په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٣

نامەیەک سەبارەت بە هەڵەبجە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا.

 

بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا
لە ڕێگەی نوێنەرایەتی کونسوڵگەری هەولێر.
بەڕێز جەنابی وەزیر گیدۆ ڤیستاڤیلا


لە یادی پڕ لە ناسۆر و تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر تاوانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەو ناوچەکانی دیکەی کوردوستاندا جارێکی دیکە داوای پەیامی ئاشتی لە دەوڵەتی فیدرالی ئەڵمانیا ئەکەین و جەخت لە داواکاریەکانمان ئەکەینەوە کە لەلایەن نوێنەرانمان لە خۆپیشاندانی ١٦\٣\٢٠١٠ لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر ئاراستەی بەڕێزتان کرا بۆ ڕاگەیاندنی لێبوردنی فەرمی دەوڵەتی ئەڵمانی بۆ بەشداریکردنی زۆرترین کۆمپانیای وڵاتەکەتان لە پڕ چەککردنی ڕژێمی پێشوی عێراق بە تەکنەلۆجیا و گازی کیمیاوی کە بەرانبەر بەهاوڵاتیان و سروشتی وڵاتەکەمان و ناوچەکە بەکارهاتوە و بە هەزاران شەهید و قوربانی لێکەوتۆتەوەو تاوانی جینۆسایدی پێ ئەنجامدراوە.


هەمان کات داواکارین کە هاوشێوەی وڵاتانی سوید و بریتانیا و کەنەدا ، دەوڵەتی ئەڵمانی لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەت ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت وەک ئەرکێکی مرۆیی و بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی بە ئامانجی بونیادنانی داهاتویەکی باشتر لە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو گەلی ئەڵمانی و کوردیدا.


ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی وا ئەخوازێت کە هەموومان پێکەوە کار لەسەر ئاسەوارە نیگەتڤەکانی شەڕو ئاشوبە ناوچەیی و جیهانیەکان بکەین ، مێژووی وڵاتی ئەڵمانیاش شاهیدی ئەو ڕاستیەیە کە ئاشتی و پێکەوەژیان تاقە چارەسەرن بۆ ژانی گەلان .. لەم پێناوەدا داواکارین وڵاتی ئەڵمانیا وەک چۆن لەناوخۆی خۆی ئیشی بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان کردوە لەم ناوچەیەی ئێمەش بەشداری هەبێت وە شاری هەلچەبجە بکرێتە نمونەو سەرەتای کارەکان بە لە ئەستۆگرتنی کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە دۆکیومێنتکردنی ڕوداوەکان و ئەرشیفکردن ..هەمان کات ببێتە مەڵبەندێک بۆ پەیامی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مەترسیەکی بەکارهێنانەوەی ئەم چەکانە و چەکی کۆکوژی دیکە لە ئێرا ن سوریا لە هەر چرکەو ساتێکدایە.


ئەم داواکاریە لەلایەن ڕێکخراوەکەمان وەک ڕێکخراوێکی تایبەت بەناوچە کیمیابارانکراوەکان و هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردوستان ئاراستەی جەنابتان کراوە و هیوادارین لە داهاتودا جێبەجێ بکرێت.


ڕێکخراوی سپی ڕێکخراوێکی ناحکومیە بۆ خزمەتکردنی ناوچە کیمیابارانکراوەکانی کوردوستان و لەلایەن هاوڵاتیانی بەشێکی زۆری ناوچە کیمیابارانکراوەکان و چالاکوانانی ئەو بوارە دامەزراوە.

 


پارێزەر دلاوەر حەیدەر
رێکخەری دەستەی بەڕێوبەردنی ڕێکخراوی سپی

١٦\٣\٢٠١٠
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک