په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٠

میدیا عوسمان:

لە هەندێ‌ تێکستی ئاینیدا ژن وەک ئادەمیزادێکی پیرۆز باسکراوە

کەچی بەپێچەوانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.


گفتوگۆی: ئەرسەلان مەحمود


''ئەوەی مافی ئافرەتی پێشێلکردوە پیاوە، بەڵام پێم وایە دەبێ ژنان خەباتی خۆیان ڕێکبخەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵسن. پێویستە پیاوان شێوەی بیرکردنەوەی خۆیان بگۆڕن. گرنگیدانی پیاوان بە کێشەی ژنان کاریگەریەکی ئەوتۆی نییە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری وەک ئەوەی میدیاکان پێ هەڵدەسن، بۆ نموونە کاتێک ڕۆژنامەیەک ستوونێک یان هەتا لاپەڕەیەک تایبەت بە ژنان تەرخان دەکات، زیاتر دەبێ ڕێگە بە ژنان بدرێت کێشەی ژنان چارەسەر بکەن''. میدیاکار و رۆژنامەنوwس ''میدیا ئاکرێی'' مامۆستای خوێندنی باڵا لە وڵاتی سوید، لە وەڵامی پرسیارەکانى ئێمه‌ ئاوا بۆ خوێنەرانی دەدوێ‌.

ئەرسەلان مەحمود: با سەرەتا لەمەڕ پرسی ئافرەتانی کورد لەدەرەوەی وڵات، بڕۆینە نێو کرۆکی گفتوگۆکەمان، گوزەرانی ئەوان چۆنە، ئایا لەوێش ئەوان گیرۆدەی بەندو باوە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیانن، ئەگەر وانیە مومکینە ژمارەگەلێکی قوربانی لەو بابەتە هەبن، بۆ؟..

میدیا ئاکرەیی: کاتێک کە ژنانی کورد ولاتی خۆیان ( کوردستان ) بە جێدەهێڵن و بەرەو هەندەران بەڕێدەکەون بارودووخەکەیان دەگۆڕدرێت، چونکە پەیوەندی بە هەندێ دابونەریت و پێوەرەکانی جیاواز دەکات. لێرە ( دەرەوەی وڵات ) مرۆڤ یان دەچێتە قوتابخانە یانیش کار دەکات. مرۆڤ تێکەڵاوی کۆمەڵگەی ئەورپی، خەڵک، یاسا و پێوەرەکانیان دەبێت. تا چ ڕادەیەک ئەم گۆڵگەیە دەتگۆڕێ، پەیوەندی بە بەرەوپێشچوونی مرۆڤەوە هەیە لەم کۆمەڵگەیەدا، هەروەها پەیوەندی بە تێگەیشتنی تاکەوە هەیە بۆ ئەو کۆمەڵگە تازەیەو ئامادەبوونی ئەو کەسەوە لەوەرگرتنی زانیاریەکان و درستکردنی گۆڕانکاری لە ژیان و شێوەی بیرکردنەوەی خۆیدا.
بەڵام لەسەروی ئەمەشەوە پێم وایە ژنی کورد لەهەردوو باردا دووچاری زەحمەتی زۆر دەبێت واتا هەم لە کوردستان و هەمیش لە دەرەوەی ولات.
هاتنی ژنانی کورد بۆ دەرەوەی ولاتی خۆی، واتای ئەوەی نییە ئێش و ئازار و نەهامەتیەکانی بەشێوەیەکی ئوتوماتێکی چارەسەر دەبن. بەڵکو ژنی کورد لە ئەورپا پێویستی بەوەیە شێوازێکی ژیان و هەڵسووکەوت بدۆزیتەوە کە بتوانێت وەک ئافرەتێکی ئازاد کار بکات، هاوکات نزیک بێت لە کۆمەڵگەو نەریتە کوردیەکانیش. ژن لە کوردستان ناتوانێت بڕیار لەسەر ژیان و شێوە ژیانی خۆی بدات، کەچی لە ئەورپا پێچەوانەکەی راستەو ژنیش وەک هەر بوونەوەرێکی دی، وەک پیاو بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات. پێم وایە هونەری گەورە ئەوەیە کە ژنی کورد لە ئەوروپا بتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات لە ژیانی خۆیدا، تیایدا لە بوونی خۆی وەک کورد دوور نەکەوێت و هاوکات بتوانێت ئازادی خۆی لەدەست نەدات. زۆربەی هەرە زۆری ڕوداوەکانی کوشتنی ژنان لە ئەورپا بۆیە ڕودەدەن چونکە ئەو ژنانە دەیانەوێت وەک ئافرەتی ئەورپی بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن، دیارە ئەوەش تا ئێستا لەلایەن پیاوانەوە پەسەند ناکرێت و دەیانەوێت ژنان پەیوەست بن بە کولتووری خۆیان، بە بێ گوێدانە ئەو کۆڕانکاریەی لە ژیانی مرۆڤدا دروست دەبێت بە دەکەوتن لە کوردستان و نیشتەجێ بوون لە وەڵاتێکی ئەورپی.

ئەرسەلان مەحمود: ئافرەتی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی، لەو نێوەشدا ئافرەتانی کورد بۆ نەیتوانیوە ببێتە خاوەن کەسیەتیەکی سەربەخۆ، یان بۆچی پێگەی بە تەواوەتی لەیاساو ڕێسا نوسراوو نەنوسراوەکانا بزرە؟..

میدیا ئاکرەیی: پێم وانییە ژنان لە ڕۆژهەڵاتدا فێری سەربەخۆیی بکرێن. ژنان هەر لە منداڵەیەوە بە شێوەیەک پەروەردە دەرکرێن کە باوک، برا و پیاوان بە شێوەیەکی گشتی بڕیار لەجیاتی ژن دەدەن. هەر لە منداڵیەوە کچ ئاگاداری ئەوەیە کە باوکی بڕیار لە جیاتی دایکی دەدات و بەو شێوەیە زاڵبووونی پیاو لای کچانیش دەبێتە دیاردەیەکی سروشتی و لە میشکیدا دەچەسپێت. تەنانەت ئەگەر سەیری بەشێک لە دایکانیش بکەین دەبینین بەشێوەی پیاوان بیردەکەنەوەو کاتێک کچێک شوو دەکات و پیاوەکەی لێیبدات، خودی دایکی کچەکە پێیدەڵێت هیچ نییەو لێدانی پیاوان شتێکی ئاسایییەو ماڵ بەجێ مەهێلە. هەتا ئەگەر ژنێک بیەوێت سەربەخۆیانە بژیت و بڕیارەکانی خۆی بدات، کۆمەڵگەو دەوروبەر دژی ئەو ژنە دەوەستنەوە. ژنی کورد هەم بە ڕێگەی یاسا مەدەنیەکان و هەم لە لایەن کۆمەڵگەوە دەچەوسێتەوەو، مافەکانی پێشل دەکرێن. بۆیە دەرگەکان لەبەردەم ژناندا ئاواڵە نین و چەندین قۆناخیان لە پێشە بۆ ئەوەی ئازادی خۆیان و یەکسانی لەگەڵ پیاوان بەدەست بێنن.

ئەرسەلان مەحمود: پیاو لەهەمبەر پرسەکانی ئافرەت، چۆن دەتوان ببنە بەشێک لەگۆِڕان و گۆڕاوی دونیابینی و، تێگەیشتن لەجیهانی ئافرەت وەک خۆی؟..

میدیا ئاکرەیی: هەرچەندە ئەوەی مافی ئافرەتی پێشلکردوە پیاوە، بەڵام پێم وایە دەبێ ژنان خەباتی خۆیان ڕێکبخەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵسن. پێویستە پیاوان شێوەی بیرکردنەوەی خۆیان بگۆڕن. گرنگی دانی پیاوان بە کێشەی ژنان کاریگەریەکی ئەوتۆی نییە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری وەک ئەوەی میدیاکان پێ هەڵدەسن، بۆ نموونە کاتێک ڕۆژنامەیەک ستوونێک یان هەتا لاپەڕەیەک تایبەت بە ژنان تەرخان دەکات، زیاتر دەبێ ڕێگە بە ژنان بدرێت کێشەی ژنان چارەسەر بکەن. پێم وایە لە پێشا پێوستە پیاوان ئەو گۆڕانکاریەی باسی لێوە دەکەن لەشێوەی بیرکردنەوەیاندا پراکتیزەی بکەن پاشان پشتگیری کێشەی ژنان بکەن. پێم وایە تەنیا باس کردن و نووسین بەش ناکات هەر چەندە قسەکردن بە هەنگاوی یەکەمی گۆڕانکاری دادەنرێت.

ئەرسەلان مەحمود: دەکرێ‌ پێگەی ئافرەت لەناو بیرو باوەڕە ئاسمانیەکان لەڕوانگەی ئێوەوە بزانین؟.

میدیا ئاکرەیی: ئاشکرایە ئاینەکان بەشێوەیەکی گشتی لە لایەن پیاوانەوە ئافرێنراون، بۆیە ژنان هەمان مافی پیاوانیشیان لە ئاینەکاندا نییە. ڕاستە لە هەندێ تێکستی ئاینیدا ژن وەک ئادەمیزادێکی پیرۆز وەسف کراوە، بەڵام لەڕاستیدا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ژنان ناکرێت. ئازادی ژنان سنووردار کراوەو پیاوان زیاتر ئازادیان پێدراوە. کاتێک لە کیتابێکی پیرۆزی ئاینییدا باسی مافەکانی پیاوان بکرێت و ئازادی هەڵبژارادن بە پیاوان بدرێت و بەهەمان شێوە باس لە مافەکانی ژنان نەکرێت واتای جیاوازیکردنە لە نێوان ژنان و پیاواندا. ئەمەش لە قۆناغێکدا چەوسانەوەی ژنان بەدوایدا دێت. بەڵام پێم وایە لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری لە زوور شتدا دەکرێت و خوێندنەوەی جیاواز بۆ تێکستەکانی ئاینیش دەکرێت و پێم وایە پێویستە ژنانیش سوود لەو گۆڕانکاریە وەربگرن و خودی خۆیان ئەو ئەرکە بگرنە دەست نەک پیاوێکی ئاینی ئەو کارە بکات. ڕاستە وەک دەڵێن تێکستی ئاینی وەک قورئان وایە و ناگۆڕدرێت بەڵام لە پراکتیکدا زۆر گۆڕانکاری لە خوێندنەوەو تێگەیشتنی تێکستەکانی قورئانیشدا کراوە.

ئەرسەلان مەحمود: ئەو تایبەتمەندیانەی پیاو دەبێت سەبارەت خەسڵەت و پێکهاتەو دنیای ئافرەت بیزانێ‌ کامانەن؟.

میدیا ئاکرەیی: پێم وایە پیاوان زانیاری باشیان لەسەر شێوازی ژیانی ژنان و کێشەکانی ژنان هەیە، بەڵام ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە پیاو خۆی لە جێگای ئافرەت دابنێت و ددان بە هەڵەکانی خۆیاندا بهێنن و ئەو ئازادیەی لە ژنانیان وەرگرتووە پێیان ببەخشرێتەوە.

ئەرسەلان مەحمود: ئافرەتی کورد هێندەی چارەنوسی خۆی بەشتگەلێکی لاوەکیەوە بەستۆتەوە، ئەوەندە وابەستەی شێوە ژیانی بابەتی خۆی نەبووەو نیە، پێتان وایە دەبێ‌ چ ئاڕاستەیەک هەڵبژێرێت، لەکاتێکدا دەبینین ئێستا لێوان لێون لە ( وێنەو وشەو دروشم و ناو ...) پەیامەکانی خۆشیان ئەو دۆخەی دروستکردووە، ئایا ئافرەتی کورد چۆن دەتوانێ‌ لەدۆزینەوەی خۆیدا سەرکەوتوبێت؟..

میدیا ئاکرەیی: ئافرەتی کورد لە ژێر کارتێکردنی دابونەریت و نوڕمەکانی پیاواندا دەژیت. ئەو دابونەریتانەی بۆ کۆمەڵگایەکی پیاوسالار دروستکراون و سەری ڕێگەیان لە ژنان بزر کردوە. هەزاران ساڵ لە چەوسانەوە وای کردوە کە زۆرێک لە ژنان حاڵەتی ئەمڕۆ بە سروشتی بزانن. پێم وانییە کێشەی ژنان لە کێشەکانی تری ژیان جیاوازتر بێت. هەروەکوو چون ڕزگارکردنی کوردستان پێویستی بە خەباتێکی بێ وچانە بەڵام هەموو کوردان لەو خەباتەدا بەشداری ناکەن، بەهەمان شێوە لە خەباتی ژناندا بۆ یەکسانی هەموو ژنان بەشداری تێدا ناکەن ئەوە پەیوەندی بە ڕادەی هوشیاری ژنانەوە هەیە. هەروەکوو چۆن بەشداری کورد لە خەباتی ڕزگاری کوردستاندا پەیوەندی بە ڕادەی وشیاری گەلەوە هەیە. ئەگەر سەیر بکەین ئێستا لە باشووری کوردستاندا هەندێ کەس هەن دەڵێن کێشەی کورد لە باشووری کوردستان نەماوە لە کاتێکدا کێشەکە هێشتا دەیان قۆناغی ماوە چارەسەر بکرێت.

ئەرسەلان مەحمود: میدیا ڕێکخراوەکانی ئافرەتانی کورد چۆن و لەژێر چ چەترێکدا دەبینێ‌ و پۆلێن دەکات؟..

میدیا ئاکرەیی: دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لە باشووری کوردستان زۆر کار کراوە بۆ دوروستکردنی گۆڕانکاری لە ژیانی ژنانداو چەندین ڕێکخراوێک کاریان کردوە بۆ گۆڕێنی یاساکان و خستنە بەرچاوی کێشەی ژنان. بەڵام ئەوە بەس نییە، هێشتا ژنان لە کۆمەڵگەیەکی یەکساندا ناژین. لەوانەیە بەشێکی کێشەکە بۆ لاوازی باری ڕێکخراوەیی ژنان بگەڕێتەوە لە باشووری کوردستان، هاوکات ئێمە ناتوانین باسی ئەوە بکەین کە ژنان ئارەزوومەندانە نایانەوێت خۆیان ڕێکبخەن و گلەیی لە نەبوونی ڕێکخراوی بەهێزی ژنان بکەین، چونکە کۆمەڵگە هیچ هەڵبژاردەیەکی تری باشتر لەبەر دەستی ژناندا دانەناوە. ئەگەر سەیری ژنان بکەین لە کوردستان دەبینین ،کە ژن دەبێ بخوێنێت، کاربکات و منداڵەکانیش بە خێو بکات. پیاوانیش لە دەرەوە کار دەکەن و زۆربەیان ئەگەر نەڵێین هەمووان کاتێک دەگەڕێنەوە ماڵێ بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ژنان ناکەن. ئەگەر پیاوان هاوکاری ژنان بکەن و ئەو یەکە ببێتە دابونەریتێک لە خێزانی کوردیدا، لەوانەیە بوار بۆ ژنان برخسێنرێت بەشداری باشتر لە کاری ڕێکخراوەییدا بکەن. ڕاستە بەشێک لە ژنان خەریکی کاری لاوەکین بەڵام ئەوە پەیوەندی بە ئامانجناسییەوە هەیە هەروەها پەیوەندی بە پەروەردەو دەورووبەرەوە هەیە. ئەگەر سەیر بکەین لەو خێزانانەی خوێندن تیایدا کارێکی پیرۆزە کچەکانیشیان لە پرۆسەی خوێندن و کارکردندا بەشدارن و هەست بەوە دەکەن کە بەشێکن لە کۆمەڵگەو بەشداری لە گۆڕانکاری و پشکەوتندا دەکات. زۆر گرنگە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە باشووری کوردستاندا هەبێت. کە دەڵێم سەربەخۆ واتای ئەوەیە کە خۆیان سترایژی خۆیان دابڕێژن تیایدا یەکسانییەکێ لە پرنسیپە جێبەجێکراوەکان بێت. هەروەها واتای ئەوە نییە کە تەنیا بۆ ژنان هەبێت ببن بە ئەندام لەو ڕێکخراوانەدا. پێویستە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی ژنان خەریکی کێشە بنەڕەتیەکانی ژنان بن نەک وەک پاشکۆیەک بن. لە لای ترەوە مەرج نییە ڕێکخراوەی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت تەنیا ئافرەت بەڕێوەی ببەن و دەست بەکار بن بەڵکو دەکرێت ئەو ڕێکخراوانە هەردوو ڕەگەزی نێرو مێی تێدا بن بە مەرجێک ئەو پیاوانە لە پراکتیدا باوەڕییان بە یەکسانی ژنان و پیاوان هەبێت.

ئەرسەلان مەحمود: خۆکوژی لای ئافرەتی کورد دەرهاویشتەو هەڵگری چ جۆرە تێگەیشتن و لێکدانەوەیە، ئێوە پێتان وانیە خۆکوژی لای ئافرەتی کورد بەجۆرێک لەجۆرەکان لەنائاگامەندییەوە سەرچاوە گرتبێ‌؟..

میدیا ئاکرەیی: خۆکوشتنی ژنان بۆتە دیاردەیەک، ئەمەش خۆی لە خۆیدا واتای ئەوەیە کە ژنان لە بارودووخێکی باشدا ناژین. خۆکوشتن دوا ڕێگەیە بۆ هەر کەسێک، کاتێک مرۆڤ چارەسەری بۆ کێشەکان نادۆزێتەوە، ئەو کاتە بڕیاری لەناو بردنی خۆی دەدات. ئەگەر حکومەت و کۆمەڵگە لە ڕێگەی یاساوە هاوکاری ژنان بکەن، خۆکوژی کەم دەبێتەوە. لەهەر وڵاتێک چەوسانەوەی ژنان کەم بێت ژنان پەنا بۆ خۆکوژی نابەن. زۆر گرنگە هۆکارەکانی خۆکوژی دەست نیشان بکرێن. هۆکاری خۆکوشتنی ژنانی کورد هۆکارێکی سروشتی نییەو زیاتر پەیوەندی بە چەوسانەوەو باری ئابووری و نەبوونی یەکسانی و ئازادییەوە هەیە. بۆیە بە چەند بڕیارێکی دادوەرانەو دابینکردنی هاوکاری ئابووری دەتوانرێت هاوکاریەکی باشی ژنان بکرێت.

ئەرسەلان مەحمود: ئافرەتی کورد چۆن و کەی دەبنە ئافرەتگەلێکی ڕەچەشکێن و هەڵگری پەیامێکی یاخیگەرا بەڕووی بەندو باوە کۆمەڵایەتی و ئەو توندوتیژیانەی کەدەکرێنە سەری بەگشتی؟.

میدیا ئاکرەیی: پێم وایە کە ژنان دەبێ زیاتر لە زانکۆ بخوێنن و خۆیان بگەیەننە پۆستی بەرز و بڕیاردەر. هەروەها پێویستە خۆیان ڕێکبخەن و هەوڵی جددی بدەن بۆ گۆڕینی یاساکان و وردە وردە تێگەیشتنی کۆمەڵگا بۆ کێشەی ژنان و مافەکانیان باشتر بکرێت. ڕاگەیاندن بەشێکی تری گرنگە لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە بارودووخی ژنانداو هەول بدرێت بە ڕێگەی میدیاوە شێوەی بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕدرێت. پێویستە ژنان بەهێز تر بن و ئامانجەکانی خۆیان بزانن. پێویستە کەسێک خۆی بکاتە قوربانی چونکە گۆڕانکاری لە پێشا لە پراکتیکدا دەکرێت نەک لە تیوریدا.

ئەرسەلان مەحمود: ڕێگە بدەن بپرسم حەزدەکەی هاوسەر یا ئەو کەسەی کە خۆشتدەوێ‌ چ شتێک دەربارەی جیهانی تایبەتی میدیا بزانێ‌؟..

میدیا ئاکرەیی: ئەو پیاوەی دەیەوێت ژیان لەگەڵ من بباتە سەر پێویستە بەهەمان شێوەی ئەو دەیەوێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، مامەڵەم لەگەڵ بکات. نامەوێت زۆر بە نەرمی مامەڵەم لەگەڵ بکات لەبەر ئەوەی ئافرەتم، هەروەها نامەوێت زۆر بەڕەقی مامەڵەم لەگەڵ بکات لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە. هەردووکمان مرۆڤین و پیوستە هاو ماف بین. هاوسەرەکەم پێویستە بزانێت کە من بەشێویەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ ناکەم تەنیا لەبەر ئەوەی من ژنم. ڕێکەوتن لە هەمووشتێک گرنگرترە. ڕێزگرتن لە حەزو ویستی یەکتری خاڵێکی زۆر گرنکەو پێویستە لەو شتانە دووربکەوینەوە کە ڕقمان لێیەتی. نامەوێت وەک قوربانیەک سەیرم بکات هاوکات نابێ مامەڵەی قوربانیم لەگەڵ بکات.

ئەرسەلان مەحمود: دواجار دەمەوێ‌ ئەوەش بپرسم ئەگەر ئێوە نوسەر نەبوان پێتان خۆشبوو چێشت لێنەرێکی لێهاتوو یان چ شتێکی تر بونایە؟..

میدیا ئاکرەیی: جگە لە ڕۆژنامەونووسی، زۆر کاری تر هەیە کە حەزم لێیەو دەمەوێت بیان کەم، بۆ نموونە هاوکاری کردنی خەڵک و دانی هیواو هێز پیان. کاتکێک هاوکاری مرۆڤێک دەکەم هەست بە نرخی ژیان دەکەم. چوون بۆ وڵاتانی هەژارو هاوکاریکردنی خەڵک، چوون بۆ کوردستان و دابەشکردنی زانیاری لەگەڵیان دوو کاری ترن کە زۆر حەز دەکەم بیانکەم. هەروەها کێشە سیاسیەکانی جیهان و کێشەی ژنان و کێشە ئەتنیکیەکان چەند بوارێکی ترن کە دەمەوێت کار تیایاندا بکەم.


زۆر حەزم لە چێشت لێنانە بەڵام نەک ئەگەر بە زۆریی بێت، یان بەزۆری خواردنم پێ دروست بکەن و ببێتە بەشێک لە کاری من وەک ژن. بەڵام حەزم لەوە نییە وەک جێشتلێنەر ( تەباخ ) کاربکەم. من زیاتر حەز دەکەم خواردن لە دەرەوە بکڕم کە زۆربەی جار لە لایەن پیاوانەوە دروست کراوە.
_________________________________________________
میدیا عوسمان تەها، لەدایکبووی شاری ( ئاکرێ‌ ) لەساڵی( 1992 )ـە لەولاتی سوید دەژی. هەر لەکوردستان لەخێزانەکەیاندا کوڕان و کچان دەبوایە بخوێنن و کار بکەن. میدیا لەسوید ڕۆژنامەنووسی خوێندوەو ئێستا مامۆستای خوێندنی باڵایە لەو وڵاتە. وێڕای ئەوەش وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕادیۆی سوید کاردەکات. ساڵی 2008 لە سلێمانی کۆرسێکی کردوە بۆ چەند مامۆستایەک و لەو کەسانە بووە هەوڵی دامەزراندنی یەکەمین قوتابخانەی (خوێندنی باڵای گەل) دابنێن وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی قوتابخانەی سویدی لە کوردستان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود