په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٥

نامەیەکی یوسف عزەدین بۆ

دانەری رۆمانی ''ماڵی رێحان'' کاک ھۆشەنگ شێخ محەمەد.


ئێستاتان شاد

راستییەکەی ساڵانێکە، بەتەواوی عەوداڵی خوێندنەوەی تێکستە ئەدەبی و مەعریفییە نەخوێندراو و کەنارخراوەکانی بواری سۆفیزم و میستیکم.. ئەمەش لای من سەرپێی و سادەو ساکار نەبووە، دوور و نزیک ھەوڵمداوە پەنھان و نھێنییەکانی زۆرێک لەرێچکە و رێبازە سۆفیستییەکانی کۆن و نوێی دنیا پەی پێبەرم.. تەنانەت ھێندەی پێشم کرابێت، لێرە و لەوێ میوانی ھەندێک لەپەرستش و کەشە سۆفیستییە جوداکانی ئایینە جیاوازەکان بووم و لەوانەش کەشی ئایینی "جەمی عەلەوییەکان" بوو، کەرەنگە ھەرگیز دەنگی ساز و سەدای بەیتە خۆشەکانیم لەیاد نەچێت.. ئەمە جگە لەھەموو ئەو کەشە رۆحییە یەکجار سەیر و ناوازەیەی کەسەرسامی کردم.


جا سەیر لەوەدا بوو ھەموو ئەم ھەوڵ و مەراقی گەڕانە، منی لەخاکێکی وشک و برنگ و دێمەوە، بردە سەر خاکێکی تەڕ و پاراو و بەراوەوە.. کە تائێستا شتێکی ئەوتۆم لەبارەیەوە نەگوتووەو نەنووسیوە" مەگەر لەرۆمانی: ویڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان-دا، شتێکم ورووژاندبێت"، واتە ھێشتاکە ھەموو ئەوەی کەپێی گەیشتووم قەتیسی ناخێکی بێدەنگە.


جا ساغکردنەوەی ھەموو ئەو جۆرە بگرەو بەردە دەروونی و رۆحیانەی کەپەیوەستە بەیەقین و نایەقینمان سەبارەت بەمەوجودییەتی ئێمەیەکی راگوزەر بەدنیادا و موعەممای گەردوونێکی بەتەمەن ھێجگار پیر و ھەموو ئەوەی لەنێویدا رادەگوزەرێ، کارێکی ھێجگار سەختەو تەنھا دەبەنگ و ئیدیۆلۆژباز و سیاسەتباز و ھاوتوخمەکانیان، دەتوانن وەڵام بۆ ھەموو نەزانراوەکان دابتاشن، چونکە ئەساسەن ھیچ نەزانراوآ لای ئەوان وجودی نییە؟!


برا شیرینەکەم
رۆمانەکەتان ھەر لەسەرەتاوە جیاوازە لەکۆمەڵێک لەو بەناو رۆمانانەی کە لەپاش راپەڕینەوە، ھەندێک لەنووسەران نووسیوویانە: لەرووی درێژدادڕی وەسفی و زمانی موتڵەقی شیعری و ...تاد، بەمەبەستی پەردەپۆشکردنی نابووتی سەلیقەو توانستی نووسینیان!؟


بۆ نموونە دەشێت کورترین چیرۆکی بۆرخیس، ببێتە مایەی دروستکردنی دنیایەک پرسیار و ورووژاندنی کۆمەڵێک ئەندێشەو خەیاڵاتی بێکۆتا، کەچی ئەو چەند سەد لاپەڕەیەی ئەوان ھەر پاش تەواوبوونت لەخوێندنەوەیان، تەنھا پەشیمانی ئێخەت پێدەگرێت، ئەمەجگە لەو ھەستە نامۆیەی کەدەبێتە مایەی ئەو پرسیارەی: کەتۆ بڵێی نووسەری تێکستەکە، گشت خوێنەرێکی ھێندە پێ دەبەنگ بێت و لەئاست خۆیدا بیبینێتەوە، کەوا تەسەوور بکات، ئەم ھەلەق و مەلەقە بەناو ئەدەبییەی ئەوی لێببێتە ئەو شاکارەی کەپێشوەخت ریکلامە میدیاتیکییەکان بەشان و شەوکەتیدا ھەڵیانداوە، یان بەناو رەخنەگرە "سمێڵ قەیتانی"*یەکەی لای خۆمان، دانی بەعەزەمتیدا ناوە!؟


ئاخر ناکرێت دوای ئەم ھەموو ھەڵڵا ریکلامی و میدیاتیکییەی بۆ ئەو چەشنە رۆمانانەو نووسەرانی دەکرێت، بگەیتە ئەوەی کەنەک نووسەرەکانیان ئەدیب و دانەر و رۆماننووس نین، بەڵکو ھێشتاکە بەئاستەم دەزانن بەکوردییەکی سەقەتی داتاشراوی تێکەڵ و پێکەڵ بنووسن.. جا تۆ واز لەدزینی ئەسڵی پێکھاتە کیمیاییەکانی بابەتەکەو خەیاڵات و فانتازیاو شتەکانی دیکەش بھێنە کەبەچەشنێک ھێناویانەو وا شەیتانانە تێکەڵیانکردووە باوەڕ ناکەم نەک ھەر خوێنەری ئاسایی بەڵکو خوێنەری تاڕادەیەک باشیش، ئاستەمە چەشن و چۆنیەتی دزین و ھێنان و بردنەکەی بەئاسانی پێ بدۆزرێتەوە!


خۆ ئیدی لای ئێمەش کایەیەکی رەخنەیی سەربەخۆ نییە، وەک شوێنانی دیکەو بەشی ئەوە رەخنەگری دۆزەرەوەی تێدا بێت، تا ئەوەی لەژێر بەڕەدایە بیھێنێتە سەر بەڕەو بەرچاوروونییەکمان سەبارەت بە فڕوفێڵ و حیلەبازی و ئایین و ئۆینی نووسەرەکە پێ بڵێن.. جا سوبحانەڵڵا زۆربەی ئەوانەی بەناوی رەخنەشەوە بابەتیان دەرحەق بەتێکستە ھەزیلەکان نووسیووە، ھەر کتومت دروستکراوی دەستی نووسەرەکە و کەسانێکی دەووری ئەو و دواتر شوێن و جێگەیەکی بەناو رۆشنبیری یان ھاوشێوەکانی تەبەننایان دەکات و بۆ مەبەست و چەندین مەرامی تایبەت گەورەیان دەکات. ھەروەک لەدیمانەیەکمداو لەوەڵامی پرسیارێکدا گوتوومە:


(ھەندێک نووسەر ھەن ئەو بۆشاییە رەخنەییە بەھێنانە ناوەوەی کەس و کەسانی بێتوانا پڕدەکەنەوە، بەمەرجێک قایل بن ناویان بەکار بێت بۆ بەرزکردنەوەی، ئەو نووسەرەی کەئەو جۆرە رەخنەگرە دروست دەکات.. خۆی لەراستیدا گەمەیەکی سەیر و تاڕادەیەکیش تایبەتە بەدنیای بەناو ئەدەبیی کوردییەوە، بۆ نموونە کەسێکی گەوجی ھیچ نەزانی بوودەڵە لێرەو لەوێ پەیدا دەکرێت"کەزیاتریش خزم و ناسیاو یان خەڵکی یەک گوند یان شوێن و گەڕەک و تاد...ی نووسەرەکە، یان دەوور و بەری نووسەرەکەن" ، سەرەتا کۆمەڵێک بابەتی رەخنەیی سەبارەت بەکۆمەڵێک تێکست بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێتەوە، باشتریشە لەسەر بابەتگەلێکی جیھانی بێت، تا بزانرێت ئەم رەخنەگرە تازە پێگەیشتووە"سمێڵ قەیتانییە"، زادەی خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەدەبیاتی جیھانییەو سەرباری ئەوەی بەم شێوەیە گومانیشی لێناکرێت؟!.. دواتر ھێدی ھێدی دەکەوێتە بەباش لەسەر نووسینی ھەندێک نووسەری خراپی نێوەندەکە، کەناو ھێنان و بەرزکردنەوەی کارەکانیان نابێتە مەترسی و ھیچ لەشان و شەوکەتی نووسەرەکەی خاوەنی کەم ناکاتەوە، ئینجا پاش ئەوە دەکەوێتە لێدانێکی زیرەکانەی کۆمەڵێک ناوی جیدی، بۆ نموونە ڕەنگە تا کۆتایی وتارێکی بەناو رەخنەیی، بەباش باسی کۆمەڵە چیرۆک یان رۆمانێک بکات، کەچی لەکۆتایدا دەڵێت، بەڵام زمانەکەیم بەدڵ نەبوو، یان چێژم لەخوێندنەوەی نەبینی و شتی لەو چەشنە، ئیدی ئەم رەخنەگرە وەھمییەی کەخودی خۆی کەسێکی بێ دەسەڵاتی ھەزیل و ھەزەلی و لەڕووی سایکۆلۆژییەوە نەخۆشە؟!.. بەم چەشنە دەکرێتە "ناو" و لەڕۆژی خۆیدا بەنموونەیەکی کەم تازۆر ھاوشێوەی ئەوەی کەلەخوارەوەڕا ئاماژەی پێدەدەم، دێت و دیراسەیەک لەسەر ئەو نووسەرە گەورەو گرنگەی کە لەبنەڕەتدا ئەو"یان ئەوانەی لەپشت نووسەرەکەوەن"دروستیانکردووە، دەنووسێت، واباشتریشە لەپێشەکیدا بڵێت: کەگوایە ئەم پێشتر تێکستەکانی ئەو نووسەرەی نەبینیوەو بەڕێکەوت و لەپڕ تێکستێکی ئەوی خوێندۆتەوە، ئیدی حاڵی لێبڕاوەو تف لەزاری وشک بووەو بەچەشنی پێداھەڵدانی گەورە پیاوێک، لەسەرسامیدا دەستی کردووە بەبالۆرە گوتن و پێداھەڵدانی عەزەمەتی تێکستەکە؟!.. بۆ نموونە ئەگەر مەبەست بوو"..؟." ناوێکی خراپ نووس، وەک باشترین نووسەر باسبکرێت، ئەوە ئەو کەسەی کەرەخنەگرەکەی دروست کردووە بەناوی ئەوەوە دەنووسێت:


(- ھەرچەندە کۆمەڵێک نووسەری بۆ نموونە "ھەشتاکان" یان "نەوەدەکان" ھەن و ناویان "..،..،..،..،...تاد" و بەنەفەسێکی ترو بەخەون و خولیایەکی جیاوازەوە لەنێو دنیای نووسیندا دەرکەوتن، بەڵام لەناو ھەموویاندا"..؟." ناوێک ھەیە، کەویستی دنیایەکی بێ ھاوتای زۆر گرنگی تایبەت بەخۆی بنیات بنێت، دنیایەک کەبەئاسانی خۆی بەدەستەوە نەدات.. بۆیە من پێم وایە لەئایندەیەکی نزیکدا ھەموو نووسەرانی پێش خۆی بەرەو لەیادچوونەوەو سڕینەوە دەبات.. ئاستەمیشە نووسەری ئاوا بەئاسانی لەناو مێژووی نووسینی کوریدا دروست بێتەوە، چونکە ئەو جیاوازە لەھەمووان و زەحمەتیشە لەئایندەدا کەس زات بکات، تەنانەت بیریش لەجێگە گرتنەوەی بکاتەوە..ئەو"..؟.." نووسەرێکە کەرۆژ لەدوای رۆژ و چیرۆک لەدوای چیرۆک و رۆمان لەدوای رۆمان، سەرسام و سەرخۆشم دەکات و شاگەشکەم لەنێو سەڵتەنەتی بەھاری خەیاڵات و باڵادەستی زەبری شمشێری وشەکانیدا، لەمەملەکەتی عەزەمەتی داھێنانەکانیدا کۆیلەو ئەڵقەلەگوێی بەردەرکەی کۆشکی مەعریفەی ئەوی بێ ھاوتا بم و تاد....-ی بالۆرەکە؟!).

ئیدی چۆن سەرجەم کایە و بوارەکانمان سەقەت و ئیفلیج و ماڵوێرانی دەستی خەڵکانی ناشی و کارنەزانە، ئاواش ئەم بوار و کایە فەرھەنگی و ئەدەبی و ھونەرییەی ئێستای کورد، کەسەرجەم ھۆکارەکانی خستنەڕوو و ھێنانەکایەی لەبەردەستدایە، کەچی ئەوەی کەدەیڵێت و دەیڕێسێت، جا ناوی ھەرچییەکی لێ بنێت، لەخۆی و ئەوانەی دەوری زیاتر کەسی پێھەڵناخەڵەتێ، چونکە دواھەمین قسە ئایندەیەکی دوور و خوێنەرە جدییەکانی دەیکات، واتە ئەوە ئێمەین لەئێستادا دەتوانین راڤەی جدییەت و ناجدییەتی ئەدەبیات و مەعریفە و فەرھەنگی پێشتری ھەرشوێن و جێگەیەک بکەین کەمەبەستمان بێت و بمانەوێت.


ھەر بۆ نموونە ئەو چەشنە عەشق و عەوداڵبوونە ھێجگار قووڵە ئیگۆییانەی "غەزالی" لەسەردەمی خۆیدا، ئەوە نەبووە کەئێمە ئێستا لەپێناو رۆچوونە نێو دنیا تایبەتەکەی ئەوەوە، سەوداسەر و عاشقی دەبین و ساڵانێکی تەمەنمان تەنھا لەخوێندنەوەی کتێبەکانیدا دەبەینەسەر.. زەمەنێک زۆربەی کتێبەکانی ئەم زاتە بەناوی کوفرەوە سووتێنراوەو تا ئێستاش ئەوانەی دژایەتی دەکەن، ھێجگار زۆرن.


جا گەڕانە حەقیقییەکی "غەزالی" لەپاش تەمەنی کامڵبوونەوە دەست پێدەکات.. وەک مەعلومە لاتان، ئەو خەتیب و خاوەن مەدرەسەو کەسێکی ناسراوی بەغدا بووە، کەچی ناتوانێت بەو ھەموو گومانەوە چیتر بھێڵێت خەڵک وەک ئیماندارێکی گەیشتووە یەقین بیبینن.. ئیدی سەفەری دوور و درێژی گەڕانی.. بەتەنھایی تەیکردنی چیاکان و قووڵایی دۆڵەکان و بێکۆتایی بیابانەکان و نەترسانی لەنەزانراوەکانی رێگەوبانە سامناکەکانی سەردەمەکەی، شایەتی راستگۆیی بیروباوەڕ و تێفکرینە قووڵەکانی دەدەن، کە بەکتێبی:


"فریادڕەس لەگومڕایی" دێتەوە نێو دنیای نووسین و ھەر لەو کتێبەیدا سەرباری خۆپاراستنی لەنەگوتنی نھێنییەکانی دنیای سۆفییان و عارفە راستەقینەکان، بەڵام ئاماژە بەڕاستگۆیی و قووڵی خوداپەرستن و ھەندێک شتی دیکەی زۆر گرنگ دەدات، کەپەیوەستە بەتوانای نائاسایی و قودرەتە غەیبییەکانیانەوە؟!


جا ھەرچەندە حەز دەکەم زیاتر باس و خواسی ئەو دنیا پڕ نھێنی و سەیر و سەمەرەیەی عارف و سۆفییە حەقیقییەکانت بۆ بگێڕمەوە، بەڵام سنووری نامەکەو کاتی ھەردووکمان رێنادات و ھەر بۆیە دەگەڕێمەوە سەر رۆمانەکەتان، کەتوانیویەتی خۆی لەکوشتنی حەللاج و سەھروەردی و ھێنانەناوەوەی دنیایەک پرسیاری شاراوە بدات، گەر لەرووشدا ورووژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانە، لەکایەیەکی ئیلحادیدا ھەڵبسووڕێت، یان وابێتە پێشچاو، بەڵام لەحەقیقەتدا ئیمانێکی خەفی لەپشت دێڕەکانی رۆمانەکەتەوە خۆی حەشار دەدات، ھەروەک دەڵێن، ھیچ شتێک ھێندەی کوفر و ئیمان نزیک نییە، یان با بڵێین زۆر لەوانەی کەپێیان وابووە، لەنێو ئیماندان، بەدەر لەویست و زانینی خۆیان، نغرۆی خمخۆرکی کوفربوون و بەپێچەوانەشەوە، حەللاج-ێک کەدەڵێت: "لاانا الا انا".


یەکێک لەسۆفییە ناسراوەکان، پێی وایە ئەم گوتەیە، ئەوپەڕی یەکتاپەرستی و ئیمانە؟!


ئەم جۆرە کارکردنە رۆحییە تەسەوفییەی نێو رۆمانەکەتان، توانیویەتی تێکستەکە لە سەتحییەتی نووسین دوور بخاتەوە و رادەستی چینەکانی دیکەی رۆچوونە نێو قووڵایی بکات. ئەمە جگە لەوەی بەخوێندنەوەی رۆمانەکە ھەست بەبوونی دانەرێکی وریا و موتابیعی زۆرێک لەتێکستە جیھانییەکان دەکەیت، واتە بەئاگایی و وریاییەوە کار لەرۆمانەکەدا کراوەو زۆر وریایانە خوێنەر کەمەندکێشی رووداوەکان دەکەیت و بێ جڵەولەدەستدان، یان درێژدادڕی، یاخود پەلەپروزێ، توانیووتانە لەکۆمەڵێک لاپەڕەی دیاریکراودا، رۆمانێک جێ بکەنەوە.


رۆمانێک کەدەکرێت ببێتە مایەی وروژاندنی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگی ئەنتۆلۆژی و میستیکی و سۆفیستی، سەرباری سادەیی زمان و توانستی داڕشتن و ھەندێک شتی تایبەتی دیکە.. شادمان بووم بەخوێندنەوەی یەکێک لەو رۆمانانەی کەخۆشبەختانە شانبەشانی ھاوشێوەکانی، دەچێتە ریزی پۆلێک لەو ھەوڵدانە باشانەی دنیای نووسینی رۆمان کەبەزمانی کوردی و شێوەزاری سۆرانی نووسراوە.

* سمێڵ قەیتانی: (کەسایەتییەکە زیاتر شێوەو ئاکاری لەدەڵاڵە تەڵەکەبازەکانی بازاڕی گۆشتی سپی دەچێت و ھەر کاروکردەوە بەناو ڕەخنەگرییەکانیشی جۆرێکە لەجامبازیی دەڵاڵانە و پێدەچێت ئەم کەسایەتییە تەنھا لەخەیاڵی خۆمدا ھەبێت و بەمەزەندەی ئەقڵی و تەسەووراتێکی کاریکاتێری کەدەرحەقی ھەمە، رەنگە سمێڵێکی قەیتانی بھێڵێتەوەو لەوانەشە لەم ماوەیەدا تاشیبێتی و ئیدی ئەم کەسایەتییە دەشێت بۆ ئێکسسوار چاویلکەیەک لەچاو بکات و لێرەو لەوێ فۆتۆی خۆی لەپۆزلێدانێکی جدییانەدا بڵاوبکاتەوە، ھەر لەخۆمەوە وادێت بەئەقڵمدا ئەم بەناو دەڵاڵە رەخنەگرە سمێڵ قەیتانییە، عاشقی ئەو ساتە وەختەی وێنەکانی خۆی بێت، کەنووشتاوەتەوە بەسەر دەفتەرێکداو بەپێنووسێک بەحیساب تێبینییە زۆر گرنگەکانی خۆی لەسەر تۆمار دەکات ودەشێت ئەم رەخنەگرە سمێڵ قەیتانییە لەبەر باوەڕی ئایینی، یان عادەتی عەشائیری و عەیبە، یان لەبەر حاڵەتێکی دەروونی تایبەت نەخواتەوە، بەڵام بۆئەوەی پێی نەڵێن رەخنەگرێکی دواکەوتووەو نەبادا ھەلەق و مەلەقە رەنگاوڕەنگە عەمبەروەرید ئاسا رەخنەییەکانی نەخوێندرێتەوە.. لەسەر ھەموو مێزێکی خواردنەوە ئامادەیەو رێوی ئاسا متەق لەخۆی دەبڕێت و لەپەنادا خۆی خەریکی مەزە خواردن دەکات-بەکوردییەکەی مەزەگێیە- ولەجێی مەشروباتیش سۆدەو شەربەت و ئاو و خواردنەوە غەیرە کحولییەکان یەک لەدوای یەک، بەدەستووری مەشروب خۆران و تێکەڵ بەنمایشێکی سەرخۆشانە نۆش دەکات، ئیدی حیکایەتی ئەم کەسایەتییە ھەزەلییە قەزەم ئاسایەی کەخۆشیی بەماجەرای تێکستە جدییەکانی ئەو نووسەرانە نایەت کەخۆی وئەوانەی پێیاندا ھەڵدەدا، ناگەنە ئەژنۆیان.. زۆر لەوە دوور و درێژترە لێرەدا جێی بێتەوە...؟!).

دەستتان خۆش.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک