په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٦

مەملەکەتی خۆر!

ئەو پیاوەی بوو بە هەڵۆ.


نەهرۆ             


لەمەملەکەتی خۆر خەڵکانێک دەژیان بە دوای شوناس دا دەگەڕان، هەر لە مێژە پارچە پارچە کرا بوون، لە ناوخویان دا ناتەبا بوون، پیاوێک لەو مەملەکەتە دەژیا ناوی مام قادر بوو، مام قادر هەتا بڵی کەڵەگەت و بەخۆ بوو، هەر لەسەرەتای لاویەتییەوە تێکەڵاوی سیاسەت ببوو، بەدوای مافی کریکاران و رەنجدەران و ئافرەتان و لاوانەوە وێڵ بوو، هەتا سەری نایەوە، دەست بە ئامانجەکانییەوە گرتبوو، ژنی هەبوو بەڵام وجاغی کوێر بوو، لە مەملەکەتی خۆر خەڵکەکەی بروایان بە دۆناو دۆن هەبوو، بۆ نموونە یەکی بمردایە روحی دەچووە جەستەیەکی ترەوە وەک پەلەوەر، ئاژەڵ، رووەک، مام قادر دوای مردنی بوو بە هەڵۆ، هەڵۆیەکی زل و کەتە، ئەم نهێنی یە تەنیا پیرەژنێک دەیزانی کە لە گوندێک دەژیاو بەدەستە سیسەکانی وردە بەرد لەچاوی خەڵک دەردەهێنا ! کاتێ هەڵۆەکە بە ئاسمانی مەملەکەتی خۆر دەسۆڕایەوە، سەرتاپا ئاسمان رەنگی پەلکە زیڕینەی دوای باران دەگرت، کاتێ کە مام قادر مرد بوو سەراپا یادەوەری کۆمەڵگای لەگەڵ خۆی بردبوو، کاتێکیش کە بوو بە هەڵۆ ئەم یادەوەریە دیسان لە ئەندیشەی زیندوبوەوە، هەر بۆیە ئەم هەڵۆیە دەیزانی لە مەملەکەتی خۆر کێ گرفتی هەیە ! دەیزانی کێ خەفتبارو نەخۆشە، دەیزانی کێ کەم دەست و هەژارە، کاتێ مام قادر بوو بە هەڵۆ دەسەڵاتێک لەگەڵیا پەیدا بوو، زۆر سەرسۆڕهێنەر بوو، دەسەڵاتێکی بێ وێنە، تەنیا جارێک بەس بوو بەسەر مەملەکەتی خۆر بسوڕێتەوە ئیدی ئاسمان بوو بەیەک پارچە پەلکە زێڕینە، پێکەنین دەکەوتە بەر لێوان، خونچە گوڵی باغچەکان دەکرانەوە، تەندروستی بۆ نەخۆش دەگەڕایەوە، هەژاران کاسەکانیان پڕ دەبوو، لەکاتی سوڕانی بە ئاسمان دا وەک ئافرەتی جەرگ سوتاو دەیقیژاند وەک مناڵ دەیزریکاند، بیزانیبایە لە کوێ نەخۆشیک هەیە مەبەستم لە مەملەکەتی خۆر دەچووە سەر بانەکەیان دادەنیشت و دەیزریکاند تاوەکو نەخۆشەکە چاک دەبوەوە، بیزانیبایە ماڵیک هەژارن دەچووە باخەکان خوشە خورمای بۆ دەهێنان لەسەربانەکەیان دایدەنا، بەدەنووک دەچوو ڕاوە ماسی یی دەکرد بۆ ماڵە هەژارەکان بەری دەدایەوە!


خەڵکی مەملەکەتی خۆر پێ سەرسام و حەپەسا بوون، ئاخۆ ئەم هەڵۆ یە چ نهێنی یەک لە هەگبەی دایە، چ سیحرێک لە تیشکی نێگاوشەپۆلی دەنگی دایە، هەر ئەوەندە ماوە وەک حەزرەتی عیسا مردوو زیندوو بکاتەوە ئەگینا یارمەتی هەژارو نەخۆش و لێقەوماوان ئەدا، خەڵکی مەملەکەتی خۆر بۆ ئەوەی سەر لە نهێنی هەڵۆەکە دەربکەن روویان لە پیرەژنەکە کردو داوایان لێ کرد هەندێک باسی باکگراوندی ئەم هەڵۆیەیان بۆ بکا ؟ پیرەژنەکە بە بەربێنەکەی لێواری دەمی ئەسرییەوەو دەستی بە ئاخافتن کرد و گوتی، ئەم هەڵۆیە روحی مام قادرە جارێکی دی زیندووبوەتەوە، ئەم دەسەڵاتەی کە هەیەتی لە تیشکی نیگاو شەپولی دەنگ خوداوەند پێداوە چونکە تا لە ژیان مابوو کاری خەیرەو چاکەی ئەکرد، بۆ نموونە باوکی خاوەن ئەرز بوو، کاتێ دەسەڵات کەوتە دەستی مام قادر وەک تولستوی ئەرزەکانی بەسەر هەژاراندا دابەش کرد، کاتێکیش چووە نێو بازنەی سیاسەتەوە بە پاکی چووە نێوی بە پاکیش ماڵئاوایی کرد، ئەو بە نەرینی پارەی حزب و شورشی بە کار نەدەهێنا، ئەوە فەرمانەکانی حزب تا دوا ساتەکانی ژیانی جێ بە جێ ئەکرد، لەکوێ ناهەقی هەبووایە ئەو دەنگێکی نارەزا بوو!


ئێستاش کە بۆتە هەڵۆ توڵەی ئەو کاتە دەکاتەوە، کە لەژیانی یەکەمی دا نەیتوانیوە تێکرای خەونەکانی بەدی بێنێ، لەبەرگی ئادەمی دا دەسەڵاتی سنور دار بووە! خوداوەند ئاگاداری خەونە بە دینەهاتووەکانی مام قادر بووە بۆیە وەریگێڕایە سەر هەڵۆ و دەسەڵاتیکی بەرفراوانی پێداوە وەک چاوێکی تیشکدار و دەنگیکی بە زەبر، ئەو دانیشتوانی مەملەکەتی خۆر زۆر خوش دەویست، تا لە ژیان مابوو بە دوای ماف و شوناسەوە دەگەڕا، ئەویش دەیویست مەملەکەتی خۆر وەک میللەتانی تر ببن بە دەوڵەت و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵای شەکاوەیان هەبێ ! ئەو هیچ کات لە ژیانی دا بیر لە بەرژەوەندی خۆی نەدەکردەوە، ئێستاش کە بووە بە هەڵۆ پارە لە قاسەی دەوڵەمەندکان دەردێنێ و بەسەر خەڵکی هەژاردا دەیبارێنی، هەر دەڵی لە ژێر کاریگەری روبن هود دایە!


کاتێ خەڵکەکە دەگەڕانەوە قسەکانی پیرەژنیان لەمەر مام قادر هەڵۆەکەیان گەیاندە رادیو تەلەفزیون و رۆژنامەکان، بۆ چەندین رۆژ دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسی نهێنی ژیان و کاری مام قادریان دەکرد لە زەمەنی ئینسانی دا، هەروا سەرسوڕمانیان دەردەبرێ بەرانبەر ئەو دەسەڵاتەی لە زەمەنی بوون بەهەڵۆ دا لێ بەدەرکەوتووە، ئیدی بەم شیوەیە لە مەملکەتی خۆ تادەهات گرفتەکان کەمتردەبونەوە چونکە هەڵۆی بەرزەفر دانەبڕا لە ئاسمانی!


بەڵام مەخابن دوای ماوەیەک دەنگ و دوی هەڵۆ نەما چیتر ئاسمان ڕەنگی پەلکە زیڕینە بە خۆوە نەگرت، تا دەهات ژمارەی نەخۆشەکان زۆر تر دەبوون لە مەملەکەتی خۆر، هەژاری برەوی سەند، بەو سەرمایەی زستان نەوت نەبوو، خەڵکەکە مووچەیان نەبوو، مامۆستا دەگریا بۆ نەبوونی مووچە، پێشمەرگە هەبوو نەیتوانی شیر بۆ مناڵە ساواکەی بکڕێ ! ئافرەتان لە بێ مافی دا خۆیان دەسوتاند، خەڵکیش دەیانگووت بۆیە قەیران رووی تێکردووین چونکە هەڵۆی بەرزە فڕ سەردانمان ناکا ئەگینا لەسەرەمی سوڕانی بە ئاسمان دا، خەیرو بەرەکەت رووی لە مەملەکەت دەکرد، خونچە گوڵەکان دەکرانەوە، ئاسمان رەنگی پەلکە زێڕینەی لەخۆ دەگرت و هەژاری نەدەما!

 
هەر بۆیە خەڵکەکە کەوتنە سوراغی هەڵۆەکە، بە دەیان ڕەشوڵەو چولەکە پەیامیان نارد بەڵکو بگاتە بەر گویچکەی هەڵۆی بەرزە فڕ بەڵام سودی نەبوو، هەڵۆ جاریکی دیکە پیر ببوو، لەبەر پیری جارێکی دیکە مرد ! تەنیا وەسیەتێک دوای خۆی جێهێشتبوو ئەوە بوو (هیلانەکەم بکەنە نەخوشخانە).


ئیدی لە دوایی دا خەڵکی مەملەکەتی خۆر بە تاک و کۆمەڵ سەردانی جێ هیلانەکەیان دەکرد بە نیازی جوراجور و دوور کەوتنەوە لە دەردو بەڵای زەمانە!

___________________________
* بەهرەی ئەم چیڕۆکە بەشیکی لە واقیع وەرگیراوە!
 

٢٨\١٢\٢٠١٦ - نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک