په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٥

نامەی جان ستێنبێکی رۆمانووسی ئەمەریکی

بۆ کوڕەکەی سەبارەت بە خۆشەویستی.

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)


لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٨ جان ستێنبێک نامەیەکی لە کوڕە گەورەکەی (تۆماس)ەوە بەدەست دەگات کە لە بەشی ناوخۆی قوتابخانە(قسم داخلی) دەژیا. تۆماس لەگەڵ کچێکی گەنج بەناوی سوزان خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت. ستێنبێک هەر هەمان ڕۆژ بە نامەیەکی زۆر جوانی پڕ لە ئامۆژگاری وەڵامی نامەکەی تۆماسی کوڕی دەداتەوە.

 

دەقی نامەکەی ستێنبێک.

ئازیزم تۆماس


ئەم بەیانییە نامەکەتمان بە دەست گەیشت، من لە گۆشەنیگای خۆمەوە و ئیلیەنیش بێگومان لە گۆشەنیگای خۆیەوە وەڵام دەدەینەوە.


یەکەم : ئەگەر کەسێکت خۆش دەوێ - کە بێگومان شتێکی باشە - ئەمە باشترین شتێکە کە لە هەر کەسێک ڕوو بدات. مەهێڵە هیچ کەسێک لەبایەخی کەم بکاتەوە یان دەستی تێوەر بدات.


دووەم : خۆشەویستی چەند جۆرێکی هەیە. یەکێکیان خۆویستییە. ئەمەش مانای چاوبرسی و خۆپەرستییە کە خۆشەویستی بۆ خۆبەزلزانین بەکار دەهێنێت. ئەم جۆرە لە خۆشەویستی ناشرین و ئیفلیجە. ئەویتریان هەموو شتێکی باشت تیادا هەڵدەقووڵێنێ - لە چاکی و دڵ ڕاگرتنی خەڵک و ڕێز - ئەویش نەک تەنها شێوازی ڕێزی کۆمەڵایەتی بەڵکو ڕێزێکی قووڵتر کە لەلایەن خەڵکی ترەوە وەک بەهادار و بێهاوتا بناسرێت. جۆری یەکەمیان وەڕس و بچووک و لاوازت دەکات، بەڵام دووەمیان لە ناختدا توانا و ئازایەتی و چاکی و تەنانەت ژیریت تیا دەتەقێنێتەوە کە پشتر هەر نەتدەزانی کە ئەو توانایانەت هەن.


تۆ دەڵێی ئەم خۆشەویستییە خۆشەویستییەکی هەرزەیی نییە. ئەگەر بە قووڵی هەستی پێبکەی بە دڵنیاییەوە خۆشەویستییەکی هەرزەیی نییە.


بەڵام پێموانییە پرسیاری ئەوەم لێبکەی کە هەست بە چی دەکەی. خۆت لە هەموو کەسێکیتر باشتر دەزانی. بەڵام تۆ دەتویست یارمەتیت بدەم لەوەی کە چی بکەی. منیش دەتوانم پێت بڵێـم.


تاکە شتێک کە جێی شانازی بێت ئەوەیە زۆر خۆشحاڵ و سوپاسگوزار بە بۆی.


مەبەست لە خۆشەویستی باشترین و زۆرترین جوانییە. هەوڵبدە بۆ ئەوە بژیت.


ئەگەر کەسێکت خۆش دەوێت - هیچ گرفتێکی تێدا نییە گەر وا بوترێ - تەنها پێویستە لە یادت نەچێت کە هەندێ کەس هەن زۆر شەرمنن و هەندێ کات ئەوەی دەیڵێن بەناچار شەرمنییەکەیان بەرەو دڵڕاگرتنی خەڵک دەگۆڕێت.


کچان ڕێگای خۆیان هەیە لە زانین و هەستکردن بەوەی کە هەست بە چی دەکەیت. بەڵام هەمیشەش حەز دەکەن گوێ بیستی بن.


هەندێجار ڕوودەدات بەوەی ئەوەی تۆ هەستی پێ دەکەیت بە هەر هۆیەک بێت نایەتەوە ڕێت، بەڵام ئەمە هەستەکەت بێکەڵک و بێبەها ناکات.


دواخاڵیش دەزانم هەست بە چی دەکەیت چونکە منیش ئەو هەستەم هەیە و خۆشحاڵم تۆش هەمان هەستت هەیە.


خۆشحاڵ دەبین سوزان ببینین، پێشوازی گەرمی دەکەین، بەڵام ئیلیانە ئەو یەکتربینینە ڕێکدەخات چونکە مەودای شارەزایی خۆیەتی و زۆر خۆشحاڵیش دەبێت. ئەویش لە بارەی خۆشەویستییەوە دەزانێت و ڕەنگە لە من زیاتر بتوانێت یارمەتیت بدات.


لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی لە کیسچوون مەبە. ئەگەر ڕوو بدات، لە کیسچوونەکە هەر ڕوو دەدات. گرنگترین شت ئەوەیە پەلە نەکەیت. هیچ شتێکی باش لە دەست ناچێت.


لەگەڵ خۆشەویستی.

جان ستێنبێک
نیویۆرک ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٨


دەربارەی جان ستێنبێک.


جان ستێنبێکی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی ئەمەریکی لە بیست و حەوتی شوباتی ساڵی ١٩٠٢ لە شاری ساڵیناس لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە دایک بووە. ساڵی ١٩١٩ قوتابخانەی ئامادەیی تەواو دەکات و بۆ خوێندنی ئەدەبی ئینگلیزیی دەچێتە زانکۆی ستانفۆرد، بەڵام لەساڵی ١٩٢٥ بێ ئەوەی هیچ بڕوانامەیەک بە دەست بێنێت، واز لە زانکۆ دەهێنێت. دواتر دەچێتە شاری نیویۆرک و لەپاڵ هەوڵدان بۆ نووسین گەلێ کاری جیاجیا دەکات. پاش ئەوەی لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی سەرناکەوێ، دەگەڕێتەوە کالیفۆڕنیا. لە کانوونی دوەمی ساڵی ١٩٣٠ لە لۆس ئەنجڵس لەگەڵ هاوسەری یەکەمی کارۆڵ هێنینیگ هاوسەرگیری دەکات. لەبەر بێحاڵی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچنە کالیفۆڕنیا و لەوێ باوکی خانوو و کاغەز و پارەی بۆ دابین دەکات تا بنووسێت، بەڵام ستینبێک بەلەمێک دەکڕێت و دەیەوێت بە ڕاوکردنی ماسی و قرژانگ بژێت لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بە بەرهەمی میوە و سەوزەی باخچەکەی. ستێنبێک و کارۆڵی هاوسەری زۆر بەخشندە بوون و چی خواردنیان هەبوو لەگەڵ هاوڕێکانیان بەشیان دەکرد. ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ جینۆلادین کاگنێر هەوسەرگیری دەکات و دوو کوریان دەبێ و پاشان لە ساڵی ١٩٤٨ جیا دەبنەوە. جاری سێیەم لە ساڵی ١٩٥٠ لەگەڵ ئیلەین ئەندرسن هاوسەرگیری دەکات و تا مردن ئەم هاوسەرگیرییە بەردەوام دەبێت.


ساڵی ١٩٣٠ ئێد ڕیکێت دەناسی و ئەم پیاوە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ستینبێک جێدێڵێ. ئەم کاریگەرەییەش ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکانی ستینبێک. یەکەم ڕۆمانی ساڵی ١٩٢٩ بڵاو دەکاتەوە. جان ستێنبێک لە ماوەی نزیک بە شەست و حەوت ساڵی ژیانیدا شانزە ڕۆمان و شەش کتێبی وتار و پێنج کۆچیرۆکی بڵاو کردۆتەوە. ساڵی ١٩٤٢ خەڵاتی پۆلیتزەری وەرگرتووە و ساڵی ١٩٦٢ ش خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب وەردەگرێت. ئەمە جگە لە خەڵاتی مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمریکا. هەروەها حەڤدە فیلم لە بەرهەمەکانی بەرهەم هێنراوە. جام ستێنبێک وەک نووسەرێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی کرێکارانی ئامریکا و کرێکارانی کۆچبەر بوو لە ماوەی قەیرانی ئابووری لەدەیەی سییەکان و سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا. مەڵبەندی میللی ستێنبێک یەکەمین مۆزەخانەیە تایبەت بە ستێنبێک لە ئەمریکا. ساڵی ١٩٧٩ حکومەتی ئەمریکا وێنەی ستێنبێک دەخاتە سەر پولی وڵاتەکەی.
لە بیستی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٨ جەڵتەی دڵ لێیدەدا و ستێنبێک بۆ دواجار جیهانی ئەدەب و داهێنان جێدێڵی و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
__________________________
سەرچاوەکان:
١- John Steinbeck on falling Love : A 1958 Letter
http://www.theatlantic.com/entertainment/archive/2012/01/john-steinbeck-on-falling-in-love-a-1958-letter/251375
٢- http://en.wikipedia.org/wiki/John_Steinbeck

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک