٣٠\٨\٢٠١٠
لێرە، دەیان ساڵە
بێبەهاتر لە هەڵبژاردن، دەنگدەرە!
ئەرسەلان مەحمود
عیراق، ئەو وڵاتەی سەد ساڵە چییەکی بەسروشت تیادا لەدایکنابێ،
لەبنەمادا وڵاتێک نییە بەسروشت بووبێتە خاوەن پێگەیەکی دەوڵەتی، لێ
ئەم دەرئەنجامەیش تەنێ هەر ئەو هۆکارە نیە وایکردوە بەدرێژایی ئەو
مێژووە جگە لەبیمانایی باهۆزێکی تر لەم وڵاتەدا هەڵنەکات.
پارت و سیاسییە بێسەروبەرەکانی عیراق، بەمانەی ئێستایشیەوە، پشکی هەرە
گەورەی ئەو بێنەزمییەیان بەردەکەوێت، تۆتالیتاریەکانی سەدەی رابردو،
تەواوی توانستە مرۆیی و سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەیان لەپێناو
هەیمەنەپێکردنی هزری پانناسیۆنالیزمی عەرەبیدا کردە ئاردی ناو دڕو، تا
زەمەنی بەرژەوەندییە بەدە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان بواریدان سڵیان
لەخوێنڕێژی نەکردەوە، ئەوەتا ئەکتەرە سیاسییەکانی ئەم دو دەیەش هێشتا
سەرگەرمی بەشینەوەی نوقڵانەی مەزهەبی و تایفەگەرین، زۆرینەیان هێندە
بەربادو شکستخواردون نەک هەر بێحیکمەتن لەپێکهێنانی حکومەت و،
وڵامدانەوەی دەنگی خەڵک، نەیانتوانی و نایشتوانن چجۆرە خۆشگوزەرانییەک
بهێننە دی، لەبەرامبەردا روداوە دڵتەزینئامێزو چاوەرینەکراوەکان تادێ
لەم وڵاتەدا وەک دەگوترێ لەمردنی ئاسایی زیاتر دەبن، ئێستا عیراق
لەسەر ئاستی دنیاش بەغەرقی گەندەڵی و، بێتوانا لەکۆنتڕۆڵکردنی تاوان
و، رانەپەڕٍاندنی سادەترین ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناس دەکرێ. لەوەیش
بەولاوە قەوارەو سیاسییە غافڵگیرەکانی ئەوەندەی رۆژانە سەرگەرمی
راستکردنی بەرژوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکاو
دەوڵەتانی ناوچەکەن، هەرگیز لەخەمی تێپەراندنی ئەم دۆخە ئالۆزەی وڵاتدا
نین.
لەبیرمانە رۆژانی پەسندکردنی دەستور، نەک هەر بۆ عیراقییەکان وەک
دەسپێکردنی ژیانکردنێکی نوێ دەبینرا، ئەوکاتە رێک لەواشنتۆنەوە فشار
خرایە سەر سەرکردە رۆژهەلاتیەکانی تریش، داوایان لێکرا دەبێ ئیتر وەک
عیراقییەکان دوێنێی وڵاتەکانیان بەرەو گۆڕانێکی بنەرەتی جێبهێڵن!، کەچی
هێشتا دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات و بێنرختر لەهەڵبژاردن لەم عیراقە
نوێیەدا مەسەلەی هاوڵاتیبوون و دەنگدەرە، بەڵێ لەمانەیش بێبەهاتر
دەستورەکەیەتی، چونکە ئەگەر دوێنی هەژموون و بریارگەلی تۆتالیتاری،
ئەوا ئەمرۆ سات و سەودای تەوافوقی سیاسی و، گرەوی رۆژانە، لەجێی حکومەت
و دامەزراوەگەلی بەمانای دەستوری حوکم دەکەن، ئەوەی بەبنەما نەگیراوە
بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و، پرسی بەهاوڵاتیبوونە، ئەم دیاردەو
دەرکەوتە تاڵانەیش ئەگەر بڕیارە لەلایەن گەلانی عیراقییەوە بۆ دواینجار
پێشیانپێبگیرێ ئەوا ئاماژەگەلێکی گرنگن بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو ئەو
دەنگدەرانەی لەمەو دواو لەم وڵاتەدا دەنگ دەدەن.
دەنگدەری عیراقی دەبێ ئیتر لەسەر بنەمای ئاگاداربون لەسیاسەتیکارو
بەرنامەی هەڵبژادنی کاندیدەکان دەنگ بدەن، نەک سۆزو ترس و خورافیات،
مەعلومە ئەوەی زامنی سەرکەوتنی دیموکراسیەت و ژیانکردنێکی تەژی لەژیان
دەکات بەتەنها هەوڵەکانی هاوڵاتی چالاک و هوشیارە، بێگومان هەموو
ئەوانەی پێگەو بەهای دەنگی خۆیان وەک تاک و هاوڵاتی بەمانا دەزانن
دەچنە ئەو خانەیەوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئیتر نەبینە رێگری بەردەم رێسا
شمولییەکان، کاتی ئەوە هاتووە دەنگدانی بەکۆمەڵ تێپەڕێنین.
دەبێ ئەو رێسا پوچانە بایکۆتبکرێن، دەبێ لەوە تێبگەین هاوڵاتیبوون
هەر ئەوە نییە بەهەڵگرتنی رەگەزنامەیەکەوە وەک ئەوەی لای سیاسەتکارە
عیراقییەکان باوە بەندبکرێ، هیچ هاوڵاتییەک بەوەها شوناسێک ناتوانێ
دواجار ببێتە بەشێک لەئالیەتی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، ناتوانێ دەنگ و
ویستی خۆی لەوەها پرۆسەیەکدا دەربخاو دواجار وەک مەرجەعی کۆتایی
بڕیاردان بەکاری بهێنێ.
هاوڵاتی بۆچی ئەبێ لەخۆی نەپرسێ ئاخۆ هۆکار چییە تەواوی سیاسەتکارو
پارتە سیاسیەکانی عیراق تا هەنوکەیش تەنهاو تەنها لەکاتی
هەڵبژاردنەکاندا بایەخ بەمەسەلەی هاوڵاتیبوون و دەنگدەر دەدەن؟!،
دەرئەنجام رونە، رەنگە پوختەترین وڵام بەوەها پرسیارێک بریتیبێ لەوەی
ئەمانە خۆیان بەئەمری واقع دەبینن و، بەلایانەوە دەنگدەر یا هاوڵاتی
جگە لەژمارەیەک خۆ بەهایەکی تری نیەو، ناتوانێ دواجار چ رۆڵێک
لەگۆڕینی پرۆسەی سیاسیدا ببینێت!.. ئەی ئەوەنیە هەر کەچونە سەر کورسی
دەسەڵات ئەوەیان لەبیر دەچێتەوە کەبەدەنگی هەریەک لەم دەنگدەرو
هاوڵاتیانە هاتونەتە ئەو شوێنە، بەڵام نەک هەر نایانەوێ لەوە تێبگەن
تەنانەت یەقینیشیان وایە بۆ هەمیشەو لەخولەکانی داهاتووشدا ئەم دەنگانە
جارێکی تریش بەدەست دەهێننەوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە لای سیاسی و پارتە
سیاسیەکانی عیراق، لەناو دەنگدەرو هاوڵاتی عیراقدا وێکچوونێکی دەرونی و
عەقڵی هاوبەش هەیەو هەیمەنەیکردووە بەسەر بریارو بیرکردنەوەیاندا،
لەوباوەڕەدان هەرچۆنێبێ دواجار زۆرینە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەری
سنوردار دەنگ دەدەن، بێگومان ئەم تێگەیشتنەیش رەنگدانەوەیەکی فرە
ڕەهەندی خۆی هەیەو، ئەگەر بریار بێ قسەلێکردنی لەم وتاردا بهاوێینە
ناو باس ئەوا توڵ دەکێشێ.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|