کورتیلە چیرۆک:
مێژوو.
هیوا ڕەش
شەهیدێک و جەللادێک خەونیان بینى ، ئەویان
خەونەکەى ڕەنگاڵەیى بوو هى ئەمیان قەترانى .
شەهید بۆ گەل و ویژدان ، جەللاد بۆ دوژمن و گیرفان ، هەردووکیان ڕۆ
چووبوونە قوڵایى خەونێکى بێسەر و بنەوە .
بەهەشت و خەندە و ژیانى ڕازاوە شەهیدەکەى لە شیرین خەو دا هێنابووە
خەندە ، دۆزەخ و فیغان و ژیانى قات و قڕى جەللادەکەى خستبووە ژێر
چڕنوکى مێردەزمەوە .
سەرکردەکان نەیانهێشت کەسیان بکەونە سەرەنوێلکى مێژوو ، دادپەروەرانە
هەردوو خەونەکەیان ڕاڤە کرد و بۆ پاداشتى هەردووکیان مووچەى
خانەنشینیان بڕییەوە و بە یەکسانى لە یەک جێگادا دابەشیان کرد بە
سەریان دا ، ئیتر خەڵکى ئەم نیشتمانە شێتن ئەگەر باس لە دادپەروەرى و
یەکسانى بکەن .
پەپولە.
ئارەزووەکانى ببوونە نەخشى سەر باڵى پەپولە ، پەپولەش تواناى خۆى لە
باڵەکانى دا جەم کردبوو و پەیتا پەیتا ئەیدا بە یەک دا ، لە هیچ
جەنگەڵستانێک ووچانێکى نەدا .
مێرگێک قژى خۆرى ئەڕنى و گوڵێکى تێدا بە هیوا ئاووس ، تابلۆیەکى ڕەنگین
بەڵام تێک ئاڵۆسکاوى نیشان ئەدا ، لەوێ پەپولەکە لاى داو بوو بە میوانى
گوڵ.
پەپولە و گوڵ ئامێزیان بۆ یەکتر واڵا کرد ، لێوى یەکتر یان هەڵمشت .
ڕەشەبایەکى بوغزاوى ، بە ئۆقرە لێ بڕاوى ، هەردووکیانى ڕاپێچ کرد ،
پەڕەى گوڵى ژاکاند و پەپولەشى ئاودیوى سنورى نامۆیى کرد .
مەگەر نازانن لەم مەملەکەتە ، مەرگ ئامبازى جوانییەکانە !
مەدالیا.
پێشکەشە بەو نووسەرانەى دەستى ڕەش بەرۆکى گرتوون.
وەکو لاکى مەڕ و بزن بە قولاپێک دا هەڵیان واسیبوو ، ئاو و کارەبایان
بۆ گەیاندبووە ئەو بەرزییە ، مایەپووچ بوون لە گەڵى دا .
لەوە زیاترى نەووت : من کە نەزانم چیرۆک ماناى چییە ئیتر چۆن بتوانم
بینووسم ، بەخوا ئەوە ئازارەکانمە لە باتى ئەوەى دەست بۆ تفەنگ بەرن ،
پەنایان وەبەر قەڵەم هێناوە .
ئەوانیش لە قولاپەکە هێنایانە خوارێ و لە شوێنێکى بەرز تر پەتێکیان
کردە مەدالیاو خستیانە ملى .
قەرەج.
لە دوا وێستگەدا تەنها دوو سەرنشین مابوون دابەزن ، دوو کچى ئەسمەرى
لێو تەنکى چاو بەڵەکى قژ درێژ و خاو .
گووتم : فەرموون دابەزن .
گووتیان : ئێمە دەچینە ئەو بنارە .
گووتم : من پارەى تا ئێرەم لێ وەر گرتوون و زیاتر ناڕۆم .
یەکێکیان دەستى برد لە بەینى مەمکە قووتەکانى دوو دینارى دەرکرد .
گووتى : بگرە ها ، هەر هاوارى پارەتانە .
منیش لە شەرمانا بێ ئەوەى دەست بۆ پارەکە بەرم و بێ ئەوەى بێمە گۆ ،
ملى ڕێم خستە بەر تایەى ئۆتۆمبیلەکەم و بردیانم بۆ شوێنخواستى خۆیان ،
لەوێ سوێندیان لێ خواردم کە دابەزم .
لە ناوەندى چەند ڕەشماڵێک دا مە جلیسێکى گەرم لە ژن و پیاو ، هەموو بە
پیرمانەوە هاتن بە پێشوازییەکى گەرمەوە منیان بردە نێو مەجلیسەکەیان .
دۆ و کاکڵە گوێز و هەنگوینى ساغ و نانى گەرمیان لە سەر سینییەکى تەختە
لە بەردەمم دانا ، لە چەند لایەکەوە فەرمووم لێ کرا .
دەمەتەقێ کاتەکەى لێم گەیاندە دەمە و نیوەڕۆ ، ویستم بگەڕێمەوە
نەیانهێشت و لایان بوومە میوان .
دواى نیوەڕۆ خوانێکى بە کۆمەڵ گەنجێک دەستى کرد بە گۆرانى چڕین ، هێدى
هێدى هەڵپەڕکێ گەرم بوو . نێر و مێ بە خۆشنوودییەوە دەستیان گرت ،
سەرچۆپیشیان دایە دەستى من .
دوو کیژۆڵەى ناسکى چەشنى کارمامز ، بە سەمایەکى بە جۆشەوە لە ناوەندى
شایى کەران هێندەى تر ڕەونەقى شاییەکەیان ڕازاندەوە .
ئارەقە سەرتاپاى جەستەمى تەڕ کرد ، لە هەڵپەڕکێ بووینەوە ، دواى
حەسانەوە دیسان چایان دەم دایەوە ، مەڕ و ماڵات لە لەوەڕ گەڕانەوە ،
دنیاش بوو بە ئێوارە وەختێکى درەنگ .
ڕۆن و هەنگوین و کاکڵە و دەستێک ڕانک و چۆغە و جووتێک کڵاشى پەڕۆیینیان
بۆم پێچایەوە و تا لاى ئۆتۆمبیلەکەم بە ڕێیان کردم .
من سەرسام بووم پێیان نەمئەزانى چۆن داواى مافى پەنابەرێتییان لێ بکەم
.
لەوساوە من خەون بە نیشتمانێکەوە ئەبینم : نیشتمانێکى بێ سنوور ،
نیشتمانێکى هەمیشە بەهار ، نیشتمانێکى لێوان لێو لە پێکەنین ، لە خۆشى
و هەڵپەڕین ، نیشتمانێک پارە و قازانجى تێدا زاڵ نەبێت ، نیشتمانێک یە
کسانى تێدا بەر قەرار بێت ، نیشتمانێک هەر ڕۆژە و لە شوێنێک هەوارى
تێدا هەڵدەم ، نیشتمانێک تێیدا تفو لە سەرمایەدارى کەم .
خەونەکان سەراوبن بوون ، ئەو شوێنە کرایە مەیدانى شەڕى سەرکردەکان ،
ئەمجارەیان چەکدارم ئەگواستەوە بۆ بەرەى جەنگەکان . تا نیشتمانێک لەت
کەن و بیکەن بە دووان .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|