواتە فرە باوڕەکان فرە بارگاوین بە گومان، جیاوازی رێژەی گومان لە کەسەکاندا پێوەری بێ باوڕیانە، تا گومان زۆرتر بێت باوڕ زیاتر گەمارۆ ئەدرێت و لاوازتر ئەبێت.

 
لاوازبوونی باوڕەکان ئەگەری دەرکەوتنی باوڕی نوێی لێئەکەوێتەوە، هیچ باوڕێک لە نەبوونەوە نیە، هەموو باوڕێک زادەی زۆربوونی گومان و لاواز بوونی باوڕەکانیترە، هەموو باوڕێکی نوێ پێکهاتەی بەشێکی باوڕەکانی پێش خۆی و گومانی باوڕەکانی پێش خۆیەتی، کاتێک باوڕە نوێیەکان رەخنە لە باوڕە کۆنەکان ئەگرن وە بە پێچەوانەشەوە، ئەمە مانای چیە؟


ئەوە مانای ئەوەیە باوڕەکان یەکتر ئەخوێنەوە، بەو خوێندنەوەیە ئەتوانن رەخنە بگرن، خوێندنەوەی یەکتر واتە دروستکردنی کاریگەری لەسەر یەکتر، رەخنەگرتن لە یەکتر واتە گوماناوی کردنی یەکتر، ئەو شوێنانەی ژمارەی باوڕەکانیان کەمە یان ئەو کاتانەی ژمارەی باوڕەکانیان کەمە، نزیکی لە یەکچوونی باوڕەکانی باشتر ئەبیندرێت.

 
کات و شوێنە تەژی بە باوڕەکان باوڕی زۆر لە یەکتر جیاوازیان تێدا دەرئەکەێ.

 
باوڕە لە یەکچووەکان توند و تیژیان بەرانبەر بە یەکتر کەمە، چەند جیاوازی نێوانیان فرەوانتر بێت ئاستی توند و تیژی لە نێوانیان زۆرتر ئەبێت.

 
لەوەی یەکەم ئەکرێ لەسەر بنەمای داب و نەریت لەگەڵ یەکتر هەڵکەن.

 
بەڵام لەوەی دووەم بەهێزبوون و لاوازبوون، دۆڕان و بردنەوە، سەرکەوتن و شکان بەرهەم دێت، ئەگەر نەگاتە ئاستی پاکتاوی کردن، یاسای بۆ دائەمەزرێ، یاسای براوەکان بەسەر دۆڕاوەکان، یاسایەکان بە رێژەی جیاوازی بە هێزی و لاوازی،سەرکەوتن و شکان دائەمەزرێن.

 
لەو کات و شوێنانەی رێژەی جیاوازیەکە زۆرە واتە باوڕێک تەواو زاڵە بەسەر باوڕەکانیتردا ئەوە تاک باوڕ ئەبێ بە دەسەڵات و لە پێشەوە باسمان لە دەسەڵاتی تاک باوڕی کرد.

 
لە کەسە فرە باوڕەکانیش بە هەمان شێوە ئەگەر باوڕێک زاڵ بوو خۆی بەسەر باوڕەکانیتر ئەسەپێنێ و ووردە ووردە ئەو کەسە لە فرە باوڕی ئەبێ بە تاک باوڕ.

 
لەو کات و شوێنانەی رێژەی جیاوازیەکە کەمە، واتە باوڕی تەواو زاڵ نیە، یاسایەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی باوڕەکان دائەمەزرێن، هاوسەنگی باوڕەکان جێگیر نیە، ململانەی باوڕەکان بەرزبوونەوە و دابەزین، فرەوانبوون و تەسکبوونەوەی باوڕەکانی لێئەکەوێتەوە، لێرەدا کۆمەڵگا وەک تاک نیە، تاکی فرە باوڕ خۆی ململانەکانی ناوەوەی خۆی رێکدەخات و خۆشی بەرپرسە لە دەرئەنجامەکانی، لە کۆمەڵگادا یاسا ململانەی نێوان باوڕەکان رێکئەخات و یاسا بەرپرسە لە دەرئەنجامەکان، ئاستی هۆشیاری تاک پێوەرە بۆ بەرەو پێشچوونی خۆی، بۆ کۆمەڵگا یاسا پێوەرە بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵ.
 

ماڵپه‌ڕی هه‌‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک