په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٢

مەیدانی ئازادیی میسر، مەیدانی شکست و ئومێدە گەورەکان!

کازم قادر         

 

شۆڕشەکانی"دونیای عەرەب"،هەر لەسەرەتاوە پڕبوون لە ئومێدو نائومێدیی،شۆڕشێک ئاسۆی سەرکەوتنەکانی نەک گەش و ڕوون بوون،بەڵکو لەبەردەم دوو هێزی تاریک و دژە شۆڕشی ناوەکیی و دەرەکییدا قەراری گرتبوو.یەکەم ئیسلام و ئیخوانەکان لە ناو دڵی شۆڕشداو دووەم ڕۆژئاواو ئیمپریالیزمی جیهانیی لە دەرەوە.واتە شۆڕش ئەگەر بۆ چینی کرێکارو بەشمەنەتان ئومێدو کرانەوەی دەرگەێک بووبێت،ئەوا بۆ دژەشۆڕشەکان_سەرمایەداریی جیهانیی ئیخوانەکان_لاشەێکی بۆگەن بوو،یان دەیانویست بیکەنە ئەو جەستە بۆگەنە وەک لە لیبیاو سوریادا کردیان،تا ئارەزووە پیس و نامرۆییەکانیان تێر بکەن.لەو ڕووەوە هەموو دونیا شاهێدی ئەو دەست تێوەردانە دەرەکیی و ئیمپریالیستیە بوو بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕش و بۆ بە ئیسلامیی کردنی شۆڕش.لەو پێناوەشدا هەڵبەتە لە هەنگاوی یەکەمی شۆڕشدا توانیان ئیخوانەکان سەربخەن و بە دەسەڵاتیان بگەێنن.بەدەسەڵات گەیشتنی ئیخوانەکان لە میسرو هەر وڵاتێکیتری عەرەبیی لە ئێستاو داهاتووشدا(ئەگەر پاشەکشەیان پێنەکرێت،بە تایبەت لە میسردا کە بەبۆچوونم سەنتەری یەکلایی کردنەوەی بەرەی کۆنەپەرستیی ئیسلامیی و بەرەی ژیان و پێشکەوتنخوازیی و ڕۆشنگەرییە)هەمیشە ئەگەرێکی گەورەو واقیعی بووەو دەبێت.ئەوەش کە تا ئاستێکی بەرین زەمینەی بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییەکان مسۆگەر دەکات،ئەو کولتورە دواکەوتووە ئایینییە ئیسلامییەیە کە مرۆڤ و کۆمەڵگەی عەرەبی گێژو گەمژە کردووە،ئەو ماشێنە میدیاییە چەواشەکارو کۆنەپەرستەیە کە کەناڵێکی وەک جەزیرە لە لوتکەکەیدا ڕاوەستاوە.هەرچەندە بابەتەکە توێژینەوە نییە لەسەر کولتورو واقیعی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی عەرەب نشین،لەوبارەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم،کە لەناو ئەو تاریکستانەدا،لەناو میدیایەکی زەبەلاح وچەواشەکارو کولتور داڕزیودا،ئەو ڕۆژانە،شۆڕشی میسر جارێکیتر پەرچەمی شۆڕش و بەردەوامیی شۆڕش بە ڕووی کۆی کۆنەپەرستیی ناوخۆیی و دەرەکییدا بەرز دەکاتەوە.


لە هەڵگیرسانەوەو بەردەوامیی شۆڕش لە میسردا،یانیش قسەکردن لەسەر شۆڕشی میسر،بەبۆچوونم دوو تەوەر،دوو لاێن و دوو دیوی واقعیەتی شۆڕش بێڕادە پێویست و پڕبایەخە سەرنجی بخرێتەسەر. لاێنی یەکەم ئیسلامییەکان و دووەم لە مەیدان مانەوەی شۆڕش و خودی کۆمەڵگەی دڵی هەژاریی میسرییە.


لەبارەی ئیسلامییەکانەوە یەک ڕاستیی بابەتیی ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسیی ناتوانێت وەڵام دەرەوەی کێشە گەورەو پایەییەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ بێت.ناتوانێت وەڵامی برسێتیی و هەژاریی و بێکاریی بداتەوە،ناتوانێت ئازادیی خواز بێت،ناتوانێت یەکسانیی خوازو لاێنی کەمی مافی یەکسانیی ژن و پیاو بێت و ئەوانەو دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی و خەونی ڕەنگاوڕەنگی ژیان و مرۆفدۆستییتر،کە هێندەی ئاسمان وڕێسمان دوورو ناتەبان لە پرۆژەو مەنتالێتێتی ئیسلام و ئیسلامی سیاسییەوە.بەو پێوەرانە، ئیسلامی سیاسیی سەرباری هەر هەڵکشان و گەشەکردنێکی،هەمیشەو دواجار لەبەردەم شکست و پاشەکشەی گەورەو لەناکاودایە.ئەوەی کە ئێستا لە میسرو مەیدانی شۆڕشەکەیدا ڕوودەدات بە سادەیی ڕاستیینەی ئەو تێزەیە دەسەلمێنێت.بەبۆچوونم ئیتر ئیخوان موسلیمین مێژووی پاشەکشەپێکردن و سەرولێژبوونەوەی خۆی دەژێت.میسر سەنتەرو دڵی ئەو چەپۆک هاویشتنە کۆمەڵایەتییە ئازادییخوازانەیە بە ڕووی ڕۆخساری تاریکی و ناشیرینی ئیخوانەکان و کۆی ئیسلامی سیاسیی،وەک چۆن لەسەرەتاداو بەدەسەڵات گەیشتنی خوێنی بەدەماری کۆنەپەرستیی و ئیسلامگەراییدا کرد،هاوکات شکست پێهێنانیشی لە میسردا،بەچۆکداهێنانی ڕەوتی ئیسلامگەراییە چ لە میسرو چ لەناوچەکەدا.

لاێنی دووەم وەک وتم بەردەوامیی شۆڕش و کۆمەڵگەی چینایەتیی هەژارو برسیی میسرییە،کۆمەڵگەی دەیان میلێونیی کرێکارو بەشمەینەتی بێ نان و خانەولانەی بەدەنگ هاتوو.ئەوە کە شٶڕش بەردەوامە بێڕادە ئومێد بەخشە،بەڵام بابەتی گرنگیتر،پشتیوانیی و کۆمەکی تەواوی ئازادییخوازان و هەموو ئەوانەیە بە ئێش و ژانەکانی مرۆڤ و بە بەڵاو کارەساتەکانی ئیسلام و ئیسلامییەکان بەدەنگ هاتوون. پێویستە هەوڵ بدرێت کەناڵ و میکانیزمی جۆراوجۆر بدۆزرێتەوە بۆ کۆمەککردن و پەیوەندیی زیندوو بە شۆڕشی میسرەوە.شۆڕشی میسر بۆ یەکلایی کردنەوەی بەرەی کۆنەپەرستیی و مۆدێرنیزم بێڕادە چارەنووسسازە.هەروەها بابەتی زۆر جەوهەریی لە ڕاستای کۆمککردن و پشتیوانیی کردن لە شۆڕشی میسر،هاوکاریی و خەباتی هۆشیارانەی چینایەتیی و هەوڵدانە بۆ زاڵکردنی ئاسۆو ئامانجی سۆسیالیستیی و بەرابەرییخوازیی.ئەوە کارو ئامانجێکە زەمینەی لەناو دڵی شۆڕش و کۆمەڵگەی بەشمەینەتی میسردایە.میسر دەسووتێت...بژی شۆڕش.

 

٦\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک