په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٣

مێژووێک لە تاوان، چیڕۆکی ئەو منداڵانەی

کە بە سەر پەلکەیکی هۆنراوە لە پەتی سێدارە دەچنە ناو خانووی بەیانییەوە!!

نەهێ خۆشکەلام     

 

ڕۆحت بسپێرە دەست خولیای یاقوتی خەیاڵێکی دوور و کاڵەو‌بوو، نیگات بکە بە ھاوڕێ لەگەڵ نیگاکانم با بگەڕێنەوە بۆ ناو مێژوو، بۆ ناو ئەو ڕۆژانەی کە ئەمڕۆ‌یان دروست کرد بۆ ناو ئەو کاتانەی کە میلۆدی مەرگ و قاقای پێکەنینی دەڕوات دونیا داگیر بکات و لەگەڵ ھەڵوەرین و تێکڕمانی ڕۆحی منداڵانە ئاوێتە ببێت، بۆ ناو ئەو کاتانەی کە چیڕۆک، چیڕۆکی ناشتنە، بۆ ناو ئەو کاتانەی کە ناسکەخەیاڵی دونیای جوانی منداڵانە لە شەقەی باڵ ئەدات و خەزانی بە ناوەختی گورانیەکان و مردنی ڕەنگ و کۆچی ناوەخت مێژووی ژیانی منداڵانە دروست دەکات.


ڕۆژێکی جوانی وەرزی بەھار بوو، خۆرەتاوی مەڵبەندی ئاواتە ‌بێ‌کۆتاییەکانی خەڵکێکی بێ بەش؛ بێ ‌بەش لە ھەموو شتێک وڵاتی زێڕوەشان دەکرد و گوێسوانە بانەکانی ڕادەموسی و ماچی لە تەوێڵی ناوشار، لە لوتکەی سەبەرزی ئاربەبا ئەدا. لە ماڵەوە بووم بۆ ئەوەی کە بزانیت خەڵکی گەڕەک ئەو ڕۆژە سەرقاڵی چین، پێوست بوو تەنھا سەرت لە دەلاقەی پەنجەرەکە بھێنیتە دەر و لە ڕێگای وتوێژی دراوسێەکان زۆر ساکار دەچوویتە ناو دونیای مێشک و خانەی دڵی خەڵکی گەڕەک. چاووم لە منداڵانی گەڕەک بوو کە ھەمووی خۆیان ئامادە دەکرد و بڕیاریان بە یەکتر ئەدا کە لە کاتی دیارکراودا زوو بێنە دەرەوە تا بە کاتی خۆی بگەن؟!


پێم سەیر بوو بۆم بوو بە پرسیار بڵێی بۆ کوێ بچن؟ لە پەنجەرەکەوە بانگم لە منداڵیکی دراوسێمان کرد و پرسیم بۆ کوێ دەتانھەوێ بڕۆن؟! چاوی بریقەی دایەوە و وتی ئەی تۆ مەگەر نایەیت؟! پرسیم بۆ کوێ؟ وتی: بۆ ئیستادیۆمی شار. پرسیم بۆ مەگەر کێ بەرکێیە؟! یا مەگەر شتێکی تایبەت لەوێ ڕوو ئەدات؟ وتی مەگەر نەتزانیوە بڕیار وایە ئەمڕو دەوروبەری کاتژمێری ١١ ئەو کابرایە لە سێدارە بدەن و ئێمە ھەموومان ئەچین بۆ سەیر. لە جێی خۆمدا وشک بووم، پەشوکام دڵم بە پەلە دەستی بە لێدان کرد، گرینگ نەبوو بۆم کە ئەو پیاوە کێیە و بە چ تاوانێک لە سێدارە دەدرێت ھەر تەنھا بیستنی وشەی سێدارە و سەیرکردنی سەمای مەرگ کاس و متی کردم. پەنجەرەکەم پێوە دا و بە بێدەنگی بۆ کاتێکی کورت پاڵم بە دەلاقەی پەنجەرەکەوە دا و ھەستم دەکرد ماتەمێکی سەیر دەڕوات لە ناخەوە ڕۆحم داگیر بکات. دایکم و براکەم لە خوارەوە بوون پرسیان: چی بووە، بۆ نیگاکانت وا وێڵن؟ بۆ وا مت بووی؟ بۆم گێڕانەوە، ئەوانیش بێدەنگیکی سەیر دایگرتن و بێ ئەوەی کەس لەگەڵ کەس قسە بکات ھەر کامە خۆمان بە شتێکەوە خەریک کرد. کاتژمێری ١١ی بەیانی بوو گەڕەک بێدەنگ و مردوو، ئیتر دەنگی کایە و گەمە نەدەھات، تەنانەت دەتگوت پەڕەسیلکەکانیش وڵاتیان چۆڵ کردووە، لە خۆم دەپرسم بڵێی ئەوانیش بۆ بینینی سەمای مردن ئێرەیان جێ ھێشتبێت؟ یان بڵێی ئەوانیش وەک ئێمە بە بێدەنگی ھەوڵ بدەن ئەو کاتە تێ بپەڕێنن؟.....


کاتژمێری ١١ تێپەڕ بوو.... منداڵەکان ھاتنەوە بەعزێکیان لەگەڵ دایک و باوکیان گەڕانەوە و بەعزێکیان بێ گەورە چووبون، پێوست بەوە نەبوو دەرکەکە بکەمەوە بۆنی ئاسایی بونی مەرگ لە ناو درز و قڵشی دیوارەکان، سەمای مەرگی تێکەڵ بە سەمای تیشکی خۆرەتاوی ئەم بەھارە وشکەساڵە پەرتوکی دەھاوێشت و بۆنی کەلاک خۆی ‌سپاردبووە دەست شەپۆڵی وتوێژی منداڵانە. دەنگی کۆچی دونیای منداڵانە و بایەقۆشی وێرانە پەرستم گوێ لێ بوو کە چلۆن دەخوشێ تا لە ناو ھێلانەی ڕۆحدا لانە بکات، یەکیان ئەی گوت ئاگات لێ بوو چۆن پەلەقاژەی دەکرد، لە پشت دەرکەکە ھەستم دەکرد لاسایی دەکاتەوە چون منداڵەکانیتر پێ دەکەنین، یەکیکیتریش دەیگوت: ئاگاتان لێ بوو منداڵەکانی چۆن کەوتبونە سەر دەست و پێی ئەو کابرایە کە کورسییەکەی لە ژێر قاچی دەردەھێنا و دەپاڕانەوە کە لە باوکیان خۆش بێت.....شنەبا ئەم دەنگانەی لەگەڵ شەقەی پێ لە پای داری سێدارەدا تێکەڵ دەکرد و بەرەو ئاسمان ھەڵدەچوون....زریکەی سێدارەکان بە ناو قەدی ئاسماندا ھەڵدەگەڕان و باڵایان دەکێشا و دەچوون تا وەک ‌تاری جاڵجاڵوکە ھێور ھێور، بە ئەھوەندی بێ ئەوەی کەس تێ بگات ڕۆحەکان بتەننەوە.١


خۆرەتاوی ھەڵپڕوکاوی ئەم ئێواریە نامۆیە بەرەو داچوون دەڕوات و بە دوای خۆێدا سوریێکی زۆر کاڵ و گەش بە ماندوویی ڕادەکێشێ. شاخی بەرداوی ئەربەبا بریقە ئەداتەوە و ڕەنگی داچوونی خۆر تۆزێ پڕڕەنگتر دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو دڵی ئاسمانی شار. ئەمە بەشێکە لە بڕینی ڕوژ و ماڵئاوایی بۆ چوونە ناو بەیانییەوە. چاووم لە ئاربەبایە کە چەن دڵسەغی گەلێک ماڵی لە ئامێز گرتووە و چەن دایکانە و میھرەبان ئامێزی کردۆتە لانکەیەک بەڵکو بتوانێت ئوقرە بدات بە جەستەی بریندار و ماندووی ڕۆژ، چاوم لە ئاسمان بڕیوە ،لە تریفەی مانگ کە لە سوچێکدا سەقامگیر بووە و زۆر شەرمیون دەڵێی بە دزیوە ماچ لە گۆنای شەو ئەدات و سەدان ئەستێرەش بە تروسکە تروسکی بێوچانیان پاسەوانی لێدەکەن، بەڵام تاریکی و بێدەنگی ئەمشەو ئەوەندە قوڵە کە دەریایک نوریش ناتوانێت بیڕوشێنێت، ئەمشەو چەن شەوێکی دوور و درێژە لە خۆم دەپرسم بڵێی سبەی کە ڕۆژ ھەڵدێت چییتر باڵندە کۆچەرەکان بۆ چێ کردنی ھێلانەکانیان بگەڕێنەوە بۆ ئێرە؟ لە خۆم دەپرسم بڵێی ڵە ژێر سێبەری ئەم سێدارانەوە کە ھەڵواسراون چیتر تاوان نەکرێت و تۆی تاون وشک ببێت؟! دڵم چەشنی بەستەڵۆکێکی ساردە و ڕۆحم سەرگەردان بە ناو ڕووداوەکاندا پیاسە دەکات و بێ ھەدادان ھەر دەمەی پرسیارێک دەکات و بۆ دۆزینەوەی وەڵامێک ھەر ساتەی ھەواری خۆی لە ھەوارگەیێک لە ناو قامووسی بە تاڵان چووی ژیانی منداڵانەی منداڵانی وڵاتەکەم دەخات و ڕۆح و گوێم ئەسپاردۆتە دەست ژانی زریانی ئەم ڕۆژگارە نامویە کە بە نێو ھەموو کەلین و قوژبنێکدا تێپەر دەبێت و دەیان میلودی جوراوجور دەخولقێنێت و ڕوداوەکانی ئەو ڕوژە دەکات بە ھەوینی خەونەکانی شەوانەی خەڵکی شار.


ڕۆژی دوایی لە زۆربەی کۆڵانەکانی شار منداڵەکان گەمەی لە سێدارەدانیان دەکرد، یەکیان مەحکوم دەکرد و لە دونیای گەمەی ‌منداڵانەیاندا داریان بۆ ھەڵدەواسی و ھەر منداڵێک بیتوانیبایە جوانتر لاسایی پەلەقاژەی مەرەگ بکات زۆرتر چەپڵەی بۆ لێئەدرا دەنگی پێکەنین و ھەڵفرینی ڕۆحی بێگەردی منداڵانە و ھەوێنی مرۆفایەتی بەرەو نادیار، بەرەو ئەوپەڕی دەشتی نامۆیی دونیای داگیر کردبوو.

*     *     *

..... بڕیار بوو کە ژنێک بەردباران بکەن، ماوە حەوتوێیک بوو کە جاڕیان لێ ئەدا. لە ڕۆژی دیاری کراودا خەڵک کۆبونەوە ژنێکی ڕوخسار داپوشراوییان ھێنا و تا کەمەر لە ناو زەویدا چەقاندییان، ماموستا چاوێکی لە خەڵکەکە کرد، وتی با تۆزێکیتر ماتڵ بین تا خەڵکێکی زۆرتر کۆ ببنەوە و منداڵەکان پاڵیان بە جەماوەرەوە دەنا و گەورەکانیش ڕێیان دەکردەوە ، یەکێک دەیگوت کاکە ڕێگە ‌وەکەن ئەو منداڵە بەستەزمانانە خۆ چاویان لە ھیچ نییە و.... منداڵەکان بۆ ئەوەی جوان چاویان لێ بێت لە سەفی ھەوەڵدا جێگایان بۆ دیاری کرا و ژنەکانی ماڵەکانی دەوروبەریش لە پشت پەردە و لە ناو دەلاقەی پەنجەرە سەرتاسکەیان دەکرد بارانی بەرد داباری و لەگەڵ ھەر بەردێک سڵاواتێک بەرز دەبوەوە. دەنگی بەرد و دەنگی" اللەاکبر" و دەنگی تێکشکانی ڕۆح و جەستە ، دەنگی بەردەباران کردن و ھاواری ڕەنگە تێکەڵەکان کە گەلێک قسەی نەوتراویان بە بێ زمانی دەگێڕایەوە ڕەنگی خۆڵەمێشی خاکی بە خوین سوور بوو، دەنگی ئێش و ژان تێک‌ھەڵدەکێشراو لەگەڵ کزەی دڵی ئەوینی ڕوخاو کە خاڵێکی کۆتایی لە سەر ژیانی مرۆڤایەتی دادەنا ئاوێتە ببوون و چەشنی لاولاو خۆیان دەپێچا و بەرەو ئاسمان ھەڵدەکشان، ئاخ.... داوێنی ئەم خاکە چ سەختە و ھیچ پانتایێکی بۆ ئەوین و خەون و ھیوا گەنماوییەکان و بەھا جوانە مرۆییەکانی تێدا بەدی ناکرێ ئەوەی بەردەکەی توندتر بھاویشتایە گوناحی کەمتر دەبوووە و مامۆستاش بڕیاری دابوو کە ھەموویان لەو دونیا چەند حۆریان بەر دەکەوێ .دەنگی منداڵەکان کە سڵاواتیان دەنارد لە ھەموو ئەوانتیر بەرزتربوو ...، ئاواز و ناڵەی بەرد کە بە گژ شاخی بڵندی ئاواتەکاندا دەچوو و گەڕانەوەی بۆ ناو سروشت زۆلفی سەوزی کێو و دەشتی دادەڕماند و لە سەر تەرمی کانی سەقامگیر دەبوو بۆ کوشتنی سەرچاوەکانی ژیانی مروڤایەتی.٢


ڕۆژی دوایی لە زۆربەی کۆڵانەکانی شار منداڵان شانۆی بەرد‌بارانیان لە ناو دونیای منداڵانەیاندا گەمە دەکرد و بەردیان کۆ دەکردەوە بۆ ئەو کاتەی کە گەورە دەبن و بڕیاری حۆریەکانیش درابوو......


لە ژوانی ئاواتە لەمێژینەکانی مێژووی ئەم جیلە، لە ناو قامووسی پەڕە ژاکاوەکانی ژیانی ئەم منداڵانە منداڵیەتی بێماناییە، ڕوح و دونیای منداڵانە ھیچ دەرفەتێکی بۆ گەشە کردن و سەقامگیر بوون نییە لە کاتێکدا کە بێکوتایی پەتی سێدارە ھەلواسراوە و ھەمووڕوژێک بە پەتی ئەم سێدارانە پەلکە دەھونرێتەو بۆ ناو دڵی بەیان، بۆ ناو خانووی ئایەندە ، ئیتر کانیاوی چاوی خەڵکی ئەم مەڵبەندە خۆڵەمێشیە دیتنی پەلەقاژەی مەرگیان لە کاتی سەرھەڵدانی بەیان، لەو کاتەدا کە تیشکەکانی ھەتاو گەشە دەکەن و خۆر دەخەملێ و بڕیار ئەدەن کە ژیان خەریکە دەست پێ دەکا، پێ سەیر نییە، چیتێر گویچکەکان ھاواری جەستە بێگیانە ھەڵواسراوەکان یا کوو خڕە و ھۆڕەی بەردەکان نابیستن ، ئەستندنەوەی ژیان چیتر ھێمای پرسیاری بۆ داناندرێ. کۆمەڵگا ڕادەھێنن، بە تاوان کردن، بۆ ئەوەی کە تاوان ئاسایی ببینێت، ..و..زۆر ساکار چیڕۆکی ژیان دەتوانی خاڵی کۆتایی لە سەر دابنرێت....


منداڵەکان گەورە بوون و ڕۆژێکی نە چەندان دوور لە پایەتەخت لە ناو مەیدانی گەورەی شاردا کوڕێکی گەنج لە بەر چاوی شارێک، لە بەر چاوی پولیسدا کوڕێکیتری بەر چەقودا و بە چەندین زەربی چەقۆ دەیکوژێ و چەند ئاسایی خەڵک چاوییان لەو سناریۆیە دەکرد، کەس ھەوڵ نا‌دات کە دەستی بگرێت، تەنانەت پولیسەکانیش ڕاوەستابوون لە دوورەوە و.... چەند کەسیش بە پەلە بە تەلێفونە دەستیەکانیان فیلمی لێ ھەڵدەگرن و رۆژی دواتر تەواوی دونیا بە کرتەییەک لە سەر شاشەی داتاکەی ئاگای لە ھاواری بکوژێک و ناڵەی پڕ لە دەردی کوژراوێکە و خەڵکێکی بینەر، بێ ئەوەی کەس ھیچ بکات.....چەند مانگ دوای ئەوە ھەر ئەو پولیسانە کە بێدەنگ و بێ‌ھەڵویست ڕاوەستابوون و شایەتی مردنی قوربانی بوون بکوژەکەیان دەسگیر کرد و پەتی سێدارەیان بۆ ھۆنیەوە و لەگەڵ کازێوەی بەیان ئەو کاتەی کە ھەوەڵین تیشکەکانی خۆر روومەتی شەو دەڕۆشینت و پاشەکشە بە شەو دەکات داریان بۆ ھەڵواسی و لەگەڵ ھەوەڵین "اللەاکبر" بانگی بەیانی لە سێدارەییان دا. منداڵان و میرمنداڵانێکی زۆر ئەو شەوە نەخەوتبوون تا نە وەکو دیمەنی ئەو سێدارە دانە لە دەست بدەن و تلویزیونە ئیرانییەکان فیلمەکەیان بڵاو دەکردەوە خەڵک ھاوارییان دەکرد "نیروی انتظامی تشکر تشکر..".....٣

*     *     *

..... مەجید حەز لە ئامینە دەکات ئامینە وەڵامی ناداتەوە، نا ئیمکانی نییە ناتوانێ قەبوڵی بکات، غیرەتی پیاوانەی بریندار بووە بۆیە ئەسید بە دەموچاوی ئامینەدا دەکات و بۆ ھەتا ھەتاییە چاوەکانی لێ دەسێنێتەوە و ماڤی ژیانێکی ئاسایی بۆ ناھێڵێت و یاساش دێت ئەم کێشەییە چارەسەر دەکات دەبێت ئەو کەسە بە ئەسید چاوی کوێر بکرێت......٤، کەسێک لە بەر ھەژاری و نەبوونی دزیی دەکات یاسا دەستی دەبڕێتەوە...٥ و یەکێک لە مەیدانی شارێک لە سێدارە ئەدەن ئەمجارەیان لا بردنی کورسی ژێر پێی قوربانییەکە دەسپێرنە دەست ھاووڵاتی‌یەکی ئاسایی، دەست میرمنداڵێک ....٦


من گێژم، گێژم لە خۆم دەپرسم ئەگەڕ بڕیار بوایە کە سێدارەکان بەرژەوەندیان بە دیاری بھێنایە و کێشەکانیان چارەسەر بکردایە خۆ ساڵیانێکی زۆرە لەم وڵاتە خەم گرتوو ھەموو ڕۆژێک ئاگر بەر ئەدەنە دارستانیک و لەو قاقرستانە دارستانی سێدارەیان دا‌چەندووە، خۆ لەم وڵاتە بە خەم ڕازاوەێە بە پەتی سێدارە پردیان بۆ چونە ناو ئایەندە دروست کردووە، خۆ ساڵیانێکی زۆرە بۆ کوشتنی ئەوین مرۆڤەکان دەچیندرین بە ناو قەدی خاکدا و بارانی بەردییان بە سەردا دەبارێت...


لە خۆم دەپرسم ئایا بە بڕینی دەستی دزە چکۆلەکان سامانی بە تاڵانچووی وڵاتێک دەگەڕێتەوە؟!......


لە خۆم دەپرسم کە ئایا دەکرێت رووناکایی چاوی مرۆڤایەتی کۆ‌مەڵکایەک کە ساڵیانێکی زۆرە بە ھەموو ئامرازێک ھەوڵ ئەدرێت بۆ کوێرکردنی بە کردنی ئەسید بە چاوی تاوانباریکدا بگەڕێنیتەوە......؟! لە خۆم دەپرسم بڵێی چیتر نیگاری بزەی بەھار بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە خوێناویە و دەرکە لە گوڵ بکاتەوە؟ بڵێی چیتر چیای ناسۆر و ئێشی زامەکانی ئەم جەستە زامدارە جارێکیتر سارێژ ببێتەوە...؟؟؟
________________________________________________

پەراوێز:
١- ئاماژە بە لە سێدارەدانی پیاوێک بە ناوی مەحـمودی کە لە بانە لە بەرچاوی خەڵک لە سێدارە درا.
٢- تا ئێستا بە گویرەی ئاماری کەمپینی دژ بە بەردباراب ٩٩-١٠٩ جار بەردباران لە ئێران بەڕێوەچووە و ئێستاش ٦٩ کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی بەڕێوەچونی ئەو حوکمەن، ئەم حاڵەتەی کە ئاماژەم پێ کردووە بەردەبارانی ژنێکە بە ناوی فاتمەی دانش لە شاری ساری لە ساڵی ١٩٩٧.
٣- رووداوی مەیدانی کاجی شاری تاران کە ڕێکەوتی ٦ی ئابانی ١٣٨٩ ڕووی دا. و بەکوژەکە کە ناوی یەعقوبی عەلی جەعفەری بوو لە ڕۆژی چوارشەممەی ١٥ دەی ١٣٨٩ ھەر لەو مەیدانە لە سێدارە درا.
٤- کویر بوونی ئامینە بەھرامی بە دەست مەجید مەوحدی.
٥- بە گوێرەی مادەی ١٩٨ی یاسای ئیسلامی دەست بڕینەوە ئێستا یەکێک لەو شتانەیە کە بە ‌ڕێژەیەکی زۆۆر لە ئێران ڕوو ئەدات.
٦- لەسێدارەدانی مەحمودی ئەمیری موقەدم لە شاری شیراز.

 

 

١٩\٦\٢٠١١

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک