په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٧

میدیای کوردی لە بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا.

نەژاد عەزیز سورمێ  

- بەشی چوارەم (کۆتایی) -


ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری کورد لە نێوان خوێندنی ئەکادیمی و بەھرە و شارەزایی تاقیکراوەدا.

ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری سەرکەوتوو دەخوازێ ڕۆشنبیری و بەھرەی ھەمە لایەنەی ھەبێ ، ئەمە ھەمیشە لە پەسن کردن و نەکردنی لەبەرچاو دەگیرێ ، بە واتایەکی دی بەھرە و شارەزایی تاقیکراوە لە پێش خوێندنی ئەکادیمیدا دێ.


لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی و میدیای کوردیدا ھەمیشە وا کەوتووەتەوە ئەوانەی ماکینەی میدیایان بەگەڕخستووە ئەوانە بوون کە حەز و ئارەزوو و بەھرەیان تێدا بووە ، کەم وا ڕێککەوتووە بەتایبەتیش لەدەسپێکی ئەوەی بە ڕۆژنامەگەریی کوردی دەناسرێ ، لەو بوارەدا خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمیی بوو بن ، تەنانەت زۆرجار دەرچوویەکی بەشی ڕاگەیاندن بە ھۆی بێ بەھرەیی وا ڕیک کەوتووە کاری دیکەی کردووە.


لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ناکاتە ئەوەی خوێندنی ئەکادیمی بەھەند وەرنەگیرێ بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تێیاندا بووە کار لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا بکەن ، چونکە خوێندنی ئەکادیمی دیارە دەبێتە ڕێ ڕوونییەکی دی بۆ کاری ڕۆژنامەنووس و ھۆیەک بۆ داھێنان و وروژاندنی بەھرە شاراوەکانی.


خوێندنی ئەکادیمی مشت و ماڵی ئەو حەز و ئارەزوو و بەھرەیە دەکا ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری ڕاکێشاوەتە ئەو مەیدانە.


مەسەلەکە بەداخەوە لای ئێمە لەڕووی چەندایەتییەوە ڕەنگە زۆرجار بەپێچەوانە کەوتبێتەوە ، بەتایبەتی لەم یەک دوو دەیەی دووایدا ، ئەوەی لە ڕێی خوێندنی ئەکادیمیەوە ڕاستەوخۆ دەسبەکار دەبێ، سەیر دەکەی ئەو بەھرە و شارەزاییە تاقیکراوەیەی نییە.


لە ھەمان کات ددانیش بەوەدا نانێنێ لای شارەزایەک ڕێنوینی بکرێ ، لەبەرابەریشدا شارەزایانی ئەو بوارە بە ھۆی ئەزموونی چەندان ساڵەیان ، ئەوانیش بەرامبەر بەتازە دەست پێ کردووان و نەشارەزایانی کاری ڕۆژانە و خۆھەڵواسی بە زانیاری تیۆری کە ڕەنگە زۆرجار لەگەڵ ھەل و مەرج و ئاراستەی ئەم کەناڵ یا ئەو کەناڵ یەکیان نەگرتبێتەوە نەھاتبنەوە.


لەو ڕاستەشدا نە کادیرە ئەکادیمیە تازە دەست پێکردووەکە ھەوڵی فێربوون دەدا ، ئەزمنووندارەکانیش لەو سەرەوە پلانەکانیان لێ تێک دەچێ، بەمەش زەرەرمەندی سەرەکی خودی کەناڵەکە دەبێ ، ئینجا ڕۆژنامە یا ڕادیۆ یا تەلەفزیۆن یاخود سایتێکی ئەلکترۆنی بێ.


ڕۆژنامەگەریی کوردی تا ئێستاش لەو جوغزەدایە و ئەگەر ڕۆژنامەنووسی بەرپرسیاری تێیدا نەبێ بڕیاری بوێرانە لە بەرژەوەندی کەناڵەکە و سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی بدا... چونکە نووسین با لە ڕۆژنامەشدا بێ ھەرگیز بارێک نییە بە چەند وشەیەکی ئینشائی بێ ناوەرۆکی دوور لە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و پێشبینیکراو پێک بێ.


بەڕوویەکی دی ناشێ شارەزایانی ئەو بوارە خوێندنی ئەکادیمی نەخوێننەوە و حساب بۆ کادیرانی تازە دەستبەکار بوو نەکەن ، کە پێم وایە لە حاڵەتی ھەندێ کەناڵی تایبەتمەندی وەک بواری پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و کولتووری (ئەگەر ئێستاش جێی باس نەبووبن)، بەڵام ئەمانە و ھی دیش پێویستن و ڕۆژێ دەبێ خەمیان لێ بخورێ.


دەڵێم لە حاڵەتی ئەو کەناڵەدا دەخوازێ ئەوانەی کار لەو چەشنە کەناڵانەدا دەکەن سەرەڕای شارەزاییان لە کاری میدیایی پێویستە لەو بوارانەشدا شارەزایی و ئەزموونی پێویستیان ھەبێ. کەواتە ھیچ تایبەتمەندییەک لە کاری میدیایدا لە دەرەوەی داھێنان و شارەزایی لە بواری کولتووردا نییە.


ھەر لێرەدا تەماشا دەکەین لێک ڕاستبوونەوەیەک لە نێوان خوێندکارانی ئەو بوارە ، کە دەیەوێ تەنیا بە ھێزی تیۆری دوور لە ئەزموون و کارکردنی کارا شوێنێ بگرێ شایانی نییە لەبەرابەر ئەزمووندار و شارەزایاندا کە بەکردار تەمەنێکیان لەو بوارەدا بەسەربردووە.


ئەمەش بەئاشکرا لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و سایت و ڕادیۆ و شاشەی تیڤیەکانەوە ھەستی پێ دەکرێ و بەمەش وردە وردە کەناڵەکە ڕوو لەپاشەکشە دەکا و توانای خۆ نوێکردنەوەی نامێنێ نەخاسمە ئەگەر کادیرە تازە دەست پێ کردووەکان بە ھۆی بڕوانامەکانیانەوە بێ یا ھەر ھۆیەکی دیکە ببن بە کارمەندی کارای ئەو کەناڵانە .

ھەواڵ لە میدیای کوردیدا.


چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەواڵ لە وەختی شەڕ و قەیراناندا.


نامەوێ لێرەدا جارێکی دی بچمەوە سەر ئەو سیفەت و پرسیارانەی ھەواڵ (ھەر ھەواڵێک)ی لەسەر ھەڵدەنرێ وەک (کێ) و (چی) و (کەی)و (لەکوێ) و (بۆ) و (بۆچی).... ئەگەرچی من خۆم وای دەبینم لەگەڵ بەھەند گرتنی ئەو پرسیارانەشدا لە ھەواڵدا بەڵام لە باری ئەو پێشکەوتنەی میدیا و تەکنەلۆژیای گەیاندن بەخۆیەوەی دیوە ، بڵاوکردنەوەی ھەواڵ ڕەھەندێکی دیکەی وەرگرتووە ، بەڕادەیەک پرسیارەکانی سەرەوەی ڕۆژنامەگەریی سپاردووە کاتێ میدیا لە میدیای کاغەز (نووسراو) و درەنگتریش (بیستراو) زیاتر لەمەیداندا نەبوون.


ئەوێ ڕۆژێ میدیا ھەم پەیام بوو ، ھەم بەرپرسیارییەتی و تاڕادەیەکی نکۆڵیلێنەکراویش ڕاستبێژی بەتایبەتی لە ھەندێ کەناڵی بەناوبانگی وەک ڕادیۆی (BBCی ئەوسا) کە حسابیان بۆ ناو وناوبانگی خۆیان دەکرد و ڕێزی گوێگریان لا گرینگ بوو...


میدیای کوردی وەک لە پێشدا ئاماژەمان پێدا لە ئەساسدا لە ڕۆژنامەگەریی نووسراوەوە دەستی پێکردوە ، پاشان ھەوڵەکانی ڕۆژنامەگەریی (بیستراو)یشی ھاتۆتەسەر ھەردوو جۆریش بە ھەژاری و یا لەسەر دەستی ڕۆشنبیر و نووسەرانی بووە ، کە لە ھەمان کاتدا بایەخیشیان بە سیاسەت داوە ، لەوەی دەھاتەوە ناو خەباتی قەومایەتی یا چینایەتی ، یان سیاسیەکان بوون ، ئەوانەی چ بە سەربەخۆ ھەڵگری بیرو بۆچوونێک بوون یا لە ڕیزی حزبێکی سیاسیدا بوون...


ئەو کەناڵانەش وەک وتمان ھەژاربوون و مانگانە یا ناوەناوە، ، یا زۆر زۆر ھەفتانە بوون بەوانەیشەوە کە دەزگا پەیوەندارەکانی ئەو حکوومەتانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کوردی بڵاویان کردوونەتەوە. تۆ ھەرئەوەندە بێنە بەرچاو، ساڵی ١٩٧٤ بیر لەوە کراوەتەوە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەربچوێندرێ ! کە زۆر درەنگ بوو.. بەھەرحاڵ لە ھەواڵدا لەپێشترین سیفەت خۆی فەڕز دەکا، خێرایی گەیاندنە ئەگەر لەپاشاندا باسی چلۆنایەتی ھەواڵ بکەین ، ئەمەش دیارە بۆ ئەوسا لە توانای حەفتنامە و مانگنامە و درەنگتر نەبووە کە ئێستا تەنانەت بۆ ڕۆژنامەی ڕۆژانەش (ناڵێم ئەستەمە، پێم وایە دەکرێ) بەڵام ئاسان نییە لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵ دا ڕۆژنامە بتوانێ کێبەرکێ لەگەڵ کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی و سایتە ئەلکترۆنی و ئەوەی پێی دەگوترێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکا. بەڵام با بزانین داخۆ دەنگوباسی (ھەواڵ) بەگشتی حاڵی حازر لە میدیای کوردیدا چۆنە.


وای دەبینم ئەمڕۆ میدیا بەگشتی؛ بە میدیای کوردیشەوە لەگەڵ ڕیکلام و دەرھاوێشتە و نەخشە بۆ دانراوەکانی بوون بە دوو ڕووی یەک دراو ، ھەندێ جار ئەگەر دراوەکە ھەڵدەی زیاتر بەدیوی ڕیکلامدا دەکەوێ و دەچێتەوە ئەو خانەیە .. ڕیکلام کە ئێستا بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵی نەک ھەواڵ بەڵکو بەرنامەکانیش کراوە ، بەمەش بەناچاری بێ (ڕازی کردنی سپۆنسەر) یا ھەر نیازێکی دی جگە لەوەی ھەر کەناڵێک لە بەرژەوەندی ڕاکێشانی بینەر (کە من لەگەڵ پارێز وەرگرتنمدا ئەوە بەمافێکی ڕەوا دەزانم) بەڵام زۆرجار دوور لە ڕەچاوکردنی لە بەرامبەر ئەوەی پێی دەگوترێ ئاراستەیەکی ساغڵەم و بەرپرسیاری ڕای گشتی لەوەی نا چاوپۆشی لە بەرامبەر ھەڵەکان بکرێ بەڵکو لەوەی ئینتیما و خۆشەویستی خاک و وڵات و بەرژەوەندیە ستراتیژییەکانی لەبەرچاو بگیرێ.


ھەواڵ لەمیدیای کوردیدا لەچەند سەرێکەوە جێی لەسەر ڕاوەستانە ، لەلایەک کەم وا ڕێککەوتووە ھەواڵ ڕای نەک ھەر داڕێژەری ھەواڵ بەڵکو ھەندێ جار باربووکەریشی پێوە دیارنەبێ بەتایبەتیش لەو کەناڵانەی خۆیان. (بەئیستلاحی خۆیان) بە (ئەھلی) و (سەربەخۆ) و (بێلایەن) ناساندووە.
لەو سەریشەوە سەیر دەکەی ڕووپەڕی لاسایی کردنەوە لە داڕشتنی ھەواڵێکی ناوخۆ یان دەرەوە دەگاتە ڕادەی کۆپی کردن ئەمەش لە زۆربەی کەناڵە (بیستراو) و (بینراو)ـەکاندا ھەستی پێ دەکرێ.


دیسان داڕشتنی ھەواڵ زۆرجار مەرجە کلاسیکیەکەیشی پێوە دیار نییە ، سەرەڕای ئەوەی پێشینەی خودی ھەواڵەکەش دیار نییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
من سەیرم بە ھەندێ قسە دێت کە لەم لاو ئەو لادا دەکرێت بەوەی ھەندێ پێیان وایە ، نەک ھەر پێیان وایە ، بەڵکو بە فەتحی قەڵای خەیبەریشی دەزانن کە دەڵێن ئێمە جاران ھەواڵمان لە خەڵک وەردەگرت ئێستا خەڵک ھەواڵ لە ئێمە وەردەگرێت.


جارێ تا ئێستا ( مەگەر لە سایتەکان) گوێم لێ نەبووە کەناڵێکی باوەڕپێکراوی دونیا یەکێک لە کەناڵە کوردیەکانی کردبێتە سەرچاوەی سەرەکی ھەواڵێکی خۆی ، مەگەر ئەو کەناڵە بە زمانێکی زیندووی وەکو ئینگلیزی لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان بڵاویان کردبێتەوە.


پاشان زۆرجار وەرگرتنی ھەواڵ لە ئاژانسێکی بەناوبانگ و خاوەن متمانە (بۆ دەرەوە) ڕەنگە خەرجی کەمتری بوێ و باوەڕپێکراوتریش بێ ، لەوەی لە تۆڕی پەیامنێرانیدا خەرجی دەکا کە زیاتر ھەندێ جار نەبێ کە ئەویش پەیوەندی بەخودی ھەواڵەکەوە ھەیە ، دەنا وەرگرتنی ھەواڵ لە ئاژانسە متمانە پێکراوەکان ئەوەندە لەسەر کەناڵەکە ناکەوێ . جگە لە ھەموو ئەمانەش، ئەوانەی دەڵێن ئێستا خەڵک ھەواڵ لە ئێمە وەردەگرێ ، با گریمان بەو جۆرەش بێ ، لەبیریان دەچێتەوە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کوردستان دەمێکە بووە بە ناوچەیەکی ھەڵایساو ، بەتایبەتیش دوای ھاتنی مێردەزمەی (داعش) وەک دەبینین دونیای تەنیوەتەوە و پەلی بۆ ئەوروپا و ئەمریکاش ھاوێشتووە بەڕادەیەک لەبەرەنگاربوونەوەیدا خەریکن لە ڕووی ناچارییەوە کلتووری دیموکراسیشیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.


سیمایەکی دیکەی میدیای ئێمە کە خەریکە ڕەنگی پێوە دەگرێ ئەوەیە میدیای ھەواڵ و بیروڕا تێکەڵ کراوە یاخود لێک ھەڵنەوێردراوە ، لێرەشدا ھەواڵ و دەرھاوێشتەکانی پاشتری لە ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و شرۆڤەی پەیوەندار لە میدیای کوردی دا بە قوربانی نووسینی جیاجیا و ھەندێ جار ئینشائیش کراوە ، لە ڕووی (بایەخی ھەواڵ)یشەوە، دەبینی ھەر کەناڵە و بەنەغمەی خۆی دەخوێنێ و بڵاودەکاتەوە کەناڵە حزبیە ڕەسمیەکانی لێ بترازێ کە ڕوانینی خۆیانی تێدا ڕەنگ دەداتەوە و باروبووکاریشی دیارە.


لەو ڕاستەدا سەیر دەکەی ھەواڵێک ڕەنگە زۆر بەلای خەڵکیشەوە گرینگ بێ بەڵام کەناڵێکی دیاریکراو یان ھەر بڵاوی ناکاتەوە ، یا ئەگەر بڵاویشی بکاتەوە لە چوارچێوەی ڕێنمایی سنوور بۆ دانراوی خاوەنەکەی تێناپەڕێ ، بەمەش نیوەی یا چاریەکی ڕاستینەی ھەواڵەکەت پێدەگا.


پێچەوانەکەیشی ھەر ڕاستە ، ھەواڵی بێ بایەخ ھەیە ، کەناڵێکی دی زیاد لە سنووری خۆی گرینگی پێ دەدا و تەنانەت ئەگەر ھەندێ ڕەگەزی ناڕاست یا ھەڵبەستراویشی تێدا بێ.


جار ھەیە ڕەنگە بە ھەواڵی کەناڵێک (کە ھەندێ جار نەخشە بۆ کێشراویشە) ئەوەی پێی دەگوترێ ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک بچی ، یاخود بچێتە خانەی دەمگۆ (اشاعە) بۆ کەسێک یا لایەنێک، یاخود بە پێچەوانەوە لە پەسنی کەسێک یا لایەنێکدا بێ..


وای دەبینم بەتایبەتیش لە ڕووی بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا ھێشتا زۆری ماوە (میدیای ئەھلی، سەربەخۆ، بێلایەن) لەناو دووکەوانەدا دەربھێنرێن ، چونکە میدیای کوردی پێم وایە ماویەتی بەتایبەتیش لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ھەواڵدا، نەک ھەر لە کاتە ئاساییەکاندا بەڵکو لە وەختی شەڕ و قەیرانیشدا بێجگە لەوەی پیشەییایەتی نەپاراستووە ھەندێ جار وەک بینیمان و خوێندمانەوە لە وەختی شەڕ و قەیرانیشدا لە نەزانی بێ یاخود بە پێشینە لە بڵاوکردنەوەی ھەندێ ھەواڵدا بەتایبەتی لە میدیای بینراو گەیشتووە بەو ڕادەیەی بەچاوساغی کردن بۆ دژمن تۆمەتبار بکرێن.

ھەندێ لە ھۆیەکانی لاسەنگی میدیای کوردی.


ئەگەر دوێنێ ھەندێ لە نەخۆشیەکانی میدیای کوردی کە تا سەردەمانێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیدا بوو ، یا لە ژێر ھەژموونی ئیرادەی خۆیدا بوو بێ ، (میدیای پێشمەرگایەتی) ئەویش ئیستگەکانی ڕادیۆی لێ ھەڵبوێری کە بەخێراییەکی پێوانەیی پەیامی خۆی دەگەیاند ، دەنا میدیای نووسراو لە ڕووی خێرایی گەیاندنەوە ئەو ڕۆڵەی نەبووە...


لەگەڵ ئەوەشدا میدیای ئەوان ڕۆژانیش خاڵی نەبوو لە کەم وکورتی و ئەو نەخۆشیانەی پاش ڕاپەڕین (١٩٩١) ، لە باتی ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە ، تەشەنەیان سەندو و بڵاوتر بوونەوە!


لێ بە بەراورد لەگەڵ ئەمڕۆ ، کەم تا کورت ، باوەکو ڕۆژنامەنووسانی کورد ، ئەوسا لە بوارێکی بەرتەسک و ھەندێ جار تەنگ و تاریک کاریان کردووە ، بەڵام پاراستنی ئیتیکی ڕۆژنامەنووسیی و ھەواڵدان بۆ بەرقەرارکردنی جۆرێک لە پڕۆفیشناڵیەتی لە کاردا و تێپەڕاندنی ھەندێ بابەتی فەرھەنگیی لە بارودۆخێکی ئەستەمدا کە سانسۆر بەسەر ھەموو بڵاوکراوەیەکدا لەوپەڕی دابوو.... دیسان تاڕادەیەک دوورتر بوو لەو نەخۆشیانە.


ڕەنگە ھۆیەکی دیکەش ئەوە بێت کە وا کەوتبێتەوە میدیای ئەوسا دیاریکراو و لە ھەموو حاڵەتێک و بە ھەموو باران بڵاوکراوەکان ژمارەیان نەدەگەیشتە ژمارەی پەنجەکانی دەست، سەرەڕای ئەوەش ئەوەی ھەبووە ھەمیشە بە سانسۆری دەوڵەتدا تێپەڕیوە ، بۆیە کەمی ژمارەی بڵاوکراوەکان ڕەنگە ئەگەرێک بێ لە دیاریکراوییەتی نەخۆشیەکانیشی....


بێگومان لێرەدا ئێمە باسی ئەو میدیایە دەکەین کە لە عێراقدا بووە ، ڕاستی نەخۆشیەکانی میدیای کوردی زیاتر دوای ڕاپەڕین دەرکەوتن و تەشەنەیان سەند ، دوای ئەوەی لە لایەک ڕۆژنامەنووسان کە سەرەتا ئەگەر بشێ بگوترێ تووشی (شوکی ئازادی) بوون ، لە دوایشدا کۆبوونەوەی دەتوانین بڵێین لەشکرێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە و کەناڵگەلێک زۆر زیاتر لەو سنوورە جوغرافیایەی لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کوردیدا ، بەڕادەیەک وای لێ ھات پیشەی ڕۆژنامەنووسیی لە پیشەی بانگخوازی بۆ ئازادی و بەرپرسیاریەتی مێژوویی و پاراستنی ئیتیکی پیشەکە ، بوو بە ھۆیەک بۆ بژێوی ، ھەر لێرەشڕا چاک و خراپ، زانا و نەزان تێکەڵ بوون و لە دیمەنێکی لە پێشدا نەدیتراودا میدیایەک بێتە کایێ ڕووکەش، دوور لە فەرھەنگ، ماندوو، متمانە پێنەکراو تەنانەت نەخۆشیەکان بە جۆرێک ، بەتایبەتش بەم دوادواییانە پەرەیان سەند کە زۆر لە کەناڵەکان (خوێنراو بیستراو بینراو) ڕاشکاوانە ھاتنە ناو ململانێ سیاسیەکان کە ئەمە کاری میدیا نییە.


لەم بارەدا دەکرێ (ھەندێ) لەو نەخۆشیانەی لە میدیای ئەمڕۆی کوردیدا دەبیندرێن لەخوارەوەدا کۆبکەینەوە:


- : ئەوەندەی شێوەی وانەدانی وەرگرتووە ، ئەوەندە حسابی بۆ ڕای گشتی نەکردووە ، تەنانەت ھەندێ جار گەیشتووە بەوەی ھەندێ کەناڵ ڕێگایان بەخۆیان داوە جێی داواکاری گشتیش بگرنەوە و دەست لە کاروباری دادوەریشەوە وەربدەن ، بەمەیش لە چەندان لاوە کار بکەنە سەر ڕای گشتی و بەربەستێک پێکەوە بنێن (بەھەر مەبەستێک بێ) بۆ بەلاڕێدا بردن یا شێواندنی ئەو دەرھاوێشتانەی لە ھەواڵێکی دیاریکراوەوە دروست دەبن.


- : زۆرجار لەچوارچێوەی (ئازادی)دا ، میدیای کوردی غەدری لەو وشەیە کردووە و زۆر جار (ئازادی) بێ (بەرپرسیاریەتی) خوێندۆتەوە ، ئەم دیاردەیەش (کە بەڕاستیش بووە بە دیاردە) گەلێک جار پشێوی کۆمەڵایەتی یا سیاسی لێ کەوتووەتەوە ، وەک ئەوەی لە وەختی شەڕی ناوخۆدا بەرپا بوو.


- : بە گشتی میدیای کوردی ھەڵسوکەوتێکی دروست و ھاوسەنگی لە کاتی قەیرانەکاندا نەبووە ، یا ٪١٠٠ لەگەڵ ھەڵوێستێکدا بووە یاخود ٪١٠٠ دژی بووە ! کە ئەمەش لە ھەموو حاڵەتێکدا ھەڵسوکەوتی پەسەند نییە و لەو ناوەشدا ڕۆڵ و کاریگەریی خودی کەناڵەکە لاواز دەکا و متمانەی خوێنەر و گوێگر و بینەرانیشی بە تێپەڕبوونی وەخت لەدەست دەدا، وەک ئێستا دەیبینین کە ھەندێ کەناڵ ھەواڵێک یا وتارێکی ڕۆژنامەنووسیی بە ڕادەیەک قەبە دەکەن تەنانەت خوێنەری ئاسایش دەرکی پێ دەکا ، دیارە پێچەوانەکەیشی ھەر ڕاستە.... سەیرایەتیەکەیش لەوەدایە ھەموو ئەو کەناڵانە ، بە کەناڵی (سەربەخۆ) و (بێلایەن)و چی و چی خۆیان دەناسێنن !! سەیرتریش ئەوەیە زۆربەی کەناڵەکان بێلایەنی لە وەرگرتنی ڕای دوو لایەن یا زیاتر لە ھەواڵێکی دیاریکراودا کورت دەکەنەوە ، لە کاتێکدا ڕەنگە ھەندێ جار لە بنەڕەتدا ھەواڵەکە تەنانەت شایانی بڵاوکردنەوەیش نەبێ!


- : لەداڕشتنی ھەواڵدا، ئەمڕۆ زۆربەی میدیای کوردی (گوایە بۆ سەرنج ڕاکێشانە)، ناونیشانێک بۆ ھەواڵەکە دادەنێ ، کە زۆرجار ھەواڵەکە دوور و نزیک پەیوەندی بە ناونیشانەکەوە نییە، یا ئەگەر ھەیشیبێ پەیوەندییەکی دوور بەدوورە.


- : لەڕووی زمانەوە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان وشە و زاراوە دادەتاشێ!


دیارە مەسەلەی زمان لە کەناڵەکانی میدیادا دەخوازێ بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ بەوەی کەناڵەکانی میدیا بەتایبەتیش کەناڵە بینراوەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە یەک بەیەکی کۆمەڵگەوە ھەیە کە کەناڵەکان ئاوەھایان وەرنەگرتووە.


زمانی کوردی جارێ بە ناوی نوێ کردنەوە و جارێ لە ژێر ناونیشانی ئەوەی پێی دەگوترێ (مۆدرێنایەتی)، کە نە ژێرخانێکی لە کوردستاندا ھەیە و نە لە ھەموو ئەو ماوەیەشدا کە بەماوەی خۆبەڕێوەبەری دەناسرێتەوە توانراوە (دابڕان)ێک ڕووبدا وەک ئەوەی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بووە کە ئەمەش دیارە پرۆسەیەکی ھەمەلایەنایە ئەگەرچی پرۆسەی پەروەردە لە ڕیزی پێشەوەشدا بێ ئەویش لە کوردستان نە بایەخی پێویستی پێدراوە ، نە پێوەی دیارە وەکو پێویست گرینگی و ھەستیاریی ئەو پرۆسەیە لە پێگەیشتن و بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەدا بەھەند وەرگیرا بێ.


- : زۆربەی کەناڵەکان (دەڵێم زۆربەی) ھەرچەندە سەتلایتن و بە ھۆی مانگە دەسکردەکانەوە پەخش دەکەن ، یان لە ڕادەبەدەر خۆماڵییەتیان پێوە دەبینرێ، یاخود ئەگەر بایەخیش بەدەرەوە و ھەواڵ و ڕاپۆرتی دەرەوە بدەن ، ئەو فلیمە بەڵگەنامەییانە بڵاودەکەنەوە کە لە دەرەوە بەرھەم ھێنراون، ئەمە لە ڕووی چلۆنایەتییەوە ، لە ڕووی چەندایەتیشەوە، ژمارەی کەناڵەکانی میدیای کوردی خوێنراو بیستراو بینراو- لەو سنوورە دەرچووە کە پێی بڵێن (زۆر) بێگومان پێشم وانییە ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەمان (بەپێی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەشەش ھەزار ڕەت دەکا بێجگە لەوانەیشی ئەندامی سەندیکانین). ھەبێ بتوانن ئەو مەکینە زەبەللاحە ئیش پێ بکەن کە خۆی لە سەتان ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و دەیان ڕادیۆ و دەیانی دیکەی کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی و سایت و ماڵپەڕدا دەبینێتەوە ، ئەگەرچی پێ دەچێ ھەندێکیان سەبارەت بە قەیرانی دارایی ، یا لێگرتنەوەی سپۆنسەرەکانیان ڕاگیراون.


- : ئەمڕۆ (باس لە ئەمڕۆ دەکەم) زۆربەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی کلتووریان پەڕاوێزخستووە ئەوەی ھەشبووە پێشتر زیاتر بۆ (اسقاگ فرچ)بووە، تەنانەت لە ھەموو ئەو کەناڵانە، بیر لە کەناڵێکی تایبەت بە کولتوور نەکراوەتەوە ، ھەمووی سیاسەت، سیاسەت بە خاوی ، بە کوڵاوی ، بە برژاوی، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە (سیاسی) و (چاودێری سیاسی) و (شارەزای سیاسی) !! ئەوەی ھەبووە لە میدیای کوردیدا کە بچێتەوە ناو میدیای کولتووری لە چەند لاپەڕەیەکی ھەژاری ڕۆژنامە و ماوەیەکی کورت لە ھەندێ لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن ، ڕەنگە لەم بارەیەوە ڕادیۆ و ماڵپەڕەکانی ئەنتەرنێت باشتر بووبن.
- : کار بەوە گەیشتووە ، زۆرجار کەناڵەکان بۆ پڕکردنەوەی وەخت بەرنامە ھەبووە و ئامادە و پێشکەش کراوە وەکو یەک ، بەمەش پەڕاوێز جێی جیددیەت دەگرێتەوە و کێبەرکێی نێوان کەناڵەکانیش نامێنێ کە داینەمۆی پێشکەوتنی کەناڵەکە خۆشیەتی.


- : تا ئێستا میدیای کوردی لەڕووی ھەلی کارەوە ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری حزبی لێک جیانەکردووەتەوە ، کە ھەر ئەمەیشە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی گەیاندووەتە ئەو ڕادەیەی ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشینال و کارا لە ناو ئاپۆرای ئەو لەشکرەدا ون بێت.


- : لەمیدیای کوردیدا، نە مافی تاک پارێزراوە وەکو تاک نە مافی خودی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کاری تێدا دەکەن .. ئەو قانوونەی کە بەناوی قانوونی ڕۆژنامەنووسیش دەرچووە ، جگە لەوەی پڕە لە کەلێن و کەم و کوڕی لە ھەمان کاتدا لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ (میدیای نووسراو) دانراوە ، کە ئەمە یەکێکە لە کەلێنە ھەرە دیارەکانی.


- : ڕەخنە لەمیدیای کوردیدا، ئەوەی تا ئێستا بینراوە و خوێندراوەتەوە، زۆربەی لەپەرچەکردار و خوولانەوە لەبازنەی بەتاڵی گرینگی دان بە ڕوخسار، دوورلە فیکر و ھەل و مەرجی بابەتی و ڕەچاوکردنی قۆناخی کۆمەڵگەوە تاک و تەرا نەبێ ڕەتی نەکردەوە. بەمەش زۆرجار ئەو بابەتە ڕەخنەییانەی بڵاودەکرێنەوە و ئەو زاراوە و ئیدیومانەی تیێدا بەکار دەبرێن سەیر دەکەین لە زاراوە و ئیدیۆمی ھەواڵگرییەوە نزیکترن تا زاراوەی فیکری و ئەوەی دەچێتەوە ئەو قاڵبە.


- : (جاڕدان ) یان (ڕیکلام ) لە میدیای کوردیدا بەبێ ھیچ بنەمایەک یاخود حساب بۆ کردنێک کە ھەندێکیان چ کاریگەریی پاشڤەبڕ دروست دەکا بڵاودەکرێتەوە، تەنانەت تێناپەڕێنین ئەگەر بڵێین زۆری نەماوە میدیای کوردی و ڕیکلام ببن بەدوو ڕووی یەک دراو...


ڕاستە ڕیکلام بۆ ھەر کەناڵێکی میدیا پێویستە تا بتوانێ گەشە بە خۆی و بە بەردەوامی پرۆژەکانی ئایندەی بدا ، بەڵام زۆربەی بۆ ڕازی کردنی باروبووکارە کە لێرەدا وەک وەبەرھێن دەردەکەوێ.


کەناڵی میدیایی لە پاڵ قازانجیش دەخوازێ وەک دامەزراوەیەکی کاریگەر لەسەر ڕای گشتی بجوولێتەوە و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بەو ڕادەیە ون نەکا بەوەی کێ زیاتر بدا ئەو لە پێشتر بێ.


ھەندێ لەو ڕیکلامانەی بڵاودەکرێنەوە نەک ھەر کاریگەری نێگەتیڤی ھەیە بەڵکو دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەندێ لەو کۆمپانیا و کاڵایانەی ڕیکلامیان بۆ دەکرێ ، لەڕووی سوود و کوالیتیەوە زۆرجار دوور دەبن لەناوەرۆکی ڕیکلامەکە ، بەمەش بێجگە لە زیان گەیاندن بە بینەر جۆرێک لە چەواشەکاری (حەق دراوی)ی خودی کەناڵەکەیشی تێدایە.


لە ھەمووی مەترسیدارتر، ڕیکلامی ناڕاستەوخۆیە، ڕیکلامی ناڕاستەوخۆ ھەموو ئەو گرینگی و بایەخەدانانە دەگرێتەوە بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو ، یا کەسێک لە شێوەی بایەخدان و ڕیپۆرتاژی تایبەتیەوە کە شێوەی ھەواڵ و ڕیپۆرتاژی ئاسایی دەدرێتێ (ئەمە لە میدیا پێشکەوتووەکانیشدا بە ڕێژەیەک بە پێی ئاستی کۆمەڵگەوە ھەیە).


لە میدیای کوردیدا ئەم جۆرە ڕیکلامە ناڕاستەوخۆیانە ، زیاتر لە ڕێگای ھەندێ لە پەیامنێر و ڕپۆرتەرەوە دەبێ. ھەندێ جاریش بە ڕێنمای باروبووکار یا با لێرەدا بڵێین وەبەرھێنەوە دەبێ کە بڕیار بە دەستی سەرەکی کەناڵەکەیە. ئەم دیاردەیە بەم دواییە زیاتر لەوەی پێی دەگوترێ میدیای سێبەر دەرکەوت و برەوەی سەند.


- : میدیای کوردی (ناڵێم ھەمووی) ئەوەندەی بایەخ وگرینگی لە سیاسەت و تونێڵە مارپێچەکانی سیاسەتدا چڕ کردووەتەوە لە بەرابەردا گەلێک لایەنی پێویست و گرینگی پەڕاوێز خستووە، وەک ئەو مەسەلانەی پەیوەندیان بە پەرەسەندنی کۆمەڵ و ماددە ھۆشبەرەکان کە کاریگەریی زۆری بەتایبەتی بەسەر گەنجانەوە ھەیە، ھەروەھا مەسەلەی کۆچی گەنج و شارەزا و بەھرەداران بۆ ھەندەران کە سامانێکی گرینگی وڵاتن و بێکاری و بێکاری داپۆشراو وپرسی ئینتیما و پرسگەلێکی دی بایەخداری وەکو گەندەڵی و چینی ناوەڕاست کە داینەمۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و خەریکە لای ئێمە ڕەش دەبێتەوە ، ھەروەھا پەروەردە و تەندروستی و ئەمنیەتی بژێوی و ژینگە و کارکردن و برەودان بە کولتووری خوێندنەوە و... تاد.


- : میدیای کوردیش بەتایبەتی لەم بەشەی کوردستان کە جێی باسە، لە باتی پرسە جیددیەکان، لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی وروژێنەری بێ ئامانج و لاسایی کردنەوەی ھەندێ میدیای سەقەت یان ڕووی سەقەتی ھەندێ میدیا نەک ھەر دوانەکەوتووە، بەڵکو بایەخی تایبەتیشی پێ داوە، وەک ژیانی تایبەتی، (زۆر تایبەتی) ھەندێ لە ھونەرکار و سەماکار و ئەو یاریزان، ئەمیان چەند جوانە و ئەویان چۆن خۆی ڕووت دەکاتەوە و ئەویدیان چۆن لەپاڵ دەریادا ئاوێزانی دەنکەکەی دەبێ ، ھەموویشی لەسەر حسابی ھونەرمەندانی بەڕاستی و جیددی لە مۆسیقازان و شێوەکار و تەلارساز و نووسەر و بیرمەندی ڕاستەینە و گرینگی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا....


- : زۆربەی ئەو زنجیرە دراما و فلیمانەی یا بەدۆبلاژ و بەژێرنووسی کوردی لە کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکان پێشان دەدرێ یا جیددی نین، یان تەنانەت ھەندێکیان تاڕادەیەک ڕووکەشن کە شتێک بە بینەری کوردی نادەن و ھەستێکی ھونەری باڵای لا ناوروژێنن کار بکاتە تێگەیشتن و دونیابینی و ڕوانینی لە بەرامبەر دەوروبەر.


دراما خۆماڵیەکانیش لە ڕووی ھونەریەوە خراپتر نەبن باشترنین بەتایبەتی ئەوانەی لە کەناڵە ناوخۆییەکان پیشان دەدرێن.


- : زۆرجار کەناڵەکان ، بە لێ حاڵی نەبوون بێ یا بە مەبەست بە بڵاوکردنەوەی ھەندێ ھەواڵ یا بابەت یان دراما، بەبێ خوێندنەوەی ئایندە تەنانەت ئێستای ئەتەمی کۆمەڵ و چین و توێژەکان بوونەتە ئەگەر بۆ ھاندانی ئەوەی بە (توندوتیژی)یەوە ناسێنراوە، کار بەوە گەیشتووە، ھەندێ جار، ھەندێ کەناڵ جێی دەسەڵاتی دادوەریش دەگرنەوە و بەپێش بڕیاری دادگاکان دەکەون لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی پەیوەندیدار بە ھەندێ تاوان، کەجاری وا بووە کاری لە خودی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دادگا کردووە.


- : وای دەبینم میدیا ئەرکی ڕۆشنکردنەوەی لە ئەستۆدا بێ، نەک پەرەپێدانی ڕووکەشایەتی و داتاشینی ھەواڵ بە مەبەستی تایبەت، تەنانەت پەیامنێر و پێشکەشکاری بەرنامە لە ئاستێکدا بن بتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە لای خوێنەر و گوێگر و بینەر دروست دەبن.


لێرەوە ئەگەر پەیامنێر و پێشکەشکار مافی ئەوەی ھەبێ ھەر پرسیارێکی بیەوێ لەبەرامبەرەکەی بکا، نابێ بگاتە ئەو ڕادەیەی وەکو لێکۆڵەری دادگا کە لەبەرابەر تاوانبارێک دانیشتووە ھەڵسوکەوت بکا. پێم خۆشە خوێنەر خۆی سەرپشک بێ لەوەی میدیای کوردی بەو ئاراستەیە چۆن بووە؟


- : لە لایەنی ھونەریدا باوەکو میدیای کوردی ھەندێ ھەنگاوی نکۆڵیلێنەکراوی بە ھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئەم بوارە ھاوێشتبێ، بەڵام دیسان نەیتوانیوە سیمایەکی ئەوتۆی پێ بدا تایبەتایەتی ئەو میدیایەی دەرخستبێ، دوور لە لاسایکردنەوەی میدیای ناوچەکە، کە ئەوانیش کەم تا زۆر دوورنین لەلاسایی کردنەوەی میدیا پێشکەوتووەکانی جیھان.


ڕاستە ھەندێ لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆنی توانیویانە ڕاستەوخۆ سوود لەمیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان وەربگرن ، بەڵام لەمیدیای خوێنراودا ھەوڵێکی لەو ڕەنگە نەدراوە ئەو تایبەتایەتیەی پێشان دابێ، لەدیزاینەوە بگرە تا دابەشکردنی وێنە و بابەت و تایپۆگرافیا بەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ، ھەروەھا لاپەڕەبەندی و ستایل وخێرایی لە بڵاوکردنەوەدا.


سیاسەتی دەرھێنانی ھونەریش لەمیدیای خوێنراودا بەجۆرێک نەبووە لەگەڵ سیاسەتی بڵاوکراوەکەدا ھاتبێتەوە، لەپاش وپێش خستنی ھەواڵ یا بابەت، یا بەکارھێنانی تایتڵی سەرەکی و لاوەکیدا، تەنانەت لەڕووی بەکارھێنانی ڕەنگیشەوە وەک دەلێن ھەمیشە (شەش تەقەڵ و مانگەشەو) بووە.


کار بەوە گەیشتووە ھەندێ جار لەیەک بابەت یا ھەواڵێکدا دوو تا سێ ڕەنگ بەکارھاتووە ، سەرەڕای ئەوەی ھەواڵەکە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگیشی لەگەڵدا بووە ، کە ئەمە نەک ھەر ڕوخساری دیزاینی لاپەڕە دەشێوێنێ خودی بابەتەکەش دەکوژێ ، بەتایبەتی کە سیستەمی ستوون لەڕۆژنامەدا بەکاردەبرێ.


بەشێوەیەکی گشتیش بڵاوکراوە کوردییەکان ھەر لەدێرەوە کاریگەری ئەو کولتوورە ھونەریەی بەسەرەوە بووە کە پارچەکانی کوردستانی پێوە گرێدراوە لێرە لە کوردستانی بە عیراقەوە بەستراو بە کولتووری ھونەری عەرەبی ، لە ئێران و تورکیایش ئەوەندەی ھەبووبێ بەو جۆرە بووە.


ڕاستە لە دوادوای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووە بەتایبەتی دوای ئەوەی خوێندنی ئەکادیمی ڕاگەیاندن لەزانکۆکانی کوردستان بەکارکەوت بزاڤێکی ھونەری دیزاین و دەرھێنانی ھونەری لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ھەستی پێ دەکرێ بەڵام دیسان ئەویش خاڵی نییە لەچەشنێک لاسایی کردنەوە ، ئەمجارە ھەندێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە ھەندێ دەسکارییەوە لەپاڵ عەرەبیەکان لاسایی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە فارسییەکانیان کردەوە ، ئەمەش لە خوێنەری بەدواداچوودا شاراوە نییە.


ڕادیۆکانیش، دەکرێ لەدوو شێوەدا بیانبینین، بەشێکیان ھەر لەسەر ھەمان ڕیچکە کۆنەکەدا مانەوە تەنیا ئەوەیە خۆیان خستەسەر شەپۆلی FM، دوای ئەوەی شەپۆلی ناوەندی MW و کورت SW ئەو بازاڕەیان نەما لە ڕووی گەیاندن و کوالیتی دەنگەوە.


بەشی دیکەیان ، نەخێر بەڕێکخستن و بەرنامەڕێژی و ھەڵبژاردنی بابەت و مۆسیقا و گونجانیان لەگەڵ کاتی پەخشدا ، ھەروەھا بایەخ دان بە دەنگی ڕادیۆیی ھەردوو ڕەگەز و خێرایی گەیاندن (بەتایبەتی لەھەواڵ دا) و بڵاوەپێکردنی پەیامنێران و بەرنامەی ڕاستەوخۆ ، کە ھەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و توانیویانە ڕەنگ و ڕوویەک بە میدیای بیستراو بدەن.


ئیستگەکانی تەلەفزیۆنیش لەزۆر لایەنەوە لەحاڵی میدیای خوێنراو وبیستراو جیاناکرێنەوە ، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی سەر بەلایەنە سیاسیەکانن ، ئەوانی دی ڕەنگە وەک وتمان لەڕووی ھونەری گەیاندن و خێرایی و ستافی بەڕێوەبردنەوە توانیویانە ھەریەکە و بەپێی سیاسەتی خۆی ، یان ڕاستتر سیاسەتی باروبووکارەوە ، لە ژێر ھەر مانشێت و بانگڕاھێشتنێک بێ بینەر بۆ خۆیان پەیدا بکەن ، بەڵام ئەو کەناڵانەیش سەبارەت بەوەی لەبنەڕەتدا بە شارەزا و پسپۆڕی دەرەوە دامەزرێنراون و ڕاھێنراون ، تەماشا دەکەی ھەمان ئاراستەی ئەوانیان وەرگرتووە.


کەناڵە ناوخۆییەکانیش کە وای دەبینم زۆربەیان زیاتر بە مەبەستی وەبەرھێنانەوە دامەزرێنراون ، ھەمان ڕێگەیان گرتووە و(بەھەر مەبەستێکە) بینەری زیاتر بە واتا ڕیکلامی زیاتر.

میدیای کوردی لە بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا.

نیشانە بەو دەرھاوێشتانەوە ، میدیای ئێستای کوردی لە ھەموو مێژووی خۆیدا ، ئەوەندەی ئەمڕۆ ، لەناو بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا گیری نەخواردووە .. ئەوەش وا لێک دەدرێتەوە لە ڕەھەندی ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتبێ ، بەوەی زیاتر وەک سەرچاوەی بژێوی سەیر کراوە بەپێچەوانەی حەفتا و ھەشتاکان کە لەگەڵ باری ناھەمواری ئەوان ڕۆژانیش عەشق و خولیایەکی دڵسۆزانەی تێدا دەبینرا ، بەتایبەتی لەوەی پەیوەندی بەزمان و کولتوورەوە ھەبوو.


دیارە خولانەوەی میدیایش لەبازنەی ئەو گەمە و یاریانەی سیاسەتی ڕووت بەرپایان دەکا ، ھەمیشە بەو لایەیدا دەشکێنێتەوە کە لەبابەتایەتی و بەرپرسیاریەتی لە بەرابەر ئەوەی پێی دەگوترێ ڕای گشتی شەرمنانە و جێوەڕێ لە دروستکردنی متمانەی بەرامبەر دەربکەوێ ، کە ئەمەشیان لەکۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵی ئێمە کە تا ئێستاش شوناسێکی مەحکەمی لەڕووی چینایەتی و قۆناخەکانی پەرەسەندنی مێژووییەوە بەبەرناگیرێ ، ئەوەندەی کاریگەریی نێگەتیڤ بەدوای خۆیدا دەھێنێ ، چاریەکی ئەوەندە نابێتە ھۆ و ئەگەرێک بۆ گەیاندنی پەیامێکی ئینسانی دوور لەوەی وای لێ بێ بە چەواشەکاری لێک بدرێتەوە ، ھەرگیزیش نایەتە ڕیزی ئەو ئامرازە مەعریفیانەی واقیع و دیاردە و ئیشکالیاتەکانی پێ شی بکرێتەوە ، تەنانەت ھەندێ جار نەک ھەر توندوتیژی ، بەڵکو ھەندێ کەناڵی میدیایی لە ھەندێ حاڵەتدا بە ئاراستەیەکدا دەچن دژمنایەتی لەنێوان ئەم لایەن و ئەو لایەنی لێ بکەوێتەوە بەڕادەیەک ئەوەی دوێنێ ڕەخنەمان لێ دەگرت ، ئەمڕۆ لە ڕێی چەند کەناڵێکی میدیایی ئاراستەکراوەوە خۆمان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی نیشتیمانیدا ، ئینجا بە ھەر ناوێک بێت جێبەجێی دەکەین...


ھەندێ جار میدیای ئاسایی تێکەڵ بەوەش دەکرێ کە بە (سۆشیال میدیا)ناسراوە و لە دونیایەک بەڕێوە دەچێ دوورە لەمیدیا و پرەنسیپە دیارەکانی.


بەم جۆرە ئەمڕۆ میدیای کوردی ، لەگەڵ بوونی چەندان ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ، ھەرچەندە ژمارەشیان کەم بێ لەبازنەی گەمەکانی سیاسەتدا ، تا دێ لە پیشەییایەتی دوور دەکەوێتەوە و پەیامی جیددی خۆی وەک پێویستی سەردەم و بۆ ڕێڕوونی بەھۆی تەکنۆ ئابوورییەوە ، بە قوربانی تەکنۆ ئابووری کردووە و سەیر دەکەین بەرنامەڕێژی کەناڵەکان (خوێنراو وبیستراو وبینراو) لەسەر ئەو بنیاتەدا نەخشەی بۆ کێشراوە و دەکێشرێ ، بەمەش شتە جیددیە پێویستەکانی سەردەم و لەگەڵ ھاتنەوەی لە ئاکامی ئەو بەرنامە ڕێژیەدا لەخۆیاندا دەچنە پەڕاوێز...


دیارە ئەگەر بەو ڕەنگەش بڕوا و بەردەوام ئەگەر بشێ بگوترێ مەنتیقی ( لێخوڕە دەشتە ) ی بەسەردا زاڵ بێ و میدیای کوردی ھەوڵێک بە ئاراستەی خۆ دەربازکردن لەو بازنە بەرتەسکە نەدا .


ڕەنگە لە ئایندەیەکی زۆر دوور نا ڕەنگڕێژییەکی دی بە خۆیەوە ببینێ ، یا خودی باروبووکار مەرج نییە تا سەر ڕێ بدا چواریەکی ئەمڕۆ حەقیقەت و ڕاستیەکان بگەن ، کە ئەگەر تا ئەوسا ، بە ھۆی زۆر ئەگەرەوە شتێک بمێنێ بەناوی حەقیقەت.

___________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/midyaykurdil3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/midyaykurdil2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/midyaykurdil1.htm

 

تشرینی یەکەم ٢٠١٦

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک