په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١٢

لە سی و چوار ساڵیادی لەسێدارەدانی
شێرەکوڕانی رێکخراوی ھەڵۆی سووردا قسەم ھەیە!


عەباس رۆستەم    

 

لە رێگەی خزمایەتیمەوە لە گەڵ (یادی ھەر زیندوو بێت) رەحمەتی حاجی داود حاجی حوسێن کە لە بنەماڵەێیەکی دێرینی ناسراوی شاری مەندەلیە، ئاشنای کار و چالاکی رێکخراوی ھەڵۆی سوور بووم. کاک داود، ھەر لە دێرەوە وەک کەسایەتێەکی تێکۆشەر و شیوعی لە ناوچەکەدا و لە شاری بەغداد ناسراو بوو ڕۆڵێکی دیاری ھەبوو لەو مەیدانەدا، بەڵام بەھۆی ئەو ھەڵە و کۆسپانەی حیزبی شیوعی تێیکەوت دوا بە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨ و دوای گرێدانی بەرەی نیشتمانی لەگەڵ حیزبی بەعسی فاشی، پەیوەندی ئەو رەحمەتیە لەگەڵ حیزبی شیوعی سارد بوو و ھاتە کۆتایی و کەوتە ھەوڵی پەیوەندیکردن بە کۆمەڵەی مارکسی لێنینیەوە ‌لە رێگەی شەھید تالیب رۆستەمی برامەوە کە ئەو کاتە ھەڵسوڕاوێکی چالاکی کۆمەڵە بوو*. من ھەرچەندە ئەو کاتە ئەندامی حیزبی شیوعی بووم بەڵام پەیوەندیەکەم لەگەڵیاندا ئەوەندە توندوتۆڵ و جێگەی متمانە بوو کە نھێنیەکانمان لە یەکدی نەدەشاردەوە، بۆیە من ئاگاداری ئەو جمو‌جو‌ڵەی ھەردوو رەحمەتی و پەیوەندیان بووم بە کۆمەڵەوە و دواتریش پەیوەندی شەھید سەلمانی کوڕی کاک داود بە رێکخراوی ھەڵۆی سوورەوە بە تایبەتیش کە لە هه‌موو سەردانێکیان بۆ سلێمانی لە ماڵی من ئەمانەوە.


لە سەرەتای مانگی گەلاو‌ێژی ساڵی ١٩٧٧و دوای کوشتنی خۆفرۆش ( عوسمان فایەق) لە رۆژی ١٦\٥\١٩٧٧ ، شەھید سەلمان و خوشکانی بەسەردانێکی پشوی ھاوین ھاتنە میوانیمان بۆ سلێمانی ، ھەر بە گەیشتنیان و دوای گفتوگۆێیەکی کورت شکی ئەوەمکرد کە ئەو بەچکە شێرە یەکێکە لە بکوژانی خۆفرۆش ( عوسمان فایەق ) لە بەغــــــــداد لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی ( دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی ) کە ئەو خۆفرۆشە بەرێوەبەری بوو ، ئەو شکەشم لەوەوە پەیداکرد کە شەھید سەلمان پەیتا پەیتا پرسیاری ئەوەی ئەکرد کە ئایا کاریگەری و کاردانەوەی کوشتنی عوسمان فایەق چۆنە لە ناو دانیشتوانی شاری سلێمانی و ھاورێیانی ئێمە.‌

ھەر دوا بە دوای گەیشتنی شەھید سەلمان بە یەک دوو رۆژ شەھید شێرۆی کوری ئەندازیار قادری مەلا عبدالرزاق (کە ئەویش خزمی ھاوسەرەکەم بوو) چەند جارێک سەردانی شەھید سەلمانیکرد و بە جووتە لە یەکێک لە ژوورەکان کۆ دەبوونەوە ، بۆیە منیش وەک خا‌وەن ئەزمونێک ، شکی ئەوەم پەیداکرد کە ئەم دوو لاوە بە جەرگ و خوێن گەرمە لە یەک رێکخراودا کار ئەکەن و دەستیان لە کوشتنی عوسمان فایەقدا ھەیە (کە واش بوو)، زیاتریش ئەو شکەم ھاتە دڵنیابوون کاتێک ئاگریان بەردایە دارەکانی مەیدانی دارەکانی کانێسکان کە ئێستا بە مەیدانی دارە سوتاوەکە ناوبانگی دەرکردوە.


شەھید سەلمان لە ژێر کاریگەری گەرموگو‌ڕیو تەووژمی ئەو بیرو بۆچونەی لەو رۆژانەدا باو بوون لە ناو ھەندێک لە لاوە ناسێۆنالیستە چەپڕەوەکانداو (دواجاریش لە ژێر کاریگەری چەند ھۆکارێکەوە ، کپ بوون و دامرکانەوە) ، وەک کەسێکی مارکسی لێنینی و ھەواداری ماوو ھێڵی جیڤارا لەبەرپاکردنی شۆڕشدا، توندڕەوانە خۆی نمایشئەکرد، لە ھەموو گفتو گۆو دەمەتەقەێەکدا بێسڵکردنەوەو روو بە روو پێی ئەوتم کە ئێوە لادەر و (تەحریفی)ن و بە یەکیەتی سۆڤیەتیشی ئەوت ئمپریالیەتی سۆڤیەتی، سوریش بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە سەر تاپای عێراقداو لەسەر بنەماێیەکی نوێ حیزبێکی شیوعی راستەقینە بھێنرێتەکایەوە بە سودوەرگرتن لە رێنمایەکانی لێنین لە کتێبی (ما العمل) کە وەکو لەو گەێنرابوو گوایە حیزبی شیوعی ئەو کتێبەی لە ئەندامەکانی قەدەغەکردوە ، لە کاتێکدا من خۆم دانەێیەکم لەو کتێبە ھەبوو پێشکەشی ئەوم کرد.


دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک و دوای ئەوەی تەواو دڵنیابووم کە ھاتنەکەی ئەو جوانەمەرگە بۆ سلێمانی کارێکی نھێنی ترسناکی بەدواوەیەو پەیوەندی بە کوشتنی عوسمان فایەقەوە ھەیە ، بە تەواوی تینم بۆ ھات و لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەم خزمەم لە ماڵی مندا بگیرێت و ئەم بەچکە شێرانە دەست دوژمن بکەون ، بۆیە ناچار بووم داوای لێبکەم بە ھۆی حیزبمانەوە ڕەوانەی دەرەوەی شاری بکەین بۆ لای ھاورێیانی کۆمەڵە ، بەڵام ھەوڵەکەم بێسوود بوو چونکە ئەو لەو جۆرە کەسانە نەبوو کە دەستبەرداری تێکۆشان بێت لە ناو رێکخراوی ھەڵۆی سووردا.


دوای گەڕانەوەی ‌بۆ بەغدادو سەرنەگرتنی ھەوڵێ رێکخراوی ھەڵۆی سور بۆ کوشتنی خۆفرۆش ھاشم عەقراوی و بە ھۆی دزەکردنی سیخورێک بە ناوی کاوە بۆ ناو رێکخراوەکەیان، زوربەی ئەندامانی رێکخراوەکە کەوتنە دەستی دوژمن و شەھید سەلمانیش لە ٢١\٨\١٩٧٧ دەستگیرکراو تا سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٨ لەژیر ئەشکەنجەدا مایەوە.

لە ھەوڵێکی پاڵەوانەشدا شەھید سەلمان و شەھید ملازم جوامێر و ھاورێیەکی دیکەیان ھەوڵی دەربازبوونیاندا لە گرتوخانەی ئەمنی گشتی بەغداد ، بەڵام بەداخەوە شەھید سەلمان بە برینێکی سەختەوەو ملازم جوامێریش لە یەکێک لە کۆڵانەکانی نزیک گرتوخانەکە دەستگیرکران، ھاورێی سێھەمیشیان لە دوا کاتدا لە ھەوڵی دەربازبوونەکە پەشیمانبووەوە.

ئەم زانیاریانەو ھەندێک زانیاری دیکەم لەسەردانێکی شەھید سەلماندا دەستکەوت کاتێک لە خەستەخانەێیەکی ئەمنی گشتی کەوتبوو بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی کە لەناوقەدیەوە بەرەو خوار لە جوڵەکردن کەوتبوو بەھۆی شکاندنی بڕبڕەکانی پشتی لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەی بە کڵاشنکۆف لە پشتەوە لێیکرابوو کاتی ھەڵھاتنی لە گرتوخانەی ئەمنی گشتی ، بۆیە بە پەلەو بە چرپە باسی چۆنیەتی کوشتنی عوسمان فایەقی بۆ کردم کە خۆی بە دەمانچەێیەکی بێدەنگ لە بەر دەرگای بەرێوەبەرایەتیەکەیدا داویەتیە ‌بەر گوللە، پێش ئەوەش چۆن جانتاێیەکی مینڕێژکراوی لە ھۆڵی فڕۆکەخانەی سەدامی نێودەوڵەتی تەقاندۆتەوە (ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، لە بۆنەێەکدا لە زانکۆی سەواس لە لەندەن باسی تەقاندنەوەی ئەم جانتایەمکرد، فوئاد مەعسوم دانی بەوەدا نا کە ئەو جانتایە جانتای تایبەتی ئەو بووە و بەرێکەوتیش ھەندێک برادەری دیکە ئامادەبوون لەوانە برادەرێک بە ناوی - رەعد -‌ وەک خۆی وتی ئەویش یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخراوی ھەڵۆی سوور و ئێستا لە لەندەن جێنشینە) لە گەڵ سوتاندنی دارەکانی مەیدانی دارەکەی کانێسکان بۆ شڵەژاندنی باری ئاسایی شار، دواتریش چۆن وا بە ئاسانی بە ھۆی دزەکردنی سیخوڕێکەوە دەست دو‌ژمن کەوتن.

تەنھا داخی دڵی ئەو شەھیدە ئەوە بوو کە ئاوەھا بە ئاسانی سیخوڕێکی ڕژێم بتوانێت دزە بکاتە ناویان و دەست دوژمن بکەون پێش ئەوەی بتوانن تەواوی ئاواتەکانیان بھێننەدی.

ئەوەی لەهه‌مووی سەرنج ڕاکێشتربوو ورەی بەرزی ئەو بێچوە شێرە بوو کە بە نیوە جەستەێیەکەوە ورەی ئێمەی بەرز ئەکردەوەو ئەیوت خەمتان نەبێت پێش ئەوەی برینەکانم ساڕێژ ببنەوەو بشێم بۆ ھەڵواسین و لە سێدارەدان ، ئەم رژێمە لە ناو ئەچێت و منیش بە سەر بەرزی دێمەوە ناوتان ، کاتێکیش کە بەجێمھێشت و ئەملاو ئەولاو ناوچەوانیم ماچکردو ھەستی بە تەڕی فرمێسکی چاومکرد کە رژایە سەر دەموچاوی، بە زەردەخەنەوە پێی و‌وتم عەیبە تۆ شیوعیت چۆن ئەبێت بگریت!!!

گرتنو دواجار لە سێدارەدانی ئەم پۆلە ھەڵۆیە لەرۆژی ١٠\٤\١٩٧٨، زیانێکی گەورە بوو بۆکەس و کارو بنەماڵەکانیا‌ن و گەلەکەمان و ئەو خوێنە بەناھەق ڕژاوەشیان پەڵەێیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی رژێمە دڕندە فاشیەکەی سەدام و شەرمەزاریشە بۆ ئەو لایەن و کەسانەی کە بە شاباشی ( کوڕی سێو لە باخەڵ ) بەرەو ئەو کۆتایەیان بردن و دواتر بە سەدو ھەشتاپلە لە ڕێڕەوەکەیان پاشگەز بوونەوەو ئێستاش تەلار و سامان و دەستەڵات ، ڕابووردوی لە بیر بردونەتەوەو ئەو بنەماڵەیەو بە سەدەھا بنە ماڵەی دیکەی وەک ئەوانیان لە یادچوە!!!

________________________________________
* بۆ چۆنیەتی ئەم پەیوەندیکردنەی خودالێخۆشبوو حاجی داود بە کۆمەڵەی مارکسی لێنینیەوە لەرێگەی تالیب رۆستەمی برامەوە ، مەلا بەختیار لە دیدارێکیدا لە گەڵ تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستاندا باسی چۆنیەتی ئەو پەیوەندیکردنە ئەکات.

 

ماڵپەڕی عەباس رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک