له په‌راوێزی
نامه‌یه‌کی (هه‌ردی)ی شاعیردا.
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
له پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی بۆ یه‌که‌مجار گوێم له ناوی (هه‌ردی) بوو.
پێشتر ته‌نیا (زێوه‌ر) هه‌بوو، به‌ڵام دوایی قوتابخانه‌ی (هه‌ردی)یش له
هه‌مان شوێندا کرایه‌وه. واته به‌یانییان (زێوه‌ر) و دوای نێوه‌ڕۆیان
(هه‌ردی). به‌هۆی ئه‌وه‌ی من خوێندکاری (زێوه‌ر) بووم، (هه‌ردی)م به
دوژمنی خۆم و هی قوتابخانه‌که‌م ده‌زانی. ڕۆژانه ئێمه‌ی کوڕانی (زێوه‌ر)
له‌گه‌ڵ کوڕانی (هه‌ردی) ده‌مانکرده شه‌ڕ، که هه‌ردوو لامان هێنده
زۆر بووین، له ژماره نه‌ده‌هاتین. (که‌ریم کاکه) و (شاخه‌وان قادر
شۆڕش) و (ژیلوان تاهیر)یش سێیان له‌و قوتابییانه‌ی زێوه‌ر بوون، که ئه‌مڕۆ
(ژیلوان تاهیر) دوای ته‌واوکردنی ئاکادیمیای هونه‌ره جوانه‌کانی به‌غدا،
له بواری شانۆ و ده‌رهێناندا چالاکه، (شاخه‌وان شۆڕش) له بواری
ناساندنی که‌یسی ئه‌نفال و جینۆسایدی کوردستاندا شاره‌زایه و (که‌ریم
کاکه) له بواری شیعر و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا جێده‌ستی دیاره. سه‌یره‌که
له‌وه دابوو نه ئێمه له ماڵی (زێوه‌ر)دا ئاسووده بووین و نه ئه‌وان
له ماڵی (هه‌ردی)دا هه‌ستیان به خۆشیی ده‌کرد، بگره به زیندانمان
ده‌زانین. خۆشمان نه‌مانده‌زانی ئێمه بۆ به‌رگرییمان له زیندان ده‌کرد!!
هه‌رچی بێت له‌و ڕێگایه‌وه زانیمان (زێوه‌ر) و (هه‌ردی) دوو شاعیرن و
شیعره‌کانیانمان له‌به‌ر ده‌کردن. خۆشبه‌ختانه بۆمان ده‌رکه‌وت، که
ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان زیندانه، ئه‌وا بۆ ئێمه
پڕن له جوانی و ئاسووده‌یی. ڕه‌نگه نه‌وه‌کانی دوای نه‌وه‌ی ئێمه به
لایانه‌وه سه‌یر بێت، ئه‌گه‌ر پێیان بڵێین ئێمه له منداڵییه‌وه
ئاشنایه‌تییمان له‌گه‌ڵ شیعردا په‌یدا کردووه. هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه
ده‌یان شیعری شاعیرانی وه‌کو (حاجی قادری کۆیی)، (پێره‌مێرد)، (گۆران)،
(قانیع)، (بێکه‌س)، (دڵزار)، (هه‌ژار)، (هێمن)، (عه‌بدولڵا په‌شێو)، (شێرکۆ
بێکه‌س) و هی دیکه‌مان له‌به‌ر بووه و له جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌یی و
نیشتیمانییه‌کاندا گوتووماننه‌ته‌وه، چونکه شیعر زمانی سه‌رده‌می
ئێمه بوو. وه‌کو چۆن منداڵی ئه‌م سه‌رده‌مه شاره‌زاییه‌کی سه‌یر له‌باره‌ی
کۆمپیوته‌ر و پله‌یسته‌یشنه‌وه په‌یدا ده‌که‌ن، ئێمه‌ش ئاوا هه‌وڵمان
ده‌دا له شیعر و ژیانی شاعیران تێبگه‌ین. من خۆم له سه‌ره‌تای حه‌فتاکان
خوێنه‌ری ده‌وروبه‌ری خۆمم بینیوه له‌باره‌ی ئه‌ده‌بی ڕوانگه و ڕه‌خنه‌ی
ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه گفتوگۆیان کردووه. ناوی (حسێن عارف)،
(شێرکۆ بێکه‌س)، (فوئاد مه‌جید میسری)، (فوئاد قه‌ره‌داغی)، (فازیلی مه‌لا
مه‌حموود)، (محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم) و (که‌مال غه‌مبار) و زۆری دیکه‌م
بیستووه، چونکه چه‌ندین جار له‌نێوان ئه‌و خوێنه‌رانه‌دا ده‌بووه شه‌ڕ،
به‌وه‌ی ئه‌وانیش وه‌کو نووسه‌ره‌کان بۆ دوو به‌ره دابه‌ش بووبوون. ئه‌گه‌رچی
ئێمه له‌و گفتوگۆیانه تێنه‌ده‌گه‌یشتین و نه‌شمانده‌زانی کێ لای کێیه
و کێ دژی کێ، به‌ڵام ده‌مانزانی ئه‌و نووسه‌رانه له‌نێوان خۆیاندا
ناڕێکن، بۆیه خوێنه‌ره‌کانیشیان پێک نایه‌ن. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به
(ره‌ووف بێگه‌رد)ی چیرۆکنووسم گوت، که له یه‌کێ له ژماره سه‌ره‌تاییه‌کانی
ڕۆژنامه‌ی (هاوکاری)ی‌دا شیعرێکی بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و گوتی
خۆی بیری نه‌ماوه. من ئێستاش ئه‌و ستوونه‌م دێته‌وه به‌رچاو، که
شیعره‌که‌ی (ڕه‌ووف بێگه‌رد)ی تیادا بڵاو کراوه‌ته‌وه و ده‌زانم لای
کێ و له کوێش ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌م بینی. نازانم بۆچی ئه‌وسا ناوی (ره‌ووف
بێگه‌رد)م زۆر به‌لاوه سه‌یر بوو. ئایا له‌به‌ر ئه‌وه بوو یه‌که‌مجارم
بوو وشه‌ی (بێگه‌رد) ببیستم، که له هه‌ولێر هه‌رگیز به‌کار نایه‌ت؟!
له (زێوه‌ر) کتێبخانه‌یه‌کمان هه‌بوو، که ده‌مانتوانی دیوانی ئه‌و
شاعیرانه و چیرۆک و بابه‌تی دیکه‌ی لێ قه‌رز بکه‌ین. له هه‌مووی سه‌یرتر
(مامۆستا ڕه‌مزی وه‌لی عه‌لی) سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ی ده‌کرد،
که خۆی هه‌ر کتومت له (هه‌ردی) ده‌چوو. ڕه‌نگه له به‌رچاوی من ئه‌وان
له یه‌کتر چووبێتن، چونکه هه‌ر جارێ گوتبێتم فڵان و فیسار شێوه‌یان
له یه‌کتر ده‌کا، ئه‌وا ئه‌وانی دیکه هه‌رگیز پاڵپشتییان نه‌کردووم.
ده‌سا ئێستاش پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرم، که ئه‌وان له یه‌کتر ده‌چن.
(مامۆستا ڕه‌مزی وه‌لی عه‌لی) ته‌نیا یاریزانێکی لێهاتوو و ڕاهێنه‌رێکی
زۆر چاکی وه‌رزش نه‌بوو، به‌ڵکو به گوێره‌ی قسه‌ی زۆر له هاوڕێکانی،
یه‌کێک بووه له ڕۆشنبیره دیاره‌کانی هه‌ولێر. هه‌تا ئێستاش (هه‌ردی)ی
شاعیرم به (مامۆستا ڕه‌مزی) و (مامۆستا ڕه‌مزی)م به (هه‌ردی) بیر ده‌که‌وێته‌وه.
ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر (زێوه‌ر) یه‌که‌م شاعیر بێت، که له ژیانمدا
ناسیبێتم، ئه‌وا (هه‌ردی) دووه‌مه، با سه‌ره‌تا دژایه‌تییشم کردبێت.
به‌ڵام ده‌بێت دژایه‌تیی منداڵێک بۆ شاعیرێکی هێنده گه‌وره چی بێت،
که به ژماره‌یه‌کی که‌می شیعر بووبێته خاوه‌نی ڕێبازێکی تایبه‌ت!!
نه‌مده‌زانی ڕۆژێک دێت من ده‌بمه یه‌کێک له خوێنه‌ره‌کانی ئه‌و
شاعیره و شیعره‌کانی له به‌رگی کتێب و قه‌د دیواری ژووره‌که‌مدا ده‌نووسمه‌وه.
ساڵی (1984_ 1985)، که له پۆلی شه‌شه‌می ئه‌ده‌بی بووم، هه‌موو ڕۆژێ
له‌گه‌ڵ (فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی)ی هاوڕێم دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی
قوتابخانه ده‌چووینه بازاڕ، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانین چ کتێبێکی نوێ
هاتووه. له‌وێ چه‌ند هاوڕێیه‌کی دیکه‌شمان ده‌بینی به‌تایبه‌تی (ئازاد
ئه‌حمه‌د)، که هه‌میشه جلی که‌شخه‌ی ده‌پۆشی و ده‌موچاو و قژی ده‌بریسکانه‌وه.
هه‌ندێک ڕۆژ خۆیشی له په‌نا دیواری قه‌ڵات کتێبی کۆنی ده‌فرۆشت. ئه‌گه‌ر
یه‌کێ ئه‌و کوڕه‌ی به‌و جله نوێیانه و به‌و هه‌موو ناسکییه‌وه
بدیایه، هه‌رگیز باوه‌ڕی نه‌ده‌کرد هیچ پێوه‌ندییه‌کی دوور و نزیکی به
خوێندنه‌وه و یاخیبوونه‌وه هه‌بێت، که‌چی یه‌کێک بوو له خوێندکاره
خوێنگه‌رمه‌کانی ئه‌وسا و له خۆپیشاندانه‌کاندا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو.
نایشارمه‌وه به‌شێکی چوونه‌که‌شمان بۆ کتێبخانه‌کان پێوه‌ندیی به
خوێندنه‌وه‌ی بورجه‌کانمانه‌وه هه‌بوو، که ئه‌وسا له ڕۆژنامه‌ی (عێراق)دا
بڵاو ده‌کرانه‌وه. هه‌ندێک جار به‌هۆی بارودۆخی شه‌ڕی عێراق و ئێرانه‌وه
ڕۆژنامه‌ی (عێراق) دره‌نگ ده‌گه‌یشت و منیش وه‌کو زۆربه‌ی هه‌رزه‌کاره‌کانی
دیکه به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕێم ده‌کرد، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی دنیا تاریک
دابهاتایه، ده‌بوایه من به‌پێی یاسای باوکم له ماڵ بم. به‌ڕاستی
ناخۆش بوو، کاتێ به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی بورجه‌که‌م ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵێکی
ساردوسڕ.
خاوه‌نی هه‌ر هه‌موو کتێبخانه‌کان هاوڕێی (فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی) بوون،
بۆیه ده‌مانتوانی بچین لایان دابنیشین و له‌باره‌ی کتێبه‌وه
گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین. له (دواناوه‌ندیی ڕزگاری)یه‌وه به چه‌ند
هه‌نگاوێک ده‌گه‌یشتینه ناو بازاڕ، بۆیه ئه‌گه‌ر مامۆستای وانه‌یه‌ک
نه‌هاتبایه، یان خۆمان حه‌زمان نه‌کردایه بچینه پۆل، ئه‌وا سه‌رێکی
بازاڕمان ده‌دا. (ڕۆژبه‌یانی) ئه‌وساش له‌پاڵ به‌هره‌ی خۆشنووسییه‌که‌یدا،
که هه‌تا ئێستاش وێنه‌ی که‌مه، ڕۆڤانێکی راسته‌قینه‌ی کتێب بوو، به‌ڵام
به‌ڕاستی زۆر بێزاری ده‌کردم، که ده‌بوایه له هه‌موو ئه‌و پلێتانه‌ی
سه‌رووی ده‌رگای دووکانه‌کان بڕوانم، هه‌تا ئه‌و هه‌ڵیانبسه‌نگێنێت،
ئاخۆ دروست نووسراون، یان ناشیرین. ده‌یزانی هه‌ر پلێتێک له لایه‌ن
کام خۆشنووسه‌ی شاره‌وه نووسراوه. یه‌ک دوانێکیش هه‌ر خۆی نووسیبوونی.
هه‌ڵه‌ی زۆر بچووک بچووکی تیادا ده‌دۆزینه‌وه. نه‌مده‌زانی چۆن سه‌ری
له‌و هه‌موو ورده‌کارییه ده‌رده‌چوو، له کاتێکدا من جیاوازییم له‌نێوانیاندا
نه‌ده‌بینی. ((ده ئاخر فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی به من چی، ئه‌و پلێتانه
چۆن نووسراون و کێ نووسیونی...؟! خۆزگه له ڕووم دێت و ده‌توانم
ڕاشکاوانه پێت بڵێم: تکایه وازم لێ بێنه... من حه‌ز له هونه‌ری
خۆشنووسی ناکه‌م... زوو زوو، پێش ئه‌وه‌ی تۆ بناسم، هه‌وڵم دا ببمه
خۆشنووس و هه‌ر خێرا ده‌ستم لێی هه‌ڵگرت، چونکه زۆر گاڵته‌یان پێ کردم،
ئه‌گه‌رچی سه‌رکه‌وت حه‌وێزی هاوڕێی منداڵییم تا بڵێی یارمه‌تیی ده‌دام،
که خۆشی خۆشنووسێکی زۆر باشه... له بیرمه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، که
له چواری ئاماده‌یی بووین، پێشبڕکێتان کرد، ئه‌گه‌رچی تۆ له‌و باشتر
بوویت، به‌ڵام دانت به‌وه‌دا نا، که ئه‌ویش خۆشنووسێکی لێهاتووه)).
ده‌گه‌یشتینه لای کتێبفرۆشه‌کانی په‌نا دیواری قه‌ڵات. ئێستاش ئاسان
نییه من له‌وه تێبگه‌م بۆچی هێنده به کتێبی کۆن دڵم ده‌کرێته‌وه.
لێره‌ش وام. کاتێ ده‌چمه بازاڕی کۆنه، خێرا بۆ لای کتێبه‌کان ڕا ده‌که‌م،
به‌ڵام نایشارمه‌وه تامی کتێبه کۆنه‌کانی په‌نا دیواری قه‌ڵات ناده‌ن.
نازانم بۆچی پێم وایه ئه‌و کاته‌ی نازانیت چ کتێبێک باشه و چ کتێبێک
خراپ، له هه‌ر کاتێکی دیکه زیاتر و په‌رۆشانه‌تر ده‌خوێنیته‌وه. له
مێژووه‌وه بۆ ئه‌ده‌ب و له‌وێوه بۆ سایکۆلۆژیا و دواتر بۆ فه‌لسه‌فه.
ده‌ته‌وێت له ماوه‌یه‌کی که‌مدا نووسه‌ری هه‌موو دنیا بناسیت و هه‌ر
که‌سێک لاپه‌ڕه‌یه‌کی نووسیوه، بیخوێنیته‌وه. (ڕۆژبه‌یانی)یش وه‌کو (ئازاد
ئه‌حمه‌د) و من شێتی شیعره‌کانی (هه‌ردی) بوو. هه‌موویانی له‌سه‌ر به‌رگی
ناوه‌وه‌ی کتێبه‌کانیدا نووسیبووه‌وه، به‌ڵام به چ نه‌خشونیگارێکی
دڵگیر!!
ڕۆژێکیان مامۆستای یه‌کێک له وانه‌کان نه‌هاتبوو، بۆیه ئێمه‌ش به
پیشه‌ی خۆمان چووینه بازاڕ. کاتێ چاپی دووه‌می (رازی ته‌نیایی)ی (هه‌ردی)مان
له کتێبخانه‌ی (هه‌ژار) بینی، هه‌ردووکمان زۆر گه‌شاینه‌وه، به‌تایبه‌تی
دوای ئه‌وه‌ی زانیمان پێشه‌کییه‌کی بۆ نووسیوه و شیعره ته‌واونه‌کراوه‌کانی
ته‌واو کردووه. سه‌رو دانه‌مان له‌و کتێبه کڕی، به‌ڵام ڕه‌نگه حه‌زمان
کردبێت هه‌موویان به‌جارێ بکڕین. به‌ره‌و (ڕزگاری) ده‌گه‌ڕاینه‌وه و
به ڕێگاوه کتێبه‌که‌مان ده‌خوێنده‌وه. ((ئۆخه‌ی!! ئه‌وه یه‌که‌مجاره
ڕۆژبه‌یانی ئاگای له خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی پلێتی دووکانه‌کان
نه‌ماوه و بێزارم ناکات)).
هه‌تا گه‌یشتین، پێشه‌کییه‌که‌مان ته‌واو خوێنده‌وه. هه‌رکه
هاوڕێکانمان ئه‌و کتێبانه‌یان به ده‌ستمانه‌وه بینی، ئه‌وانیش حه‌زیان
کرد ئه‌و چاپه نوێیه‌یان هه‌بێت. هیچ زیاده‌ڕۆییم نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر
بڵێم به‌شێکی زۆری هاوڕێ و هاوپۆله‌کانمان قوتابخانه‌یان جێ هێشت، به‌و
مه‌به‌سته‌ی چی زووتره ئه‌و کتێبه‌یان ده‌ست بکه‌وێت. لێره‌دا ناکرێت
ئه‌وه نه‌ڵێم، که ئه‌و ساڵانه له باشووری کوردستان گه‌رمه‌ی
خوێندنه‌وه بوو. له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی قوتابییان چ
ژماره‌ی خوێنه‌ر و چ په‌رۆشی بۆ خوێندنه‌وه‌ش به‌ره‌و زیادبوون چوو.
ڕه‌نگه نووسه‌ری وا هه‌بووبێت، که من سه‌رده‌مێک پێم وابووبێت داهێنه‌ره
و دواتر هه‌ستم کردبێت به هه‌ڵه‌دا چووبووم، یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه
پێم وابووبێت نووسه‌رێکی ئاساییه، به‌ڵام دوای خوێندنه‌وه‌ی زیاتری به‌رهه‌مه‌کانی،
بۆم ده‌رکه‌وتبێت زۆر له‌وه زیاتری لایه، که من بۆی چووبووم. وێنه‌ی
(هه‌ردی) له هیچ سه‌رده‌مێکدا لای من نه‌گۆڕاوه. وێنه‌ی ئه‌و شاعیره‌ی
به ڕوخسار هێمنه و له‌ناوه‌وه ڕۆحێکی وریا و زیندووی هه‌یه. ئه‌گه‌ر
(هه‌ردی) لای نه‌وه‌کانی دوای خۆی به‌و هێزه گه‌وره‌یه‌وه ئاماده‌یه،
ئه‌وا مانای وا نییه له سه‌رده‌می خۆیدا به‌هه‌مان شێوه خوێندرابێته‌وه.
ئه‌مه‌ش به‌سه‌رهاتی هه‌ر داهێنه‌رێکه، که پێش سه‌رده‌می خۆی ده‌که‌وێت.
هه‌میشه ڕه‌خنه‌گری ساخته له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ئه‌و مه‌ودایه‌ی
نێوان داهێنه‌ر و نووسه‌ری ئاسایی بسڕێته‌وه و داهێنه‌ر له دنیا
تایبه‌ته‌که‌ی بێنێته ده‌رێ، به‌و مه‌به‌سته‌ی داهێنه‌ر به‌هه‌مان
زمانی ستاندارد بدوێت و له‌وێوه له‌ناوی به‌رێت. هه‌تا داهێنه‌ر له
دنیای خۆیه‌تی، ڕه‌خنه‌گری ساخته به‌وه تاوانباری ده‌کات، که زمانی
ئه‌و داهێنه‌ره نامۆیه و که‌س لێی تێناگات، ئایدیاکانی ئاڵۆزن و چێژ
نابه‌خشن، وه‌ک بڵێی ئه‌و پێوه‌ری چێژ بێت، هه‌تا بۆی هه‌بێت له‌جیاتی
هه‌مووان بڕیاری ئاوا بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌و داهێنه‌ره خۆی به ده‌سته‌وه
دا و هه‌مان زمانی ئاساییی به‌کار هێنا، ئه‌وسا تۆمه‌تی دیکه‌ی ده‌داته
پاڵ، یاخود هه‌ر به‌جارێ فه‌رامۆشی ده‌کات، چونکه بڕیاره‌کانی ڕه‌خنه‌گری
ساخته ئه‌نجامی خوێندنه‌وه نیین، به‌ڵکو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و
کۆمپلێکسه سایکۆلۆژییانه‌ن، که له به‌رانبه‌ر ئه‌و داهێنه‌ره‌وه
تووشیان هاتووه. ڕه‌خنه‌گری ساخته چاک ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌و
زمانه ساکاره‌وه دژایه‌تیی ده‌کات، داهێنه‌ره، به‌ڵام خوێندنه‌وه و
تێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌کانی له توانای ئه‌ودا نیین. هه‌ر بۆیه ڕه‌خنه‌گری
ساخته عه‌شقی تێکستی ساده‌یه. له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و تێکستانه
بخاته ژێر ڕه‌خنه‌وه، ده‌چێت له‌به‌ر خاتری ئه‌و تێکسته سادانه، ڕه‌خنه
تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه بچووک ده‌کاته‌وه، که بڵێ ده‌بێت نووسین ئاوا
بێت. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه نه‌بێت، داهێنان نییه.
وا دێته به‌رچاوم، که (هه‌ردی) به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به ده‌ست
ڕه‌خنه‌ی ساخته‌وه ئازاری چه‌شتبێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه وه‌کو هه‌ر
داهێنه‌رێکی دیکه به‌رگه‌ی تۆمه‌ت و گاڵته‌پێکردنی گرتووه و له دنیا
تایبه‌ته‌که‌ی نه‌هاتۆته ده‌رێ. ئێمه ئه‌مڕۆ دنیایه‌کمان هه‌یه به
ناوی (دنیای هه‌ردی). ئێمه له (دنیای هه‌ردی)یه‌وه فێری ئه‌وه ده‌بین
نووسین هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی نییه، که هه‌ر ده‌بێت ده‌ستی ئه‌وانی دیکه
بگریت، وه‌کو ئه‌وان هه‌ڵپه‌ڕیت و جووڵه‌ی له‌شت له‌سه‌ر هه‌مان ڕێتمی
ئه‌وان ڕێک بخه‌یت، هه‌تا ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت به‌وانه‌ش نه‌بێت، که ده‌ستت
گرتوون، به‌ڵکو نووسین سه‌مای به‌ته‌نیایه له به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌دا.
هه‌ر خۆت ده‌زانی چۆن سه‌ما ده‌که‌یت و ئه‌ندامه‌کانی له‌شت چۆن و تا چ
ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌جووڵێنیت، به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بیت ئه‌وه‌ی له‌و
ئاوێنه‌یه‌دا ده‌تبینێت و لاساییت ده‌کاته‌وه، چۆنت هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت
و چ حوکمێکت له‌سه‌ر ده‌رده‌کات، چونکه هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆمه‌ت ده‌خه‌نه
پاڵ داهێنه‌ره‌وه، ئه‌وانه‌ن، که لاسایی ئه‌و ده‌که‌نه‌وه و زۆر جار
هه‌ر به که‌ره‌سه‌کانی خۆی، به‌ڵام به خراپی، ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
داخی گرانم من ڕۆژێک له ڕۆژان (هه‌ردی)م له نزیکه‌وه نه‌بینی، به‌ڵام
مایه‌ی خۆشحاڵییمه، که یه‌که‌مین کتێبی چاپکراوی منی خوێنده‌وه و وه‌کو
(سیوه‌یلی) بۆی گێڕامه‌وه زۆر به دڵی بووه. کارتێکی بۆ ناردم و له
پشتی ئه‌و کارته‌وه چه‌ند وشه‌یه‌کی له‌باره‌ی (ئه‌سپیدۆلۆن)ه‌وه
نووسی بوو. به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌و کارته نادۆزمه‌وه، چونکه له‌ماوه‌ی
ئه‌و ده ساڵه‌دا ده جار ماڵم گواستۆته‌وه. ئه‌م نامه‌یه‌شم ون
کردبوو، به‌ڵام له‌م ڕۆژانه لای (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) دۆزیمه‌وه، که
چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر خستبوومه جانتایه‌که‌وه و لای ئه‌وم جێ
هێشتبوو. هه‌ر بۆیه بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌شم دره‌نگ که‌وت.
ڕاستییه‌که‌ی من کاتێ شیعرێکی (هه‌ردی)م له گۆڤاری (بینین)دا خوێنده‌وه،
زۆرم پێ خۆش بوو، که ئه‌و شاعیره داهێنه‌ره دوای ماوه‌یه‌کی زۆر
بێده‌نگی، دووباره شیعری نووسیوه. چه‌مکی (بێده‌نگی) لای (هه‌ردی)
وه‌کو پارادۆکسێک، هه‌ڵگری ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه. ئه‌و ئه‌زموونێکی
سه‌یری له‌گه‌ڵ بێده‌نگییدا هه‌یه، که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له قووڵبوونه‌وه،
نه‌وه‌ک له به‌تاڵی. (هه‌ردی) ده‌یتوانی هه‌موو کاتێک ئاماده‌یی هه‌بێت،
به‌ڵام ته‌نیا خۆی زانیویه‌تی که‌ی ده‌بێت له‌ناو ئه‌و بێده‌نگییه‌یدا
بێته ده‌رێ. سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ وشه‌ی بێده‌نگی له نامه‌که‌دا ڕاده‌کێشم،
که هه‌ست ده‌که‌یت بوونی خۆی له‌ناو ئه‌و وشه‌یه‌دا هه‌ڵگرتووه. (هه‌ردی)
ئه‌و شیعره‌ی بۆ تابلۆکانی (ڕێبوار سه‌عید)ی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار
نووسی بوو، بۆیه ناوی (ڕێبوار) له‌وێ چه‌ند جارێک هاتووه.
__________________________
نامه‌که‌ی (هه‌ردی)ی شاعیر:
برای شیرینم کاک کاروان
له‌دوای پێشکه‌شکردنی ڕێز و خۆشه‌ویستی، رۆژی (28.04) کارته خنجیلانه‌که‌تانم
پێگه‌یشت، زۆر به‌په‌رۆشه‌وه سوپاستان ئه‌که‌م و چاوتان ماچ ئه‌که‌م.
پێشه‌کی داوای لێبوردن ئه‌که‌م که وه‌رامه‌که‌ی دواکه‌وت، سه‌باره‌ت
به‌وه‌ی؛ یه‌ک دوو کاری ((لابه‌لا)) یه‌خه‌یان گرتم.
برای شیرینم، نووسیبووتان: شیعرێکی منتان له گۆڤاری - بینین - دا
خوێندۆته‌وه و هه‌ستت کردووه، من هێشتا هه‌ر گه‌نجه‌که‌ی سه‌رده‌می (ڕازی
ته‌نیایی)م! بێگومان ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی ئێوه، ئه‌وه ده‌رئه‌خات که من
توانیومه، دوای چه‌ند ساڵ بێده‌نگی، شیعرێک بڵێم، که تامی شیعره‌کانی
پێشووم بدات، که ئه‌مه‌ش په‌سه‌ندکردنێکی وه‌ستایانه‌یه و جێگه‌ی
سوپاسه.
برای به‌ڕێز، له دێڕی دواییدا، ئه‌فه‌رموون: (ئایا ناکرێت له‌سه‌ر
داوای منیش... شیعرێکی تری ئاوا جوان بنووسیت؟) له وه‌رامدا ده‌ڵێم:
بێگومان زۆر حه‌ز ئه‌که‌م، ئه‌گه‌ر بتوانم، داخوازی که‌سانی خۆشه‌ویستی
وه‌ک ئێوه، به‌دی بێنم، به‌و مه‌رجه‌ی، داخوازێکه‌یان دیاریی کراو بێت،
یان له بابه‌تێک بێت که بۆ شیعرێکی ڕۆمانسی ده‌ست بدات، به‌ڵام پوخت
و پالیار بێت. (به‌و مه‌به‌سته‌ی منیش بجووڵێنێ. واتا به دڵم بێت).
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر (ڕێبوار) بیگوتایه: (شیعرێکی جوانم بۆ بنووسه)
دیاره هیچم پێ نه‌ئه‌کرا.. چونکه شیعری جوان، زۆر جۆری شیعر ئه‌گرێته‌وه.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر (ڕێبوار) له‌باتی ئه‌و هه‌موو تابلۆیانه، یه‌ک
تابلۆی بۆ بهێنامایه، که من به دڵم نه‌بوایه، یان بابه‌تێکی
ڕۆمانسیی هه‌ڵنه‌گرتایه.. یان... هه‌ته‌د، بێگومان نه‌م ئه‌توانی
شیعرێکی وا به‌سۆزی بۆ دابنێم.
جا برای شیرینم، ئایا ئه‌توانی داخوازی خۆتم به‌پوختی بۆ بخه‌یته
چوارچێوه‌یه‌کی دیاریی کراوه‌وه؟ تا بزانم پێم ئه‌کرێ، یان نا؟
له‌گه‌ڵ ڕێز و سوپاسدا
ئه‌حمه‌د هه‌ردی
10.05.1999
karwankakasur@yahoo.co.uk |