په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٩\٢٠١٢

لە یادی هەفتەمین ساڵەی کۆچی دوایی ھونەرمەندی گەورە مەرزیە فەریقی.

نە‌جم محەمەد       


١٨\٩\٢٠٠٥ رۆژێکە لە مێژووی ھونەری کوردی و خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی کوردستاندا ھەرگیز لەیاد ناچێتەوە، ڕۆژی مەرگی ھونەرمەندی شۆڕشگێڕ مەرزیە فەریقیە مەرگی پێشمەرگەیەکی ژن و ژنە پێشمەرگەیەک مەرگی فیمینیستێکی وریا و وشیار و مەرگی شۆڕەژنێکی چالاک و ھەڵسوڕاوی خەباتی ژنان مەرگی ھونەرمەندێکی خاوەن قوتابخانەیەکی تایبەت لە دەنگدا لە ئەدادا لە توانادا لە فەرھەنگدا لە ئیستاتیکیدا، مەرزیە ھونەرمەندێکی خاوەن ئایدیایەکی مرۆییانە و پەرۆش بە دوای نەمانی ستەم و چەوسانەوە و توندوتیژیی لەسەر ژنان خەباتگێڕی شێلگیر بە دوای مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاو وەدەنگ ھاتوو لە پێناو ئازادیەکانی مرۆڤ بەرگریکار لە خەڵکی ھەژار و زەحمەتکێش بەرگریکار لە مافەکانی منداڵانی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت مناڵانی ھەڵەبجە و ئەنفال و گیانبەختکردوان و کرێکاران و ھەژاران، بە کورتی مەرگی مەرزیە مەرگی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو و مەرگی تەنھا یەک مرۆڤ و کەسایەتی نەبوو بەڵکو مەرگی مرۆڤێکی بلیمەت بوو.. مەرگی چەند مرۆڤێک و چەند کەسایەتیەک بوو لە تاکە یەک مرۆڤدا.

 

مەرگی ئەو زیانێکی گەورە بوو لە کۆمەڵگای کوردی کەوت و جێگەکەی ھەمیشە بە خاڵی دەمێنێتەوە ئەو بە جێی ھێشتین بەڵام ھەمیشە لە گەڵماندایە ئەو قوتابخانەیەکی گەورەی بۆ بەجێھێشتین کە دەکرێت چەندین وانەی گەورەی لێوە فێربین چەندە باسی گەورەیی ئەم ھونەرمەندە بکەیت ھێشتا ھەر کەمە ئەوەیشی من باسی دەکەم ھێشتا ناگاتە گەورەی باڵای ئەو ھونەرمەندە، من ئەمانە ھیچی ناخەمە خانەی وەسفکردن و ستایشکردنی ئەم ھونەرمەندەوە بەڵکو ئەوە ھەمووی ڕاستی واقیعی کەسایەتی و توانایی ئەو ھونەرمەندەن.

 

بۆ مێژوو دەیڵێم من کاتی خۆی کە ئەم ھونەرمەندە لە ژیاندابوو چەند جارێک بابەتم لە سەر نووسیوە و توانا و گەورەیی ئەم ھونەرمەندەم ھەست پێکردوە و ناسیوە و ھەڵسەنگاندوە و لە نزیکەوە بە خزمەتی گەیشتوم و نووسینەکانم پیشانداوە و زۆر پێی خۆش بووە ھەروەھا من یەکێ بووم لەو ھونەرمەندانەی کە لە کاتی خۆیدا بەرگرییەکی سەختم لەو ھونەرمەندە کرد، ئەو دەمەی کە وەزارەتی رۆشنبیری چەند دەفتەرێک دۆلاریان بۆ خەرج کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی ھونەری بە داخەوە ئەم مەسەلەیە زۆر گەورە کرا و کرایە ھەرایەکی گەورە و لێرە و لەوێ چەندین بابەت و لێدوان و قسە و ڕەخنەی ناتەندروستی لەسەر بڵاوکرایەوە لە لایەن چەندین نووسەر و ھونەرمەندەوە ئەودەم من پێم وابوو کە ئەو ھونەرمەندە و ھەڵوێستە مرۆیی و شۆڕشگێڕیەکانی و قوتابخانە ھونەرییەکەی و کەسایەتیەکەیی و باکگراوندە ڕۆشنبیریەکەی لەوە زیاتر دێنێ بۆی بکرێت و بە مافێکی ئاسایی بێ ئەملا و ئەولای خۆیم زانی ئەودەم گوتم ئەگەر من وەزیری ڕۆشنبیری بوایەم ھەموو بودجەی وەزارەتەکەم دەخستە خزمەتی ئەو ھونەرمەندەوە چونکە بە مانایی وشە ھونەرمەند بوو.

 

من پێم وایە مەرگی مەرزیە مەرگی گۆرانی ژنان بوو ڕاستە لە ڕابووردوو ئێستاشدا ھونەرمەندی ژن ھەبوون و ھەن کە خزمەتیان کردوە و دەکەن و ھونەریان کردوە و دەکەن ئەمە شتێکە نکوڵی لێناکرێ من ئەمە بەرز دەنرخێنم بەڵام لە نێو ئەو ھەمووە ژنە گۆرانیبێژانەی کوردستاندا مەرزیە جیاواز گۆرانی گوتوە و جیاواز ھونەری کردوە و جیاواز بیری کردۆتەوە و خاوەنی خەونی جیاواز بووە و خاوەنی شێواز و سەبکی تایبەتی خۆی بوە کە لە ھیچ ھونەرمەندێکی ژنی تردا نەبووە.

 

ئەو لە گۆرانیەکانیدا لە قسە و چاوپێکەوتنەکانیدا بەرگریکارێکی گەورەی مافەکانی ژنان بوو.. تێڕوانین و رامانی جوانی ھەبوو لەسەر ھونەر لەسەر ئەدەب لە سەر ژنان لە سەر کۆمەڵگا لە سەر فەرھەنگ لە سەر زۆر شتی ترئە وقسە کەریًکی باش بوو سروود خوێنێکی شۆڕشگێڕوبە حە ماسەت بوو زۆر باش سروودی دەچڕی و خاوەنی قوڕگ و و دەنگێکی پڕ و بەرز بوو ئەمەیە خاڵی جیاوازی مەرزیە لەوانی تر مەرزیە ھونەرمەندێکی تابۆ شکێن و ڕچە شکێن بوو یە کەمین ھونەرمەندی ژن بوو کە لە گۆرانی دا مخاتەبەی پیاوی کردبەھەست و ئیحساسێکی سادقانەی مرۆیی ژنانەوە گۆرانی دەوت بە زمانی ژن گۆرانی دەوت خەون و بیرکردنەوەی لە ھونەرەکەیدا ژنانە بوو پێچەوانەی گۆرانی باوی ژنان کە تیایدا ھەمیشە گۆرانبێژانی ژن لە گۆرانیە کانیاندا وەک پیاو مخاتەبەی ژن دەکەن ووەک پیاو گۆرانی دەڵێن وبە ھەست و ئیحساس وخەون وبیرکرنەوەی پیاوە وە لە گۆرانیەکانیان دا دەدوێن و گوزارشت دەکەن بە کورتی گۆرانی پیاوانە دەڵێن وەک پیاو نە ک گۆرانی ژنانە وەک ئینسانێکی ژن مەرزیە یە کەمین ھونەرمەندی ژن بوو لە گۆرانیەکانیدا خەمی ژنی ھەڵگرت بوو بۆ خەم و ئازار و مەینەتیەکانی ژن گۆرانی دەوت وگوزارشتی لە ستەم و چەوسانەوەی ژن دەکرد لە ھونەرەکەیدا بۆ ئازادی و بەرابەری ژن و پیاو گۆرانی دە گوت و وەدەنگ ھاتبوو دژ بە سیستەمی دواکەوتوانەی پیاوسالاری و داب و نەریتی کۆنە پەرستانەی کۆمەڵگای کوردی ئە و یاخی بوو لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگا بە داخەوە دیارە ئەم خەم و ھەڵوێستانە لە ھونەری ژنانی تردا بە دی ناکرێت ھونەرمەندانی ژن ئە م خەمە گەورەیەی ژنیان فە رامۆش کردوە لە گۆرانیە کانیاندا و گوزارش لە ئازار و مەینە تیە کانی ژن ناکە ن و دژ بە ستەم و توندووتیژی ژنان دەنگ ھەڵ نایەنن لە ھونەرەکەیاندا ئە مان تابۆ پارێز و ڕچە پارێز و داب و نەریت پارێزن یاخی نین لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگا.

 

مەرزیە توانی ھونەری گۆرانی ژنان بەرێتە ئاستێکی زۆر ئیستاتیکیانە و ڕاقیانە و مرۆییانە و شارستانیانەوە وپێشکەوتووخوازانە و توانی ھەندێ گۆرانی فۆلکلۆری پاککاتەوە لە وشەی دواکەتوانە و کۆنەپەرستانەو پیاوسالاریانە کە دیارە زۆربەی ھەرە زۆری تێکستی گۆرانیە فۆلکلۆریەکان پڕن لە ووشەی دزێوی دزبە زنان و دژ بە مرۆڤ نێوەرۆکەکانیان پڕن لە ھەڵاواردن و توندوتیژی و نایەکسانی و ھاڵاوی پیاوسالاری و وەک کاڵا دەڕوانێتە ژن نەک وەک خاوەن بە ھایەکی مرۆیی وەک لەش و سیکس دەڕوانێتە ژن نەک عە قڵ و ئیرادە بەداخەوە گۆرانیبێژە ژنەکان دێن ئەم گۆرانیە فۆلکلۆریانە بە و فەرھەنگ و نێوەرۆکە دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانە دەڵێنەوە کە ئەمەش جۆرێکە لە بەرھەمھێنانەوەی فەرھەنگی پیاوسالاریی و ڕەوای دان بە و فەرھەنگە، مەرزیە ئەم کارەی نەدەکرد.

 

مەرگی مەرزیە مەرگی گۆرانی ژنان بوو.

 

بە داخەوە مەرزیە تاقە ھونەرمەندی ژن بوو کە ئەو ڕەچەیەی شکاندبوو لە دوای مەرگی ئەو من ژنێکی تری ھونەرمەندی ڕچە شکێن نابینم ھەر بۆیە من مەرگی مەرزیە بە مەرگی گۆرانی ژنان دەشوبھێنم، ئێ خۆ گۆرانی ژنان ھەر بە تەنیا گۆرانی وتن نییە لە لایەن ڕەگەزی مێوە بە دەنگێکی ناسکی ژنانەو بە بەرگێکی ژنانەوە، ئەمە تەنھا پێوەر نییە بەڵکو چەندین پێوەری تر ھەن وەک لە م بابەتەمدا ئاماژەم پێکردوون دەبێت ئە و پێوەرانە لە گۆرانی ژناندا ھەبن ئەوسا دەتوانین بڵێین ئەو گۆرانیە گۆرانیەکی ژنانەیە دیارە کە دەڵێم گۆرانی ژنانە مەبەستم جیاکردنەوەی ژن نییە لە پیاو مەبەستم جیاکردنەوەی گۆرانی ژنان و پیاوان نییە بە ڵکو مەبەستم بەیانکردنی ھەست و سۆزی مرۆییانەی ژن و پیاوە و مەبەستم ئازادی و یەکسانی نێوان ژن و پیاوە و ناکرێ ئەم پەیامە مرۆییە لە ھونەردا داببڕێت و دابماڵرێت و فەرامۆش بکرێت بە بڕووبیانوی جۆراو جۆرەوە چوون ھونەر بۆ خۆی ھەڵگری پەیامێکی ئیستاتیکی و مرۆییانەیە بە داخەوە من پێم وایە ئە مێستاکە ھونەری گۆرانی ژنان لەو ڕووانەوە لە قەیرانێکی گەورە دایە بە تایبەتی دوای مەرگی خاتوو مەرزیە من ڕێزم ھەیە بۆ ھونەر و خزمەت و ماندوو بوون و ڕۆڵی ھەموو گۆرانیبێژە ژنەکانی کوردستان بەڵام ئەمە واقیعێکی تاڵە و نکوڵی لێ ناکرێ کە ئەمڕۆ گۆرانی ژنان لە قەیراندایە بەم شێوەیە یا غەرق و سەرقاڵی فۆلکلۆر و کەلەپوورە بە نێوەڕۆک و فەرھەنگێکی دواکەوتوانەوە یان سەرقال َو غەرقە لە ستایلی ئەرابیسک و ڕاپ و ھتد یان سەرقاڵ و غەرقە لە نمایشکردنی جەستە و جل و بەرگ و وروژاندنی ئیحساسی ناتەندروستی سێکسی یان غەرقە لە خەمی خۆدەرخستن و شوھرەت بە کورتی واتە ھونەری گۆرانی ژنان لە پەیامە ئیستاتیکی و ھونەری و مرۆییەکەی خۆی لایداوە و پەیامێکی تری دژە مرۆیی و ناتەندروستی ھەڵگرتوە کە ئەمەش وەزیفەی ئەسڵی ھونەر نییە.

 

نامەوێ لەسەر ئەمە زۆر قسە بکەم چوون زۆر ھەڵدەگرێ ئەوەی بەلای منەوە گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە خاتوو مەرزیە دەرکی ڕۆشنی بەم وەزیفەیەی ھونەر کردبوو ھەڵگری ئەو پەیامە ھونەرییە ئیستاتیکیە مرۆییە بوو بە داخەوە لەگەڵ مەرگی ئەودا ئەو پەیام و وەزیفەیە ھەڵگری نەمایەوە لە لایەن ھونەرمەندانی ژنانەوە بە و ھیوایە ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی ژن بۆ لەمەودوا ھەڵگری ئە و پەیام و وەزیفە ھونەریە بن لە ھونەرەکەیاندا و سوود لە قوتابخانەکەی خاتوو مەرزیە وەربگرن و بە جێپێی ھەنگاوەکانی ئەودا ڕێگە ببڕن و پەیامەکەی مەرزیە ون نەکەن چوون ئێمە لە کوردستان پێویستیمان بە ھونەرمەندی ژنی لە چەشنی مەرزیە ھەیە نەک ھونەرمەندی ژنی لە چەشنی ھەیفا وەھبی و شاکیرا کە بە داخەوە ھەندێ ھونەرمەندی ژنی کورد ئەمڕۆ ھەوڵدەدەن کۆپی دووەمی ئەوان بن کە ئەمەش بە مانای خۆکوژیی ھونەریی و سڕینەوەی کەسایەتی خودی دێ.

 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک