په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٥

    من کۆمەڵێ ژمارەم.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

من چیم.. گۆشت و ئێسک و خوێنم
بیری عیشق و
کانی هەست و
ئاسمانی جوانی نوێنم
بیرکردنەوە و خەیاڵ ئەمبەن بۆ گەشتی دوور
پەرجووی ژیان
ئەمنەخشێنێ بە ڕەنگی سوور
ڕەنگی پێستم ڕەش بێ
سپی یا گەنمڕەنگ
ئۆقر ناگرم
لە لێواری جیهانێکی کپ و بێدەنگ
کانگایەکم لە یادەوەری و ڕابردوو
ڕووبارێکم لە داهاتوو
داری ئومێدم شۆرەبی ڕێی ژیانە
کوانووی خۆزگەم
ژیلەمۆکەی دڵ و گیانە
ئەمێستاکە لەم کیشوەری ئاسوودەیی و
سەرزەمینی بەختەوەرییە
ئا لەم قەشەنگترین شارە
منی مرۆڤ بووم بە ژمارە
لە مۆڵەتی شوفێریدا
لە سەرکار و
قوتابخانە
لە بیمەی کۆمەڵایەتیدا
لە ناو بانق و
نەخۆشخانە
من خۆم نیم و
ژمارەیەک لە جیاتی من دەڕوات و دێ
وەک سێبەر جوێ نابێتەوە
هەنگاو بە هەنگاو پێ بە پێ
لەم کیشوەری خەم و خەونە
خاڵیم لە خەڵک
خاڵیم لە ژین
ژیان تێکچڕژاو وەک تەونە
لەم سەرزەمینە غەددارە
دیلی کاتم
شەو و ڕۆژم غارەغارە
لەم هەورستانی تاراوگە
چرکە چرکەی هەناسەکانم تۆمارە
بووم بە جەبری باڵای شار و
بووم بە کۆمەڵێ ژمارە.


٢١\٤\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک