په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٥\٢٠١٤

لە شکستەوە بۆ هەستانەوە.

جەلال محەمەد      

 

هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێهات، بە باوەڕی من یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک براوەی هەرە سەرەکی وابوو لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و تەنانەت عێراقیش، چونکە ڕێژەی دەنگەکانی بە بەراوردکردن بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ی عێراق زیاتر ٨٪ی دەرباز کرد، ئەم رێژەیەش کەم نییە بۆ دوو جێگەی وەک عێراق و باشووری کوردستان.


ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەنگەکانی کەمی نەکرد بەڵام زیادکردنێکی ئەوتۆشی بە خۆیەوە نەبینی کە شایانی باس بێت و دەکرێت وەک چەقبەستوویەک ناوی لێ بنرێت، چەق بەستنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو ڕەوشە ناهەموار و گەندەڵکارییەی باشووری کوردستاندا دەکرێت بە دۆڕاندن لێک بدرێتەوە. ئەنجامی ئەو دۆڕاندنەش پەیوەست نەبوو بە ناکارایی کاندیدەکانی بزوتنەوەکەوە، بەڵکو پەیوەست بوو بە لێک نزیکبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە حەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنەکان ئەنجامی‌دا.


خۆ ئەگەر بێتو ڕێکەوتنەکە لەو کاتەدا نەبوویایە و بکەوتایەتە دوای هەڵبژاردنەکان ئەوا بە دڵنیاییەوە دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش زیاتر دەبوو لە ئێستا و دەکرا وەک لایەنێکی براوە دەربکەوتایە. چونکە لە ڕابردوودا ئەو ڕێگەیە تاقی کرابوویەوە لەلایەن یەکێتیەوە و ئەنجامەکەشی گەیشتنە سەر لێواری مەرگی یەکێتی بە دواوە بوو. لەبەرئەوە نزیکبوونەوە لە پارتی و بارزانی مەرگی لەسەرخۆ بە دوای خۆیدا دێنێت.


مەبەستی من لەوە نییە بڵێم نابێت نزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکاندا ئەنجام بدرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر نزیکبوونەوەیەک لە پارتی ماڵوێرانی بە دوادا دێت، هۆکارەکەشی تەنها پەیوەستە بە پیسێتی پارتیەوە ، چونکە باوەڕ ناکەم لە هەموو جیهاندا لایەنێک سەری هەڵدابێت هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق پیس بێت و هەر لایەنێکیش لێی نزیک بێتەوە پیس دەبێت و بەشێک لەو پیسیانە وەردەگرێت . واتە هەر نزیک ڕێکەوتنێک لەگەڵ پارتیدا لە قازانجی پارتییە چونکە پارتی بەو نزیکبوونەوەیە بەشێک لە پیسیەکانی خۆی دەخاتە سەر لایەنی بەرامبەر و خۆی کەمێک پێ پاک دەکاتەوە.


سەرکەوتنەکانی یەکێتیش بۆ دوو هۆکار دەگەڕایەوە: یەکەمیان پەیوەستبوو بە دوورکەوتنەوەی لە پارتی و بارزانی، دووەمیشیان پەیوەست بوو بەو هەڵوێستە ئەرێنیانە کە لە بەرامبەر ڕۆژاوای کوردستاندا پیادەی کرد، چونکە دوورکەوتنەوەیان لە پارتی هەنگاونان بوو بۆ پاکبوونەوە و پشتگیریکردنیشیان لە رۆژاوای کوردستان گەڕاندنەوە بوو بۆ هێڵی نیشتمانپەروەری.


ئەگەرچی زۆربەی لایەنەکان باسیان لە ساختەکاریی کرد لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام باوەڕناکەم بە هەموو لایەنەکان توانیبێتیان بە تۆزی دوای پارتی ببن لە ساختەکاری‌دا، چونکە پارتی و بارزانی واتە ساختەکاری و چەواشەکاری ، خۆ ئەگەر ساختەکاری نەبێت ئەوا بە دڵنیایەوە هیچ کاتێک پارتی ناتوانێت دەنگی دووەمیش مسۆگەر بکات لە باشووری کوردستاندا.


یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر ڕێگەی تاقی کردەوە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام هیچ ڕێگەیەکیان هێندەی ڕێگەی ئەم جارەیان سەرکەوتوو نەبوو، ئەو ڕێگەیەش دوورکەوتنەوە لە پارتی و نزیکبوونەوە لە ڕۆژاوای کوردستان بوو. خۆ ئەگەر بێتو لەسەر هەمان ڕێگە بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە شکستەکانی ڕابردووی بە هەستانەوەی داهاتوو قەرەبوو دەکاتەوە، ئەم بۆچوونە بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕاستە، واتە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر خۆی لە پارتی نزیک بکاتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە چارەنووسی لە چارەنووسی حیزبی شیوعی باشتر نابێت کە بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە پارتی زۆر لە کاروان دواکەوتن.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک