په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

مەلا کەلەپوورێکە و شوێنی مۆزەخانەیە.


ستیڤان شەمزینانی


هەرگیز حەزم لە دیالۆگی بێ سەرئەنجام و شەڕە قسە نییە، بەڵام دەستدرێژیی مەلاکان بۆ سەر ئازادیی و مەدی سکۆلاریزم، بەجۆرێکە بەرد دەهێنێتە قسە و هەموو بێدەنگییەک نەک مانای رێزگرتنی وشە و قەڵەم نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە جۆرێکە لە بێ هەڵوێستی. ئەوەتا مەلاکانی کوردستان کە میراتگری جەهل و خورافات و هەزارەها سەفسەتەی بێ کەڵکن بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردیی لە دۆخی دواکەوتوویدا، نەک ئەوەی دڵیان بە پەخشی ئەو هەموو خورافە و میتۆلۆجیایانە ئاو ناخواتەوە کە دەرخواردی ئایندارانی سادە و ساویلکەی دەدەن، جیا لەوەی هەموو رۆژێک ژەهری دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی دەڕێژن، بەدەر لەوەی بە ئاگری دۆزەخ و بەشینەوەی پسووڵەی چوونە بەهەشتێکی وەهمییەوە، خەڵک موعتاد و سەرەخۆش دەکەن، زیاتر پێیان داگرتووە و ئەوەتا بە یەک تیم و یەک زمان و لەژێر یەک روانگەی ئاینیی دواکەوتووانەدا هێرش دەکەنە سەر ئازادیی فیکر و بۆچوون و هەموو ئەو ئازادییانەی تری کە بەخەبات و ماندوبوونێکی درێژخایەن لەلایەن هێزە چەپ و رادیکاڵ و سکۆلاریستەکانەوە بەدەستهاتوون، تەنانەت سەنگەری کۆنەپەرستییان لە بزووتنەوەی ژنان و دەستکەوتەکانی رەگەزی مێینە لە کوردستان گرتووە و دەیانەوێت بەهەر نرخێک بووە ئەو شەپۆلە لە دەستکەوت و پێشەوەچوونی دەستکەوتەکانی ژنان بەرەو دواوە بگێڕننەوە و هێندەی تر کورەی دۆزەخی پیاوسالاریی گەرمتر بکەن. تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی مەلا کۆنەپەرستەکانی کوردستان بوونەتە فلتەر و سانسۆر لەسەر رۆژنامە و هەموو ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی کە لەپێناوی خزمەتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵی کوردستاندا پەخش و بڵاو دەکرێنەوە.


بەبڕوای من ئەم سەنگەر گرتن و هێرشە لەسەر یەک و رێکخراوانەی حیزبە ئیسلامییەکان و مەلاکان دەیکەنە سەر ئازادیی بەشێوەیەکی گشتیی و ئازادیی فیکر و ژنان بەتایبەتی، کارێکی بەرێکەوت نییە، بەڵکو پلان و پیلانێکی دیراسەکراو و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ زاڵکردنی کەشێکی ئاینی و کۆنەپەرستانە بەسەر کۆمەڵی کوردستان کە هەنووکە دەبینین وەک کۆمەڵگەیەکی نیمچە کراوە خۆی دەنوێنێت و ئومێدی ئەوەی لێدەکرێت بەرەو کرانەوەی زیاتر هەنگاو هەڵبگرێت، بۆیە بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە کە لایەنگرانی سکۆلاریزم و ئازادیی و کرانەوەی کولتووریی لە کوردستان، هەڵوێست و پەرچەکرداریان لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا هەبێت، چوونکە ئەو کارە گرەنتی پاراستنی ئەو رێچکەیە دەکات کە ئەمڕۆ لە کوردستان بەرەو مودێرنێزم و سکۆلاریزم رێگایەکی درێژی بڕیوە، ئەگەر مەلاکان دژی مەریوان هەڵەبجەیی هەزاران کەس بڕێژنە سەر شەقامەکان کاتی ئەوە هاتووە کە عەلمانییەکان بۆ دەمکوتکردنی مەلا سەلەفی و حیزبە ئیسلامییە دەمارگیرەکانی کوردستان وەک هێزێکی کارا و خاوەنی قسەی جیددی و هەڵوێستی روون بێنە مەیدان و وەڵامی دەقاودەق و کەمەرشکێن بەو تەوژمە بدەنەوە، چوونکە وەک پێشتر وتم بێدەنگی لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە نییە کە لە بواری دەستبەرکردنی مافەکانی ژنان و ئازادیی بیروڕا لە ماوەی نێزیکەی بیست ساڵی رابردووی دوای راپەڕینەوە بەدەستهاتوون.


بەدیتنی ئەز کاتی ئەوە هاتووە و بگرە زۆر درەنگیشە کە مەلاکانی کوردستان بێدەنگ بکرێن، بێدەنگی بەو مانایەی رۆڵیان سنووردار بکرێت و لەبازنە و چێوەی مزگەوتەکان دەرنەچێت، نابێت چیدی رێگە بە مەلا بدرێت لەسەر هەموو شتێک و لەهەموو بۆنەیەکدا قسەی خۆی بکات، بەڵکو گرنگە کاریان لە چوارچێوەی راپەڕاندنی ئەرک و سرووتە ئاینییەکاندا قەتیس بکرێت، ئەمەش بەهاتنە مەیدانی عەلمانییەکان و دەنگ هەڵبڕینی میدیا و رۆشنبیران و لایەنگرانی ژیانی ئازاد و بیری ئازاد و روانگەی ئازاد دەکرێت، چوونکە وەک وتم چیدی ناکرێت مەلا هەر لە فێمینیزم و جێندەرەوە تا یاسای هاتوچۆ و ترافیک و ژیانی تاکەکەسی هاووڵاتیان قسەی هەبێت و بیەوێت خەڵک و ئایندارانی ساویلکە بۆ دژایەتیکردنی مۆدێرنیزم و سکۆلاریزمی کۆمەڵگە تەیار بکات. چەپ و دەستەبژێر و نەوەی تازە پێگەیشتووی کوردستان کە چاویان لە دواڕۆژێکی رووناکە بۆ کوردستان، دەبێت رێگە بە مەلاکان بگرن دەم لەهەموو شت و پرسێک وەربدەن، چوونکە دیتن و خودی مەلاکان هێندە کۆن بوون تەنیا لە مۆزەخانەدا جێگایان دەبێتەوە.


بەدەر لەهەموو ئەمانەش پێویست کەس چاوەڕوانی دەسەڵات نەکات، کەس چاوەڕوانی گۆدۆ نەکات، بەڵکو ساتەوەختەکە هێندە هەستیارە، دەبێت هەر یەک لەئێمەومانان هەڵوێستی روونی خۆمان هەبێت و بەرەی خۆمان نیشان بدەین و داکۆکیی سەرسەخت لە سەنگەری خۆمان بکەین، چوونکە لانیکەم پێویستە لەو راستییە زۆر ساکارە حاڵی ببین شکاندنی سەنگەری سکۆلاریزم و پێشکەوتووخوازیی کۆمەڵگەی کوردستان یەکسانە بە دووبارەبوونەوەی ئەفغانستانی سەردەمی تاڵبان و کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران و ئەو حکوومەتە ئاینی و ئیسلامیانەی کە جگە لە شوورەیی و چارە رەشی مرۆڤ هیچ شتێکی تریان لەمێژووی خۆیاندا تۆمار نەکردووە. من ئەم نووسینە وەک بانگەوازێک دەبینم کە دەیەوێت بڵێت پێویستە لەدەوری یەکتر کۆ ببینەوە و هەموو پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەکانی ئیسلامگەرا و مەلا کۆنەپەرستەکانی کوردستان ببینەوە، کۆبوونەوەی ئێمە لە دەوری ئامانجی سکۆلاریزم و مەدی پێشکەوتووخوازیی کۆمەڵگە خۆی لەخۆیدا سەرەتایەکی گرنگە لە پاشەکشێکردن بە رەوتی بەرامبەر، کە وەک پێشتریش وتم ئەرکی ئێمەیە مەلاکان وەک کەلەپورێکی کۆن رادەستی مۆزەکان بکەین و چیدی نەهێڵین خۆیان بکەنە کەواسوری بەر لەشکر و کۆمەڵگە و موسڵمانی سادەی ئاسایی بۆ مەرامەکانیان بەکار بەرن، ئەمە مەیدانێکی گرنگە و کاری جیددی لەهەر یەکێکمان دەخوازێت.

 


Shamzini79@hotmail.com