په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٥\٢٠١٠

من وەک فێرکار(مامۆستا)ێک دەمێنمەوە و تۆش زیندانەوانێک!


و. لە فارسییەوە: هەژێن


زنوس، خوای خوایان فەرمانی دا تاکو پرۆمتەی سەرپێچیگەر زیندانی بکەن و بەمجۆرە بوو بەسەرهاتی من و تۆ لێرەوە دەستی پێکرد.


تۆ بوویتە میراتگری زیندانەوانانی زنوس تاکو ڕۆژانە ببیتە پاسەوانی نەوەیەک لە دریژبوونەوەی خۆرەتا و ڕۆشنی و بۆ من و تۆ زیندان دوو واتای جیای پەیدا کرد. دوو کەس، دوو دیوی دیوار دەرگەیەکی ئاسنین هەیە و ڕۆژنەیەکی گچکە تێیدا، تۆ لە دەرەوەی بەندیگە و من لەناویدا.

شتێکی باش دەبێت کە یەکتر باشتر بناسین.

من فێرکار ... نا نا....
من فێریاری (قوتابی) سەمەدی بیهرەنگیم، ئەوەی کە الدوز و قاڵاوەکان و گچکە ماسی ڕەشی نووسی، کە هەمووان فێری بزووتنەوە بکات. ئەو دەناسیت؟ دەزانم کە نایناسی.

من فێریاری خانعەلیم، ئەو فێرکارەی کە فێری کردین چۆن لەسەر تەختە ڕەشەی پۆلەکەمان نیگاری خۆر بکێشین، کە ڕۆشناییەکەی شەمشەمە کوێرەکان ڕاوبنێت.

دەزانی ئەو کێ بوو؟

من هاوکاری بەهمەنی عیزەتیم، پیاوێک کە هەمیشە بۆنی بارانی لێدەهات و مرۆڤێک کە هێشتاکە خەڵکی کرماشان (کرمانشاە) و دێهاتەکانی لەتەک یەکەمین پاییزە باران ئەویان بیردەکەوێتەوە، ئەرێ بەراست دەزانی ئەو کێ بوو؟ دەزانم کە نازانی.٢

منی فێرکار، لە فێریارەکانمەوە خەندە و پرسیارکردنم بەمیرات بردووە.

هەنووکە کە منت ناسی، تۆ لە بارەی خۆتەوە بڵێ، هاوکارەکانت کێ بوون، توندوتیژی و نەفرەتت لە کێوە بەمیرات بۆ ماوەتەوە، دەستبەند و پێبەندەکانت (زنجیرەکانت) لە کێوە بۆ بەجێماون؟ لە سیاچاڵەکانی زوحاکەوە؟

لە بارەی خۆتەوە بڵێ، تۆ کێی؟ تەنیا لە دەسبەند و زنجیر و شەلاق، لە دیوارە پتەوەکانی ٢٠٩، لە چاوە ئەلەکترۆنییەکانی زیندان، لە دەرگە پتەوەکانی مەمترسێنە، چیتر هیچ ترسێک لە مندا دروست ناکەن. توڕە مەبە، هاوار مەکە، بە مشتەکۆڵە بەسەر دڵمدا مەکێشە، کە بۆچی سەرم بەرز ڕادەگرم، داستانی مشتەکۆڵەی تۆ و سەری ژنە زیندانییەکەم لەبیرە.

لێم مەدە، کە بۆچی گۆرانی دەڵێم، من کوردم، باوایانی من ئەویندارییان، دەردەکانیان، خەباتیان و بوونیان لە گۆرانی و سروودەکاندا بۆ من بە یادگاری بەجێهێشتووە. من دەبێت بێژم و تۆ ببیستی. تۆ دەبێت گوێ لە گۆرانییەکەم بگری، دەزانم کە ئازارت دەدات.

من مەدەرە بەر کوتەک، کە لەکاتی بەڕێڕۆیشتندا دەنگی پێیەکانم دێت، ئاخر دایکم فێری کردووم، بە هەنگاوەکانم لەتەک زەمیندا قسە بکەم، نێوان من و زەمین، پەیمانێک هەیە و پەیوەندییەک کە زەمین پڕ لە جوانی و پڕ لە خەندە بکەم. دەی کەواتە بهێڵە با بەڕێدا بڕۆم، بهێڵە با دەنگی پێم ببیستێت، بهێڵە زەمین بزانێت هێشتاکە من زیندووم و هیوادار.

پێنووس و کاخەز لە من یاساخ مەکە، دەمەوێت بۆ منالانی سەرزەمینم لایە لایە بهۆنمەوە، لێوانلێو لە هیوا، پڕ لە داستانی سەمەد و ژیانی، خانعلی و ئارەزووەکانی، لە عیزەتی و فێریارانی، دەمەوێت بنووسم، دەمەوێت لەتەک خەڵک قسە بکەم، لە ناخی بەندیگە (سلول)کەمەوە، لێرەوە، تێدەگەی چی دەلێم؟ دەزانم فێریان کردووی ڕکت لە ڕۆشنایی، جوانییەکان، لە بیر و بیرکردنەوە بێت.

بەڵام مەترسە وەرە ناو بەندیگەکەوە، میوانی خوانی گچکە و شری من بە، ببینە من چۆن هەموو شەوێک فێریارەکانم میوانی دەکەم، چۆن چیرۆکیان بۆدەگێڕمەوە، بەڵام تۆ مۆڵەتت نییە کە ببینی، تۆ مۆڵەتت نییە کە ببیستیت، تۆ دەبێت ببیتە ئەویندار، دەبێت ببیتە مرۆڤ، دەبێت لەم دیوی دەربازەکەوە بیت تاکو تێبگەیت کە چی دەڵێم.

تەماشای من بکە تا بزانی جیاوازی من و تۆ لە چیدایە، من هەموو ڕۆژێک لەسەر دیواری بەندیگەکەم دەستانی دڵدارەکەم، چاوە جوانەکانی نیگاردەکێشم، پەنجەکانی لەناو دەستم دەگرم و گەرمیی ژیان لە دەستەکانیدا و چاوەڕوانی و شەیدایی لە چاوانیدا دەخوێنمەوە، بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێک بە کوتەکی دەستت پەنجانی نووساو بەدیواردا دەشکێنی و چاوانی چاوەڕوانی دەردەهێنی و دیوارەکە ڕەش دەکەیتەوە.

دونیای تۆ هەمیشە تاریکی و زیندان دەبێت و هەستی ڕۆشنایی ئازارت دەدات، من چەند مانگێکە چاوم چاوەڕێی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرەیە.

لەتەک ئەستێرە یاخییەکان کە لە تاریکیدا لەم سەری ئاسمان بۆ ئەو سەری ئاسمان بکشێن و سنگی تاریکی بە ڕۆشنایی شەق بکەن. بەڵام تۆ ساڵانێکە لە تاریکیدا دەژیت، شەوی تۆ بێ ئەستێرەیە، دەزانی ئاسمانی بێ ئەستێرە چ واتایەکی هەیە؟ ئاسمانی هەمیشە شەو واتە چییە؟

ئەمجار کە گەڕامەوە ٢٠٩ وەرە ناو بەندیگەکەم، من بۆ تۆ ئارەزووهایەکم هەن، نەک لە ڕەنگی نزاکانی تۆ کە سەراپا ئاگرن و ترس لە دۆزەخ، ئارەزووەکانی من پڕن لە هیوا و خەندە و ئەوین. وەرە ناو بەندیگەکەم تاکو ڕازی نهێنی دوا خەندەی عیزەتیت لەبەردەم سێدارە پێ بڵێم، دەزانم کە دووبارە دەبمەوە بەندی بەندیگەی ٢٠٩، لە بارێکدا کە تۆ بە تەواوی بوونی پڕ کینەتەوە بەسەرمدا دەگوڕێنی و من هێشتاکە دڵم بۆ تۆ و دونیایەکی هیچ کە لە دەورت دروست کراوە، دەسووتێت. من دەگەڕێمەوە لە بارێکدا کە فێرکارێکم و هێشتاکە خەندەی مناڵانی نیشتمانەکەم بەسەر لێومەوەیە.

________________________________________
١. چەند کەس لە پاسەوانانی ٢٠٩ (بەپێچەوانەی لێکۆڵەرەکان کە ئەمجارە ئازاریان نەدام) لەسەر ئەوەی کە لە بابەتی بەندیگەی ٢٠٩، ئەوانم بە خێو نێو بردبوو دڕندانە دامیانە بەر کوتەک و جنێو و سوکایەتی.


٢. بەهمەنی عیزەتی فێرکاریک بوو، کە لەسەرەتای شۆرشدا(مەبەست شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانە - و. کوردی) لە سێدارە درا، هێشتاکە خەڵکی دێهاتەکانی کرماشان و کامیاران یاداوەری زۆریان لەبارەی ئەوەوە هەیە، دەڵێن لە کاتی لەسێدارەداندا لە وەلامی لێپرسراواندا کە لێی دەپرسن لە مردن ناترسێی؟ بە خەندەوە وتویەتی: مەرگ ئەگەر پیاوە با بێتە لای من، تاکو توند توند لە ئامێزی بگرم.

 

فێرکاری سزادراو بە سێدارە، فەرزادی کەمانگەر
بەندیگەی نەخۆشانی (عفونی) زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

 

 

١٧\٥\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن