٩\١٢\٢٠١١
لەوەتى هەم
دەمتۆقێنن.
هیوا رهش
بڕوا ناکەم شوێنێک لە دنیادا هەبێت لەم کوردستانە سوتماکە بێسنور و
بێئاڵایەى ئێمە مزگەوتى زیاترى تێدا بێت ، گەلێکیش نیە لە ئێمە
باوەڕدارتر بە ئایینى ئیسلام و تۆقیوتر لێى ، مێژوو دەیگێڕێتەوە کە
کاریگەریى تیغ و تیر چەند بە هزرى کۆمەڵگاکەماندا شۆڕبۆتەوە ، تەنانەت
وانەى ئایین مێشکى منداڵە خنجیلانەکانیشمانى لە خوێندنگاکاندا
ئاڵۆسکاندووە و ڕێگەى لێدەگرێت و ناهێڵێت ئاسایى لە دنیاى دەوروبەرى
بڕوانێت و سروشتیى بیر بکاتەوە و بپشکوێت ، بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە ماڵ
، بە سادەیى خۆیان پرسیارگەلى : من شر ما خلق ، یانى چى ؟ خودا کێیە ،
لە کوێ دەژیت ، کێ دروستى کردووە ؟ دەچینە بەهەشت یان نا ؟ کە خودا خۆى
دروستمانى کردووە مەبەستى چییە لە سوتاندنمان ؟ چ پێویستى بە نوێژە بۆى
بکەین ؟ گەلێک جار شتى لە تواناى خۆیان و قەوارەى مێشکیان و بارتەقاى
جەستەیان زلتر دەڵێنەوە ، بێحەوسەڵەمان دەکەن و ناچار بۆ وەڵامەکانیان
دادەنیشین و وردورد وەکو تەونى جاڵجاڵۆکە حیکایەتیان بۆ دەهۆنینەوە و
درۆیان بۆ دەکەین ، چونکە ناوێرین ڕاستییان پێبڵێین نەبادا قسەکانمان
بگوازنەوە بۆ کۆڵان و لەوێوە دەماودەم بگاتەوە بە خەلیفۆکە
شمشێربەدەستە مرۆکوژەکان و ئەوانیش فتواى ملپەڕاندنمان بۆ دەربکەن !
بۆیە منداڵەکانمان ترساو و سەرسام و گوماناوى گەورە دەبن .
هەزار ساڵە لە بڵندگۆى مزگوتەکانەوە الله اکبر بە گوێچکەماندا دەدەن و
ڕێگەى شایەتومانمان پێپیشان دەدەن و لە هەینییەکاندا بە نێوچەوانى مۆن
و دەنگى بڵند هەرشەشاوى و پەنجەڕاوەشاندنەوە بە فریشتە و ئەهریمەن
ئاشنامان دەکەن و بە دۆزەخى ئاگرین و بەهەشتى خەیاڵیى ناوکمان دەبڕن و
بە یا ویل ناومان دەنێن و ڕۆژیمان بۆ دەبڕنەوە و ڕۆژى دواییمان بۆ
دیارى دەکەن و پرسیارە بێوەڵامەکانمان لێیاساغ دەکەن و دەمانکەنە
بونەوەرێکى بێئیرادە ، وتەیەکى قەڕەزاوى لە مێژووى شێخ شەعیدى پیران و
قازى محەمەد و شێخ مەحمود و مەلا مستەفا بەرزتر و بەهادارتر دادەنێن و
شانازى بە مەزارى ئەسحابە کوژراوەکانى کوردستانەوە دەکەن و لەبرى ئەوەى
بپرسنەوە بۆچى گەییشتونەتە وڵاتەکەمان بە فریادڕەس ناوزەدیان دەکەن ،
ئیسلامى سیاسیى دەیانەوێت بە ( لا فرق بین العربی و العجمى الا بالتقوى
) سترتیژى نەتەوەییمان بکەنە ( کبش الفدا ) ى تاکتیکى دامەزراندنى
دەوڵەتى تاڵیبانى .
منى مەلازادە ، هەر لە پێش چوونە قوتابخانەوە قوڕئانیان پێ - خەتم -
کردم و فێریان کردم دەبێت نوێژ بکەم و لە خزمەتى مزگەوتدا ببم و
پرسیارە - شەیتان - ییەکانم بجوومەوە و مێشکم لە قتوو بنێم و لە
پرسیارى خودا کێیەدا ؟ مێشکم دابخەم و کلۆم بدەم ، ئەگەر وا نەکەم
دەڵێن شیوعییە مولحید و خوانەناسەکان بیرى نامۆ بڵاو دەکەنەوە مێشکى
ئەمیشیان تێکداوە و ململانێ فەلسەفى و فیکرییەکانى پێش زایینیش
وەئەستۆى ( مارکس ) ى مرۆدۆست دەخەن ، وێڕاى ئەوەى خودى ئیسلامەتى بە
لاى منەوە نامۆ یە ، دەبێت وەکو کۆیلەیەک لەبەردەمیدا کڕنوش ببەم و لە
بەرامبەر ئەوەدا بە حۆرى و غیلمان و شەراب پاداشتم بدرێتەوە ، ئەو
پاداشتە تۆبزییەى لە خواستى خۆمدا نیە و دەبێت بمەوێت ، ئەمەیە ڕاى
ئازاد و ئازادیى تاک لە بونیادى فیکریى ئوسامە و مەلا عومەرەکانى
کوردستان .
ژەمێک نانى تێرسکى خۆم نەدەخوارد و دەبوایە ڕۆژوو بگرم و لێوم وشک
هەڵبێت و گورچیلە بچووکەکانیشم بە درێژایى ڕۆژگارى درێژى قرچەى گەرماى
هاوین چاوەڕوانى بانگى مەغریب بکەن تا چۆڕە ئاوێکیان بۆ ڕۆ بچێتە خوارێ
کە دەبوایە لە ڕۆژهەڵاتن ( تاڵە دەزوى سپى ) ەوە تا ڕۆژئاوا ( تاڵە
دەزوى ڕەش ) دەم و دڵ و چاو قوڕەپەست بکەم ، هەرچەندە ئێستا دڵم بەو
هاوڵاتییانە دەسوتێ کە لە وڵاتێکدا بژین ڕۆژهەڵاتن و ئاوابوونیان لا
مەعلوم نیە و کەمتر خۆرى تێدا دەردەکەوێت ، کە بە پێى پێوەرى کۆن و ئەو
دیارى کردنەى جەزیرەى عەرەبى بێت ڕۆژوویان لەسەر نیە و بە ڕۆژووش نەبن
تاوانبار و کافر دەبن ، ئاى لەم سەرگەردانییە کە نابێت و ناکرێت بپرسین
ئەگەر عیلم لە دینەوە وەرگیراوە دەبوو حیساب بۆ ئەو مەسەلەیەش بکرایە و
ئیکتیشافى ئەو وڵاتانەى تێدا بەیان بکرایە کە کەشوهەواى جیاوازتر لە
دوڕگەى عەرەبییان هەیە یان لەو دەمەدا بە کاتژمێر مەودا و کاتى ڕۆژوو
دیارى بکرایە ، بۆ ئەوەیش کە فەرز کردنى ڕۆژوو گوایە بۆ تەندروستى باشە
و لە وەزعى هەژاران ئاگادار دەبین ، ئێمە خۆمان برسیى بووین و لەگەڵ
هێڵى هەژاریدا تەریب بووین و جەستەم لەڕولاواز و پێویستى بە نەشونماى
زیاتر هەبوو بۆیە دەکرا ئەوانەى ئێمەئاسابوون لەو فەریزەیە ئیستیسنا و
عەفو بکرانایە .
دایکە مەلاژنە سەیدزادەکەم کە سێساڵ لەمەوبەر و لە تەمەنى
هەشتاوسێساڵیدا و دواى حەفتاوپێنجساڵ لە نوێژ کردن کۆچى دوایى کرد ،
بەسزمانە بە - الحمدلله - ى ئەوت ئەلحەمیلا و - ولا الزالین - یشى
ئەکرد بە وەلالڵاڵین و هەموو ژیانى لە خزمەتى شەقى باوکم و چاوەڕوانیى
شەقى - ئەوسەر - دنیاى خودادا بەسەر برد ، جگە لەوەى لە ماناى تەنها
یەکتاکەوشەى عەرەبى تێنەدەگەییشت ، بەڵام لەبەرئەوەى ترسى خوداى زۆر لە
دڵدا بوو ، دڵنیاشم لە - یوم الاخرە - دا لە خۆفى ئەودا ئەژنۆى دەشکێت
و زمانى تێکدەئاڵێت و ئەوەى دەشیزانێت بیرى دەچێتەوە و ناتوانێ
وەڵامێکى تێکشکاوى تەنها یەکتاکەپرسیارى ( قیامەت ) بداتەوە ! دەزانم
چۆن ئێرەى بە کوێرەوەرى گوزەراند ( ئەوێ ) شى هەروا دەبێت .
بۆم نیە بپرسمەوە بۆچى و بۆچى و --- بۆچییەکان ؟ خودا بۆچى شەیتانى
دروستکردووە ؟ کە دروستى کردووە بۆچى بە قسەى فریو نەخۆم ، بۆ ئەوەى
فریو نەخۆم بۆچى هێندەى عەقڵ پێنەبەخشیم زاڵ ببم بەسەریدا ، کە بە قسەى
بکەم ، ئەدى بۆچى سزا بدرێم ؟ ( خودا ) یە بۆچى شەیتانت خوڵقاندووە تا
لە ڕێگەم دەربکات و تۆش سزام بدەیت و ئەگەرنەیەتە بنکڵێشەى من و ئەم و
ئەو و بە زۆڵییەکانى تەفرە نەخۆین ئەدى ئیتر جەنابى چ کارەیە و بۆچى
خوڵقاوە ؟ دەکرێت خەڵقەندەیەکى یەزدان بێکار و بێپیشە و بێهۆ دروست
کرابێت ؟ ئایا موعجیزەکە لە چیدایە ؟ دۆزەخ بێکۆتا هەڵخرابێت و گرمە و
لرمەى نێزەى ئاگرى بێکۆتا نەکوژاوە بێت ، دەبێت چ چێژێک لە گڕدانى مندا
بێت و دەبێت من چ بم تا خودایەکى مەزن خۆى بە عەبدێکى ( نەفام ) ى وەکو
من خۆش نەبێت ، خەییام وتەنى من خراپ و تۆش بە خراپى من بکەى ئیدى
جیاوازیى من و تۆ لە چیدایە ؟ منێک هێندە ڕزقت نەدابم شوکرانەت بکەم و
باى ئەوەندە عەقڵت پێنەدام شەیتان ملشکێن بکەم ؟ ئیتر گلەیى و سزا لە
پاى چى ؟ !
ڕۆژێکیان وتم : ئارمسترۆنگ چۆن گەییشتە سەرمانگ ؟ باوکم لەگەڵ
زللەیەکدا وتى : حەرامزادە جارێکیتر گووى وا نەخۆیت و بڕوا بەو درۆ
شاخدارانە نەکەیت با کافر نەبین ، وتم ئەى باشە لە شەوى میعراجدا چۆن (
حەوت تەبەقە ) ى ئاسمان بڕدراوە بە بێئەوەى بە ڕێگەیەکى زانستییەوە
بۆشایى ئاسمان تەى کرابێت و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و ئیکتیشافى
پێشوەختى بۆ کرابێت ؟ حاجى و مەلاکانى مزگەوت وتیان : مامۆستا کوڕەکەت
مەنێرە بەر عیلمى شەیتان با لە دین دەرنەچێ ! کەچى ئێستا دەڵێن هەموو
زانستەکان لە قوڕئانەوە وەرگیراون ، خۆ ناوێرین بپرسین ئەگەر وایە !
دەبوایە ئوممەتى قوڕئان ببوونایەتە سەرچاوەى زانستەکان و گەلانى سەر
ڕووى زەمین لەوانەوە ڕێگەى پێشکەوتنیان بگرتایەتە بەر و لە باتى
تەقاندنەوەى تیئێنتى لە ناو ئاپۆڕاى خەڵک ، سمێڵ و شەڕواڵ کورتکردنەوە
، ڕیش بەردانەوە ، سیواک و ئینفیعال و ترس و تیرۆر بڵاوکردنەوە دەبا لە
قوڕئانەوە فێر بوونایە و زانستەکان لە زار و بیرى ئەوانەوە چرۆى
بکردبایە ، دکتۆر عەبدولواحیدى مامۆستاى زانکۆ و پسپۆڕى نەشتەرگەرى و
میوانى بەرنامەى - بەبوێرى - ى کەناڵى ئێنئارتى ، کە داکۆکیکارێکى
سەرسەختى ئاوێتە کردنى زانست بوو بە دینەوە ، هەموو نهێنییەکانى زانستى
گەردونناسى و فەلەکناسى و کۆمەڵناسى و زیندەوەرزانى و کیمیا و بایۆلۆجى
و - - -لەبەردەمى ئیسلامییەتى خۆیدا کۆڵەوار و دەسەپاچە کردبوو ، کەچى
بە درێژایى سێ ئەڵقەى بەرنامەکانى کە زۆر بە تەحەددا و لوتبەرزییەوە
قسەى دەکرد و ڕایدەگەیاند : ئەگەر کەسێک ئامادەیى هەبێت چەلەحانێى
لەگەڵدا بکات ئەوا بەرامبەر سەد کەس دەگرێت بە بێئەوەى ئیختیراع و
ئیکتیشافێکى زانستیى خۆشى ڕابگەیەنێت ، زۆرباش دەشزانێت هەر کەسێک بەو
کارە هەستێ ئەوا ژیانى خۆى و ماڵ و منداڵ و دراوسێکانى و لەوانەیە
گەڕەکەکەشیان توشى مەترسیى حەتمى ببنەوە بۆیە خۆى بە بێ ڕکابەر
دەبینێتەوە و بە سەرکەوتنى وەهمى زانایى بۆ خۆى تۆمار دەکات ، ئەو
دەزگا دەسکردانەى ( غرب الکافر ) کە ڕۆژانە ئیسلامییەکان بۆ خزمەتى
خۆیان و دینەکەیان بەکارى دەهێنن لە ( مۆبایل - تەلەفزیۆن - ڕادیۆ -
چەک - فڕۆکە و ئۆتۆمبێل و ---- ) خۆیان دروستیان بکردایە و داهێنانیان
تێدا بکردایە واوەیلا بۆ ئەو ڕۆژە ! کە تەنانەت جلوبەرگ و پۆشاک و
پێڵاو و ناوماڵ و حیجاب و مێزەر و کەشیدە ) کانیشیان زۆربەى هى ( زڕبرا
) غەیرە دینەکانیانە و بگرە ئەو سەتەلایتەش کە شێرەبەفرینەکان دەیکەنە
مینبەرى تەحەداى دکتۆر عەبدولواحید ئاسا وتەنى ( نەفام و نەزان و
بێئەقڵ ) ەکان هیچ فەزڵێکى بۆ ئەو و هاوبیرەکانى ناگەڕێتەوە ، هەموو
ئەمانە بە لایەک و لە لایەکى تریشەوە نازانم بۆچى ئەو بەڕێزە نەیتوانى
تەنها یەکتاکەواژەى قوڕئان بەکار بهێنێت لە بوارى تایبەتمەندێتى زانستى
کۆرپەڵەناسیدا کە تێیدا پسپۆڕە و زۆر بە سنگ دەرپەڕاندنەوە پەناى وەبەر
واژە ئینگلیزى و لاتینییە زانستییەکان دەبرد ، تەحەدداى دەکەم لە وشەى
داتاشراوى عەرەبى زیاتر کە هەر وشەیەک و جۆرەها ڕاڤە هەڵدەگرێت ،
توانیبێتى یەکتاکەواژەى زانستیى بەکار بهێنێت ، جا نازانم دڵى نەدەهات
واژەکانى خۆیان لە فەرهەنگى ئایدیۆلۆژیاکەیان دەربهێنێت و بەکاریان
بهێنێت ؟ ! یان سەرچاوەى زانستەکان بەرهەمى ماندوبوونى ئەو زانایانەن
کە بە ڕێکەوتیش دەورى قوڕئانیان نەکردۆتەوە و بە لاى دەرسى ئیسلامیدا
نەچوون و لێى نزیک نەبوونەتەوە و لە ژیانداهێنانیشیان کردووە ، نەک
وەکو ئەوەى بەڕێزیان شانازیى پێوە دەکات .
پێم سەیرە هەڵا بۆ سوتاندنى بارەگا دەنرێتەوە و نەزانبیرە سیاسییەکانیش
بە دوایدا ( سەڵەوات ) لێدەدەن و شەرمنانە لە باسى دەسدرێژى کردنە سەر
ئازادى تاکەکان دەدوێن ، بانگدەرانى ئازادیى سەراى ( ئازادى ) لە
بادینان مردنى خۆیان و زیانى خاوەنیان دەوێ ، لە دژایەتى پارتیدا شاباش
بە تاریکتر دەکەن و بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیەک و ئەزمونەکەى دەخەنە
موزایەدەى سیاسییەوە و بێئەوەى ئەوە وەبیر بهێننەوە کە دەبێت فشار
دروست بکرێت بۆ وەدەرنانى بارەگاکان و ئەوسا با حیزبەکان لە دەشتودەردا
یەخەى یەکتر دابدڕن نەک ئاساییشى خەڵک تێکبدەن و بێڕێزیى بە
پیرۆزییەکان و سەرچاوەى بژێوییان بکەن ، ئەرێ دوکانى مەیفرۆشیى و مەساژ
و هوتێل و شوێنە گەشتوگوزارییەکان مەترسییان بۆ سەر گەل و ئەزمونەکەى و
ئاساییشى نەتەوەیى زیاترە ؟ ! یان خاکبەزاندن و سنورشکاندن و تۆبباران
و بۆمبارانى فڕۆکە و گوند خاپور کردن و ڕەز سوتاندن و سڤیل و بێگوناه
کوشتن و ئاوارە کردنى گوند نشینان و تیرۆر و تەعریبى نوێ لە لایەن
ئیسلامە فەرمانڕەواکانى تورک و فارس و عەرەبەوە ؟ ( ڕۆشن ) بیرە
گۆڕانخواز و چاکسازەکان لە خۆیان ناپرسنەوە هەندێک لەو مەلایانەى باس
لە دامەزراندنى دەوڵەتى ( ئەخلاق ) دەکەن کەنگێ ئەخلاقیان دەبزوێ و
شەهامەتیان وەکار دەکەوێ و ئیعلانى جیهاد دەکەن بەرامبەر داگیرکەران کە
جگە لە سەرکوتى سەربازیى سەرقاڵى هەناردەکردنى بیرى کۆنن لە ڕێگەى
کۆمپانیاکانیانەوە ؟ ئەو ( ڕۆشن ) بیرانەى باس لە ئازادى تاک و بیروڕا
و دیالۆگ وسەروەریى یاسا و دیموکراسیەت و یەکتر قبوڵکردن دەکەن ، ئەگەر
جورئەتیان تێدایە با داکۆکى لە مافى ئاینگۆڕینیش بکەن کە بەشێکى گرنگە
لە مافى تاک لە چۆنێتى بیرکردنەوەیدا ، چۆن لە وڵاتانى ڕۆژئاوا کەسێکى
مەسیحى بێئەوەى ڕێگرى لێبکرێت بە ئیسلامبوونى خۆى ڕِادەگەیەنێت و کۆلکە
خەلیفەکان بە زماندرێژییەوە شاباشى بۆ لێدەدەن ؟ ! دەبا لێرەى ئێمەى
بنسایەى حومکى شەریعەتى ڕەوابەخش بە بڕینەوەى ئەندامانى جەستەى مرۆڤ ،
خەڵکیى ئارەزومەندانە بتوانن بۆ خۆیان دینى خۆیان بگۆڕن ، دەبا لە
ئاوەها پرسێکدا بێنە دەنگ و ئاسایى بێت ئەگەر کەسێک لە بەئیسلامبوونى
خۆى هەڵگەڕێتەوە و شەریعەتى بارەگاسوتاوەکان فتواى کوشتنى بۆ دەرنەکەن
، ئەوسا منیش دەڵێم بژى ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ و ئەو
ئیسلامەتییەى هەرگیز لەگەڵیاندا وێک نایەتەوە ، لەم وڵاتە بندەستە ماف
( پارێزراو ) ەى ئیسلامییدا ، ئەگەر ئیسلامێک کچە فەلەیەک مارە بکات
دەبێت کچەکە ئایینى خۆى بگۆڕێت ئەوسا مارەى دێت ، لێ کچە ئیسلامێک کوڕە
مەسیحییەک بکات بە دڵخوازى خۆى حومکى مڵپەڕاندن بە شیرى دەستى
ئیسلامییەکانى بۆ لەکاردا دەبێت و کەچى بێشەرمانە باس لە ڕێزگرتن لە
عەقیدە و ئازادى و پاراستنى مافى مرۆڤ دەکەن ، جەهالەتى ئیسلامییەکان
زۆر بێباکانە ڕێگە بە فرەژنى و گەورە بە بچووک و مارەبڕینى منداڵى ناو
بێشکە دەدات ، لەولاشەوە باس لە دادپەروەریى کۆمەڵایەتى دەکەن ،
مەخسەرەکە لەوەدایە فاکتەرى پێشکەوتنە زانستى و کۆمەڵایەتییەکانیش
دەگێڕنەوە بۆ خۆیان !
میانڕەو و توندڕەو لە ئیسلامدا نیە ، چونکە هەموویان لە یەک سەرچاوەوە
ئیلهام وەردەگرن و شەریعەت بە دایکى یاساکان دەزانن ، ئەوانەى ئەمڕۆ
توندڕەون زۆر باشترن لەوانەى خۆیان بە میانڕەو پیشان دەدەن ، چونکە
بوێرانە ناوەڕۆکى بەرنامە و ئامانجەکانیان دەخەنە ڕوو ، فێڵ لە
بەرامبەر ناکەن و ڕاشکاوانە باس لە دەوڵەتى خەلافەت و کۆتکردنى مرۆڤ و
ئازادییەکانى دەکەن و بێبڕوایى خۆیان بە کۆمەڵگەى مەدەنیى دەردەبڕن و
ڕاشکاوانە لە سەر وشەى ( جێندەر ) ژاوەژاو دەکەن و لە ئاستى قڕکردنى
گەریلا شۆڕشگێڕەکان قڕوقەپیى هەڵدەبژێرن ، هەرچى ( میانڕەو ) ەکانن
وەکو مارى پەپکە خواردوو بە دواى هەلێکدا دەگەڕێن تا ژەهرى کوشندەیان
لە جەستەى خەڵکدا بەتاڵ بکەنەوە ، بە فێڵ و فەرەج ڕەفتار دەکەن و سیماى
ڕاستەقینەى خۆیان حەشار دەدەن ، لە هەموو حاڵێکدا هەردولایان ،
شەریعەتى ئیسلامیى بەرنامەیانە و دامەزراندنى دەوڵەتى دینیش ئامانجیانە
و لە پەنهانى تاریکەوە سەرقاڵى بنیاتنانى دنیایەکى تاریکترن .
کارەساتەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە دەسەڵاتدارانى عەوداڵ بە دواى
گەندەڵیى و ناعەدالەتى ، کەشێکى لەباریان ڕەخساندووە بۆ هەڵێنانى گەراى
ئیسلامى سیاسیى ، لە ئاکامى ڕەفتارى دەسەڵاتداران ، ئینتیماى نیشتمانیى
دادەکشێ و نامۆبوون ( اغتراب ) لە نێو چین و توێژە نەدارەکانى کۆمەڵگا
بە تایبەتى گەنجاندا هەڵدەکشێ ، لە ئاکامدا ئیسلامى سیاسیى دزە دەکاتە
نێو هاوکێشەکە و دەبێت بە ژمارە ، ئەگەر بێت و دەسەڵاتداران بە
مکوڕییەوە بەخۆداچوونەوە نەکەن و پێداگریى نەکەن لەسەر دابڕانى حیزب لە
حکومەت و شەریعەت لە دەستور و یاساکان ، ئەسپى چاکسازى لە مەیدانى
گەندەڵیدا تاو نەدەن ، بە دادپەروەریى جێگە لێژ نەکەن بە ( زۆرى لە
بەرهەم و خراپى لە دابەشکردن ) دا ، دەبێت چاوەڕێى نەک سوتاندنى دوکانى
مەیفرۆشیى بەڵکو مەیفرۆشان خۆیان و زیندە بەچاڵکردنى ئەو کچانەش بکەین
کە ناویان ( مەى ) ە ! ئەمەیە کۆمەڵگەى مەدەنییەت کە ئیسلامى سیاسیى
لاف و گەزافى بۆ لێدەدەن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|