په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٥

پەیپەری سیاسەتە گشتییەکان - ٤.

ناجۆریی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا.

 

ئامادەکردنی: لێژنەی راوێژکاری یاسایی پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن KIE

 

پێشەکی:


مەبەست لە ناجۆریی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە ئەو سیستەمە ناکەوێتە خانەی ھیچکام لە سێ سیستەمە حوکمڕانییە سەرەکییەکەی جیھانەوە، پەرلەمانی، نیمچە سەرۆکایەتی و سەرۆکایەتی. بە واتایەکی تر سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا رەگەز و بنەمای لە ھەریەک لەو سێ سیستەمە خواستوە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی ناجۆر کە دواجار لە ھیچکامیان ناچێت.


راستتر وابوو لە ئامادەکردنی ئەم پەیپەرەدا و بۆ سەلماندنی ئەو ناجۆرییەی لە سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، دەستوورمان بە بناغە وەربگرتایە، بەڵام بەو پێیەی کە دەستوورێکی پەسەندکراومان نییە، لەبەرئەوە پەنامانبردۆتە بەر ئەو یاسایانەی کە مۆرکی دەستوورییان ھەیە، وەک یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (١٩٩٢) یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥) یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.


گرووپی سوودمەند لەم پەیپەرەدا بەپلەی سەرەکی پەرلەمانتارانی کوردستانن، لەبەرئەوەی لەبەردەم دۆخێکداین پرسی یەکلاکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانیی لەپێشەوەی باس و خواستەکاندایەو ئەوانیش دەتوانن رۆڵی کاریگەر لەو پرسە چارەنوسسازەدا بگێڕن، ئەم پەیپەرەش ھەوڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر ھەندێک لەو رووبەرانەی کە ئەندامانی پەرلەمان لە ھەرکەس زیاتر لە دانیشتنەکانیاندا پێویستیان بە زانیارییەکانی دەبێت.


ئێمەش وەک پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن لە روانگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گرنگی دۆخەکە، ئەم پەیپەرەمان ئامادەکردووە، ھیوادارین جێگەی خۆی بگرێت و ئێوەش سەرفرازبن..

جەوھەری کێشەکە:


سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا، لەو سیستەمانەیە کە ناجۆرەو ناچێتە خانەی ھیچکام لە جۆرەکانی سیستەمی پەرلەمانی، سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتیەوە.

"بەرپرسیارێتی" وەک ئامرازێکی ئاشکراکار:


بۆ سەلماندنی سیفەتی "ناجۆریی" لە سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا، چەمکی "بەرپرسیارێتی - Accountability" لەم پەیپەرەدا وەک ئامرازێک بۆ ئاشکراکردنی شێوەی پەیوەندی نێوان سێ دامەزراوەکەی (پەرلەمان، سەرۆکی وڵات، حکومەت) بە بناغە وەرگیراوە، بۆئەوەی لەوێوە جۆری سیستەمی حوکمڕانییەکە دیاری بکرێت.


لە سیاقی سیستەمەکانی حوکمڕانییدا، دوو جۆر لە بەرپرسیارێتی ھەیە:


یەکەم: "بەرپرسیارێتی تاوانکاریی - Criminal Accountability"، ئەم بەرپرسیارێتییە لە سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتیدا، وەک تاکە رێگە بۆ لابردنی سەرۆکی وڵات، روبەڕوی سەرۆکی وڵات دەکرێتەوە. بەرپرسیارێتی تاوانکاری بەپێی دەستووری وڵاتان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ماددەی ٥٣، بڕگەی چوارەمی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستاندا بریتیە لە "ناپاکی مەزن- High treason"و شکاندنی سوێندی دەستووری و پێشێلکردنی سامناکی دەستوور، لەکاتێکدا تاوانی سەرۆک لە دەستووری ئەمریکادا ناپاکی مەزن و بەرتیلخۆری و تاوانی تری جینایاتیش لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە بیل کیلنتۆن بەھۆی شکاندنی سوێندی دەستووری و رێگری بۆ دەسەڵاتی دادوەری تاوانبارکرا.

دووەم: "بەرپرسیارێتی سیاسی- Political Accountability"، بریتییە لە دەسەڵاتی متمانەبەخشین و متمانەسەندنەوەی نێوان پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی وڵات لەبەرامبەر یەکتردا.


ئەنتۆنیۆ خۆسێ چیباب, کە پرۆفیسۆری زانکۆی ئیلینۆیە لەبەشی زانستە رامیارییەکان, یەکێکە لەو توێژەرانەی کە چەمکی بەرپرسیارێتی کردۆتە ھۆکاری جیاکردنەوەی سیستەمە سیاسییەکان لە یەکتر. چیباب لە کتێبی "سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و دیموکراسی"دا، سیستەمە سیاسییەکان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی سیاسی پۆلێندەکات و تێیدا نموونەی سیستەمی ئیسرائیل دەھێنێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیران لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ تا ٢٠٠١)دا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراوە، نەک لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵام سیستەمەکە ھەر بە پەرلەمانی لە قەڵەمدەرێت چونکە بەبۆچوونی چیباب سەرۆک وەزیران بە لێسەندنەوەی متمانە لادەبرێت نەک بە تۆمەتبارکردن، واتە سەرۆک وەزیران لەسەر ھەردوو ئاستی سیاسی و تاوانکارییەوە بەرپرسیارە، بەڵام لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکاندا سەرۆک تەنھا لەرووی تاوانکارییەوە بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیارە نەک لە رووی سیاسییەوە.

 

ھێڵکاری پرۆفیسۆر ''Jose Antonio Cheibub'':

 


سروشتی سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان:


ئەگەر لەبەر رۆشنایی ھێڵکارییەکەی سەرەوەدا، سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا بخوێنرێتەوە، بەو دەرەنجامانەی خوارەوە دەگەین:

* بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی بێت: ئەوا دەبێت ھەر دوو لایەنەکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ھەرێم) بەرپرسیاربن لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام ئەوەی لە ناو دەقی یاساکان و لەسەر ئەرزی واقیع ھەیە، ئەوەیە کە تەنھا ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەئاست پەرلەماندا ھەیە (بەو مەرجەی سەرۆکی ھەرێم بڕیاری متمانەسەندنەوەی پەرلەمان لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندبکات و ڤیتۆی لە بەرامبەردا بەکارنەھێنێت). بەڵام سەرۆکی ھەرێم ئەو بەرپرسیارێتییەی لەبەردەم پەرلەماندا نییە، کەواتە دەتوانین بڵێین سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە.

* بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی بێت: ئەوا دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا بەرپرسیاری سیاسی نەبێت، بەڵام ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم پەرلەماندا ھەیە (بەو مەرجەوە کە لە خاڵی سەرەوەدا باسکرا)، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی نییە.

* بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان نیمچە سەرۆکایەتی بێت: ئەوا دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم ھەریەک لە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمدا ھەبێت، بەڵام ئەوەی ھەیە ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم پەرلەماندا ھەیە (بەو مەرجەی کە لە خاڵی سەرەوەدا باسکراوە)، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم سەرۆکایەتی ھەرێمدا نییە.
کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا ناجۆرە.


ئەڵتەرناتیڤەکان:


بۆ ئەوەی ناجۆریی سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان، لەبەر رۆشنایی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا، راستبکەینەوە، ئەوا چەند ئەڵتەرناتیڤێک دەخەینەڕوو:


* ئەڵتەرناتیڤی یەکەم (سیستەمی پەرلەمانی):


بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا ببێتە پەرلەمانی، ئەوا دەبێت سەرۆکی ھەرێمیش وەک ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا ھەبێت، ئەمەش بە واتای ئەوەدێت کە:
- سەرۆکی ھەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت و متمانەی لێدەسەنرێتەوە.
- سەرۆکی ھەرێم مافی بەکارھێنانی ڤیتۆی نابێت بەرامبەر ئەو پرۆژە یاسایانەی کە پەرلەمان پەسەندیان دەکات.
- سەرۆکی ھەرێم مافی ھەڵوەشاندنەوەی تەقدیریی، پەرلەمانی کوردستانی نامێنێت.
- سەرۆکی ھەرێم بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی لێدەسەنرێتەوەو بەپێی تایبەتمەندی وەزارەتەکان، بەسەر ئەنجومەنی وەزیراندا دابەشدەکرێت. لەو دەسەڵاتانەی لە سەرۆکی ھەرێم دەسەنرێنەوە وەک: فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایش، راگەیاندنی باری نائاسایی، لێبوردنی تایبەت بە بەندکراوان، سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوە ناچارییەکانی ئەنجومەنی وەزیران، مەرسومەکانی دامەزراندنی پلە تایبەتەکان و...ھتد
- سەرۆکی ھەرێم مافی دامەزراندنی دادوەران و سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی لێدەسەنرێتەوەو ئەو مافە بۆ ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان دەگەڕێنرێتەوە.
- سەرۆکی ھەرێم دەرکردنی مەرسومەکانی وەک ئەرکێکی ھونەری و کارگێڕی جێبەجێدەکات نەک ھێزی ڤیتۆیان ھەبێت.
- لە سیستەمی پەرلەماندا سەرۆک وەزیران ناتوانێت سیاسەتی خۆی بەسەر وەزیراندا بسەپێنێت ھەربۆیە بەرپرسیارێتییەکەی لەئاست پەرلەماندا دەستەجەمعییە.


* ئەڵتەرناتیڤی دووەم (سیستەمی سەرۆکایەتی):


بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا بکرێتە سەرۆکایەتی، ئەوا دەبێت:
- سەرۆکی ھەرێم لە رێگەی ھەڵبژاردنی راستەوخۆی خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت.
- سەرۆکی ھەرێم تەنھا لە رێگەی ساغبوونەوەی بەرپرسیارێتی تاوانکارییەوە دەستلەکاردەکێشێتەوە.
- سەرۆکی ھەرێم و وەزیرەکانی بەرپرسیارێتی سیاسییان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا نەبێت.
- سەرۆکی ھەرێم متمانە بداتە وەزیرەکان و متمانەشیان لێبسەنێتەوە، بەبێ ئەوەی پەرلەمان ھیچ رۆڵێکی لەمەدا ھەبێت.
- سەرۆکی ھەرێم مافی بەکارھێنانی ڤیتۆی دەبێت بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەی کە پەرلەمان پەسەندیان دەکات، جا کۆی ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکان بێت یان بەشێکی پرۆژەیاساکان.
- سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی ئامادەکردنی بودجەی ھەرێمی دەبێت.
- سەرۆکی ھەرێم ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت: فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان،
راگەیاندنی باری نائاسایی، لێبوردنی تایبەت بە بەندکراوان، سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوە خولییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و...ھتد

* ئەڵتەرناتیڤی سێھەم (سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی):


بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمی کوردستاندا ببێتە نیمچە سەرۆکایەتی، ئەوا دەبێت:
- ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی سیاسییان لەبەردەم ھەریەک لە پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت.
- سەرۆکی ھەرێم لە رێگەی ھەڵبژاردنی راستەوخۆی خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت.
- سەرۆکی ھەرێم تەنھا لە رێگەی بەرپرسیارێتی تاوانکارییەوە لاببرێت.
- سەرۆکی ھەرێم مافی بەکارھێنانی ڤیتۆی بەرامبەر ھەموو یان بەشێک لەدەقی ئەو پرۆژە یاسایانە دەبێت کە پەرلەمان پەسەندیان دەکات.
- سەرۆکی ھەرێم ھەمان ئەو دەسەڵاتانەی ھەیە کە سیستەمی سەرۆکایەتی لە ئەڵتەرناتیڤی دووەمدا ھەیەتی.


پێشنیاری گونجاو:


بە ئامانجی راستکردنەوەو دەربازبوون لەو ناجۆرییەی لە سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ھاوکات لەپێناو دیزاینکردنی سیستەمێکی حوکمڕانیی ھاوسەنگی گونجاو بۆ ئێستاو ئایندەی ھەرێمی کوردستان، کە بتوانێت بەشێوەیەکی عادیلانە دەسەڵاتەکان بەسەر پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستاندا دابەش بکات، ئێمە وەک "پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن" سیستەمی پەرلەمانی بە گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤ دەزانین بۆ سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان، ئەویش پاڵپشت بەو فاکتەرانەی کە ئەزموونکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا دووچاری شکست دەکات، کە ئەوانیش بریتین لە:


فاکتەری یەکەم: ھاوپەیمانێتی ناھاوسەنگ.


سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتی نەگونجاوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ھێزی سیاسی زۆرینەی تێدا نەبێت، چونکە لەمجۆرە وڵاتانەدا پێکھێنانی حکومەت پێویستی بە ھاوپەیمانێتی سیاسی ھەیەو سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتی ناتوانن ھاوپەیمانێتیەکی ھاوسەنگ پێکبھێنن، لەبەرئەوەی رێسای گەمەکە (سفر و سەدە)و ھەر لایەنێک سەرۆکایەتی بەدەستەوە بگرێت، چیتر لایەنەکانی تری ناو ھاوپەیمانێتیەکە دەسەڵاتیان بەسەر سەرۆکدا نامێنێت و تای تەرازوەکە بەگشتی بەلای ئەو ھێزە سیاسییەدا دەشکێتەوە کە سەرۆکی وڵاتی بەدەستەوەیە، بەمەش دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان ئەو ھاوپەیمانێتیەدا بە قازانجی ئەو ھێزە سیاسییە لاسەنگ دەبێت، کە خاوەنی سەرۆکی وڵاتە.


بەڵام لە سیستەمی پەرلەمانیدا، سەرۆکی وڵات دەسەڵاتێکی سیمبولی و تەشریفاتی ھەیەو ھەموو دەسەڵاتەکانیش لەلای سەرۆک وەزیران کۆنابێتەوە، سەرباری ئەوەی سەرۆک وەزیران لەژێر چاودێری پەرلەماندایە کە بەسەر ھێزگەلێکی جیاوازدا دابەشبووە، لەبەرئەوە ھەرکاتێک سەرۆک وەزیران بە پێچەوانەی بەرنامەی سیاسی ئەو ھاوپەیمانێتیە ھەنگاوینا کە حکومەتیان پێکھێناوە، لەوکاتەدا پەرلەمان میکانیزمی ئەوە دەخاتە بەردەم فراکسیۆنەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی زۆرینە (فراکسیۆنی سەرۆک وەزیران)، کە لەرێگەی لێسەندنەوەی متمانە یان پاشەکشەکردن لە ھاوپەیمانێتییەکە، حکومەت ھەڵبوەشێننەوەو کابینەیەکی حکومی تر پێکبھێنن.


فاکتەری دووەم: ھێزی ئەمنی و سەربازی یەکنەخراو.


سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵاتانە ناشێت کە ھێزی ئەمنی و سەربازی تێیاندا کۆنترۆڵ نەکراوە, بەتایبەتی لەو کاتانەی کە کێشەی سیاسی و دیموکراسی لە نێوان سەرۆک و پەرلەماندا دروستدەبێت, پەرلەمان توانای لێپرسینەوەو لادانی سەرۆکی نییە، بەمەش قەیرانی دەسەڵات قووڵتر دەبێتەوەو سیستەمەکە بە بنبەست دەگات، لەم بارانەشدا ئەگەر زۆرە کە سەرۆک ئەو ھێزە ئەمنی و سەبازییانەی وەلائیان بۆ خۆی یان بۆ حیزبەکەی ھەیە بە قازانجی خۆی بەکاربھێنێت، وڵاتانی ئەفریقا بەشێکن لەو سیستەمانەی کە بەمجۆرە شکستدەھێنن. بێگومان لە ھەرێمی کوردستانیشدا ھێزی پێشمەرگە رێکنەخراوە، بۆیە ھەمیشە ئەگەری بەکارھێنانی ھەیە لە ململانێ سیاسییەکاندا. بەڵام لە سیستەمی پەرلەمانیدا لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران وەکو زمانەی دڵنیایی "ێمام الامان" وایە ھەرکاتێک حکومەت و پەرلەمان گەیشتن بە بنبەست، پەرلەمان متمانە لە حکومەت دەسەنێتەوەو بەمەش رێگە بۆ ھەڵبژاردنێکی نوێ خۆشدەکرێت، بەبێئەوەی سیستەمەکە بە بنبەست بگات یان شکست بھێنێت.


فاکتەری سێھەم: کەلتورو ستراکچەری خێڵەکی.


سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی خێڵەکین، لەبەرئەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆک تەنھا بۆ یەک کاندیدە، ئەمەش وا لە حیزبە سیاسییەکان دەکات بگەڕێن بەدوای کاندیدێکی زۆر بەھێزدا کە ئەویش خۆی لە خێڵدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە سەرۆکی ھەریەک لە وڵاتانی کینیا، رواندا، ساحل العاج، گاناو لایبریاو چەندین وڵاتی تری کیشوەری ئەفریقیا سەرۆک خێڵن. بەڵام لە سیستەمی پەرلەمانیدا زیاتر لەکاندیدێک ھەیەو دەنگدەر زیاترو زیاتر دەنگ بە بەرنامەی سیاسی و لیستەکان دەدات لەبەرئەوە رۆڵ و کاریگەری سەرۆک خێڵ کەمتردەبێتەوە. کەواتە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بونیادێکی خێڵەکیان ھەیە سیستەمی سەرۆکایەتی گەشەی زیاتر بە خێڵ و عەقڵیەتی خێڵەکی دەدات و زەقی دەکاتەوە، بەڵام لەسیستەمی پەرلەمانیدا بونیادی خێل و عەقڵیەتی خێلەکی کاڵدەکاتەوە.

فاکتەری چوارەم: وێنای باڵادەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.


سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتی بەکەڵکی ئەو وڵاتانە نایەت کە پاشخان و میراتێکیان لە باڵادەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ھەیە، چونکە ھۆشیاری گشتی و نەستی تاک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەلاوە گرنگترو بەھێزترەو پەرلەمانی وەک دەزگایەکی لاواز دێتەپێشچاو. لەمکاتەدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دوو رووەوە بەھێزە: یەکەم بەپێی دەسەڵاتە دەستوورییەکان، دووەم لەرووی تێگەیشتنی خەڵک و قبوڵکردنی باڵادەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەر ئەرزی واقیع, وادەکات زیاتر سیستەمەکە بەرەو ستەمکاری ھەنگاوبنێت . نموونەی ئەمجۆرە سیستەمانە لە وڵاتە ئەفریقاییەکاندا ھەیە، کە سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن پەرلەمانییە بەڵام بەھۆی ئەوەی میراتێکی کۆلۆنیالیزمیان بۆ ماوەتەوە کە تێیدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن ھەمیشە سەردەست بووە، لەبەرئەوە سیستەمەکە توانای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە.


سیستەمی سەرۆکایەتی و نمیچە سەرۆکایەتی لەو وڵاتانەدا سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە کە پاشخانێکی پەرلەمانی بەھێزیان ھەیەو پەرلەمان لە مێژووی ئەو وڵاتانەدا رۆڵ و کاریگەرییان ھەبووە، چونکە سەرۆک و دەسەڵاتی جێەجێکردن لەو جۆرە وڵاتانەدا ناتوانێت پاوەنخوازی بکات. بۆ نموونە ھەردوو وڵاتی ئایسلەند و فەنلەندە سەرەڕای ئەوەی سیستەمەکەیان نیمچە سەرۆکایەتییە بەڵام پاشخانە پەرلەمانییە دەوڵەمەندەکەیان وایکردووە کە سیستەمەکەیان وەک پەرلەمانی کاربکات و تەنانەت ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆکی وڵات بەپێی دەستوور ھەیەتی مومارەسەیان نەکات..


فاکتەری پێنجەم: کاریگەریی سیستەمی ھەڵبژاردن.


سیستەمی سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتی لەو وڵاتانەدا سەرکەوتووە کە سیستەمی ھەڵبژاردنیان زۆرینەیە نەک نوێنەرایەتی رێژەیی، لەبەرئەوەی سیستەمی زۆرینە دوو حیزبی بەھێزی خاوەن زۆرینە بەرھەمدەھێنیت کە بتوانن لە ناو دەسەڵاتی یاسادانان یان دەسەڵاتی جێبەجێکردندا وەڵامی سەرۆک بدەنەوە. بەشێکی زۆر لە یاساناسان و توێژەرانی بواری دیزاینی دەستووریی، سەرکەوتنی سیستەمی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکادا بۆ سیستەمی ھەڵبژاردنی زۆرینە دەگەڕێننەوە، ھاوکات شکستی سیستەمە سەرۆکایەتییەکان لە ئەمەریکای لاتین بۆ سیستەمی ھەڵبژاردنیان دەگەڕێننەوە کە سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییەو دەبێتەھۆی دروستبوونی چەندین حیزبی بچووکی پەرش و بڵاوی ئەوتۆ، کەدواجار نەتوانن وەڵامی خێر و توندی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بدەنەوە یان ناتوانن روبەڕوی ڤیتۆی سەرۆک ببنەوە کە لەناو دەسەڵاتی یاساداناندا ھەیەتی. لە ھەرێمی کوردستانیشدا بەھۆی ئەوەی کە ھیچ ھێزێکی زۆرینە لەئارادا نییەو پەرلەمان پێویستی بە ھاوپەیمانێتی دوولایەن و زیاتر ھەیە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنێکی بەھێزیەتی، لەبەرئەوە ھەمیشە سەرۆکی ھەرێم لە پراکتیزەکردنی دەسەڵاتەکانی لە پەرلەمان بەھێزترەو ئەوەی دوایی لاوازە لە وەڵامدانەوەی ئەو مافی ڤیتۆییەی کە سەرۆک لە بەرامبەر بەشێک یان سەرلەبەری پرۆژەیاسایەکی پەسەندکراودا بەکاریدەھێنێت , بۆ نموونە، پەرلەمانی کوردستان لەو شوێنەدا وەستا کە سەرۆکی ھەرێم مافی ڤیتۆی لەبەرامبەر پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی "یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان" و "دەستەی نەزاھە"دا بەکارھێنا.


فاکتەری شەشەم: ھەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆک.


لە سیستەمی سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتیدا، سەرۆک بەرپرسیارێتی سیاسی لەبەردەم پەرلەماندا نییە، بەڵکو تەنھا یەکجار لەبەردەم دەنگدەراندا بەرپرسیارە، ئەوکاتەی کە لەرێگەی ھەڵبژاردنی راستەوخۆی خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێتەوە. بەڵام لە وڵاتێکدا کە کەلتوری ھەڵبژاردن و دیموکراسی تێیدا گەشەی نەکردبێت و خاوەنی کۆمسیۆنێکی ھەڵبژاردنی کاراو سەربەخۆی ئەوتۆ نەبێت کە رێگربێت لەکاری ساختەو تەزویر، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە کە دەنگی دەنگدەریش لەو وڵاتەدا ھەر نەبێتە ئامرازێک بۆ لێپرسینەوەو وێستگەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە پۆستی سەرۆکدا.


لەو وڵاتانەی کە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکەوەیە بەڵام کەلتوری دیموکراسی تێیاندا پێنەگەیشتووەو ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکدا روونادات، سیستەمێک بەرھەمدێت کە پێیدەوترێـت "دیکتاتۆریەتی کێبڕکێکار- Competitive authoritarian" یان "دیکتاتۆریەتی ھەڵبژاردن - Electoral autocracies"، وەکئەوەی لە وڵاتانی فەنزویلا، روسیا، نیکاراگوا، سلڤادۆر، لاتڤیا، کرواتیا، مالیزیا، مەکسیک و ئەرمینیادا ھەیە.


فاکتەری حەوتەم: کەمکردنەوەی رۆڵی ئافرەت.


بەو پێیەی کە کێبڕکێی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی وڵات لەسەر یەک کورسییە، لەبەرئەوە دەرفەتی سەرکەوتنی ئافرەت بۆ ئەو پۆستە زۆرکەمە، چونکە پارتە سیاسییەکان خۆیان لە کاندیدێک بەدووردەگرن کە پێچەوانەبێت لەگەڵ ھەست و بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگەدا، بەڵام لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا دەنگدان بۆ کۆمەڵێک کاندیدو بەرنامەی سیاسییە، جگەلەوەی کە نازانرێت چ کەسێک دەبێتە سەرۆک وەزیران، ئەمەش دەستی حیزبەکان ئاوەڵادەکات بۆ پشتگیریکردنی ئافرەت لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیراندا. ھەروەھا لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا بوونی فرە کورسی دەرفەت لە بەردەم کۆتای ئافرەتدا دەڕەخسێنێت بۆ بەدەستھێنانی کورسی پەرلەمان و پۆستی وەزاریی. بەشێوەیەکی گشتی، لە سیستەمی پەرلەمانیدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بوونەتە سەرۆک وەزیران ٤١ ئافرەتە لەکاتێکدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەسیستەمی سەرۆکایەتیدا بوونەتە سەرۆک ٣١ ئافرەتە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوە، لە وڵاتی ھیندستاندا، لەنێوان ساڵانی (١٩٦٣-٢٠١٤) سەرەڕای ھەبوونی کلتوری پیاوسالاری بەڵام ١٥ سەرۆک وەزیرانی ئافرەتیان بەخۆوەبینیوە. لە وڵاتێکی دواکەوتوی وەک بەنگلادیشدا، بەھۆی سیستەمی پەرلەمانییەوە، لەساڵی ١٩٩١ تاکو ئێستا پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان دوو ئافرەتدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت! ئەگەر بەرواردێک لەنێوان بەنگلادیش و وڵاتێکی پێشکەوتوی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکەین، سەرەڕای ھەبوونی دەستوورو چەندین بزوتنەوەی فیمینستی و رەوتی فەلسەفی فیمنستی لە ئەمریکا بەڵام تائێستا سەرۆک کۆماری ئافرەت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار نەکراوە، یەکێک لەھۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی کە بەپێی پێویست دەرفەت لەبەردەم ئافرەتدا ناڕەخسێنێت بۆ ئەو پۆستە.

____________________________
سەرچاوەکان:
١. J.A. CHEIBUB, PRESIDENTIALISM, PARLIAMENTARISM, AND DEMOCRACY (Cambridge University Press. ٢٠٠٧).
٢. M.S. SHUGART& J.M. CAREY, PRESIDENTAND ASSEMBLIES: CONSTITUTIONAL DESIGNAND ELECTORAL DYNAMICS (Cambridge University Press. ١٩٩٢).
٣. G.TSEBELIS, VETO PLAYERS: HOW POLITICAL INSTITUTIONS WORK (Princeton University Press. ٢٠١١).
٤. S. MAINWARING & C. WELNA, DEMOCRATIC ACCOUNTABILITYIN LATIN AMERICA (Oxford University Press, USA. ٢٠٠٣).
٥. J.J. LINZ, TOTALITARIANAND AUTHORITARIAN REGIMES (Lynne Rienner Publishers. ٢٠٠٠).
٦. B. MAGALONI, VOTING FOR AUTOCRACY: HEGEMONIC PARTY SURVIVALANDITS DEMISEIN MEXICO (Cambridge University Press. ٢٠٠٨).
٧. S. LEVITSKY & L.A. WAY, COMPETITIVE AUTHORITARIANISM: HYBRID REGIMES AFTERTHE COLD WAR (Cambridge University Press. ٢٠١٠).
٨. J.J. LINZ& A. VALENZUELA, THE FAILUREOF PRESIDENTIAL DEMOCRACY (Johns Hopkins University Press. ١٩٩٤).
٩. P. NORRIS, ELECTORAL ENGINEERING: VOTING RULESAND POLITICAL BEHAVIOR (Cambridge University Press. ٢٠٠٤).
١٠. P. NORRIS, DRIVING DEMOCRACY: DO POWER-SHARING INSTITUTIONS WORK? (Cambridge University Press. ٢٠٠٨).
١١. J.M. CAREY& M.S. SHUGART, EXECUTIVE DECREE AUTHORITY (Cambridge University Press. ١٩٩٨).
١٢. R. ELGIE, SEMI-PRESIDENTIALISMIN EUROPE (Oxford University Press. ١٩٩٩).
١٣. R. ELGIE, SEMI-PRESIDENTIALISM: SUB-TYPES AND DEMOCRATIC PERFORMANCE (OUP Oxford. ٢٠١١).
١٤. C.L. BLACK, IMPEACHMENT: A HANDBOOK (Yale University Press. ١٩٩٨).
١٥. E.B. BAZAN, IMPEACHMENT: AN OVERVIEW OF CONSTITUTIONAL PROVISIONS, PROCEDURE, AND PRACTICE (DIANE Publishing Company. ٢٠١٠).
١٦. یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (١٩٩٢) یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
١٧. یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥) یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.

لێژنەی راوێژکاری یاسایی پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن پێکھاتووە لە:


- ئارام جەمال: بەرپرسی لێژنەی راوێژکاری یاسایی.
- زەردەشت خالید: ئەندامی لێژنەی راوێژکاری یاسایی.
- کاروان کازم: ئەندامی لێژنەی راوێژکاری یاسایی.
- ھەڵشۆ عبدالفتاح: ئەندامی لێژنەی راوێژکاری یاسایی.
- ئاریان رەئوف: : ھاوکاری لێژنەی راوێژکاری یاسایی.
- موحسین ئەدیب: ھاوکاری لێژنەی راوێژکاری یاسایی.

پشتگیریی کەسایەتی بۆ پەیپەرەکە:


* د. دارا محەمەد
دکتۆرا لە فەلسەفەی سیاسی، ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی دیموکراسی و ئایین - لەندەن.


"من پشتگیری لە ناوەڕۆکی ئەم پەیپەرە دەکەم، کە باس لەو ناجۆرییە دەکات کە لە فۆرمی سیستەمی حوکمڕانیی کوردستاندا ھەیەو تێیدا ئەو ئەگەرانەمان دەخاتە بەردەم کە سیستەمی ئەمڕۆی حوکمڕانیی کوردستان روبەڕوی قەیران دەکاتەوە، ئەو رێگاچارانەمان نیشاندەدات کە چۆن دەکرێت ئەم سیستەمە لەم قەیرانەی دەربچێت٠ بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەم رێگەچارانە بگیرێتەبەر ئەم سیستەمە توانای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی دەبێ؟ رەنگە بۆ دیاریکردنی لەکارکەوتنی ئەم سیستەمە پێویستمان بە گواستنەوەیەک ھەبێت لە باسکردنی ناجۆریی فۆرمیەوە بۆ باسکردنی ئەو شکستە بنچینەییەی کە ناوەڕۆکی ئەم سیستەمەی پێکھێناوە، کە ئەویش خۆی لە نەبوونی سیستەمێکی دیموکراسی و ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئۆتۆکراسی لەمڕۆی کوردستاندا دەبینێتەوە٠ پێویستە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم بە گرنگیەوە لە پێشنیارەکانی ئەم راوێژنامەیە بڕوانن٠".

٢٦\٤\٢٠١٥ - لەندەن


* ھەرێم کەریم: کاندیدی دکتۆرا لە سیستەمی دیموکراسی بەریتانیا Southampton Solent University.
ئەم پەیپەرە ئاماژە بەکرۆکی ئەو ھاوکێشە ئاڵۆزە ناتەندروستەی حکومڕانی دەکات کە لەکوردستاندا ڕەخساوەو لەسایەیدا، بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراسی پێشێل دەکرێت و بەرپرسیارێتی تێیدا لاوازە؛ بەرپرسیارێتی پاڕلەمانتاران بەرامبەر دەنگدەر؛ بەرپرسیارێتی بڕیاربەدەستانی حکومی بەرامبەر پاڕلەمانتاران؛ ھاوکات بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی بەرامبەر حکومەت و پاڕلەمان. بەڕەچاوکردنی سێ سیستەمی دیموکراسی ھاوچەرخ (Elitist, Participatory and Social)، کە خاڵی ھاوبەشیان نوێنەرایەتیکردنە، لەھەمانکاتدا بەڕەچاوکردنی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێم. ئەم پەیپەرە پێشنیاری گونجاو دەکات بۆ بەرقەراربونی سیستەمی پاڕلەمانی بەمەبەستی قوتاربون لەو ھاوکێشە ئاڵۆزە؛ جێگیر کردنی بنەماکانی دیموکراسی و گەڕاندنەوەی متمانە و بەرپرسیارێتی لەنێوان ھاوڵاتیان و نوێنەرانیان لەپاڕلەمان و بڕیاربەدەستەکانی حکومەت.

٢٦\٤\٢٠١٥ - بەریتانیا


* ھەردی مەحمود: کاندیدە بۆ دکتۆرا لە یاسا- لەندەن- زانکۆی King's College, London.
پەیپەرێکی چاکەو تەنھا زیادەیەک کە ھەمبێت ئەوەیە لە بەرژەوەندی سیستەمی پەرلەمانی دیبەیتێکی زۆر لە ئەدەبیاتی دیموکراتیزەکردندا ھەیە، کە چۆن بە بەراورد لەگەلڕ سیستەمی سەرۆکایەتیدا، سیستەمی بەرلەمانی ریکۆردێکی باشتری ھەیە لە ریگەگرتن لە ھەڵگەڕانەوە بۆ دیکتاتوریەت لەو ئەزموونانەی کە لە قۆناغی گواستنەوەدان بەرەو دیموکراسی و لەباری خۆڵەمێشیدان، بەو پێیەش ئەو سیستەمانەی پەرلەمانی بوو زیاتر توانیویانە ئەو قۆناغە بپەڕنەوەو بەرەو تۆکمەیی دیموکراسی بڕۆن.


* ھیوا خەلیل مەجید: ماستەر لە زانستە سیاسییەکان - زانکوی سەلاحەدین.
پاڵپشتی بۆچونەکانی پەیپەرەکەتان دەکەم و دەستتان خۆش بێت، زۆر سوودم لێوەرگرت. ئەوەی راستی بێت من لە بنەڕەتدا لەگەڵ بوونی دامەزراوەی سەرۆکایەتیدا نیم، واتە چ دەسەڵاتی زۆر بێت چ سیمبولی، چونکە من لەو بڕوایەدام ئەم دامەزراوەیە جیا لە سەرگێژەی ئابوری و سیاسی ناتوانێت خزمەتێکی ئەوتۆ بکات، دوبارە سوپاس.

* د. ئیسماعیل نەجمەدین: دکتۆرا لە یاسای گشتی.- زانکۆی سلێمانی.


* ئاوارە حسێن ئەحمەد: مامۆستاو سەرۆکی بەشی یاسای زانکۆی ھەڵەبجە.

* پشتیوان حەمە سەعید: کاندیدە بۆ دکتۆرا لە ئەمریکا - ماستەر لە زانستە رامیارییەکان - زانکۆی بەغداد.

* سکاڵا حەمە ئەمین: ماستەر لە زانستە رامیارییەکان - زانکۆی یەرموک - ئوردن.

پشتگیری رێکخراوەکان بۆ پەیپەرەکە:

 

 

 

پەیمانگەی کوردی بۆ ھەڵبژاردن KIE


نیسانی ٢٠١٥


 

halsho_985@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک