په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٣\٢٠١١

لە تاقیکردنەوەکانی هەنگاریا و پۆلۆنیاوە بەرەو کوردستان.


ئەنوەر نەجمەدین

 

 

پیشەکی:


نە ئایدیۆلۆژیاو نە چەکوش وداس، نەکتیب و نە سیستمی پۆلیسی، نەیانتوانی ڕێ لە هەلکشانی خەباتی جەماوەری بگرن لە ئەلمانیای رۆژئاواو چیکسلۆفاکیاو هەنگاریاو پۆلۆنیای سەدەی رابووردوودا. وە لەگەل ئەوەی سیستمی سیاسی ئەو وولاتانە هەموویان، هەروەک ئیستای کوردستان، بزووتنەوەی خەلکییان بە دەستی دەرەکی و "عەمالەتی غەرب" ناودەبرد، بەلام ئەمە هیچی لە چوونە پیشەوەی ئەو بزووتنەوانە نەگۆری و پاشە کشەی پینەکردن.

هەنگاریا 1956:

لە رۆژی 23 ی ئۆکتۆبەری سالی 1956 دا، نزیکەی 20.000 خۆپیشاندەر لە شاری بۆدابست، پایتەختی هەنگاریا، کۆدەبنەوە. لە کاتژمیری 6 ی ئیوارەدا، ژمارەی خۆپیشاندەران دەگاتە 200.000 کەس.


خۆپیشاندەران بەسەر رووباری دانوبدا دەپەرنەوە بەرەو پارلەمان. یەکەمین داخوازیی خۆپیشاندەرانیش لەناوبردنی پەیکەرە برۆنزیەکانی ستالین بوو لەسەر شەقامەکاندا.


ئەو رۆژە کاتژمیر بە دوای کاتژمیردا، ژمارەی جەماوەری خۆپیشاندەر تا دەهات بەرەو زیاد بوون دەچوو. دەستەلات رووبەرووی هیزیک بووەوە کە هەرەشی خستنی لێدەکرد. بۆیە هەر راستەوخۆ جەماوەر رووبەرووی گازی فرمێسکرێژو تەقەی هیزەکانی دەستەلات بووەنەوە لە بەرزترین پەنجەرەی شارەوە. ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کوژران و بریندار بوون. وە هەر دەستەلات خۆی هیزەکانی جەماوەری ناچار کرد بە گۆرینی بزووتنەوە هیمنەکەی بۆ بزووتنەوەیەکی پر لە زەبروزەنگ. وە هەر بەناچاری خەلکی هیرشیان بردە سەر مەخزەنە عەسکەریەکان و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەکداو دابەشکردنی بەسەر جەماوەردا بۆ بەرهەلستیی هیزەکانی دەستەلات.


هەر لە ئیوارەی 23 ی ئۆکتۆبەری 1956 دا، حکومەتی هەنگاریی داوای داوای یارمەتی لە سۆڤیەت کرد. هیزی سۆڤیتی لە بەرەبەیانی 24 ی ئۆکتۆبەردا بە تانک و زرێپۆشەکانیانەوە، رژانە ناو شەقامەکانی بۆدابستەوەو چوار دەوری بینای پارلەمانیان گرت بۆ پاراستنی سەرکردە سیاسیەکانی دەستەلات لە هیزی جەماوەر.


لە بەرامبەر ئەوەدا جەماوەر سەنگەری سەرشەقامەکانیان دامەزراند. رادیوی حکومەت و حیزبی شیوعی و سکرتیرەکەیشی کەوتنە پەیماندان بە چاکسازی. بەلام تازە کار لەکار ترازا بوو. هیزەکانی جەماوەر زۆر بە خیرایی دەستیان گرت بەسەر ئیستگەی بۆدابستدا. وە هەر لەگەل قوولبوونەوەی شەرو پیکداداندا، ژمارەیەکی بیئەندازە لە سەربازە هەنگاریەکان بە چەکەکانیانەوە چوونە ریزەکانی جەماوەر. هەر دوا بەدوای ئەوە سکرتیری یەکەمی حیزب و سەرۆکوەزیران هەلدێن بەرەو سۆڤیەت.


هیرش بۆ سەر هیزە عەسکەریەکانی سۆڤیەت دەستپیدەکات. ئەو هیزانە بەناچاری دەکشینەوە بۆ ناوچە دیهاتیەکان. وە لە ترسی بلاو بوونەوەی راپەرینی جەماوەریی لە وولاتانی تر، خرۆتشۆف، سەرکردەی سۆڤیتی، زۆر بەپەلە پەیوەندیی دەکات بە سەرکردەی وولاتانی رۆمانی و چیکسلۆفاکی وبولگاری و پۆگۆسلافیەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریک بۆ بلاوە نەکردنی راپەرین.


دەرئەنجامی ئەو راپەرینە مەزنە لای کەم دەرسدادانی خرۆتشۆف بوو بۆ هێور کردنەوەی جەماوەر بەناوی رەخنەی سەردەمی ستالینیەوە لە هەمووئەو ناوچەیەدا کە پەردەیەکی درۆزنانەی سۆشیالیزمیان دابوو بەسەردا. وە لە هەمانکاتدا شکاندنی ئەو قاوغە ئەستوورە بوو کە بە دەستەلاتی بێسنووری حیزب و سەرکردەکانیەوە دیار بوو لەو وولاتانەدا. بە ئاستیک کە هەر لە بەشی دووهەمی پەنجاکانی سەدەی بیستەوە تا کۆتایی هەشتاکان، ئەو ناوچەیە، دەیان راپەرین و خۆپیشاندانی بەخۆوە بینی. یەکیک لەو راپەرینە هەرە گەورەو بەر فراوان و دریژخایەنانە راپەرینی پۆلۆنیا بوو.

پۆلۆنیا 1980:


تەنگوچەلەمەی ئابووریی جیهانی لە سالانی حەفتاکاندا بەر لە هەر لایەک بەر پۆلۆنیا دەکەویت. حکومەتیش بۆ چارەسەری ئەو بارە ئابووریە ناهەموارە، پەلاماری قووتی ژیانی خەلکی دەدات و بە شیوەیەکی ئیجگار چاوەرواننەکراو نرخی کالا رۆژانەکان، بە ریژەی 30% دەباتە سەرەوە. بۆیە هەر بەشیوەیەکی چاوەرواننەکراو، خەلکی هەلدەکوتنە سەر بارەگای حیزبی شیوعی پۆلۆنی.


لە سالی 1976 دا سەر لەنوێ نرخی پیداویستیە ئیستهلاکیەکان بەرز دەبنەوە. سەر لە نوێ جەماوەر پەلاماری دەستەلاتی بیرۆکراسی و مشەخۆری پۆلۆنی دەدەنەوە. حکومەت بەپەلە پاشگەز دەبیتەوە لە نرخ بەرزکردنەوەی شت و مەک. بەلام ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران دەگیرین.


لە سالی 1980 دا شەپۆلیکی ئیجگار گەورە لە خۆپیشاندان و مانگرتن پۆلۆنیا دەگریتەوە، ئەمەیش دووبارە دژی گران کردنی کالا ئیستیهلاکیەکانی رۆژانەی ژیان.


ئەمجارەیان جەماوەر بێ دواکەوتن شیوازی نوێ دەدۆزنەوە بۆ بەرهەلستی کردنی دەستەلات. ئەمجارە (کۆمەلەی گشتی) پیکدینن بۆ خۆریکخستن. وە هەر بەزوویی لیژنەیەک بۆ مانگرتن هەلدەبژیرن. وە هەر لە چەند رۆژیکدا بەری ئەو لیژنانە فراوان دەبنەوە بۆ ناو کارگەکان و کۆمپانیا گەورەکان و فەرمانگەکان.


بۆ هیور کردنەوەی ئەم بارو دۆخە، حکومەت بە پەلە 10% مووچە زیاد دەکات. بەلام ئەم هەوڵە بە هیچ شیوەیەک بەفریایان ناکەویت. تا دیت بەری بزووتنەوەی جەماوەریی فراوان دەبیت. سۆڤیەت دەکەویتە هەرەشە کردن لە جەماوەری پۆلۆنی.

خەباتی ئەمجارەی پۆلۆنیا تەواوی هەشتاکانی سەدەی رابووردووی گرتەوە. خەلکی لە ریگای ریکخستنە ناحیزبیە جەماوەریەکەیەوە، خۆی بووە ریکخەری بازار و نرخ، خۆی بووە ریکخەری بازرگانی دەرەوەو ناوەوەو هاوردەو هەناردەی دیاری دەکرد. وە هەر خۆیشی، وەک پەرچە کرداریک، هەموو ئەو شەمەندەفەرانەی ڕاوەستان کە بارهەلگری کالای پۆلۆنی بوون بۆ سۆڤیەت.

جەماوەری پۆلۆنیا لە (بزووتنەوەی سۆلیداریتی) دا کۆبوونەوە، بزووتنەوەیەک کە هەر لە سالی 1981 بووە خاوەنی 3 ملیۆن ئەندام. بۆیە ئەو بزووتنەوەیە 10 سالی تەواو بەرهەلستی دەستەلاتی پۆلۆنی کرد. چونکە توانی هەر لە سەرەتاوە، شیوازیکی خۆریکخستنی جەماوەریی بەر فراوان بۆ خۆی پیکبهینیت و بەرەنگاریی دەستەلاتی پێ بکات.


بۆ نموونە: لە کاتیکا لە سالی 1981 نرخی ووزە بەرز دەبیتەوەو بەشی خەلکی لە گۆشت کەم دەبیتەوە، بزووتنەوەی سۆلیداریتی بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری دەکات و بنکە ئابووریەکانی دەستەلات دەخاتە لەرزین.


بەلام لاوازی ئەو بزووتنەوەیە ئەوە بوو کە توانیان بالی ئەمریکاو مەسیحیەتی بکێشن بەسەرداو بە ئاقاریکی تریدا ببەن بەناوی رزگار کردنی ئابووری نیشتمانیەوە لە مەترسی هەرەسهینان. ئەمەیش بۆ ئەوەی عەرشیان لەدەست نەچیت و مەترسییش دروست نەبیت بۆ وولاتانی دەوروبەر. وە لەگەل هەموو پیلانیکدا، جەماوەر لە دواییدا توانی بۆ هەمیشە هەرەس بە سۆشیالیزمە درۆزنەکەی هەموو ئەو ناوچەیە بهینیت کە بەشیک بوون لە ئیمپراتۆریەتی سۆڤیتی. وە سەلماندیشی کە جەماوەر خاوەنی هیچ قوتابخایەکی ئایدیۆلۆژی نیە و لە دەرسەکانی خۆیەوە فیر دەبیت نەک لە سەرکردەو حیزبەکانەوە.

کوردستان 2011:


تراژیدیای کوردستان لە دەیەی یەکەم و دووهەمی سەدەی بیستویەکدا، هەروەک تراژیدیای هەنگاری و پۆلۆنی لە پەنجاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستدا، رووبەرووبوونەوەیەکی جەماوەریە دژی دەستەلاتیک کە تەواوی سەرچاوەکانی ژیانی خستۆتە ژێر دەستی خۆیەوە بۆ ملکەچ کردن بە ئیرادەی خەلکی بۆ سەرکردە بالاکانی حیزبە دەستەلاتدارەکان و رازی بوون بە مەرجە پیشوەختەکانی ئەوان.


بەلام میژوو وا نیشان ئەدات: لەو جیگەیەدا کە دەستەلات لە لووتکەیدایە، لەو جیگەیەدا دەستەلات دادەگیرێتە خوارەوە.


وە هەر میژوو دەریدەخات: ئەو ئامانجە وەدی نایەت بەبێ تیپەربوون بۆ شیوازی نوێی خەبات. یەکیک لەوانە، بەلکو گرنگترین و کاریگەرترینیان، مانگرتنی سەرتاسەریە کە جومگە ئابووریەکانی دەستەلات لیکدەترازینیت. دوو فاکتەری گرنگ لە پشت گەشەی بزووتنەوەی جەماوەریەوەیە. دریژەدان بە خەبات بەر لە هەرچی پیویستی بە خۆریکخستنی سەرتاسەریە تا بتوانیت خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری وەبەر بینیت. ئەوە زۆر هەلەیە وا تیبگەین بە چەند رۆژ و چەند مانگیک هەموو شتیک کۆتایی دیت و بە ئاسوودەیی دەچینەوە مالەوە. دەستەلات بە ئاسانی واز لەو هەموو نازو نیعمەتە ناهینیت. مفاوەزەیش هیچ ناداتە دەست چارەسەری برینەکانی دەستەلات نەبیت. کوردستان رووبەرووی خەباتیکی دریژ خایەن دەبیتەوە. بۆیە دەبیت وەسیلەی کارگەر وەبەربینیت بۆ خەباتی بەرهەلستکارانە دژی دەستەلات.

 


anwar.nori@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک