په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

لەسەر ئەرکى بەڕێوەبەرێتى هونەریی سینەماى سلێمانى،

گۆڤارێکى تایبەت بە هونەرى فیلمسازیی بڵاو دەبێتەوە.

 


ئەم گۆڤارە خاوەن ئیمتیازه‌که‌ی (ئازاد سەوزە)یه‌ و سەرنووسەره‌که‌شی (کەریمۆک)ە.
١٠٦ لاپەرەى رەنگاوڕەنگ.
٢٠٠٠ دانە تیراژ.
ئێستا لە چاپخانەیە و مەزەندە دەکرێت سێشەمە ٢۴\١١\٢٠٠٠ بکەوێتە بەر دیدى خوێنەران.

لەبارەى گرنگى دەرچوونى ئەم گۆڤارەوە بەرێز (کەریمۆک)ى سەرنووسەر گوتى:

 

(رەوتى فیلمسازى لە کوردستان هەنگاوى باشى بڕیوەو بزووتنەوەیەکى سینەمایى ئەگەر لە ئاستى خوازراوییشدا نەبێت دەستى پێکردووە، بەڵام ئەوەى مایەى هەڵوەستەکردن و تێڕامانە تا ئێستا هاوشانى ئەو رەوتە بڵاوکراوەى فیلمسازى لەئاستى نەبوون دایە..! لەژێر رۆشنایى ئەو دیدگایەو بۆ پڕکردنەوەى ئەم بۆشایە بەرچاوە، بەهاوکارى خەمخۆرانى سینەما هەوڵمانداوە گۆڤارێکى تایبەت بەسینەما و فیلمسازى دەربکەین، کەلەم چەند رۆژەدا دەکەوێتە بزارەوە. هیوامان وایە خزمەتێکى شایستە بەبوارى فیلمسازى بکەین).


هەروەها سەرنووسەر کەریمۆک لە بەشێک لەسەروتارى گۆڤارى (فیلم) دەڵێ:


بەداخەوە میدیاى کوردى لەئاست ئەو چالاکییە گرنگەى سینەما کەمتەرخەم بووە، رەنگە هۆکەشى ئەوەبێت، تا ئێستا لە کوردستان جۆرنالیست و راگەیاندنکارى تایبەت بەبوارى فیلمسازى نییە و میدیاى کوردیش بەگشتى بڵاوکردنەوەى هۆشیارى سینەمایى نەکردۆتە خەمى خۆى، دەشێ ئەمەش باش تێنەگەیشتن بێت لەپەیام و بایەخى هونەرى فیلمسازى بەگشتى. خۆ ئەگەر رۆژنامەیەک یان بەرنامەیەکى تیڤى لێرەو لەوێ گۆشەیەکى بچووکى تەرخان کردبێت، دڵنیام بەهۆى خەمى ئەو کەسە بووە کە کارەکەى ئەنجام داوە..!!
ئێمە بەدەرکردنى گۆڤارى (فیلم) گەرەکمان خوڵقاندنى مینبەرێکە بۆ هەموو ئەو باس ء خواسانەى لەسەر سینەما و فیلمسازى دەکرێن، لە هەمانکاتدا دەمانەوێت پشتیوانى ئەم رەوتەى فیلمسازیی بین و هاوشانى هەر (ئەکشن)ێکى هونەرمەندانى کورد بین، تا باشتر بەرەو ئاسۆى خۆى هەنگاو بنێ، ئەمەش بە ئاماژدان بە کەموکوڕیەکان و بەخشینى زانیارى و بڵاوکردنەوەى رۆشنبیرى سینەمایى لەبوارە جیاجیاکانى فیلمسازى. ئیدى لەم پێناوەدا چەندە سەرکەوتوو دەبین ئەوە بۆ ئێوە و ئایندە جێیدەهێلین.
جێى خۆیەتى ئەوە باس بکەم بەدەرکردنى ئەم گۆڤارە خەونى پێنج ساڵەى من دێتەدى، پێنج ساڵ لەمەوبەر کەمۆڵەتى یاساییمان لە وەزارەتى رۆشنبیرى وەرگرت، دەرگا نەما لێینەدەم، بەڵام سەرەنجام هیچ لەو دەرگایانە، لەخەمى دەرکردنى گۆڤارێکى لەم شێوەیە نەبوون، پرۆژەیەکى ئاواش لەتواناى تاکە کەس بەدەرە، تا دواجار بەڕێوەبەرایەتى هونەرى سینەماى سلێمانى ئەو دەرگایەیان کردەوەو دەرکردنى گۆڤارێکى تایبەت بە بوارى فیلمسازى لە خەونەوە بووە راستى..! ئێستا دەڵێم هونەرمەندانى فیلمساز گۆڤارى (فیلم)تان باش و هەر زوڵاڵ بێت دەنگى تەختەى کلاکێت و ئەکشنى سینەماکارانى کورد!