په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نامەیەک بۆ هاوڕێی بەڕێز (نەوزاد وەلی) و راپۆرتێکی (لینین).

 

سه‌لام عه‌بدوڵا 


نووسینەکانی مارکس و ئەنگلس، دەقی موقەدەس نیین و خۆشیان وایان بینیوەو قابیلی رەخنەلێگرتنن و خودی ئەنگلس لە پێشەکییەکی مانیفێستی کۆمونیستی، نووسیویەتی(هەندێ لە زانیارییەکانی کاتیان بەسەر چووە). بەڵام کێشەکە لێرە نییە.


تەنها مارکس لە رەخنەگرتن لە بەرنامەی غۆتا باسی لە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا نەکردووە، بەڵکو (ئەنگلس)یش لە(جەنگی ناوخۆی فەرەنسا)، دەڵێ: بەڕێزان دەتانەوێ بزانن، دیکتاتۆرییەت چۆنە؟ بڕوانن بۆ کۆمونەی پاریس. ئەوە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا بوو.


یان بۆ نموونە مارکس لەنامەکەی بۆ یوسف ڤیدەمایەر لە15/3/1852، نووسیویەتی: (ئەوەی من بەتازەیی سەلماندوومە، ئەوەیە کە خەباتی چینایەتی وەک پێویست بەرەو دکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دەڕوات. خودی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا قۆناغی گواستنەوەیە بۆ نەهێشتنی هەموو چینەکان و کۆمەڵگای بێ چین دادمەزرێت.)


بە بڕوای من هێرشی چڵکنی راگەیاندنی سەرمایەداری وای کردووە، لەم بارەیەوە بەدحاڵیبوون درووست ببێت و لەمەشدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەم مەسەلەیە بە رێکوپێکی روون بکەینەوەو تەواوی راستییەکان بخەینە خزمەتیان.


من دڵنیام کە بەخۆشتان شانازی بە کۆمونەی پاریس دەکەن، ئایا شەرم لەو شانازییە دەکەن؟ با لێرەدا پرسیارێک بکەم: ئایا دەسەڵات و توانای بڕیاردان لەلایەن 8وەڵاتی زلهێزی دنیا یان سەپاندنی بازاڕی ئازاد بەسەر هەموو جیهان، ناوی چییان لێ بنێین؟! ئەمە دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی نییە؟


بەکورتییەکەی ئێمە زاراوەی دیکتاتۆری تەنها بەم مانایە بەکاردەهێنین: هەڵوەشاندنی دیکتاتۆییەتی بۆرژوازی و سەرکوتکردنی تەواوی هێزو تواناکانی ووەک قۆناغی گواستنەوە، بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی کرێکاران و جووتیاران. ئایا ئەمە راستی و پێویستی خۆی لەدەستداوە؟ بۆرژوازی بەبێ خوێنڕشتن لە دەسەڵاتی خۆی دەگەڕێ؟ ئایا بەکارهێنانی دیکتاتۆرییەتی زۆربە دژ بە هەموو شێوەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن کەمینەو سیستێمەکەی، رەوایەتی هەیە؟


لەدواییدا دەڵێم: دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا(دیکتاتۆرییەتی ئابووری هەرەوەزی، قڕکردنی بیرۆکراتیزم وخورافەیە...هتد)، واتە نەفیکردنی دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی(دیکتاتۆرییەتی بازاڕی کاڵا و بازرگانی بە هێزی مرۆڤ). ئەگەر ئەم بۆچوونە، مارکسیزم رەزا قورس دەکات، دەبا هەر وا لەبەردەم میدیای بۆرژوازی و کلکەکانی نەک بەرێزتان، رەزا قورس بین.
لەگەل ئەوپەڕی رێزم.

 


چەند بابەت و راپۆرتێک لە بارەى دیموکراسى بۆرژوازى و دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا.

 

ڤلادیمیر ئیلیتش لینین


(4ئازار-مارس) لە کۆنگرەى یەکەمى کۆمونیستى ئینترناسیونال(لە2-6/ئازار/1919دامەزرا).


1-گەشەکردنى بزووتنەوەى شۆرشگێڕى پرۆلیتاریا لە هەموو وڵاتەکان، ئاگرى هەوڵى بێ سوود لە لاى بۆرژوازی و نەوکەرەکانى لەناو رێکخستنە کرێکارییەکان خۆشکردووەو لەپێناو درووستکردنى بیانووى فکرى و سیاسى بۆ بەرگریکردن لە باڵادەستی چەوسێنەران. لەو بیانووانە، مەحکومکردنى دیکتاتۆرییەت و پشتگیریکردن لە دیموکراسییەت، شوێنێکى تایبەتى هەیە. نادرووستى و ریاکارى ئەو بیانووانە کە بە هەزار شێوەو رەنگ لە رۆژنامەگەرى بۆرژوازى دووبارە دەبنەوەو لە کۆنگرە زەردەکەیان لە بیرن لە مانگى فبرایەر1919، بە تەواوى بۆ هەر کەسێک بیەوێ دەستپاک بێ بۆ پرەنسیپە سەرەتاییەکانى سۆسیالیزم، روون و ئاشکران.


2- لە پێشى پێشەوە، خاوەنى ئەم بیانووانە، هەنجەتى تێگەیشتنى((دیموکراسى بە شێوەیەکى گشتى))و((دیکتاتۆرییەت بە شێوەیەکى گشتى))دەهێننەوە، بەبێ ئەوەى پێمان بڵێن، مەبەستیان کام چینە. پیشاندانى ئەم مەسەلەیە بەو شێوەیە، لە روانگەى هەموو نەتەوەوە، وەک خۆیان دەڵێن، لە دەرەوەو لە سەرووى چینەکانەوە، گاڵتەجاڕییەکى روونە بە بنەماى بیرى سۆسیالیستى و رێک بە بۆچوونى خەباتى چینایەتى ئەو سۆسیالیستانە کە چوونە پاڵ بۆرژوازى، بە سەرزارەکى دانێپێدا دەنێن، بەڵام لە کردەوەدا لە بیریان دەچێت، چونکە ئەوەى لە هەموو وڵاتە سەرمایەدارییە شارستانییەکان پێکهاتووە،((دیموکراسى بەشێوەى گشتى))نییە، بەڵکو دیموکراسى بۆرژوازییەو مەبەستەکەیان((دیکتاتۆرییەت بەشێوەیەکى گشتى))نییە، بەڵکو دیکتاتۆرییەتى چینى چەوساوەیە، واتە پرۆلیتاریا، لە سەر چەوسێنەران، واتە بۆرژوازییەکان، لە پێناو سەرکەوتن بەسەر ئەو بەرگرییە کە بۆ هێشتنەوەى دەسەڵاتەکەیان دەیکەن.


3/ مێژوو ئەوەمان فێردەکات کە هیچ چینێکى چەوساوە نییە، کە رۆژێک بە دەسەڵات گەیشتووە یا توانیویەتى پێى بگات، بەبێ ئەوەى بە قۆناغێکى دیکتاتۆرى تێپەڕ ببێت، واتە قۆناغى وەدەستهێنانى دەسەڵاتى سیاسى و بەزەبروزەنگ لە ناوبردنى زۆرترین رووى بەرگرى توندو بێ سەرئەنجام، ئەو بەرگرییە کە سڵ ناکات لە ئەنجامدانى هەر تاوانێک کە چەوسێنەران هەمیشە پێى هەستاون. ئەو بۆرژواییەتە کە ئەمرۆ ئەو سۆسیالیستانە بەرگرى لێدەکەن و لە دژى((دیکتاتۆرییەت بە شێوەیەکى گشتى))رادەپەڕن و باسى((دیموکراتییەت بە شێوەیەکى گشتى))دەکەن، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە ڕێگاى کۆمەڵێ راپەڕین و جەنگى ناوخۆوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و بە زەبروزەنگ پاشا، دەرەبەگ و خاوەن کۆیلەکانیان پانکردەوەو هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوە لەناوبرد. هەزاران و ملیونان کەڕەت، سۆسیالیستەکان لە هەموو وەڵاتەکان پۆى چینایەتى ئەو شۆرشە بۆرژوازییانە، ئەو دیکتاتۆرییەتە بۆرژوازییە لە کتێب و نامیلکەکانیان، لە بڕیارەکانى کۆنگرەکانیان، لە خیتابە هاندەرەکانیان بۆ گەل روونکردەوە. بۆیە مەبەستیان لەو بەرگرییەى ئەمڕۆ لە دیموکراسى بۆرژوازى دەیکەن بە ووتارخوێندنەوە لە بارەى((دیموکراسى بەگشتى))و نەفرەتکردن لە دیکتاتۆرى پرۆلیتارى بە قیژە وهاوار لە دژى((دیکتاتۆرییەت بەگشتى))، خیانەتکردنە لە سۆسیالیزم و بەکردەوە دەگوێزنەوە بۆ بەرەى بۆرژوازى و مافى پرۆلیتاریا لە هەستان بە شۆرشى پرۆلیتارى خۆى، بە ڕەوا نازانن و بەرگرى لە ریفۆرمیزمى بۆرژوازى دەکەن، لەو چرکەساتەى کە ئەو ریفۆرمکردنە لە جیهان ئیفلاسى کردو جەنگ بارودۆخى شۆرشگێڕانەى هێنایە نشونەماکردن.


4- هەموو سۆسیالیستەکان، پۆى چینایەتى شارستانییەتى بۆرژوازى و دیموکراتى بۆرژوازى و پەرلەمانى بۆرژوازییان روونکردەوە. ئەو بیرۆکەیە کە مارکس وئەنگلس بەوپەڕى وردبینى زانستیانەوە وتیان ئەوەیە، دیموکراسیترین کۆمارى بۆرژوازى جگە لە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنى چینى کرێکار لە لایەن بۆرژوازییەوە، بۆ سەرکوتکردنى هەموو زەحمەتکێشان لە لایەن مشتێک لە سەرمایەدەرانەوە، شتێکى تر نییە. هەرگیز تاقە شۆرشگێڕێک نییە، تاقە مارکسییەک نییە لە نێو ئەوانەى ئەمرۆ دەنگى خۆیان لە دژى دیکتاتۆرییەت و لە پێناوى دیموکراسى هەڵدەبڕن لە بەردەم کرێکاراندا سوێندى گەورە نەخون کە لە پێناوى سۆسیالیزمدا، دان بەم راستییە سەرەتاییەدا دەنێن. ئێستا، پرۆلیتاریاى شۆرشگێڕ دەستى بە گەشەکردن کردووە و بزووتنەوەکەی بۆ خاپوورکردنى ئەو ئامرازى چەوسانەوەیەو بەدەستهێنانى دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریای کردووە بە ئامانج، بەڵام خیانەتکاران بە سۆسیالیزم، مەسەلەکان وا پیشان دەدەن، وەک بڵێى بۆرژوا((دیموکراسى تۆخ))ى بە کارگەران داوە، لە بەرگرى وازیهێناوەو ئامادەیە سەر بۆ زۆربەى کارگەران بچەمێنێ. لە هیچ کۆمارێکى بۆرژوازى، هیچ ئامێرێکى دەوڵەتى بۆ سەرکوتکردنى کار لە لایەن سەرمایەوە نەبووە.


5/ هەموو ئەوانەى دەیانەوێ بەزارەکی خۆیان بە سۆسیالیست پیشانبدەن، کۆمونەى پاریس بەرز رادەگرن، چونکە دەزانن، جەماوەرى کرێکاران سۆزێکى گەرم و راستگۆیانەیان بۆى هەیە. کۆمۆنە زۆر بە روونى خەسلەتى رێژەییى مێژوویى و بەها سنووردارەکەى پەرلەمان و دیموکراتى بۆرژوازى پیشاندا. هەردووکیان تا رادەیەکى زۆر دوو دەزگاى پێشەکەوتوون لە بەراورد لە گەڵ دەزگاکانى سەدەى ناوەڕاست، بەڵام لە سەردەمى شۆرشى پرۆلیتاریا پێویستیان بە گۆڕانکارى بنەڕەتى هەیە. مارکس کە باشترین کەسە لە تۆێژینەوەکانیدا گرنگى مێژوویى کۆمونەى هەڵسەنگاندو پۆى بەرخورى دیموکراتى و پەرلەمانى بۆرژواى سەلماند، کە چینە چەوساوەکان، هەر چەند ساڵ جارێ مافى بڕیاردانى ئەمە بدەن: کامە نوێنەرى چینە موڵکدارەکان((نوێنەرایەتى و سەرکوتکردنى)) گەل بکا لە ناو پەرلەمان.


لەم ماوەیەدا، کە بزووتنەوەى سۆڤێتى لە خۆدا، هەموو جیهان دەگرێتەوەو لە بەرچاوى هەموواندا درێژە بە کارى کۆمونە دەدات، رێک لەم کاتەدا، خیانەتکارانى سۆسیالیزم، ئەزموون و وانە هەستپێکراوەکانى کۆمونەى پاریسیان لە یاد دەچێ و ووتە کۆن و سووکەکان لە بارەى((دیموکراسى بە شێوەیەکى گشتى))دووبارە دەکەنەوەو دەڵێن کۆمونە دەزگایەکى پەرلەمانى نەبوو.


6/ هەروا، گرنگى کۆمونە لەوەدا بوو، کە هەوڵیدا هەموو ئامێرى دەوڵەتى بۆرژوازى-ئیدارى، دادپەروەرى، سەربازى، پۆلیسى-بڕوخێنێ و لەناو ببات و رێکخستنێکى جەماوەرى خاوەن بەڕێوەبەرایەتییەکى خودى کارکەران، کە لێکترازاندنى دەسەڵاتى یاسادانان و ڕاپەڕاندن نەناسێ، لە شوێنیان دابنێ. ئەو ئامرازە دەوڵەتییانە هێشتا هەموو کۆمارە دیموکراسییە بۆرژوا نوێیەکانى پاراستووە، بە کۆمارى ئەڵمانیاشەوە کە خیانەتکاران بە سۆسیالیزم، بۆ گاڵتەجاڕى بە راستییەکان، ناویان لێ ناوە پڕۆلیتارى. هەروا سەر لە نوێ بەوپەڕى روونییەوە دەسەلمێندرێت، کە هاوار لە پێناوى(دیموکراسى بە شێوەیەکى گشتى))لەراستیدا تەنها بەرگریکردنە لە بۆرژوازى و ئیمتیازە بەرخورییەکەى.


7/ دەکرێ ((ئازادى کۆبوونەوە))وەک نموونەیەک وەربگرین بۆ داخوازى((دیموکراسى تۆخ)). هەر کرێکارێکى هوشیار پەیوەندى بە چینەکەیەوە نەپچراندبێ، یەکسەر تێدەگات لەوەى کە بەڵێنى چەوسێنەران بە ئازادى کۆبوونەوە لەو ماوەو بارودۆخەدا کە بەرگرى لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان دەکەن، سەخافەتە. کاتێ بۆرژوازى شۆرشگێڕ بوو، نە لە ئەنگلتەرا ساڵى1649و نە لە فەرەنسا ساڵى1793هەرگیز((ئازادى کۆبوونەوە))یان نەدا بە پاشاو ئەشرافەکان کە پەنایان بۆ لەشکرە دەرەکییەکان دەبردوبەمەبەستى رێکخستنى گەڕانەوەیان((کۆدەبوونەوە)). گەر بۆرژوازى ئێستا کە لە دەمێکەوە کۆنەپەرەست بووە، داوا لە پرۆلیتاریا بکا، پێشوەخت زامنى((ئازادى کۆبوونە))بۆ بەرخوران بکا، بەبێ بایەخدان بەو بەرگرییەى کە ئەو سەرمایەدارانە پێهەڵدەستن بەڕووى دەستگرتن بەسەر موڵکەکانیان، ئەوا کرێکاران، غەیرى پێکەنین و گاڵتەجاڕى بە ریاکارى بۆرژواکان، هیچیان بۆ نامینێتەوە. لەلایەکى دیکەوە، کرێکاران زۆر باش دەزانن کە((ئازادى کۆبوونە))تەنانەت لە باشترین کۆمارى بۆرژوازى دیموکراسیشدا، دەربڕینێکى بۆش و بێ مانایە، چونکە دەوڵەمەندەکان باشترین خانووى تایبەت و گشتیان لە خزمەتدایەو کاتى پێویستیان بە کۆبوونەوەکردن دەبێ کە پاراستنیشان لەلایەن ئامێرى دەسەڵاتى بۆرژوازى، مسۆگەر کراوە، بەڵام پرۆلیتارى شار و لادێکان و جووتیارە هەژارەکان، واتە زۆربەى دانیشتوان، نە یەکەمەکەیان هەیەو نە دووهەم و نە سێهەمەکەش. تا بارودۆخەکە وابێ((یەکسانى))، واتە((دیموکراسى تۆخ))، تەنها وەک فێڵکردن دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەى یەکسانى راستەقینەمان دەستبکەوێ، بۆ ئەوەى دیموکراسى بەکردەوە بۆ کارگەران جێبەجێ ببێت، دەبێ لە پێشدا هەموو خانووە گشتییەکان و ماڵە تایبەتییەکان لە بەرخۆران وەربگرینەوە، دەبێ لە پێشدا کات بە کارگەران بدرێت، دەبێ کۆبوونەوەکانیان لەلایەن کرێکارە چەکدارەکانەوە بپارێزرێن، نەک لەلایەن ئەشراف یا ئەفسەرە سەرمایەدارەکان.


تەنها پاش ئەم گۆرانکارییانە دەکرێ باس لە ئازادى کۆبونەوەکان و یەکسانى بکەین، بێ ئەوەى گاڵتەجاڕى بە کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارەکان بکرێ، بەڵام کێ دەتوانێ ئەم گۆڕنکارییانە جێبەجێ بکات، گەر پرۆلیتاریا پێشڕەوى زەحمەتکێشان نەبێ، کە بەرخۆران و بۆرژواکان دەڕوخێنن.


8/ ((ئازادى رۆژنامەگەرى))یش یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانى((دیموکراسى تۆخ))ە. کرێکاران لەمەش تێدەگەن-هەموو سۆسیالیستەکانى جیهان ملیونان جار دانیان پێدا نا-کە تا سەرمایەداران باشترین چاپخانەو گەورەترین ئەمبارى وەرەقە لە خزمەتیاندا بێ، تا سەرمایە دەسەڵاتى بە سەر رۆژنامەگەرییەوە هەبێ، ئەم ئازادییە، تەنها فێڵکردنێکى رووتە. تا سیستێمى دیموکراسى و کۆمارى گەشەسەندووتر بێ، وەک لە ئەمریکا بۆ نموونە، دەمشڕی ئەم دەسەڵاتە روونترو باشتر دیاردەکەوێت. بۆ ئەوەى یەکسانى و دیموکراسى حەقیقى بۆ زەحمەتکێشان، کرێکاران و هەژاران فەراهەم ببێت، دەبێ لە پێشدا، تواناى کڕینى بنکەى چاپەمەنى و بەرتیلدان بە رۆژنامەکانیان لێ وەربگرینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ دەسەڵاتى سەرمایە بکوتین، بەرخوران بڕۆخێنین و بەرگریان سەرکوت بکەین. سەرمایەداران هەمیشە ناوى((ئازادى))یان بۆ ئازادى دەوڵەمەندەکان لە دەوڵەمەندبوون و ئازادى کرێکاران لە مردن بە برسییەتى بەکاردەهێنا. سەرمایەداران ناوى ئازادى رۆژنامەگەرى بۆ ئازادى دەوڵەمەندەکان لە بەرتیلدان بە رۆژنامەکان و ئازادیان لە بەکارهێنانى پارەوپولەکانیان بۆ درۆ و تەزویرکردنى ئەوەى ناویان لێ نابوو راى گشتى، بەکاردەهێنا.


ئێمە جارێکیتریش دەبینین، ئەوانەى بەرگرى لە((دیموکراسى تۆخ))دەکەن، هەڵدەستن بە بەرگریکردن لە سیستێمێکى زۆر بۆگەن و بەرتیلخۆر، سیستێمی دەستڕۆیى دەوڵەمەندەکان بە سەر ئامرازەکانى رۆشنبیرکردنى جەماوەر، هەر خۆشیان زۆر فێڵ لە گەل دەکەن و بە رستەى جوان و درۆ لەو ئەرکە مێژووییە هەستیارە کە بریتییە لە ئازادکردنى رۆژنامەگەرى لە کۆیلایەتى سەرمایە، لادەدەن. هەرگیز هیچ ئازادییەکى راستەقینە و یەکسانییەکى راستەقینە بوونى نییە، لە سایەى ئەو سیستێمەدا نەبێت کە کۆمونیستەکان ئێستا خەریکى درووستکردنین و لەوێدا دەوڵەمەندبوون لە سەر حیسابى غەیرە دەبێتە نەکارو تواناى بابەتى بۆ ژێردەستەیى راستەوخۆ یا ناراستەوخۆى رۆژنامەگەرى بۆ دەسەڵاتى سەرمایە، لە ناو دەچێ.
هیچ شتێک نییە رێگرى لە کارگەران بکا(یا کۆمەڵێ لە کارگەران گرنگ نییە ژمارەکەیان چەند دەبێ) لە وەرگرتن و پەیڕەوکردنى مافى یەکسان لە بەکارهێنانى چاپخانە گشتییەکان و کاغەز، کە موڵکى گشتییە.


9/مێژووى سەدەى نۆزدەو بیست، پێشى جەنگیش ، واقیعى ئەم((دیموکراسى تۆخە))هەڵبەستراوەو لە چۆنێتییەکەی لە سێبەرى سیستێمى سەرمایەدارى، پیشاندا. مارکسیەکان هەمیشە دووبارەیان کردووەتەوە، کە دیموکراسى و(تۆخییەکەى)چەند گەشەى سەندبێ، ئەوەندە خەباتى چینایەتى توندوتیژتر دەبێ و دەسەڵاتى سەرمایە و دیکتاتۆرى بۆرژوازى بەوپەڕى((ئازادى))دەردەکەوێ. سەبارەت بە مەسەلەى دریفوس لە کۆمارى فەرەنساو سەرکوتکردنە خوێناوییەکان کە گروپە کرێگرتەکان پێى هەڵدەستن، ئەوانە سەرمایەداران چەکداریان دەکەن و بەریان دەدەنە گیان مانگرتووان، لە کۆمارى ئەمریکاى ئازاد و دیموکرات، ئەم راستیانەو هەزارانى ترى لەم جۆرە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن کە بۆرژوازى هەوڵى بێ هودە بۆ شاردنەوەى دەدات، ئەوەش ئەوەیە کە هەر بە راستی، لە دیموکراسیترین کۆمارى دیموکراسى، تیرۆرو دیکتاتۆرى بۆرژوازى باڵادەستەو بە ئاشکرایى رووخسارى هەردووکیان دەردەکەوێت، کاتێ بەرخۆران بەم شێوەیە دەیبینن، دەسەڵاتى سەرمایە دەرلەرزێ و دەکەوێ.


10/جەنگى ئیمپریالیستى1914-1918بۆ دوایین جار، تەنانەت بە بەشى کرێکارە دواکەوتووەکانیش، پۆى راستەقینەى دیموکراتى بۆرژوازیى، تەنانەت لە ئازادیترین کۆمار، پیشاندا، بەوەى کە دیکتاتۆرى بۆرژوازی لە پێناوى دەوڵەمەندتربوونى کۆمەڵێک ئەڵمان یا ئەنگلیزى خاوەن ملیونان یان چەندین ملیارد، دەیان ملیون کەس بەکوشتدران و لە ئازادترین کۆمار، دیکتاتۆرییەتى سەربازى بۆرژوازى سەپێنرا. ئەو دیکتاتۆرییە سەربازییە ، تەنانەت پاش دۆڕاندنى ئەڵمانیا لە دەوڵەتانى ویفاق، هێشتا هەر ماوە. رێکوڕەوان، جەنگ، زیاتر لەهەر شتێکیتر، چاوى کارگەرانى کردەوەو بریقایى لە سەر رووى دیموکراتى بۆرژوازى هەڵماڵى و لەسەر قەوارەى ئاڵوگۆڕ و قازانج لە کاتى جەنگ و بە هۆى جەنگەوە، هەڵماڵى. بۆرژوا بەناوى((ئازادى و یەکسانى))یەوە بەم جەنگە هەستا، بەناوى((ئازادى و یەکسانى))یەوە بازرگانانى چەک و پێداویستییەکانى، سەروەتى ئەفسانەییان چنگ کەوت. هەموو هەوڵەکانى نیونەتەوەیى زەردى برن ناتوانێ پۆى ئازادی سەرمایەگوزارى بۆرژوازی و یەکسانى بۆرژوازی و دیموکراسى بۆرژوازی لە جەماوەر بشارێتەوە، کە تا کۆتایى ئاشکرایە.


11/ لە ئەلمانیاشدا وەک پێشکەوتووترین وڵاتى سەرمایەدارى لە کیشوەرى ئۆروپا، لە یەکەم مانگەکانى ئازادى کۆمارى کە تێکشکاندنى ئیمپریالیزمى ئەڵمانیا هێناى، سرووشتى راستەقینەى کۆمارى دیموکراتى بۆرژوازى، بە کرێکارانى ئەلمانیا و هەموو جیهان پیشاندا. تیرۆرکردنى کارل لیبخنت و رۆزا لۆکسمبۆرگ رووداوێکى مێژوویى جیهانى بایەخدارە، نەک تەنها بە هۆى مەرگى جەرگبڕانەى ئەم دوو رابەرەى ئینتەرناسیونالى کۆمونیستیە، کە بەراستى پڕۆلیتارو باشترین نوێنەرى بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەیش کە تا دوایی، ناوەڕۆکى چینایەتى یەکێک لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانى ئۆروپایان دەرخست و بۆ ئەوەىبەبێ پێوەنان بگوترێ- ناوەڕۆکی دەوڵەتێکى پێشکەوتوو لە سەر ئاستى جیهان. ئەگەر چەند کەسێک لە ئەفسەرو سەرمایەدارەکان پێیان بکرێ، خەڵکى زیندانکراو، واتە لە ژێر پاراستنى دەسەڵاتى دەوڵەتن، بکوژن و بکوژانیشیان بە بێ سزادان، لە سەردەمى حکومەتێکى سۆسیال-نیشتیمانپەروەر بمێننەوە، واتە لەو کۆمارە دیموکراسییە، کە ئەو جۆرە رووداوە تێدا ئەنجام دەدرێ، دیکتاتۆرییەتى بۆرژوازییە. ئەوانەى بێزارى لە دژى تیرۆرى رۆزا و کارل پیشان دەدەن و مەحکومى دەکەن، بآ ئەوەى لەم راستییە تێبگەن، جگە لە گێلایەتى و دووڕووییان هیچ شتێکى تر دەرناخەن.


((ئازادى))لە ئازادترین و پێشکەوتووترین کۆمار لە جیهان(کۆمارى ئەلمانیا)، ئازادى کوشتنى رابەرانى پرۆلیتاریاى زیندانیکراو هەیە، ئازادى کوشتنیان بەبێ سزادان هەیە. بارودۆخەکە بە شێوەیەکى تر نابێ، تا سەرمایەدارى باڵادەست بێ، چونکە گەشەسەندنى دیموکراسى، جڵەوى خەباتى چینایەتى ناگرێ، بەڵکو توندو تیژترى دەکات. ئەم خەباتە ئێستا بە هۆى هەموو سەرئەنجامەکانى جەنگ و کارتێکردنەکانى و ئاکامەکانى گەیشتە پلەى هەلقوڵان.


لە هەموو جیهانى شارستانییەت، پەنادەبەن بۆ دەرکردنى بەلشەفییەکان، جێپێیان هەڵدەگرن و زیندانیان دەکەن، وەک لە سویسرا روودەدا(بۆ نموونە)کە یەکێکە لە ئازادترین کۆمارە بۆرژوازییەکان و لە ئەمریکا قەسابخانە رێکدەخەن بۆ بەلشەفیکەکان، هتد...بە پێى تێڕوانینى((دیموکراسى بە شێوەى گشتى))یا((دیموکراسى تۆخ))، بەڕاستى شایانى پێکەنینن کاتێک دەبینین، دەوڵەتانى شارستانى، پێشکەوتوو، سەرتاپا چەکدار، ترسیان لە چەند کەسێک هەیە لە رووسیاى دواکەوتوو، برسى و وێران. لەو رووسیایە، رۆژنامە بۆرژوازییەکان کە بە دەیان ملیون نوسخەیان لێ بڵاودەکرێنەوە، پێى دەڵێن وەحشى و تاوانبار هتد...بەڵگەنەویستە، ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە کە بوو بە هۆى گەشەسەندنى ئەو ناکۆکییە زەقە، لە راستیدا جگە لە دیکتاتۆرى بۆرژوازى هیچى تر نییە.


12/ لەم بارودۆخەدا، دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا نەک هەر شەرعییە، وەک ئامرازێک بۆ روخاندنى سەرمایەگوزاران و وردوخاشکردنى بەرگریان، بەڵکو پێویستییەکە ناکرێ دەستى لێ هەڵبگیرێ بۆ هەر کارگەرێک بەوەى کە تاقە ئامرازێکە بۆ بەرگریکردن لە دژى دیکتاتۆرییەتى بۆرژوازى کە جەنگى بەرپاکردو جەنگى تریش ئامادە دەکات.


خاڵى سەرەکى کە سۆسیالیستەکان تێیناگەن و لەبواری تیوری کورتبینیان دەسەلمێنى و ژێردەستى تەوەهومەکانى بۆرژوازى دەبن و سیاسەتى خیانەتکاریان لە ئاستى پرۆلیتاریا ئەوەیە کە ناکرێ شتێک هەبێ لە نێوان دیکتاتۆرییەتى بۆرژوازى و دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا لە کۆمەڵگاى سەرمایەدارى کاتێ خەباتى چیناتیەتى تا پلەیەکى ترسناک کەڵەکە دەکاو لە بنەمای ئەم کۆمەڵگایە هەیە. هەر خەونێک بە شتێکى سێهەم، تەنها هاوارێکى کۆنەپەرەستانەى خوردە بۆرژوایانەیە. هەروا بەڵگە لەسەر ئەمە، ئەزموونى ئەو گەشەسەندنەیە کە زیاتر لە سەدەیەکى خایاندو دیموکراتى بۆرژوازى و بزووتنەوەى کرێکارى لە هەموو وەڵاتە پێشکەوتووەکان پێیدا، تێپەڕی، بە تایبەتى ئەزموونى ئەم پێنج ساڵەى دوایى. هەموو زانستى ئابوورى سیاسى و هەموو ناوەڕۆکى مارکسیزم فێرمان دەکەن و حەتمییەتى دیکتاتۆرى بۆرژوازى لە بوارى ئابوورى و لە گشت ئابوورى کاڵایى رووندەکەنەوە، دیکتاتۆرییەتێکە ناکرێ شوێنى بگیرێتەوە، تەنها لە لایەن چینێک نەبێ، گەشەى پێدەدا، زۆرى دەکا، کۆی دەکاتەوەو خودى گەشەسەندنى سەرمایەدارى بەهێزى دەکا، مەبەستم چینى پرۆلیتاریایە.


13/ هەڵەیەکى تیورى و سیاسى تر هەیە کە سۆسیالیستەکان تێدەکەون، ئەوەش ئەوەیە، تێناگەن لە شێوەکانى دیموکراسى کە لە ماوەى هەزاران ساڵ یەک لە دواى یەک هاتن و لە یەکەم ئەزموونیدا لە سەردەمە کۆنەکانەوە، هەر چینێکى باڵادەست، شوێنی چینێکى ترى گردووەتەوە. لە کۆمارەکانى یونانى کۆن، لە سەدەى ناوەڕاست و لە وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتووەکان، دیموکراسى شێوەى جۆراوجۆر بە خۆ دەگرێ و بە پلەى جۆراوجۆر دەگات بە جێبەجێ کردنى.


زۆر هەڵەیە گەر لەو باوەڕەدا بین کە قووڵترین شۆڕش لە مێژووى مرۆڤایەتى، گواستنەوەى دەسەڵات بۆ یەکەمجار لە دەستى کەمایەتییەک لە خاوەن سەرمایەوە بۆ دەستى زۆربەى بەرهەمهێنەران دەبێ لە چوارچێوەى کۆن، لەچوارچێوەى دیموکراسى بۆرژوازى پەرلەمینتارى کۆن ئەنجام بدرێ، بە بێ وەرچەرخانێکى ریشەیى، بە بێ نەشونماکردنى شێوەیەکى نوێى دیموکراسى و دەزگاى نوێ بەرجەستەى بارودۆخى نوێی جێبەجێ کردنى بکا، هتد...
14/ دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا لە دیکتاتۆرییەتى چینەکانى تر دەچێ، بەوەى، وەک هەر دیکتاتۆرییەتێک لە پێویستى بەکارهێنانى هێز بۆ سەرکوتکردنى بەرگرى ئەو چینە کە کۆنترۆڵى سیاسى لەدەست دەچێ، سەرچاوەدەگرێ. جیاوازى ریشەیى لە نێوان دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا و دیکتاتۆرییەتى چینەکانى تر-دیکتاتۆرییەتى دەرەبەگەکانى سەدەى ناوەڕاست، دیکتاتۆرییەتى بۆرژوازى لە هەموو وەڵاتە سەرمایەدارە شارستانییەکان- ئەوەیە، ئەوانەى دوایى، بە هێزـ سەرکوتى بەرگرى زۆربەى هەرە زۆرى دانیشتوان دەکەن، واتە کارگەران. بەڵام دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا، بە پێچەوانەوەیە، بە هێز، سەرکوتى بەرگرى چەوسێنەران دەکات، واتە سەرکوتى کەمایەتییەک لە دانیشتیوان، موڵکدار عەقارییەکان وسەرمایەداران. کەواتە سەرئەنجام، دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا، نەک هەر دەبى بەرەو گۆڕانى شێوەو دەزگا دیموکراسییەکان بە گشتى بڕوات، بەڵکو بەرەو گۆڕانکارییەکیش بڕوات کە بتوانێ رێگا فراهەم بکا بۆ بەرفراوانکردنى بێ هاوتا لە جیهان، لە رەخساندنى فعلی دیموکراسى لەلایەن ئەو چینانەوە کە سەرمایەداران دەیچەوساندنەوە، واتە لە لایەن چینە زەحمەتکێشەکانەوە.


شێوەی دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا، کە لە واقیعدا بەکردەوە داڕێژراوە، واتە دەسەڵاتى سۆڤێتى لە روسیا، سیستێمى شوورا لە ئەلمانیا، و Shop Stewards Committeesو ئەوانیتر لە هاوچەشنى دەزگاکانى سۆڤێت لە وڵاتەکانیتر، بە رێکورەوانى، تواناى عەمەلى بۆ چینە زەحمەتکێشەکان، واتە زۆربەى دانیشتیوان، دەرەخسێنێ بۆ چێژوەرگرتن لە ماف و ئازادى دیموکراسى. ئەم توانایە هەرگیز لە رابردوودا لە باشترین کۆمارى بۆرژوازى و لە هەمووان دیموکراسیتریش، بوونى نەبووە.


گەڵاڵەکردنى ناوەڕۆکى دەسەڵاتى سۆڤێتى لەوەدایە کە تاقە بنەماى بەردەوامە بۆ هەر دەسەڵات و ئامێرێکى دەوڵەتى و رێک رێکخستنى بەرفراوانى ئەو چینەیە کە لە لایەن سەرمایەدارانەوە دەچەوسێنەوە، واتە کرێکاران و نیمچە پرۆلیتاریەکان(ئەو جووتیارنە کە بەرخورى لە کارى کەسانى تر ناکەن و ناچارن بە بەردەوام و لەلایەنى کەمەوە بەشێک لە هێزى کاریان بفرۆشن). لە گەڵ ئەوەشدا کە ئەم جەماوەرە بە گوێرەى یاسا مافى یەکسانی هەبوو، بە کردەوە لە دیموکراتیترین کۆمارى بۆرژوازیدا، بە هەزاران فێڵ و کەڵەبازى لە بەشداربوون لە ژیانى سیاسى و بەکارهێنانى ماف و ئازدییە دیموکراسییەکان دوورخرابوونەوە. ئەمانە ئێستا پێشوازیان لێ دەکرێ بۆ بەشداربوون بە نەختێک بەردەوامى، ئەلزامى، و لابەلاکەرەوە لە بەرێوەبردنى ئیدارەى دیموکراسى دەوڵەت.


15/ یەکسانى لە نێو هاوڵاتیان بە بێ جیاوازیکردن لە نێوان ژن و پیاو، ئاین، رەگەز و نەتەوە، ئەم یەکسانییە کە دیموکراسى بۆرژوازى هەمیشە لە هەموو شوێنێک بەڵێنى پێ ددەدا، بەڵام لە هیچ شوێنێک جێبەجێى نەکردو بە حوکمى دەسەڵاتى سەرمایە، پێى نەکراوە جێبەجێى بکا، دەسەڵاتى سۆڤێتى، واتە دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا بەبێ خاوبوون و بە شێوەیکى تەواو جێبەجێى دەکا، چونکە، تەنها دەسەڵاتى کرێکارانە کە هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە، نە لە موڵکایەتى تایبەتى ئامرازەکانى بەرهەمهێنان و نە لە ناکۆکی کردن لە پێناو دابەشکردنى و سەرلەنوێ دابەشکردنى، ئەم کارەى پێدەکرێت و جگە لەمان کەس ناتوانێ جێبەجێیان بکات.


16/ دیموکراتى کۆن، واتە دیموکراتى بۆرژوازى و پەرلەمانییەت بەشێوەیەک رێکخراون، تا پێیان بکرێ، خودى جەماوەرى زەحمەتکێش لە ئامرازى بەڕێوەبەرایەتى دوور دەخەنەوە. بەڵام دەسەڵاتى سۆڤێتى، واتە دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریا، بەپێچەوانەوەیە، بە شێوەیەک رێکخراوە، جەماوەرى زەحمەتکێش لە ئامرازى بەرێوەبردن نزیک دەکاتەوە و بۆ ئەم ئامانجە، لە کۆبوونەوەکانى هەردوو دەسەڵاتى تەنفیزى و تەشریعى لە رێکخستنى سۆڤێتى بۆ دەوڵەت، هەوڵدەدەن. هەروا بازنە هەڵبژاردنەکانى ناوچەکان بە یەکەکانى بەرهەمهێنانیشەوە وەک شەرکەت و کارگەکان بۆ نموونە شوێنیان دەگرێتەوە.


17/ نەک تەنها لە سێبەرى پاشادا کە سوپا ئامرازێک بوو بۆ چەوسانەوە، بەڵکو لە هەموو کۆمارە بۆرژوازییەکان، تەنانەت لەوانەى لە هەر هەموویان دیموکراتیتریشن، هەر وا مایەوە. تەنها دەسەڵاتى سۆڤێتە، بەوەى کە رێکخستنى دەوڵەتى بەردەوامە بۆ ئەو چینانە کە لە رابردوودا لەلایەن بۆرژوازییەوە دەچەوسێنرانەوە، دەتوانێ ملکەچى سوپا بۆ سەرکردایەتى بۆرژوازى لەناوببات و بەکردەوە پرۆلیتاریا و سوپا یەکبخات و بە کردەوە چەکدارکردنى پرۆلیتاریا بەدەست بهێنێ و بۆرژوازى چەک بکات، دەنا سەرکەوتنى سۆسیالیزم مەحاڵە.


18/ رێکخستنى سۆڤێتى بۆ دەوڵەت، بۆ رۆڵى سەرکردایەتى پرۆلیتاریا رێکخراوە، بەوەى چینێکە سەرمایەدارى چڕى کردووەو لە هەموو چینەکانیتر، زیاتر فێری کردووە. ئەزموونى هەموو شۆڕش و بزووتنەوەکانى چینە چەوساوەکان، ئەزموونى بزووتنەوەى سۆسیالیستى لە هەموو جیهان، فێرمان دەکەن کە تەنها پرۆلیتاریا پێیدەکرێت بەشە پەرتەوازو دواکەوتووەکان لە دانیشتیوانى زەحمەتکێش و چەوساوەکان رێک بخات و رابەرییان بکات.


19/ تەنها رێکخستنى سۆڤێتى بۆ دەوڵەت بە کردەوە پێیدەکرێت، بە لێدانێک، ئامێرى کۆن، واتە بۆرژوازى، بیروکراتى و دادپەروەرییەکەى بڕوخێنێ و بۆ هەمیشە لە ناوى ببات. ئەمانە لە دیموکراسیترین کۆمارەکان مانەوەو دەبوایە لە ژێر سێبەرى سیستێمى سەرمایەدارى بمێننەوە کە لە راستیدا تەگەرەیەکى گەورەیان پێکدەهێنا لەبەردەم ئەنجامدانى دیموکراسى بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان. لە پێناوى ئەمەدا، کۆمونەى پاریس یەکەم هەنگاوە پڕ بایەخە مێژوویى جیهانییەکەى داناو دەسەڵاتى سۆڤێتیش هەنگاوى دووهەم.


20/ لەناوبردنى دەسەڵاتى دەوڵەت، ئەو ئامانجەیە کە هەموو سۆسیالیستەکان مەبەستیان بوو، لە نێویانداو لە سەرەوەشیان مارکس. بەبێ بەئەنجام گەیاندنى ئەم ئامانجە، هەرگیز دیموکراتى راستەقینە، واتە یەکسانى و ئازادى، جێبەجێ نابێ. تاقە ئامێرى بەکردەوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دیموکراتى سۆڤێتییە یا پرۆلیتاریایى، چونکە رێکخراوەکانى جەماوەرى کارگەران بۆ بەشدارى بەردەوام و ئیلزامى لە بەرێوەبردنى دەوڵەت رادەکێشێ و یەکسەر دەستدەکات بە ئامادەکارى بۆ لەناوچوونى هەموو دەوڵەت، لەناوچوونێکى تەواو.


21/ رووبەڕووبوونی شکستی تەواوەى ئەو سۆسیالیستانە کە لە شاری برن کۆبوونەوە، تێنەگەیشتنى رەهایان بۆ دیموکراسى نوێ، واتە پرۆلیتارى، لەمانەى خوارەوە دەردەکەون: برانتینغ لە10/2/1919، کۆتایى بە کۆنگرەى جیهانى ئینترناسیونالى زەرد هێناو لە11/2/1919رۆژنامەى ئەوانەى تێدا بەشداربوون(دى فرایهایت-ئازادى)کە لە بەرلین دەردەچێ، بانگەوازێکى حزبى ((سەربەخۆکان))بۆ پرۆلیتاریا بڵاوکردەوە. ئەم بانگەوازە دان بە پۆى بۆرژوازى حکومەتەکەى شیدمان دەنێ و تاوانبارى دەکا بەوەى دەیەوێت سۆڤیتات لەناو ببات(ئاڵاهەڵگرى شۆرش و پارێزەرى)و پێشنیاردەکات، سیفەتى شەرعى بدا بە سۆڤیتات و مافى راگرتنى بڕیارەکانى کۆمەڵەى نیشتیمانى و خستنەڕووى مەسەلەکان لە ریفراندۆمێکى گشتى بدات.


ئەم جۆرە پێشنیارە سەرنەکەوتنێکى فیکریى تەواوە کە توشى ئەو بیرمەندانە هاتووە، ئەوانەى بەرگرى لە دیموکراسى دەکەن بەبێ ئەوەى لە خەسڵەتە بۆرژوازییەکەى تێبگەن. ئەو هەوڵە خەندەئاوڕە بۆ مانەوەى سیستێمى سۆڤێتى، واتە دیکتاتۆرییەتى پرۆلیتاریاو کۆمەڵەى نیشتیمانى، واتە دیکتاتۆرییەتى بۆرژوازى، هەتا دوایى هەژارى بیرکردنەوە لەلاى سۆسیالیستەکان و سۆسیال-دیموکراتە زەردەکان و هەروا سرووشتى سیاسى کۆنەپەرەستانەیان بەوەى خوردە بۆرژوان، پیشاندەدا. سەرشۆڕى ترسنۆکانەیان بۆ هێزى دیموکراتى نوێ کە بە شێوەیەک گەشەى سەندووە، گەڕانەوەى بۆ نییە.


22/ زۆربەى نێونەتەوەییە زەردەکانى برن ئەو جورئەتەیان نەبوو، سەرەڕاى مەحکومکردنى بەلشەفییەت، لە ترسى جەماوەرى کرێکاران، بەڕەسمى دەنگ لەسەر بڕیارێکى گونجاو بدەن. لە تێڕوانینێکى چینایەتییەوە، رەفتارێکى درووستیان گرتەبەر. ئەو زۆربەیە کە لەگەڵ مەنشەفیک، سۆسیالیستە-شۆڕشگێڕەکانى رووسیاو لەگەل شیدمانییەکان لە ئەڵمانیا هاوپشتى دەکەن. مەنشەفیک وسۆسیالیستە-شۆڕشگێڕە رووسەکان بەهۆى ئەوەى لە لایەن بۆلشەفیکەکانەوە جێپێیان هەڵدەگیرێت، بێزارن، هەوڵدەدەن ئەو راستییە بشارنەوە کە ئەو جێپێ هەڵگرتنە بەهۆى بەشداربوونى مەنشەفیک و سۆسیالیستە-شۆرشگێڕەکانەوە بوو لە جەنگى ناوخۆدا کە لە پاڵ بۆرژوازى ولە دژى پرۆلیتاریا راوەستان. لە ئەڵمانیاشدا، شیدمانییەکان و حزبەکەیان بەڵگەیان بەدەستەوە دا لە سەر هەمان بەشداریکردنیان لە جەنگى ناوخۆ لە پاڵ بۆرژوازى و لە دژى پرۆلیتاریا راوەستان.


بۆیە زۆر سرووشتییە زۆربەى بەشداربووان لە نیونەتەوەیى زەردى برن مەحکومى بەلشەفیکەکان بکەن. ئەوەش بۆ بەرگرى لە((دیموکراسى تۆخ))نییە، بەڵکو بۆ بەرگرى لە خۆکردنە لە لایەن ئەوانەى کە دەزانن و هەستى پێ دەکەن، لە شەڕى ناوخۆدا لە دژی پرۆلیتاریا لایەنى بۆرژوا دەگرن. بۆیە هەر دەبێ، لە تێڕوانینى چینایەتییەوە، بڕیار لە سەر درووستى زۆربەى نیونەتەوەیى زەردەکەیان بدەن. پرۆلیتاریاش لە سەریەتى لە راستى نەترسێ، بەڵکو بەراستگۆییەوە رووبەڕووى ببێتەوە و سوود لە هەموو سەرئەنجامە سیاسییەکانى وەربگرێ.
هاوڕێیان!


دەمەوێ هەندێ شت لە بارەى دوو خاڵە دواییەکەوە زیاد بکەم، بەڵام پێموابێ ئەو هاوڕێیانە کە تەکلیف کراون بە پێشکەشکردنى راپۆرتێک لە بارەى کۆنگرەى برن، بە دوورو درێژى بۆمان باسیان دەکەن.

___________________________
لە 6/3/1919 لە رۆژنامەى((پراڤدا))، ژمارە51و((ئەزفستیا فتسیک))ژمارە51بڵاوکراوەتەوە / بەرگى 37، لاپەڕە491-509

تێبینى: لە گەڵ ئەم نووسینەدا، هاوڕێ لینین چەند خاڵێکى ترى زیادکردووە. لە کاتێکى تردا ئەوانەیش وەردەگێڕم.