په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٣

لە یەلداوە بۆ کریسمس.

بەیار مستەفا     


بە بۆنەی جەژنی کریسمس لە میدیا کوردییەکان باسێکی زۆری ئەم ڕۆژە دەکرێ، بەڵام بە پێچەوانەی میدیاکانی رۆژئاوا، تەنها بە ڕۆژی لە دایکبوونی عیسا باسی لێ دەکەن. لە کاتێکدا لە وڵاتە رۆژئاواییەکان بە جەژنێکی کۆمەڵایەتی باسی لێوە دەکرێ و سەرچەوەکانی و هۆکاری گرتنی ئەم جەژنە بە تەنها پەیوەست ناکەنەوە بە عیساوە. لەم نووسینەدا سەرچاوەکانی کریسمیس بە کورتیی ڕوون دەکەمەوە.


یەلدا.


شەویی یەڵدا جەژنێکی ئێرانییە کە بە درێژترین شەوی ساڵ ناسراوە. ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دینی زەردەشتەکانیش. واتە بۆ سەرەتای دروستبوونی شوێنی جێگیری ژیانی مرۆڤەکان لەو ناوچەیەدا. جەژنەکە لەسەر هۆکاری سروشتیی دروست بووە، کە سەرەتای زستانە و کۆتایی وەرزی بەرهەمهێنانە. ئەم ڕۆژە ناسراو بووە بە زایشمهر، کە دەکاتە لەدایکبوونی خوای خۆر (مهر)، بە سروشتییش دروستە، کە لەو ڕۆژەوە ڕۆژانە خۆر زیاتر دەر دەکەوێ. ئەم جەژنە بە درێژایی مێژوو یان گەورە کراوەتەوە یاخود هەوڵی لە ناوبردنی بۆ دراوە. لە زەردەشتییەوە کراوە بە جەژنی زەردەشتیی و لە هاتنی ئیسلامەوە لە دین جیا کراوەتەوە و بەرەو لاوازیی ڕۆیشتوە. بەڵام لە ناو خەلکدا وەکو نەریتێک هەر ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٢٥ جارێکی تر بە فەرمیی کراوەتەوە جەژن بە پێی یاسا. ڕۆژەکەشیان بۆ دیاریکردوە کە دەکاتە ١/١٠ی هەموو سالێکی ئێرانیی کە دەکاتە ٢٠ یان ٢١/١٢ هەموو سالێکی زاینیی. دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی، جارێکی تر لاوازکراوەتەوەو وەکو پشووی فەرمییش نەماوە.


خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ کریسمس بریتیین لە کاتی جەژن، هۆکارەکانی جەژن، بەکارهێنانی داری هەمیشە سەوز، بەکار‌‌‌‌‌هێنانی مۆم و گلۆپ بۆ ڕازاندەوەی ڕۆژی تاریک.


ساتورنالیا.


ساتورنالیا یاخود جەژنی خوای ساتورن جەژنێکی ڕۆمەکان بووە، کە سەرچاوەکەی لە جەژنی کرۆنیای یۆنانیەکانەوەیە. بە پێی لێکچونی ئەم جەژنە لە جەژنی یەلدا بەشێک لە مێژووناسان ئەم جەژنە پەیوەست دەکەن بە جەژنی یەلداوە بە جۆرێک کە جەژنی کرۆنیا لە فارسەکانەوە وەرگیراوە و ڕۆمەکانیش لە یۆنانیەکەن. ساتورنالیا هەفتەیەکی خایاندوە، لە هەموو سالێکدا لە رۆژی ١٧ / ١٢ بۆ٢٤ / ١٢ بووە. ئەم جەژنە یەکێک بووە لە جەژنە گەورەکانی رۆم و لە ساڵی ٢٧٣ز ئەم جەژنە لە لایەن قەیسەرەوە گۆڕاوە بۆ یەک ڕۆژ، ئەویش ٢٥ / ١٢ و ناوەکەشی گۆڕدراوە بۆ جەژنی خۆری هەمیشە براوە. پاش بە مەیسح بوونی قەیسەر لە سەرەتای ٣٠٠ ساڵ دوای عیسا، هەوڵیکی زۆر دراوە بۆ زیاد کردنی مەسیحیەکان و بە مەسیحیکردنی رۆمەکان. بۆیە ئەم جەژنە لە لایەن قەیسەرەوە کراوە بە ڕۆژی لە دایک بوونی عیسا، ساڵەکە نادیارە، کە چ ساڵێک بووە، بەڵام یەکەم دۆکومێنت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٥٤ ، کە باس دەکات، کە ڕۆژی ٢٥ / ١٢ جەژنی لە دایکبونی عیسا و جەژنی خۆری هەمیشەزیندوە. بۆ تووڕەنەکردنی زۆرینەی خەلک، کە مەسیحی نەبوون جەژنی خۆری هەمیشەزیندوو، واتا ساتورنالیای کۆن وەکو خۆی لەلایەن قەیسەرەوە هێڵدراوەتەوە لەو کاتەدا.


خاڵە هاوبەشەکانی جەژنی ڕۆمەکان لەگەڵ کریسمس بریتیین لە کاتی جەژن، ڕۆژی ئاشتی و پێکەوەژیان، دیاریی گۆڕینەوە، خواردن و خواردنەوەی زۆر. ساتورنالیا گەورەترین سەرچاوەی جەژنی کریسمیسە بەو جۆرەی کە کاتۆلیکەکان دەیگرن. (یەعقوب بەر سەڵیبی) خەلکی شاری ماڵاتیای تورکیای ئێستا ساڵانی ١١٠٠ کان بە ڕاشکاوی باسی خاڵە هاوبەشەکانی کریسمس و ساتورنالیا دەکات. کە ئەمان و کەنسیەکانی شەرق لە کۆنەوە لە ٦ / ١ دا ڕۆژی لە دایکبونی عیسا دەگرن.


یول.


یول جەژنێکی قەومە گێرمانیەکانە، کە سەرچاوەکەی و کاتی دروست بوونی نادیارە، چونکە لە پێش هاتنی نووسین بۆ ئەوروپای باکور ئەم جەژنە هەر هەبووە. یەکەمین سەرچاوە بۆ یول ناوە کۆنەکانی مانگە ئەڵمانیەکانە، کە دوانیان پێک هاتووە لە مانگی پێش یول و مانگی دوای یول. ئەم جەژنەش لە کۆتایی مانگی ١٢ دا و بە هۆی کۆتایی هاتنی وەرزی بەرهەمهێنان دەگیردرا. خالی هاوبەشی زۆرە لەگەڵ کریسمیس، بەو جۆرەی کە لە وڵاتە پرۆتۆستانتەکان دەگیردرێ.


خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ کریسمس بریتیین لە: کاتی جەژن، بە کار هێنانی داری هەمیشە سەوز، بەکار‌هێنانی پیاوی پیر و ڕیش سپی بۆ دیاریی، خواردن و خواردنەوەی زۆر. زۆرێک لە زمانەکانی ئەوروپای باکوور ئیستاش بە کریسمس دەگوترێ یول یاخود وشەیەک نزیک لە یول.


شۆڕشی ئۆکتۆبەر.


پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا جەژنی کریسمس قەدەغەکرا. پاشان بە ڕیشەکێشکردنی هەموو سەرچاوە ئاینیەکانەوە هێنرایەوە و کرا بە ڕۆژی سەری ساڵی نوێ و لە ٣١ / ١٢ دا دەگێڕدرا. بە پێچەوانە لە کریسمیس لە سەری ساڵدا داری سەوز دادەنرێ و بابانوئێل دێ و دیاریی بە منداڵەکان دەدا. ئەم شێوازە لە جەژن لە زۆرێک لە وڵاتەکان بڵاو بۆتەوە، بە کوردستانیشەوە.


کریسمس.


کریسمس وەکو جەژنی لە دایکبوونی عیسا لە سەروبەری سالی ٣٥٤ز دەستی پێ کردووە و بە زۆر قۆناغی جیا جیادا ڕۆیشتوە. کریسمس بەم شێوازەی کە زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان و ئەمەریکادا هەیە دەگەڕێتەوە تەنها بۆ ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر، کە لە ئیستادا سەرتاسەریی بووە و خاڵی هاوبەشیان زیاترە تا خاڵی جیاوازیی. زۆربەی سەرچاوەکانیشی دەگەڕێتەوە سەر جەژنە کۆنەکان و هەندێکیشیان ڕاستەوخۆ لە دینی مەسیحییەوە هاتووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە وەرگیراوی دینە کافرییەکانی زۆر تێدایە، لە هەندێک لە کەنیسەکان ڕەتی دەکەنەوە بە هیچ جۆرک جەژنی کریسمس بگرن. بۆ نموونە کەنیسە پوریتانییەکان کە لە هەندێ لە ناوچەکانی ئەمەریکادا باڵادەست بوون، لە ساڵی ١٦٢١ز کریسمیس بە یاسایی قەدەغە کراوە و تا ١٨٥٠ز رێگریی زۆری لێ کراوە کە بگێردرێ. هەروەها دینی شایەتانی یێهۆڤا، کە خۆیان بە مەسیحیی ڕەسەن دەزانن بە هیج جۆرێک کریسمس ناگرن و باوەڕیشیان نییە بەوەی کە مرۆڤ بتوانێ بزانێ عیسا لە چی ڕۆژێکدا لە دایک بووە. بە پێی ئینجلی مەسیحییەکان تەنها زانیارییەک کە سەبارەت بە لەدایکبوونی عیسا هەیانبێ، ئەوەیە کە لە زستاندا لە دایک نەبووە.

 


beyar.mustafa@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک