په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٢\٢٠١٣

لە رۆژی ئایدزەوە تاکو هۆکار و چارەسەری!

ئاریتما موحەمەدی    

«دەیان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری ئەو نەخۆشییەن، بەڵام لێی ئاگادار نین».


ئەمڕۆ یەکشەمە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی کوردی ڕۆژی جیهانی ئایدزە لە هەموو جیهان. ئایدز نەخۆشییەکی کوشندەیە کە کار دەکاتە سەر بەرگری لەش و ڕێگە ئاسان دەکات بۆ ئەوە کە لەش بەرگری خۆی لە دەست بدات و تووشی دەیان نەخۆشی کوشندە بێت کە لە ئاکامدا گیانی نەخۆشەکە دەگرێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت. تاکوو ئیستا لە جیهان دەیان ملیۆن کەس بەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و چەندین ملیۆنیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوەو ساڵانە سەدان هەزار کەس لەهەموو جیهان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن و دەمرن.


نەخۆشینی ئایدز لە ڕیگەی پێوەندی سێکسی، گواستنەوەی خوێن لەڕێگای دەرزی و لە سەرتاشخانەکان و هەروەها لەکاتی دەرهێنان یان خود پڕ کردنەوەی ددان تووشی مرۆڤ دەبێت و گیانی دەخاتە مەترسی و ژیانی دەهەژێنێت.


تاکوو هەنووکە هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو نەخۆشینە کوشندەیە نەدۆزراوەتەوە، هەر چەند لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هندێک دەواو دەرمان بەرهەم هێنراون کە ئەگەر نەخۆش لەکاتی خۆیدا هەست بەهەڵگرتنی ڤیرووسەکە بکات و سەردانی پزیشک بکات، دەکرێ چالاکبوونی ئەو ڤیرووسە لەناو لەشیدا دوا بخرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر لەشی نەخۆشەکە کەمتر بکرێتەوە.


نەخۆشی ئایدز کۆمەڵێک نیشانەی هەیە کە ئەو نیشانانە بەواتای هەڵگرتنی ئەو ڤیرووسە نییە، چونکوو هەر وەک باسکرا ئەو نیشانانە لە نەخۆشینەکانی دیکەشدا بەدی دەکرێت.


بەشێک لەو نیشانانە بریتین لە؛ تاو یان خود گەرمبوونی لەش، سەرەئێشە، هارەق کردن لەکاتی خەودا بەڕێژەیەک کە جلەکانت تەڕ بکات، ئێشی جمگەکانی لەش، کۆخە، بێتاقەتی زۆر و دابەزینی کێشی لەش بە بەڕێژەی ١٠کیلۆ لەماوەی یەک مانگ یان خود کەمتر لە مانگێک، سەرهەڵدانی جۆرە جۆشێکی چڵکدار لەسەر لەش، سەرماخواردنی کوتوپڕ کە بەشێوەیەک هەڵگری ڤیرووسەکە نەتوانێ هەستیتە سەرپێ و هەروەها خورانی لەشی.


زۆربەی ئەو کەسانە کە تووشی ئەو نەخۆشینە دەبن، ئەم نیشانانە یەک لەدوای یەک لەسەر لەشیان دیار دەکەون، پێش هەموو شتێک تووشی نەخۆشینی سەرماخواردن دەبێت و لەشی دەکەوێتە خوران، سەرەئێشە دەگرێت و ئاستی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوە، جمگەکانی دەکەوێتە ئێش و لەشی جۆش هەڵدەدات و شەوانە لەکاتی خەودا لەشی بەڕێژەیەکی بەرچاو هارەق دەکات. بەتاییبەت ئەگەر هاتوو نەخۆش بۆ کەم کردنەوەی سەرەئێشەو گەرمی لەشی لە قورس یان خود تابلێت کەڵکی وەرگرت، بەڵام لەپاش ئەوە کە قورسی بەکار هێنا و لەشی پێویستی بەڕێژەیەکی ئاو کردو تینوی بێت و ناو دەمی وشک بوو و نەخۆشی قۆڵۆنی نەبوو بێت، بەواتای هەبوونی ئەو فیرووسە لەناو لەشی دایە، هەر چەند ئەوە سەد لە سەد نییە، بەڵام دەکرێ زۆر مەترسیدار بێت.


ئەو کەسانەی کە سەردانی ناوەندەکانی ددان کێشان یان خود پڕکردنەوەی ددان دەکەن، یان مەکینەی سەرتاشخانەکان بەکار دێنن. یان لەکاتی بەکار هێنانی دەرزی و یان خود برینداربوون بەشێوەی نائاسایی و بەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی نەناسراو، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن، ئەگەر هاتوو دوو یان خود سێ لەو نیشانانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا لە ماوەی یەک مانگدا لە لەشیان دەرکەوت و مایەوە. دوای ئەوە کە ئەو نیشانانە لە لەشی هەڵگری ڤیرووسەکە دەرکەوت، لەپاش یەک مانگ هەموو نیشانەکان ون دەبنەوەو نەخۆش چاک دەبێتەوە.


بەڵام لەکاتی سەردانکردنی پزیشک پێویستە لەسەر نەخۆش بەوردی بۆ دوکتۆرەکە شی بکاتەوە کە لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو چی کارێکی ئەنجام داوە، لەگەڵ کێ بووەو سەردانی کوێی کردووە، چونکوو هندێک جار ئەو نیشانانە پێوەندیان بە نەخۆشینەکانی دیکەوە هەیەو پێوسیتە بۆ پزیشکەکە باس بکرێت کە دەتهەوێت لەو دڵنیا بیتەوە کە تووشی HIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگی لەش” نەهاتوویت.


زۆرجار کەسی تووشبوو هیچکام لەو نیشانانە لەسەر لەشی دیار ناکەوێت، ئەگەر هاتوو ئەڵکوهوڵ یان خود مادە سڕکەرەکان بەکار نەهێنێت و جگەرە نەکێشێت و خواردنی باشی وەک ماسی و سەوزەو میوە بخوات و هەموو ویتامینەکانی لەشی دابین بکات.


ئەو ڤیرووسە لە ماوەی دوو حەوتوو بۆ چوار حەوتوو لە لەشی مرۆڤ بەدیار دەکەوێت، بۆیە دەبێت لە دوای ئەو ماوەیە بە بەمەبەستی خوێن گرتن و تاقیکاری سەردانی لای پزیشک بکەیت، زۆرجار لەدوای ئەوە کە ئەو نیشانانە لەسەر لەشی هەڵگری ڤیرووسەکە یان خود لەناو لەشی بەدیار کەوت، لەناو خوێنیدا بەدیار ناکەوێت و تاکوو ماوەیەک بەشاراوەیی دەمێنێتەوە.


بۆیە ئەرکە لەسەر نەخۆش بۆ ئەوە لەگومانی هەڵگرتن یان خود هەڵنەگرتنی ڤیرووسەکە دڵنیا بێت، پێویستە بەبەردەوام سەردانی پزیشک بکات بۆ گرتنی خوێن و تاقیکاری تاییبەت یان خود بۆ هەڵسەنگاندنی دژکردەوە بەHIV” نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” لەناو خوێنی دا.


ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ دڵنیابوون لەوە کە هەڵگری ئەو ڤیرووسە نەبیت؛ یەکەم جار تاقیکاری و گرتنی خوێن لە دوای دوو حەوتوو، دووەم جار لەپاش یەک مانگ، سێیەم جار لەپاش سێ مانگ، چوارەم جار لەپاش شەش مانگ، پێنجەم جار لەپاش ساڵێک، شەشەم جار لەپاش ساڵێک و شەش مانگ و حەوتەم جار لەپاش دوو ساڵ. ئەگەر لەماوەی دوو ساڵدا ئەو ڤیرووسە لەناو لەشی کەسی گوماندار بەدەر نەکەوت بەواتای ئەوەیە کە ئەو کەسە سەد لەسەد تووشی HIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” نەهاتووە.


ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێ لەو وڵاتانەیە کە بەهۆی دواکەوتوویی کولتووری و نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر نەخۆشینە ڤیرووسی و هرێپسییە کوشندەکان کە بەهۆی پێوەندی سێکسی و لەڕێگای دەرزی و سەرتاشخانەو ناوەندەکانی پڕکردنەوەو کێشانی ددان تووشی مرۆڤ دەبێت، لە پێوەندی بەو نەخۆشیانە بێ زانیارین و ئاستی خۆپاراستن لەو پێوەندییەدا کزو لاوازە. هەروەها دابین نەکردنی کەرەستەو ناوەندی ئاگادار کردنەوەو توندووتۆڵ نەگرتنی ناوەندە گشتییە پزیشکییەکان لە هەمبەر ئەو نەخۆشیانە بووتە هۆی ئەوە کە ئەو ڤیرووسە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پتر پەرە بگرێت و بڵاو بێتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست پێشگیری لەبڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشینە کوشندانە ناگرێت و بەدابین نەکردنی کەرەستەی تاییبەت بە پێشگیری و دانەنانی ناوەندە تاییبەتییەکانی ئاگادار کردنەوە لە پێوەندی بەو نەخۆشینانە ڕێی ئاواڵە کردووە بۆ ئەوە کە ئەو ڤیرووسە بڵاو بێتەوەو ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دابەزاندووە.


لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکاری و نەبوونی ئاساییش و ئازادی و پەروەردەی پێوست و زانستی، زۆربەی لاوەکان بەلای مادە سڕکەرەکانەوە ڕۆییشتوون، بەکار هێنانی درزی بە مەبەستی ”تەزریق” کردن یەکێ لە هۆکارە هەر مەزنەکانی بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی HIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” لەو بەشەی کوردستانە. ئەو ئامارانەی کە تاکوو ئیستا بڵاو بوونەتەوە لە پێوەندی بەڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشینە ڕاست نین و تەنیا هەڵسەنگاندنێک لە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن ئەنجام دراوە، تەنانەت ئەگەر ئاماری فەرمی و بەدواوەچوون بۆ ئەو پرسە لەناو کۆمەڵگادا بکرێت، ناکرێ بە ئامارێکی تەواو و ڕێک و پێک چاوی لێبکرێ، چونکە کۆمەڵێک کێشە لەو پێوەندییەدا زەق دەبنەوە کە لە خوارەوە پتر باسی لەسەر دەکرێت.


شارەکانی سنەو بەتاییبەت کرماشان لەشارە هەر بەربڵاوەکانی بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی ئایدز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. بەداخەوە تاکوو هەنووکە هیچ ئامارێک لەو پێوەندییەدا نەهاتووەتە ئاراوە، هەروەک باسکرا لەبەر نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر ئەو ڤیرووس و نەخۆشینە کوشندەیە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن ئاگاداری ئەوە نین کە تووشی ئەو نەخۆشینە بوون، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو ڤیرووسە پتر بڵاو بێتەوە و گیانی کەسانی زیاتر بخاتە مەترسی و یان خود چالاکبوونی ئەو ڤیروسە لەناو لەشیان بەدوا بخەن.


هۆکارێکی دیکە کە بووەتە هۆی ئەوە کە ڕێژەی تووشبووانی ئەو نەخۆشینە ڕوون نەبێت ئەوەیە کە کەسانی هەڵگری ئەو ڤیرووسە لەبەر دابونەریتی کۆمەڵگاوە حەز بەوە ناکەن کە خزم و کەسە نزیکەکانیان هەست بەوە بکەن کە بەو نەخۆشینەوە گیرۆدە بوون. بەڵام هەروەک لە سەرەوە باسی لەسەر کرا ئەو نەخۆشینە تەنیا لەڕێگای پێوەندی سێکسییەوە بڵاو نابێتەوە، بەڵکوو لەچەند ڕێگەیەکی دیکەشەوە وەک سەرتاشخانە، ناوەندە پزیشکییەکانی ددان کێشان و ددان پڕکردنەوەو لەکاتی خوێن گرتن و خوێندان و بەکارهێنانی دەرزی... هتد بڵاو دەبێتەوە.


ڕێگەکانی چارەسەری؛ لە ڕاستیدا تاکوو هەنووکە هیچ ڕێگەیەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە بۆ چارەسەر کردنی ئەو نەخۆشینە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە وڵاتی ئاڵمان کەسێک کە هەڵگری ئەو ڤیرووسە بوو توانی لەڕێگای پزیشکێکەوە چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام ئەو کەسە پێش ئەوە کە ڤیرووسەکە لەناو لەشیدا جێی خۆی بکاتەوە و چالاک بێت چارەسەری بۆ کرا، ئەوەش لە دوای چەند عەمەلیاتێکی تاییبەت و بەگمەن کە بەو مەبەستە پێکهات بوو.


ڕێگەکانی چارەسەری ئەو نەخۆشینە تەنیا خۆپاراستنە لە تووشبوون بەو ڤیرووسە، دەبێت لە بەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ ئەو کەسانە کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن خۆببوێری یان خود بەبەکار هێنانی کاندۆم و بەلە بەرچاو گرتنی وتەی پزیشک ئەو کارە ئەنجام بدرێت، بەڵام نەبەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی نەناسراو پێشنیار دەکرێ و دەبێت زانیاری تەواوت لەبارەی ئەو کەسانەوە پێ بێت کە دەتهەوێت لێیان نزیک ببیتەوە.


بەکار نەهێنانی ئەو دەرزییانە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکار هاتووە، ئەوە پتر لە وڵاتانی جیهانی سێوم ڕوو دەدات و بەتاییبەت ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەری مادە سڕکەرەکانن. نابێت لەکاتی سەرچاککردن لە سەرتاشخانەکان مەکینەی تیژ بۆ چاککردنی پشتی مل کەڵک وەر بگیرێت، چونکوو یەکێ لەو ڕێگانەیە کە نەخۆشینە ڤیرووسی و هرێپسییەکان پێی دەگوازرێنەوە. بەکار نەهێنانی شتومەکی گشتیی و تاکەکەسیی و بێگانە. ئاگادار کردنەوەی پزیشک لەکاتی ددان کێشان یان خود پڕکردنەوەی ددان بۆ پاک و خاوێن کردنەوەی کەرەستەکانی بەکارهێنەر.


تێبینی: لەڕێگەی دیکەو بەشێوەی جیاواز مرۆڤ تووشی ئەو ڤیرووسە دەبێت، بەڵام گرینگترین هۆکارەکان ئەوانە بوون کە باس کران، هۆکارگەلی دیکە ڕێژەی تووش کردنی مرۆڤ بەو نەخۆشینە کەمە.

________________________
سەرچاوە: بڵاو کراوە زانستییەکانی پێشگیری و چارەسەری ئەو ڤیرووس و نەخۆشینە بەپێی زانستی ستانداردی نەخۆشخانەکانی وڵاتی نۆروێژ.

 

ماڵپه‌ڕی ئاریتما موحەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک