په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٠

لینین هێمای رابەری لێبڕاوی مرۆیی کرێکارانە...!
- لە هەشتاو شەشەمین ساڵڕۆژی یادی مەرگی لینینی ڕابەردا -


موزەفەر عەبدوڵا   


فلادیمیر ئلیتش ئۆلیانۆف ناسراو بە (لینین) لە ساڵی22 -4 - 1870 لە دایک بووەو لە 21 -1-1924 بۆ یەکجاری چاوی لێکنا و دڵ و مێشکی پرَ لە ئارەزوو و هیوا و هۆش و بیری تیژی لە لێدان کەوت. هەڵبەت وێرای کاری ووزه‌پڕوکێنی لە گۆڕه‌پانی هزریی و رامیاریی و پراتیکیدا، هاوکات کاریگەری برینی مێشکی بەهۆی کاریکی تیرۆریستییەوە لە چەند ساڵ بەر لەمردنی هۆکارێکی سەرەکی بووە لە مردنی ناوەختیدا.لیننی مەزن لە ماوەی ئەو تەمەنە کورتەی دا بەهۆی درککردنی قووڵی بە ناوەڕۆکی شوڕشگیرَانەی تیۆری مارکسیزم توانی ببَیتە یەکەمین ڕابەری رامیاریی و کۆمەڵایەتی مارکسیزم لە جیهاندا. بە وتەی مه‌نسور حیکمەت : لینین لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی هەبوو بۆ مارکسیزم وەک لە هەموو کەسێکی تر. لێکدانه‌وه‌ی ئەو کە بنەماکەی لە تێزەکانی فیورباخی مارکسدایە بۆ ئادەمیزاد کە لە مێژوودا بونەوەرێکی زیندووە و پێویستە ئەو زیندووبوونەی لە جیهاندا بسەلمێنێ لە ڕێگای دیاریکردنی ڕێڕەوی کۆمەڵگا بە هۆی لێبڕاویی مرۆڤ خۆیەوە. کۆمەڵگا هەر خودبەخود بە ڕێرەویکدا ناڕوا، بەڵکو ئەوە مرۆڤە پێویستە پێدابگرێ و باس و ئامانجه‌کانی خۆی بخاته‌ڕوو و مێژوو بەرەو ئەو ڕێرەوە ببات کە خۆی دەیەوێ. بۆیە لینین یەکەمین ڕابەری چینایەتی کارگەرانە لە جیهاندا تا ئەمڕۆ کە گرینگترین تێزەکانی مارکسی بە کردەوە دەرهێناوە و هێنایە دی. هەروەک مارکس دەڵێ فەیلەسوفەکانی پێشوو تەنها جیهانیان لێکداوەتەوە لە کاتێکدا گرینگ گۆرینێتی. ئەمەش لە باسە رامیاریی و هزریی و کرده‌ییه‌کانی لە شۆرشی ئۆکتۆبەری 1917 دا بە کردەوە هێنایە دی.


ڕاستە ئەمرۆ ئەم تاقیکردنەوەیە نەماوە و بە چەند ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، بە تایبەتی لە کۆتایی بیستەکانەوە شکستی هێناوە و ئاکامی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،کە مەسەلەی بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار بوو لە رووسیادا و بە مەش جەمسەربەندییه‌کی چینایەیەتی مەزنی لە جیهاندا بەدیهێنا و گەورەترین ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی لە ساڵی 1919 یانی ئەنتەرناسیونالی سێهەم(کۆمنترن) پێکهێنا، بەڵام ئەو وانە و تاقیکردنەوەی لینین، واته‌ لێبڕاویی مرۆیی چینایەتی کرێکاران بە هێزی خۆی بۆ ئێمە زیندووە. لینینیزمیش، سەڕەرای گرینگی هەموو باسە هزریی - تێورییه‌کانی، بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان و ڕابەرانی چینی کرێکار لەو توخمەدا پتر واتای پراکتیکیی حیزبیی پەیدا دەکا.


بە پێچەوانەی تەواوی ڕەوتە جیاوازەکانی چەپی په‌راوێز و کلاسیکیی کە لێکدانه‌وه‌ و ئەنجامگیری دڵخوازانە و ناواقعی و تەکامولگەرایی لە تێور و شیکردنەوەکانی مارکس بۆ قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵگا و بە تایبەتی سەرمایەداریی دەکەن. جارێک مارکسیزم وەک فەلسەفەیەکی ئەبستراکت و یان زانستی ئابوریی و رامیاریی و هزری ئه‌بستراکت دەردەکێشن و لە ناوەڕۆکە زیندووە شۆڕشگیرییە لێبڕاومەندییە مرۆیی و کارگەرییه‌کەی داده‌چۆڕن. تەنانەت نەک هەر چەپی سه‌رده‌مانی خودی لینین، لە رابەرانی ئەنتەرناسیونالی دووەم لە چەشنی کاوتسکی و برینشتن تا دەگاتە مەنشەفییه‌کانی مارتۆف و مارتینۆف و بەڵکو تا دەگاتە بلیخانوفی بیرمەندی ده‌سته‌به‌ندی بە رووسیکردنی مارکسیزم و تەنانەت کەسایەتییه‌کانی پاڵ دەستی خودی لینین لەوانە تروتسکی و ستالینیش درکی واقعیان بە وێنە و ڕادەی لینین بە ڕۆلی توخمی شۆڕشگیرَ نەکردبوو لە سه‌رده‌مانی قوناغی وەرچەخانە شۆشگیرییه‌کان تا ئەو کاتەی لینین تێزەکانی مانگی نیسانی نەنووسی زۆربەی هەرە زۆریان سه‌رگه‌رم و خه‌ریکی ته‌واوکردنی سەرمایەداریی و قوناغبەندیی شۆڕش بوون. کۆششه‌کانی لینین یان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن چینی کرێکاران و زەحمەتکیشانەوە بە ڕابەری بەلشەفییه‌کان بە خواستگه‌ریی ڕووت و کودەتا ناو دەبرد. تەنانەت هەر ئەم تێزە تەکامولگەراییه‌ی سەرجەم مەنشەفی و تەنانەت بەشێک لە ڕابەرانی خودی بەلشەفیش لەوانە کامینیف و زەینوفیف بوو کە بووە ئاڵای دەستی سەرجەم بۆرژوازی ، سەرانی ئەمپیریالیزمی جیهانی کە بەهۆی پێشبینی نەکردنیان و بێ ئەزموونییان لە دەسەڵاتی چینی کرێکاران وای کرد ماشێنی میدیاییان بەڕێ بخەن تا هەمان زوڕنای مەنشه‌فییه‌کان بژه‌ننەوە و بڵێن لینین و بەلشەفییه‌کان کودەتایان سازداوە. بەمەش پتر رێگه‌ خۆش بکەن بۆ بۆرژوازی ڕووسی و جیهانی، وێرای بێ ئەزموونیی و لاوازیی و نارۆشنییه‌ ناوخۆییه‌کانی نێو بەلشەفی و سەرجەم بزووتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی و چەپ و سەرجەم رووسیا، بقۆزنەوە و ئابلۆقەی کۆماری سۆڤیتاتەکان بدەن و دەست بنێنە بینەقاقای و گەمارۆی ئابووریی و سەربازیی بدەن و دەیان دەستە و گرووپی لۆمپێن بەکرێ بگرن بۆ ڕووخان و بەلاڕێدابردنی دەسەڵاتی کرێکاران، لە چەشنی سەدرەشەکان (المائة السود) قۆزاقەکان کە پێش شۆرشیش لە لایەن بۆرژوازییه‌وە پێکیان هێنابوون کە گرووپی بەکیرَگیراوی بۆرژوا لۆمپەنی ڕووسی بوون، کە شەوانە هەڵیان دەکوتایە سەر راِبەرانی کرێکاران و شووڕاکان و بۆلشەفییه‌کان و تەڕ و وشکیان پێکەوە دەسوتاند. بەڵام سەرباری ئەو هەموو گرفت و بەرهەڵستییانە دەسەڵاتی رامیاریی چینی کرێکاران و ئاکامی شۆرش کە بڕیار بوو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و ئابوورییه‌کی سۆسیالیستیی بێ، بوو بە قوربانی ناڕۆشنییه‌کانی خۆدی بەلشەفیزم. ئەویش بە نەبوونی ئاسۆ و ئالتەرناتیڤێکی ئابووریی سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستیی .


هەڵبەت ئەگەرچی لەم بارەیەشەوە لینین تاکە ڕابەرێکی مارکسیست بوو نەخشی دیاری هەبوو ئەویش بە خستنه‌ڕوو و و پێشنیارکردنی چەندین تاکتیک و شێوازی ئابووری لە چەشنی: شەممەکانی کۆمۆنیستی و، کۆمۆنیستی جەنگی و، هەروەها سۆفۆخوزات و، کۆڵخۆزات، لە گۆڕه‌پانی ئابووریی کشتوکاڵییدا بەڵام هچ یەکێک لەم تاکتیکانە بەلشەفییه‌کانی نەگەیاندە ئەلتەرناتیڤێکی ستراتیژیی ئابوریی سۆسیالیستیی پایەدار تا بەلشەفییه‌کان و دەسەڵاتی رامیاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە قەیرانە هەمە لایەنەیەکان ڕزگار بکا. ئەمانەش ئیتر بوونە کۆمەڵێک لاوازیی و گرفتی تر کە رێگه‌ پتر خۆش ببێت بۆ هاتنە پێشەوە و سەرهەڵدانی ئه‌لته‌رناتیفی ئابووریی بۆرژوا ناسیونال رووسی سەرمایەداریی دەوڵەتیی و ناساندنی ئەمەش بە دەوڵەتی سۆسیالیستی و سەرهەڵدانی بیروکراسی و بەرتەسکبوونەوەی ماف و ئازادی یە سیاسییه‌کان. بە تایبەتی ئەم دیاردەیە لە دوای مەرگی لنین لە ساڵی 1924 بە دواوە تا کۆتایی بیستەکان و سەرەتای سییه‌کان ئیتر ڕەوتی ستالینیی کە نوێنەری ئەم ڕەوتی سەرمایەداریی دەوڵەتییه‌ بوو بە تەواویی کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی هەم حیزبی بەلشەڤی و هەم دەسەڵاتی شورا کرێکارییه‌کانی کرد .بەڵام بە داخەوە سەرەرای بوونی کۆمەلیکی زۆر لە رابەرانی بەلشەفیی بە وێنەی ئۆپۆزیسیۆنی هێڵی ستالینیی لە پێش هەموویانەوه‌ ئۆپۆزیسیۆنی چەپی ناو بەلشەفیی و تەنانەت خەتی تروتسکیش نەیانتوانی هیچ ئاسۆیەک بەدی بێنین نەک هەر ئەمە بەڵکو هەمویان لە بەرانبەر ڕەوتی ستالینیی زۆر کات پاسیڤییان هەڵبژاردووە.


بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم کەموکوڕییه‌ رامیاریی و هزریی و کرده‌یی و ئاسۆ ناڕۆشنانە و لەگەڵ شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و کۆتایی دەسەڵاتی چینایەتی کرێکارانیش هێشتا بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ و ئایندە لینین و لینینزم هێمای لێبڕاوی ڕابەری چینایەتی مرۆیی کارگەران و زەحمەتکێشان و سەرجەم مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و رێگه‌ی گرتنەدەستی دەسەڵاتی رامیاریی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانە لەسەرجەم جیهان.


ئەم مەسەلە تایبه‌ت و دیارکراوه‌ی لنینیزم هەر کەسێک ئەگەر وەک مارکسیستێکی دوێنی و ئەمڕۆ سەرنج بدا لە یەکەم وتاری لنین بە ناوی (بەچی دەست پێ بکەین- بم نبدا) لە تەمەنی هه‌ڤده‌ ساڵییدا پاشان په‌رتووکی دۆستانی گەل کێن و چۆن شەڕی سۆسیال دیموکراتەکان دەکەن لە تەمەنی بیست‌وسێ ساڵییدا، تا دەگاتە دوو تاکتیکی سۆسیال دیموکراسی لە شۆرشی دیموکراسی و، دەبێ چی بکەین و، ئیمپریالیزم دوا قۆناغی سەرمایەداریی و، پەرەسەندنی سەرمایەداریی لە رووسیا و، هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دوو هەنگاو بۆ دواوە و، دکتاتۆریی پرۆلیتاریا و کاوتسکی هەڵگەڕاوە، تا دەگاتە په‌رتووکی ماتریالیزم و ڕێبازی ڕەخنەی تاقیگەرانە و، دەستنووسه‌ فەلسەفییه‌کانی( مخطوطات فلسفیة) و ، تا تێزە بەناوبانگەکانی بەناوی تیزەکانی مانگی ئەپریل لە 1917 و، نامەکان بۆ هاورێیان و ،پاشان ئایا بەلشەفییه‌کان دەتوانن لە دەسەلاتدا بمێننه‌وە؟ و ئەمانە و سەدان و بگرە هەزاران وتار و نووسینی نامەی جۆراوجۆر بوونەتە بنەمای سیاسی و هزریی و پراتیکیی حیزبیی لینینیزم و که‌له‌پوورێکی زۆر مەزنە کە لینین لە ماوەی په‌نجاوچوار ساڵی تەمەنیدا خستیه‌سه‌ر که‌له‌پووری هزریی و رامیاریی و پراکتیکیی مارکسیزم کە هەمووی لە پێناوی ئەوەدایە کە چۆن مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێویستە و خواستی گۆڕینی ئەم جیهانه‌یان بۆ جیهانێکی باشتر و مرۆڤ خۆی توخمی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕەیە. بە تایبەتی لە جیهانی چینایەتی ئەمڕۆدا و لە سایەی دەسەڵات و سیستەمی رامیاریی سەرمایەداریی و چینی بۆرژوازیدا ئەوە ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکارە، کە توخمی لێبڕاوی شۆرشگیرانەن لە پێناوی ئەو ئاڵوگۆڕ و وەرچەخانە رامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییه‌ خەبات بکەن لە پێناوی بەدیهێنانی جیهانێکی بێ چین و چەسانه‌وه‌.

 


15/1/2010

mozafar_as@yahoo.com