په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٦

نامۆیی.

 

    فوئاد ئەلکنجی

و. لە عەرەبییەوە: جیهاد محەمەد

نامۆیی دۆخێکە، کە مرۆڤ هەست بە کەماسی و بێ توانایی لە گۆڕینی بارودۆخی ژیانی خۆیدا دەکات، بە واتایەکی تر مرۆڤ لە تۆڕە پەیوەندییەکانیدا بەوانی دیکەوە هەست بە دڕدۆنگی‌ و دوو دڵی دەکات، چ لە ناو خێزان یان دەزگاکانی دیکەدا هەست بە بێتوانیی و پەراوێزخستنی خۆی دەکات، هەست بە ستەمی بەرامبەرەکەی دەکات، هێز و زاڵبوون ‌و لوتبەرزی ئەوانی دیکە بەسەر خۆیدا هەست پێ دەکات، بە جۆرێک، کە تاک تواناو کاریگەریی‌ بۆ گۆڕینی ئەو ستەم ‌و زاڵبوونە نامێنێت، هەرچ کاتێکیش لە ئایدۆلۆژییە باوەکە بچێتە دەرەوە سزا دەدرێت، هیچ جۆرە بوارێک بۆ چالاکییەکانی نامێنێتەوە و هەست بە بەردەوامی نامۆیی دەکات. بە شێوەیەکی گشتی”نامۆیی”بەوە ناسراوە، کە تاکەکان لەگەڵ یەکدیدا یان لە پڕۆسەیەکی دیاریکراودا هەست بە نامۆبوون دەکەن، نامۆبوون ئەنجامی بونیادە کۆمەڵایەتییەکانە، کە مرۆڤەکان تێکدەشکێنێت ‌و ناوەڕۆکە مرۆییەکەی لێ دەسێنێتەوە. نامۆیی لەمرۆدا بە شێوەیەکی گشتی بەسەر ئەدەب‌ و هونەری سەردەم ‌و مێژووی بیریی کۆمەڵایەتیدا باڵی کێشاوە.


لەسەرەتای دەرکەوتنی زانستی کۆمەڵناسی وەک زانستێکی سەربەخۆ، چەمکی"نامۆیی" بە هاوبەشیکردنی دامەزرێنەرانی زانستی کۆمەڵناسی، وەک(ئیمێل دۆرکایم)، (مارکس)، (ماکس ڤێبەر) و(کارل مانهایم) گۆڕینی گەورەی بەسەردا هاتووە. بە شیکاریی نوێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی واتاگەلێکی تری نوێی لە خۆ گرتووە.


لە رێگەی (کارل مارکس)ەوە بە شێوەیەکی سەرەکی ‌و روون “نامۆیی”رێچکەی زانستی کۆمەڵناسیی دۆزییەوە، کە بەسەر هەموو نووسینەکانییەوە نامۆیی رەنگی دابووەوە، لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەربارەی چەمکی”نامۆیی”و وەک لە‌ـ دەستنووسەکانیداـ دەردەکەوێت وا لێکی داوەتەوە، کە نامۆیی هیچی تر نییە جگە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ‌و دۆخێکی دەروونی، کە بە هۆکاری هەستکردنێکی شارەوە بە کەماسیی ‌و دابڕان دێتە ئەنجام.


بە درێژایی مێژوو، بیری مرۆڤ ‌و رای بیرمەندەکان دەربارەی پێناسەکردن ‌و بەکارهێنانی چەمکی”نامۆیی”جیاوازیی بە خۆیەوە بینیوە، ئەم جیاوازییەش بە پلەی یەکەم لە گۆشەنیگای جیاوازی بیرمەندانەوە بۆ ئەو چەمکە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ئەوەی تیۆرییە نوێکان دەربارەی بابەتی “نامۆیی”لەسەر لێکۆڵینەوەی(ئاستی رەفتار و کرداری کۆمەڵایەتیی) راوەستاوە، کە پەیوەندی هەیە بە سیفەتە کرۆکییەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە.


دانانی شیکارییەکی گشتگیر و گشتی بۆ چەمکی”نامۆیی”دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی هەڵوێستە تیۆرییە جیاوازەکان، کە لەسەریان لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان ‌هەڵنراوە و ئەم چەمکەی لێوە هاتووە و لێکدراوەتەوە، لە راستیدا لە لایەن چەندین قوتابخانەی بیرییەوە وەک زانستی کۆمەڵایەتی ‌و فەلسەفەو زانستی سیاسیی ‌و زانستی دەروونیی ‌و بونگەراییەوە ئەم چەمکە بەکارهێنراوە، کاتێکیش، کە بابەتی”نامۆیی”پێوەندیدار بێت بە زانستی کۆمەڵایەتییەوە واتە پێوەندیدارە بە لێکدانەوە جۆراو جۆرەکانی رەفتار و کرداری کۆمەڵایەتییەوە. لە تێروانینی دینیشەوە، چ دیانەتی جولەکەکان یان مەسیحییەکان یان ئیسلامییەکان “نامۆیی”لەگەڵ چەمکێکی بناغەیی دینییدا یەک دەگرێتەوە، کە بە (جیابوونەوەی) مرۆڤ لە خواوەند راڤەکراوە، هەروەها بە جیابوونەوەی مرۆڤ لە سروشت ‌و ـ چێژو خۆشنوودییەکان‌ـ جیابوونەوەی (باوەڕداران) لە (بێ باوەڕان) لێکدراوەتەوە. تێگەیشتن ‌و لێکدانەوەی دینیی بۆ “نامۆیی”لەوانی دیکە و لە ستروشت، ئەوەیە، کە”نامۆیی”بە دیاردەیەکی بێ چەندوچوون لە بوونی مرۆڤ ‌و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی دادەنێت، لە روانگەی دینییەوە “نامۆیی”هیچی تر نییە جگە لە نامۆبوون لە نیشتیمانە نەمر و هەتاهەتایی ‌و بەهادارە رەهاکە، واتە نیشتیمانی ئاسمانیی.


گۆشەنیگای زانستە فەلسەفەییەکان دەربارەی”نامۆیی”لە رای هەردوو فەیلەسووف(هێگڵ) و(مارکس)دا کورت دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی، کە فەیلەسووفگەلێکی دیکەش بە جۆرێک لەسەر ئەم بابەتە لێکدانەوە و نووسینیان هەبووە، کە بایەخیان کەمتر نەبووە لە لێکدانەوە و جددیەتی ئەم دوو فەیلەسووفە. بەڵام بونیادی بناغەیی ئەم چەمکە لە لایەن ئەم دوو فەیلەسووفە مەزنەوە دامەزرێنراوە، بۆیە دەربارەی ئەم چەمکە بوون بە پێشەنگی لێکۆڵێنەوە فەلسەفییەکان. فەیلەسووفە بوونگەراییەکانیش لە هێگڵ ‌و مارکسەوە بە تێڕوانینێکی گشتیرانە ئەم چەمکەیان وەرگرتووە و لێکداوەتەوە، کە لە" سەرکەوتن ‌و داڕوخانی پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی نێوان مرۆڤ ‌و ئەزموونەکانیاندا، لە نێوان خود‌ و بابەتدا‌، لە نێوان بەشە چکۆلەکان‌ و گشتدا، لە نێوان تاک‌ و کۆمەڵگادا، لە نێوان ئێستاو داهواتوودا ئەم چەمکە فەلسەفەییەیان بەرجەستە کردووە".


زانستی دەروونیش لە روانگەی خۆیەوە ئەم چەمکەی لێکداوەتەوە"دابڕان‌و بێ هودەیی‌ و پوچگەرایی جۆرێکە لە ناوەڕۆکی ئەو ئەزموونەی، کە مرۆڤ تێیدا دەژی‌ و بووە بە شتێکی نامۆو‌ تەنانەت لەگەڵ خودی خۆشیدا نامۆیە". مەبەست لە(نامۆیی دەروونیی) ونبوونی ناوەوەی خود و ناوەرۆکی کار کردەوەکانێتی، کە مرۆڤ تێیدا هەست بە شانازی ‌و رازیبوون دەکات، ئەوەش شتێکی بێ چەندوچوونە، کە دیارنەمان ‌و ونبوونی مۆرکی مرۆڤ بەسەر کارەکانییەوە دروستکەری هەستکردنە بە(نامۆیی بە خودی خۆی)، واتە خودی خۆی لێ ون دەبێت ‌و دەشاردرێتەوە، ئەمەش دەبێت بە هۆکاری پێکدادانی ئەو بیر و هزرەی، کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی ‌و کۆمەڵگاکەی ‌و دیدگاکانیدا نامۆ دەکات. لێرەدا ئەم پرسیارانە خۆیان قوت دەکەنەوە، ئایا”نامۆیی”دۆخێکی مرۆیی هەمیشەییە یان کاتییە...؟ واتە ئایا دەتوانرێت نامۆبوون تێپەڕێنرێت یان نا...؟ ئەگەر ناوڕۆکی سیستمە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو جیهاندا پێشکەوتن ‌و چوونە پێشەوە بێت.. هەروەها کەڵەکەبوونی زانین بێت.. کاڵا بەرهەمهێنان بێت، زیادبوونی حوکم کردن بێت بەسەر خود و سروشتدا، ئایا پێشکەوتن بە هۆکاری کەمکردنەوەی”نامۆیی”دەبێت یان بە هۆکاری زیادبوونی نامۆیی دەبێت..؟


فرۆید‌ـ تەنها بۆ نمووونە‌ـ وای دەبینێت، کە”نامۆیی”لە (پاڵنەرە سێکسییە مرۆییەکانەوە)هاتووە، هەروەها”نامۆیی”پێوەنددارە بە شارستانییەت ‌و پێویستییەکانیەوە و کۆتایی هاتنیش بە”نامۆیی”مەسەلەیەکی مەحاڵە تەنانەت ئەگەر کۆتایی بە کۆمەڵگای چینایەتیش بێت. لە لای بوونگەراییەکانیش بە هەمان شیوە”نامۆیی”حاڵەتێکی کۆتایە، هەموو مرۆڤێک بە تەنیا لە خودی خۆیی ‌و لەوانی دیکە بەم شێوە یان بەو شێوە دەژیی‌ و دمرێت.


بەڵام پێدراوە ئەزموونگەراییە نوێکانی زانستی مرۆیی ‌و زاسنتی مرۆڤناسی ئاماژە بە بارێکی گونجاو لە نێوان مرۆڤ‌ و سروشتدا دەدەن، لە نێوان مرۆڤ ‌و جیهانی دەوروبەرییدا، نێوان مرۆڤ ‌و کارەکەیدا لە شێوەی ژیانکردنە سەرەتاییەکان(وەک کۆمەڵگای گوڵ ‌و بەری درەخت چنین، راووشکار، شوانکارەیی‌ و کشتوکاڵە سەرەتاییە)جێگیرە دێرینەکان، ئەو رۆژانەی، کە مرۆڤ‌ و سروشت لە یەکدی دانەدەبڕان بەڵکو ئاژەڵەکان درێژەپێدراوییان بوون ‌و بەشێک بوون لە کۆمەڵەکانیان، بەڵکو زۆرجار ناوی خۆشەویستەکانیان بەسەردا دادەبڕا. بەڵام دوای ئەوەی، کە چالاکییەکانی مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی خۆی لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانیدا تێپەڕاند بۆ شتێکی دیکە، لەو کاتەوەی، کە سەرکێشییە گەورە پێشبینییەکان دەستیپێکرد، ئەمەش بوو بە هۆی کەڵەکەبوونی “نامۆیی”لە کارەکەی لە ژێر سایەیی کۆمەڵگای پیشەسازیی ‌و دابەشکردنی کار ‌و هاتنە ناوەوەی ئامێر و ماشێنەکان بۆ ناو کار و زاڵبوون بەسەر کار و بەرهەمدا، واتە ئیتر مرۆڤ بە تەنیا خۆی خاوەنی کار و چالاکییەکانی ناما، بە جۆرێک، کە(مرۆڤ تەنیا لە بەرهەم ‌و سودەکانی بەرهەمەکەی دانەبڕا، بەڵکو لە گشت پڕۆسەی بەرهەمهێنانەکەی خۆی دابڕا و کوێرانە بوو بە پارچەیەکی ژێردەستی سیستمە گەورەکەی ‌و بزووتنەوەکەی. بەم جۆرە هەموو هێزە ماددیی ‌و رۆحییەکەی پەککەوت.
 

بوونگەراییەکان هەرچەندە دەربارەی نامۆیی زۆر نزیکن لە زانستی دەروونییەوە، بەڵام نووسینەکانیان لەسەر”نامۆیی”بۆن ‌و بەرامێکی سەردەمییانەی هەیە، بۆ نموونە(جۆن پۆل سارتەر)چەمکی “نامۆیی”بە واتا و ناوەخنێکی جیاوازتر بەکارهێناوە. (سارتەر) لە کتێبەکەیدا(بوون‌و نەبوون) بەو جۆرە ئەم چەمکەی لێکداوەتەوە، کە(دیاردەی ژیانکردنە لە خودی کەسەکان خۆیاندا) بەو جۆرەی، کە ئەوانی دیکە لێی دەڕوانن، واتە تاک لەم حاڵەتەدا خۆی بە بابەت دەکات، سارتەر دەڵێت: " تاک خاوێنیی خۆی بە پێی هۆشیارییەکی دەرەوەی خۆی دەسڕێتەوە، واتە دەبێت بەو بابەتەی، کە کەسانی دیکە مۆرکی لێ دەدەن، رەهەندی ناسین ‌و خەسڵەتەکانی خۆی بە پێی دیاریکردنی کەسانی دیکەوە خودی راستەقینەی خۆی ون دەکات ‌و نامۆ دەبێت بە خودی خۆی.."واتە مرۆڤ بە پێی ئەو وێنایەیی، کە کەسانی دیکە پێی دەدەن خودی خۆی ون دەکات ‌و خودێکی بۆ دیاری دەکرێت، کە خودی راستەقینەی خۆی نییە".


(سارتەر) چارەسەری(نامۆیی خود)ی بەو جۆرە کردووە، کە تاکی نامۆ لەگەڵ کەسانی نامۆ بە خودی خۆیەوە، کە تێروانینێکی جیاوازیان هەیە بەرامبەری، دەژی، بۆیە(نامۆبوون بە خود) هەڵگری ئاگاییەکی ئازاراویە بە نەمانی خودە راستەقینەکەی تاک، ئەو(نامۆییەی)، کە سارتەر باسی دەکات "بەو جۆرە ئاراستەی ناکات بۆمان، کە ناکۆکییەکە پێویستە بەسەریدا زاڵ بین، بەڵکو وەک راستەقینەیەک قسەی لێ دەکات، کە پێویستە ئاگاداریبین ‌و بیزانین ‌و دانی پیابنێین." بەم جۆرە سارتەر رەهەندێک لە رەهەندە گرنگەکانی (نامۆیی لە خود) یان(نامۆبوون لە خود) رووندەکاتەوە، کە زانستی نوێ قسەی لەسەر کردوە. بەڵام نابێت ئەو راستییە لە بیرکەین، کە تەنیا (سارتەر) قسەی لەسەر(نامۆبوون لە خود) نەکردووە، هەر یەکە لە(مارکس) و (رایت میلز) و (ئەریک فروم) قسەیان لەسەر کردووە. (کارل مارکس)چەمکی(نامۆبوون لە خودی) لە نووسینەکانی دەربارەی(نامۆبوون) بەکارهێناوە. نامۆبوونی مرۆڤ نامۆبوونە لە خودی خۆیی ‌و لە ناخی مرۆیی خۆی‌و ئەو توانا مرۆییەی، کە هەیەتی بەرامبەر بەوی دیکە و کۆمەڵگاکەی.


لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە “نامۆیی”بە لێکدانەوەی فەلسەفە، ئاماژەیەکە بۆ نامۆبوونی مرۆڤ لە ناخی خۆی ‌و وازهێنان لەو پێگەیەیی، کە پێیوستە تێیدا بێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ(نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان بەها و بووندا)، واتە نامۆبوون کەماسی‌ و شێواندن ‌و دوورکەوتنەوە لە واقیعە راستەقینەکە.


لە فەلسەفەکەی(تۆماس هۆبز)دا “نامۆیی”مەسەلەیەکی تایبەتە بە پێوەندی تاک بە کۆمەڵگاوە، حاڵەتی سروشتی ئەو حاڵەتی ئامادەبوون‌و چاودێریکردنەی مرۆڤە بەو پێکهاتەیەی، کە ناتوانێت ئاوات ‌و هیواکانی(واتە حاڵەتە مرۆییەکەی) لە میانەی دەوڵەتەوە نەبێت بەدی بهێنێت، وەک ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێت لە میانەی دەوڵەتێکی عەلمانییەوە نامۆییەکەی تێپەڕێنێت، بەڵام(جان جاک رۆسۆ) وای دەبینێت کە”نامۆیی”دابڕانی مرۆڤە لە حاڵەتە سروشتیی ‌و رەسەنییەکەی خۆی، واتە لە بنەما بنەچەییە سەرەتاییەکەی یان سروشتە جەوهەرییە جێگیرەکەی خۆی، سەرکەوتنیش بەسەر نامۆییبووندا گەڕانەوەیە بۆ ئەو ناخە سروشتییەی مرۆڤ خۆی، کە (جێگیر و سەرەتاییە). رۆسۆ لە تێزەکەی هیگڵ دەربارەی (نامۆیی)، کە بۆن ‌و بەرامێکی فەلسەفییانەی هەبوو ئەم بیرەی وەرگرتبوو، چونکە هەموو نووسینەکانی ‌دیکە لەسەر “نامۆیی”لە تێزەکەی هێگڵەوە وەرگیرابوو. نامۆیی لای هێگڵ " دابڕانی بەشە چکۆلەکان بوو لە گشت، واتە دابڕانی مرۆڤ لە عەقڵی پەتی، بۆیە(بیری پەتی خوداوەند)ی کردبوو بەسەرچاوەی دروستکردنی سروست ‌و مرۆڤ، بەم جۆرە سروشت ‌و مرۆڤی کردبوو بەو هەندە دابڕاوە لە خوداوەندی رەها ((ئەمە ناو دەبرا بە (نامۆبوونی هۆشیاریی) لە جیهانی سروست ‌و شمەکە سروشتییەکان، هەروەها جیابوونەوەی خود لە بابەت)) بە کورتی ‌و بە پوختی پڕۆسەی کۆتایی نامۆیی‌ و حاڵەتی نەفیکردن گەڕانەوەیە بۆ خوداوەند، ئەویش ئەو حاڵەتەیە، کە خواوەند ناتوانیت پێی هەستێت بۆیە دەبێت مرۆڤ پێی هەستێت، واتە مرۆڤ (زانین بۆ خواوەند‌ـ عەقڵی رەها) بگێرێتەوە تا بە تێگەیشتن ‌و هۆشیاریی خۆی زاڵ بێت بەسەر سروشتدا و لەگەڵیدا یەک بگرێت‌ و بگاتە ئاستی (زانین) بە جۆرێک، کە خود ببێت بە بابەت ‌و عەقڵ‌ و سروشت ببێت بە یەک، واتە عەقڵی رەها لە میانەی کۆتا عەقڵی مرۆڤ خۆیەوە سروشت دەگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەستی خۆیی و بەسەریدا زاڵ دەبێت. مێژووش هیچ شتێک نییە جگە لە هەوڵی مرۆڤ بۆ ناسینی سروشت‌ و دواجاریش بونیادنانی هۆشیارییەکی رەها".


(لودفیگ ئەندریاس فۆیرباخ) یەکبوونی بوونە رۆحیەکەی نەفیکرد ‌و لە جیاتی یەکبوونی بوونی ماددیانەی دانا، ئەفرۆزەی ئەوەی کرد کە " مۆرڤ خوداوەندێکی هەبێت و لێشی نامۆ بێت، پێچەوانەی ئەم بیرەی بە راست زانی، پێ وابوو، کە مرۆڤ خۆی خوداوەندی دروستکردووە و جەوهەری خۆی پێداوەوە و دواجاریش بۆی دەنوشتێتەوە وەک ئەوەی، کە خوداوەندە دروستکراەکەی دەستی خۆی دروستکەری بێت. بۆیە بۆ ئەوەی، کە مرۆڤ بتوانێت نامۆیی خۆی تێپەڕێنێت، پێویستە بیریی خوداوەندیی لە میشکی خۆی دەربکات ‌و ناوەڕۆکە مرۆییەکەی خۆی بدۆزێتەوە".


بابەتی”نامۆیی”لای (فۆیرباخ) لەسەر ئەوە بونیادنرابوو، کە مەسەلەی دینداریی یەکێک بوو لەو مەسەلانەی، کە مرۆڤی پێ جیا دەکرێتەوە لە ئاژەڵ، ئەم جیاکەرەوەیەی مرۆڤیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مرۆڤ بە واتایەکی ورد خاوەنی هەست ‌و هۆشیارییە، هەست ‌و هۆشیارییەک، کە خوازیار و بە پەرۆشە بۆ هۆشیاریەکی کۆتا نەهات، واتە هۆشیاریەکی لە رادەبەدەر، کە تێیدا خودو بابەت پێکەوە هاوبەشی دەکەن، بەڵام هەریەکەیان بەسەربەخۆیی دەمێننەوە، بەڵکو مرۆڤ لە رێگەی بابەتەوە خۆی هۆشیار دەکاتەوە، بۆ گەیشتن بە هۆشیاری کۆتا یان رەها و لە رادەبەدەر هۆشیاری بوونی خواوەند دادەنێت، دین هیچ نییە جگە لە دەرکەوتنی ئەو دەوڵەمەندییەی مرۆڤ ‌و داننان بە بوونیدا، بەو جۆرەی، کە خواوەند لە رۆحیدا ئامادیە. دین لای ئەم بیرمەندە : " دان پیادانانێکی ناراستەوخۆیە بە مرۆڤدا، کە خاوەن ‌و گەورە و دەسەڵاتداری ئەم جیهانە هەموویەتی، بۆیە خودی خۆی دەرکەوتەیەکی ناۆمیی پێکناهێنێت"١.

لێرەوە دەبینین، کە (فویرباخ) تیۆرییەکەی خۆی دەربارەی “نامۆیی”لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ناوڕۆکی(بوون)ی دین‌و ناوەرۆکە(ئەفسانەییەکەی) بونیاد دەنێت، نامۆیی لە لای ئەم بیرمەندە نامۆییە لە خود. نامۆیی جیابوونەوەی خود خۆیەتی، وەک پڕۆژەیەک بەرەو رەهایی، هەروەها نامۆیی لە رەهابوون خۆیدایە، وای لێک دەداتەوە، کە دین دۆزینەوەیەکی مرۆڤناسییە، وەسفی مرۆڤ دەکات پێش ئەوەی ببێت بە نێچیری نامۆیی، لە کاتێکدا بوونی مۆراڵ بۆ مرۆڤ بە بوونێکی رەها دادەنێت.


لێرەوە هەڵوێستی (مارکس)و هەڵوێستی (فۆیرباخ) دەربارەی نامۆیی یەک هەڵوێستە، بەڵام بەم زیادکردنە "نامۆیی دینی هیچ شتێک نییە جگە لە شێوەکانی نامۆیی مرۆڤ لە خود"، مرۆڤ خۆی سروشتی خۆی دروستدەکات ‌و رەنگڕێژی دەکات(مرۆڤ سروشتێکی خۆڕسکی یان جەوهەری نییە)، بەڵام پێش ئەوەی چاوبداتە دیمانە مرۆییەکەی خۆی خوداوەندێک بۆ خۆی دروستدەکات، هەر وەک فۆیرباخ دەڵێت، زیاتریش لەوە مرۆڤ بۆ خۆی یاساگەلێک ‌و پرنسیپگەلێک ‌و دامەزراوگەلێکی کۆمەڵایەتی‌ و فەلسەفی ‌و شمەکگەلێکی ماددیی ‌و سەرمایەداریی بۆ خۆی دروستدەکات ‌و لێیان جیا دەبێتەوە و هەست بە نامۆبوونی خۆی دەکات، وەک ئەوەی ئەم شتانە لە خۆیەوە نەبووبێتن ‌و خۆی دروستی نەکردبێتن. دواجاریش رۆحی خۆی تێدا پەخش دەکات بۆ ئەوەی ژیانی لێوە بخاتە سەر پێ(خالق‌ و مەخلوق هەر خۆیەتی)، مەحاڵە مەخلوقێکی هەبێت لە دەرەوەی خالق، یان خالقێک هەبێت لە دەرەوەی مەخلوق. مرۆڤی نامۆ لە خودی خۆی لە راستیدا مرۆڤ نییە، مرۆڤی لەم چەشنە نە خۆی دەناسێت ‌و نە هۆشیارە بۆ مێژووی خۆی. بەڵام مرۆڤێک، کە نامۆ نییە بە خودی خۆی، ئەوە مرۆڤێکی راستەقینەیە، کە جیابوونەوەی لە خودی خۆی تێپەڕاندوە، ئەم مرۆڤە راستەقینەیە حوکمی هەموو شتەکانی دەوروبەری ‌و بەرهەماکانی خۆی دەکات. خۆی دەتوانێت خۆی ئازاد بکات ‌و حکومی چارەنووسی خۆشی لە ژێر دەستی خۆیدا دەبێت ‌و خۆی بریاری لەسەر دەدات، لێرەوە (مارکس) هەوڵی دا سوود لە تێزەکانی (هێگڵ) وەربگرێت‌، بەم سوود وەرگرتنە توانی راڤەی حاڵەتی”نامۆیی”بکات بە شێوەیەکی واقیعیانە.


پێش ئەوەی بچینە ناو تیۆرییەکانی (مارکس) لەسەر نامۆیی، وا باشترە تیشکێک بخەینە سەر تێگەیشتنی (هێگڵ) لەسەر نامۆیی، ئەمەش لەبەرئەوەی، کە پێوەندییەکی بەردەوام هەیە لە نێوان پاکێجی تێگەیشتنەکانی ئەم دوو فەیلەسوفە و هەروەها تێپەڕاندنی تێگەیشتنی هێگڵ لە لایەن مارکسەوە، هەر وەک چۆن لینین دەڵێت، تێگەیشتن لە (کتێبی سەرمایەی) مارکس بە بێ گەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لە مەنتقی(هێگڵ) ناکرێت، کەواتە ئێمەش ناتوانین لە تێزی مارکس لەسەر نامۆیی تێبگەین ئەگر بە تێزی هێگڵ لەم بارەیەوە تێنەپڕین ‌و نەیزانین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان (مارکس) هێگڵیی نەبووە. بۆ روونکردنەوەش ئەوەی (مارکس) لە پاشکۆی کتێبی سەرمایەدا نووسیوێتی ئەمەیە:((کاتێک بەشی یەکەمی کتێبی(سەرمایەم) دەنووسی، نەوەی نوێ، ئەو نەوە هەڵەشەو هیچەی، کە دەستیان بەسەر رۆشنبیرێتیی ئەڵەمانیدا گرتبوو هێگڵیان بە(سەگە مردوەکە) ناو دەبرد، بۆیە زۆر بە گوستاخانە خۆم وەک قوتابیەکی ئەو بیرمەندە مەزنە ناساند))ئەمە لەگەل ئەوەی کە لای (مارکس) "دایلێکتیکی هێگڵ سەرەوخوار لەسەر سەر دانرابوو، بۆیە ئەوەی راگەیاند، کە ئەم دایلێکتیکەی هێگڵ دەبێت راستکرێتەوە و بیخمە سەر پێ بۆ ئەوەی پەیکەرێکی مەعقول دەربکەوێت).


لێکۆڵینەوە لە وێناو راو بۆچوونی چەمکی”نامۆیی”لە لای هێگڵ، بێ چەندوچوون راماندەکێشێت بۆ لێکۆڵینەوە لە راڤەکردنە پێوەندیدارەکانی بەم چەمکەوە، وەک دەبینین بەکارهێنانی هێگڵ بۆ ئەم چەمکە دوو دیوی هەبووە، یان بە دوو ئاراستە بەکاریهێناوە، لە لایەک(داماڵینی مەعریفە) و لە لایەکی‌ دیکە (داماڵینی ئازدی)، واتە بێ بەهاکردنی مەعریفە و بێ بەهاکردنی ئازادی، بەو مەبەستەی ئەمە ئەو دوو رایەڵەیەیە، کە تێگەیشتنی چەمکی”نامۆیی”لەسەر راگیراوە٢.

 

رۆح لای هێگڵ خولقینەری جیهانە، جیهان بەرهەمە وەرگیراوەکە یان دەهاتەکەی ئەو رۆحە خولقێنەرەیە، هەروەها هێگڵ دەڵێت " بەرهەم یان وەرگیراوەکە لەم بابەتی گۆڕانکارییەدا، دەبێت بە بەرهەم یان وەرگیراوێک، کە یەکبوونی لە گشتەکە لە دەستداوە...هەموو ئەم چەمکانە بە واتای دەربڕینێکی روونی(نامۆیی)دێت، یان بە واتای (حاڵەتە نامۆییەکە) دێت"، لە دواجاریشدا، هێگڵ ئەم دوو زاراوەیەی بە جۆرێک بەکارهێناوە، کە هەریەکەیان دەربڕین بووە بۆ ئەوەی دیکەیان، بەو واتایەی ئەو بیرەی دەرهێناوە، کە رۆح کەماڵی خۆی لە دەستداوە، چونکە بووە بە بیرێکی نامۆ بە دەرچوون یان جیابوونەوە لە بیرە رەها بناغەییە چاوگەکە، واتە لە دایکبوونی “نامۆیی” "یان نەمانی یەکبوون، چونکە دەرچوون خۆی لە خۆیدا جیابوونەوەیە یان دەرهاتەیەکە، بەم جۆرە دەتوانرێت دەرچوون یان دەرهاتە بە نامۆیی دابنرێت".

 

راڤەکردنەکانی هێگڵ بەردەوام دەبێت ‌و وای دەبینێت، کە " گەڕانەوە بۆ بیری رەها نامۆیی ناهێڵێت، یان نامۆیی هەڵدەوشێنێتەوە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیەش دەوڵەمەند ‌و زەنگینە چونکە یەکبوونێکی باڵا بەدی دەهینێت، لە یەک کاتدا نۆژەنکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەشە٣، ئەم یەکبوونە لە نێوان بیر و سروشتدا یان مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت"، بەم زنجیرەیە، لە دەرچوون ‌و نامۆیی لە لای مرۆڤ هۆشیاریی دروست دەبێت، ئەمەش بەو واتایە دێت، کە “نامۆیی”واتایەکی ئەرێنی هەیە. لە سەرو ئەم واتا ئەرێنیەوە، کە لە راڤەکردنەکانی(هێگڵ)دا بۆ چەمکی”نامۆیی”دەستپێدەکات، دەزگای زانینی ‌و شارەزایی بەریتانیی یاداشتی ئەوەی کردووە، کە (هێگڵ) بەم جۆرە نامۆیی دەبینێت، "واقیعێکی هەبووی رەگداکوتاوە لە بوونی مرۆی ئەم جیهانەدا، جیابوونەوەیەکی بۆ ماوەیی مرۆڤە بەو خەسڵەتەی، کە خودێکی داهێنەر و بونیادنەرە، دەیەوێت ببێت ‌و خودی خۆی بەدی بهێنێت ‌و لەم ململانێیەی خودیشدا بابەتێکی واقیعی هەیە، کە لە ژێر کاریگەریی‌ و بەکاربردنی ئەوانی دیکەدایە " ئەمەش نەرێنی چەمکی(نامۆییە) لە لای هێگڵ٤.

لەم بیرە سەرەتاییەوە بۆ چەمکی”نامۆیی”لە لای (هێگڵ)، بۆمان دەردەکەوێت، کە مرۆڤ لە لای هێگڵ ئەو بوونەوەرەیە، کە بەهاکانی بە بەردەوامی لە دەستدەدات ‌و وەک مرۆڤ خۆی ناناسێت، تەنها بە بەرهەمی ئەو کارانەی نەبێت، کە لێی جیا دەبێتەوە، بزووتنەوە دیالێکتیکیەکە لەم جیابوونەوەیەوە دەستپێدەکات، بیر دەبێت بە جێکەوتەیەک لەسەر شێوەی فۆڕمێکی ماددیی ‌و کولتووری، جیهانە جێکەوتەکەش دەبێت بە رۆحێکی نامۆ، بەڵام ئەوە چارەنووسێتی، کە سەر لە نوێ ئەم بەها جێکەوتانە بەرجەستە بکاتەوە، یان بیر لە خودی مرۆڤەوە دەردەچێت بۆ دەستکەوتی کۆمەڵایەتیی ‌و کولتووری مەزن، بەڵام وەک دەردەکەوێت ئەم دەستکەوتانەی بە خراپی دەشکێتەوە بەسەریدا، واتە ناتوانێت نامۆییەکەی پێشووتری تێپەرێنێت بۆ ئەوەی بگات بە قۆناغێکی جیاوازتر، لێرەوەیە، کە(مێژووی مرۆڤایەتی یان مێژووی رۆح، هیچی‌تر نییە جگە لە مێژووی نامۆییەکی پێویست ‌و یەک لە دوای یەک، کە پێیدا تێدەپەڕێت ‌و هەموو ئەم مێژووەش دەبێت بە بەهای مرۆڤ). لە لای (هێگڵ) نامۆیی قۆناغێکی پێویستە، کە دەگات بە دەربڕینی بیرێک لە خۆی ‌و دواجاریش تێیدەپەڕێنێت، مرۆڤ لە کۆتایی مێژوودا، کە بەهەموو نامۆییەکانیدا تێدەپڕێت ئەوسا جەوهەرە تەواو و سنوردارەکەی دەردکەوێت.


هەڵوێستی (هێگڵ) لە “نامۆیی”هەڵوێستێکی تیۆرییە، ئەویش بە دانانی “نامۆیی”بە قۆناغێکی پێویست ‌و تێپەڕ و ئامرازێک بۆ دەرهێنان یان دۆزینەوەی بیرێک دەربارەی خودی مرۆڤ خۆی ‌و ئاشکراکردنی ناخی خۆی، لێرەدا”نامۆیی”ئەو قلشتەیە، کە لە ناو چالاکییە بیرییە خولقێنەرەکاندا روودەدات، ئیتر لە هەموو بوارەکانی ژیان و بیردا مرۆڤ دەکەوێتە دەرەوەی خودی خۆی و دەبێت بە مرۆڤێکی نامۆ بۆ چالاکیەکانی ژیانی ‌و جیهانێکی جێکەوتەی وا دروستدەکات، کە خۆی تێدا ناناسێتەوە. بەڵام ئەم ون بوونە لە هەمانکاتدا دەوڵەمەندیی و زەنگینیە. ئەگەر ئەم نامۆبوون و ون بوونە نەبوایە " بیر" نەیدەتوانی راستقینەیی شتەکان بناسێت و بزانێت.


هێگڵ بە کاریگەری کتێبکەی(بنەچەی فەلسەفەی رەوا)(جان جاک رۆسۆ) دەهێنێتە کایەکەوە، ئەویش بە گواستنەوەی نامۆیی بۆ میانەی یاسا، کە (نامۆبوون) دەبێت بە ساتی سێیەم لە ساتەکانی خاوەندارێتیدا، واتە گواستنەوەی خاوەندارێتی و"نوقمبوونی ویست و گەڕانەوە لە شتێکەوە بۆ شتێکی دیکە" دوای ئەوەی ئەم ویستە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە چوارچێوەی شتێکدا (ساتی یەکەم) بەرجەستە دەبێت، بە دوای خۆیدا ساتی بەکارهێنان ‌و بەکار بردنی دێت، لێرەوە (نامۆبوون) جوت روخسار دەبێت، لە لایەک(نەرێنیە) چونکە گواستەنەوەی خاوەندارێتی بۆ ئەوانی دیکە بە واتای وازهێنان لە خاوەندارێتی دێت، لە لایەکی دیکەوە (ئەرێنیە)چونکە ئەو شتەی، کە وازیلێهێنراوە جەختکردنەوەیە بۆ خاوەندارێتی ئەو کەسەی، کە وازی لە خاوەندارێتیەکەی هێناوە، ئەم وازهێنانە تەنها وازهێنانی موڵکێک نییە وەک وازهێنان لە پارچە زەویەک، بەڵکو وازهێنانە لە ویست لە "توانایەکی مێشکیی، زانست و هونەر، بەڵکو وازهێنان لە مەسەلە دینییەکانیش دەگرێتەوە وەک گوتاری دینییەکان و ئامۆژگاریی‌ و رێپیشاندانەکانیان و داهێنانەکان و هەموو ئەو شتانەی، کە مەسەلە مەعنەوییەکان دەگرێتەوە، ئەم مەسەلانە دەبن بە گرێبەست و ناسینیان و دانپیانانیان و مامەڵەکردن لە گەڵیاندا لەسەر شێوەی مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتن، بەڵکو ئەم وازهێان و دەستبەردانە بەسەر (خۆکوژی)شدا جێبەجێ دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە مرۆڤی (خۆکوژ) خودی خۆی خاوەنی ژیانی خۆیەتی و واز لەم ژیانە دێنێت و دەستبەرداری دەبێت.


(مارکس) لە هێگڵەوە چەمکی “نامۆیی”وەرگرت، بەڵام واتایەکی قوڵتر و فرەوانتری پێدا. “نامۆیی”لای (مارکس) حاڵەتێکی خراپە و پێویستە ئەم حاڵەت بسڕرێتەوە چونکە مرۆڤ بەم حاڵەتە خودی خۆی ون دەکات. هەڵوێستی (هێگڵ) لەسەر نامۆیی تیۆریی بوو، بەڵام هەڵوێستی (مارکس) کرداریی و ئەخلاقی بوو، مارکس دەڵێت "نامۆیی رەوشێکی نابەجێیە و پێویستە مرۆڤ لە دەست ئەم حاڵەتە نابەجێیە رزگار بکرێت" لە نێوان ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازەدا روانینێکی جیاوازیشیان هەبوو دەربارەی ناخی مرۆڤ، لە لای هێگڵ ناخی مرۆڤ لە کۆتایی (مێژوودا) یەکدەگرێت، ئەویش کۆمەڵێک نامۆیی مێژووییە، کە خودی مرۆڤی پیا تێپەر دەبێت. بەڵام ناخی مرۆڤ لە لای (مارکس) لە پێش بوونی (نامۆییەوە) بوونی هەبووە و سەربەخۆ بووە لە نامۆ بوون، ناخی مرۆڤ بریتیە لەو کۆمەڵە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەی، کە مرۆڤەکان خۆیان لە رێڕەوی مێژووی جیهانیدا دروستیان کردووە. (هێگڵ) (( لە پێگەی زانینێکی رەهاوە تەماشای نامۆیی دەکات و حوکمی بەسەردا دەدات و بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنێت)). بەڵام (مارکس) لە پێگەیەکی کرداریی و ئەخلاقییەوە تەماشای نامۆیی دەکات و لای وایە، کە (("نامۆیی" ئەو کاتەیە، کە مرۆڤ تێیدا بە خودی خۆی تووشی نامۆیی دەبێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت، کە ئەم حاڵەتە بسڕێتەوە و مرۆڤی لێ رزگارکرێت)).

 

(هێگڵ) تێروانینی وایە بۆ (نامۆیی)، کە دەرچوونێکە لە خود و ئامرازێکە بۆ دەوڵەمەند بوون، بەڵام (مارکس) “نامۆیی”دەبەستێتەوە بە کرێگرتەییەوە، کە مرۆڤ تێیدا جێکەوەتە دەبێت، مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت و خۆشی دەبێت بە کۆیلەی بەرهەمەکەی، بەو واتایەیی ئەوەی بە دەست بەرهەمی دێنێت تێیدا هەست بە نامۆیی دەکات، ئەم نامۆبوونە کەڵەکە دەبێت لەسەری، لەبەرئەوەی لە کارکردندا توانا راستەقینەکانی وزە و گەشەی تاکی کرێگرتە دەردەکەوێت و دەکرێنەوە، بەم جۆرە (مارکس) نامۆیی لە دیاردە فەلسەفییە میتافیزیکییەکەی هێگڵەوە گۆڕی بۆ دیاردەیەکی مێژوویی، کە بنەچەکەی بەستەوە بە کۆمەڵگا و پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و ئابوورییەوە.


بەم جۆرە لای (مارکس) مرۆڤ بە واتای تەواوی نامۆیی لە هەموو ئاستەکانی ژیانیدا نامۆیە، لە دیندا، لە فەلسەفەدا، لە سیاسەتدا، لە ژیانی ئابوورییدا. مارکس هەموو ئەو شێوازانەی (نامۆیی)، کە لە کۆمەڵگادا هەستی پێکردووە و قسەی لەسەر کردوون بە تاڵانیکردن و رووتانەوەی دادەنێت، واتە لە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایدارییدا چینی کرێکار تاڵانیی دەکرێت و دەروتێنرێتەوە. بەڵام مەبەستی ئەوە نەبووە، کە جۆرەکانی دیکەی نامۆیی وەلا بنێت، بەڵکو جۆرەکانی دیکەی نامۆیی بەستۆتەوە بە دیاردەیەکی ئابووریی گشتگیرەوە، کە سەرچاوەی پێکدادانی مرۆڤ و پێوەندییە مرۆییەکانە، هەروەها سەرچاوە و هۆکاری هەژارییان، بۆیە لە هەموو ئەو بۆچوونانەی لەسەر نامۆیی دەربڕراوە و نەچوونەتە ژێر رەخنەگرتن لە ئابووری سیاسیی سەرمایەداری و پێوەندییەکانی هێزی بەرهەمهێنان لە سیستمی سەرمایەداری رەخنەی گرتووە.


لێرەدا (کارڵ مارکس) لە دەستنووسەکانی ساڵی ١٨٤٤دا دەڵێت، "هەتا جیهانی کاڵاکان دەوڵەمەند بن و زیاد بکەن جیهانی مرۆڤ هەژارتر دەبن".


(مارکس) لە دوای ساڵی ١٨٤٥ وشەی نامۆیی بەکارنەهێناوە چونکە خەریکی سەلماندنی ئەوە بوو، کە دەوڵەمەندی جیهانی کاڵا دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتیکردنی کرێکار، لەگەڵ ئەمەشدا(مارکس)لەسەر ئاستی بیرییش بۆ”نامۆیی”دەگەڕایەوە و قسەی لەسەر دەکرد، “نامۆیی”لە لای مارکس ئەو واقیعە نەرێنییە بوو، کە شوناسی مرۆڤ و ناخی مرۆڤی دەشێواند بۆیە پێویست بوو رەخنە بکرێت و ئەم رەخنەیەش بگوێزرێتەوە بۆ پراکتیکێکی سیاسیی بە مەبەستی گۆڕانکاری. بەڵام ئەو شوناسە مرۆییە کامە بوو، کە مارکس دەیویست بیگێڕێتەوە بۆ خودی مرۆڤ، کە بە هۆکاری نامۆبوونی لە دەستی دابوو..؟


بۆ ئەوەی گۆشە دوورەکانی ئەو شوناسە لە بیری مارکسییەتدا بزانین پێویستە هەردوو چەمکی گشت و مرۆڤی گشتگیر بناسێنین، لێرەوە بە پێی تێگەیشتنی مارکسیەت چەمکی (گشت) حاڵەتی تاکە لە کۆمەڵگای سەردمییدا، کە دوو رەهەندی ناکۆکی هەیە، لە لایەک هاووڵاتی هاوبەشی لە دەوڵەتدا دەکات، واتە لە (گشت)دا هاوبەشی دەکات، بەڵام هاوبەشیکردنەکەی لەو هەڵبژاردنانەی، کە هەر چوار پێنج ساڵێک دکرێت کورت دەبێتەوە، لە لایەکی تر ئەوەیە، کە (هێگڵ) ناوی بردووە بە کۆمەڵگای مەدەنی یان هاووڵاتی پیشەیەکی دیاریکراوە خۆی لە چوارچێوەیەکی تەسکدا دەبێت، کە دووری دەخاتەوە لە گشت. گشتی راستەقینە و دیمکراسیەتی عەقڵانی بە فرەوانکردنی ئازادییەکان پێکدێت، بۆ ئەوەی تەنها بواری سیاسەت نەگەرێتەوە بەڵکو کۆمەڵگای مەدەنیش بگرێتەوە، لێرەدا هەموو تاکێک تەنها سیستمی سیاسیی هەڵنابژێرێت بەڵکو پیشە و ژینگەی کارەکەشی هەڵدەبژێرێت، بە بێ ئەمە بۆرجوازیەت دەبێت بە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و لە لایەکی تریش کرێکار هێزی کاری خۆی بۆ بەدەستهێنانی بژێویی رۆژانەی و بەردەوامبوونی ژیانی دەفرۆشێت. بەڵام چەمکی(گشتگیر) لە لای مارکس ئەوەیە، کە مرۆڤەکان تێیدا بە هۆکاری دابەشکردنی کارەکەنیان مرۆڤایەتیەکەیان دەشێوێنرێت و وێران دەکرێت، ئەمەش بە زیندانیکردنیان لە چوارچێوەیەکی پارچە پارچەکراودا، کە تێیدا پەروەدەی پیشەیی تاک بەرەو شارەزاییەکی بەرتەسک ئاراستە وەردەگرێت و هەموو رۆژانی ژیانی لە پێناوی جۆرکردنی چالاکیەکانیدا دەباتە سەر، بەم جۆرە مرۆڤ دەمرێت بە بێ ئەوەی توانیبێتی توانا فرەوانەکانی و جۆرەکان توانای خۆی بە دەستبهێنێت. “نامۆیی”بەو جۆرەی (مارکس) قسەی لەسەر دەکات سروشتێکی ئابووری ماددیی هەیە، کە پێوەندیەکانی بەرهەمهێنان و هەژموونی چینایەتی تێدا شاردراوەتەوە، بۆیە مرۆڤ لە کارکردنیدا لەم کۆمەڵگا سەرمایەدارییەدا بە فرۆشتنی هێزی کاری خۆی و کرۆکی پێوەندییە کۆمەڵیەتییەکەی دەکەوێتە کێبڕکێەوە و بەمەش تووشی نامۆیی دەبێت.


(نامۆیی)ئەوەیە، کە مرۆڤ هەستی پێوەندییە مرۆییە شاراوە و پێویستییە قوڵە مرۆییەکانی ون دەکات، هەروەها تاک هەست بە کەماسیی و بێتوانایی خۆی دەکات لە نەبوونی کاریگەرییدا بەسەر هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەرییدا، چونکە “نامۆیی”بوون خۆی لە خۆیدا هەستکردنە بە دابڕان و جیابوونەوەی مرۆڤ لە تەوژمە کولتوورییە بەربڵاوەکە، ئەمە لە جیاتی ئەوەی، کە کار ببێت بەسەرچاوەی بەدەستهێنانی خود و بەرجەستەکردنی هێزی داهێنان، کەچی لە کۆمەڵگای بۆرجوازییدا ئەمە دەبێت بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی، “نامۆیی”لێرەدا هەستکردنی مرۆڤە بە زیادبوونی هەژموونی بیرۆکراتیەت بەسەر ژیانیدا، بەم جۆرە بە نەمانی واتا و پێوەرەکان مرۆڤ لەگەڵ سروستە مرۆییەکەی خۆیدا و ناخی خۆیدا و هەروەها لەگەڵ بیری (گشت) و ئەوەشی، کە مرۆڤ جیادەکاتەوە لە ئاژەڵ، کە خەسڵەتی خۆ گونجاندنی هەیە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا تووشی نامۆیی دەبێت، چونکە مرۆڤ بە توانای هۆشیاری خۆی دەتوانێت بەسەر ژینگە و سروشتی دەوروبەریدا سەرکەوێت و زاڵبێت، دەتوانێت ژینگە و سروشی دەوروبەری بە گوێرەی پێویستی ژیان بگۆرێت. بەڵام بە حکومی نامۆبوونی لە سیستمی سەرمایدارییدا ئەم تونا و هۆشیارییە لە دەستدەدات و وەک ئاژەڵ بێ دەسەڵات دەبێت، بۆیە تەنها بە هەڵەوەشاندنەوی ئەم حاڵەتی (نامۆییە) و بە شۆرشکردن و گۆرێنی پێوەندییە بەرهەمهێنانەکان مرۆڤ دتوانێت لە نامۆبوون رزگاری بێت. کێشەی بناغەیی لە چەمکی نامۆیی لە لای مارکس بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە ناخی مرۆڤەوە هەیە، بەم جۆرەیە: "ئایا جەوهەری مرۆڤ لە خودی مرۆڤ خۆیدایە، یان جەوهەرێکی رەهایە و لە دەرەوەی مرۆڤە و ناکەوێتە ژێر هیچ سنوردارییکی مێژوو یان مەرجە کۆمەڵایەتییەکان، یان جەوهەری مرۆڤ لە ئەنجامی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، کە گۆڕانکاری لەم پێوەندییانەدا گۆڕانکاری لە جەوهەردا دروستدەکات، کەواتە جەوهەری مرۆڤ لە خودی مرۆڤ خۆیدا نییە بەڵکو لە پێوەندیە کۆمەڵایەتییەکاندایە، واتە لە بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندایە، کەواتە نابێت قسە بکرێت لەسەر کۆتایی جەوهەری مرۆڤ و هەروەها کۆتایی تێپەڕاندنی؟".


بە گوێرەی بارودۆخی کار لە کۆمەڵگای(سەرمایەداریدا) کرێکار دەکەوێتە ژێر باری(نامۆییبوونەوە)، واتە بارودۆخی کار لە کۆمەگای سەرمایەداریدا دەرفەت و زەوینەی پێویست خۆش ناکات بۆ بەدی هێنانی ئەو خۆشگوزەرانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیەی، کە کرێکار هەوڵی بۆ ئەدا، لەم بارودۆخەدا کرێکار نامۆیە لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ناگات بە خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەرهەم و ئەنجامی کارەکانی خۆی دەستناکەوێت، کەواتە کرێکار دەبێت بە بوونەوەرێکی نامۆ لەو سروشتە راستەقینەیەیی کە، مارکس دیاریکردووە، ئەمەش لە دابەشکردنی کار و دابەشکردنی نا یەکسان و نابەرابەری دەسەڵات و قازانجەوە دێت. ئەم دابەشکردنە نابەرابەر و نا یەکسانانەش خەسڵەتی بەرهەمی پیشەسازیی سەرمایەدارییە، کە ئاستەنگ دروستدەکات لە بەردەم کرێکاردا بۆ پراکتیزەکردنی وزە مرۆییە بونیادنەرەکەی خۆی و هەروەها وزە و توانا شاراوەکانی بە فیڕۆ دەڕوات و بۆ بەرژەوەندی کەسانی دیکەی سەر بە چینی بۆرجوازی دەڕوات.


رای مارکس وایە، کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی سەرچاوەی هەستکردنی کرێکارە بە نامۆیی لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی سەرمایەدارییدا. مارکس تێروانینێکی دایلێکتیکیانەی هەیە بۆ گەشەی پیشەسازی، بەو واتایەی، کە گەشەی تەکنەلۆجیا و فرەیی بەرهەمی ماددیی، کە لێوەی دەروازەی رزگاری راستەقینە بۆ مرۆڤ دەکاتەوە، بەڵام ئەنجامە دەستبەجێکانی بەم جۆرەیە "مرۆڤ زیاتر لە مرۆیی بوون رووتدەکاتەوە" ئەمەش بە هۆکاری سروشتی سیستمی بەرهەمی سەرمایەداریی، وەک لە دەستنووسکانیدا ئاماژەی پێداوە "کرێکار هەژارتر دەکەوێت بە زیاد بوونی ئەو سەروەت و سامانەی، کە لە رووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە بەرهەمی دەهێنێت، کرێکار دەبێت بە کاڵایەکی هەرزانتر لە جاران هەرچەندە زیاتر بەرهەم بهێنێت، زیادبوونی دابەزینی بەهای جیهانی مرۆیی پێوەندیەکی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ زیادبوونی بەهای جیهانی کاڵادا، هەوڵەکانی کرێکار تەنها کاڵا بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو خۆشی بەرهەم دێنێت وەک کاڵایەک و بە هەمان شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵاکان" بە پێی بیرکردنەوەی (مارکس) کرێکار ناکۆکە لەگەڵ شێوەکانی (نامۆییدا)، نامۆیی بەرهەمی یەکێکە لە بەرهەمی کار، کە موڵکێتەکەی بۆ کرێکار نییە بەڵکو بۆ سەرمایەدارە، کە ژیانی کرێکار بە تەواوەتی دەخاتە بۆتەی دروستکردنی کاڵاکانەوە، کە خۆی خاوەنی نابێت و لە سیستەمێکیشدا دەگوزەرێت، کە بە هەمان شێوە دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. هەوڵەکانی کرێکار لەم سیستەمەدا دەبێت بە کاڵایەک کە لێی داگیردەکرێت و خۆی و کاڵا بەرهەمهاتووکەی وەک یەک لە بازاردا بە جۆرێک دەفرۆشرێن، کە خودی خۆی ئاگاداری نین، جێگە و شوێنی کار زیاتر و زیاتر دابەشبوون دەبینێت بە خۆیەوە و هیچ پشتیش نابەستێت بە سەلیقە و پسپۆڕییەوە. “نامۆیی”لە نێو پرۆسەی بەرهەمهێنان خۆیدایە، بە جۆرێک، کە کرێکار لە پیشەکەی خۆیدا دەکەوێتە نێو کۆتوبەندێکی بەکرێگیراوییەوە لە بەرامبەر کرێەیەکدا نەک لە بەرامبەر تێرکردنی ئارەزووەکانی بۆ ئازادی، بەڵکو بۆ تێرکردنی ئارەزووی ئەوانەی، کە لە دەرەوەی هەمان کاردان، ئەنجامی ئەمەش کار نابێت بە پڕۆسەیەک بۆ تێرکردنی کرێکار، بەڵکو دەبێت بە شەڕێک بۆی، کە ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات، چونکە موڵکیەت و دەسەلاتی حوکم لە هەموو لایەنێکی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرماەدار، هەر لە شێوەکانی کاری مێشکییەوە تا دەگاتە شێوەکانی کاری دەستیی کرێکار و ئەو بەرهەمەی، کە بەرهەمی دێنێت، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکار بە شێوەی ئامێرێکی بەردەوام هەڵسوڕاو دووبارە کارپێکردنەوەی، کە ئەمەش کارێکی وەرسکەر و تاقەت پڕوکێن و سوکایەتی پێکردن و وێرانکردنی رۆح و جەستەی کرێکارەکەی لێ دەکەوێتەوە.


(مارکس) نامۆیی بە حاڵەتێکی هەتاهەتایی دانانێت، بەڵکو بە حاڵەتێکی دادەنێت، کە هەڵقوڵاوی نامۆیی کارە لە هەموو کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا، کە مرۆڤ تێیدا هەست بەوە دەکات ئەوەی بەرهەمی دێنێت و داهێنانی تێدا دەکات بە رەنجی دەست و عەقڵی بۆ خودی خۆی ناگەڕێتەوە، بەڵکو هێندەی بۆ دەگەڕێتەوە، کە کۆیلەبوونی زیاتر دەکات، بۆیە “نامۆیی”لە لای (مارکس) جگە لە شێوەیەک لە شێوەکانی بێ توانایی مرۆڤ لە بەرامبەر کۆمەڵگا و هێزی سروشتدا هیچی تر نییە، بە جۆرێک، کە نامۆیی لە کۆمەڵگادا ئەو هەستە دروستدەکات لای مرۆڤ، کە ئەوە پارە و بەها ماددیەکانە مرۆڤ دروستدەکات نەک پێچەوانەکەی.


مارکس دەڵیت " نامۆیی لە نێو خودی مرۆڤدا نییە بەو جۆرەی، کە مرۆڤ خۆی لە خۆیدا نامرۆڤیی تێدا بێت و ناکۆک بێت لەگەڵ خودی خۆیدا، بەڵکو ئەوە نامۆییە، کە نامرۆڤبوون دروستدەکات لە خودی مرۆڤەکاندا. مارکس ئامەژەش بەوە دەدات، کە ئەم نامۆیی بوونە لە خودی چینی سەرمایەداریشدا هەیە، بەڵام بە تەواوی بە شێویەکی جیاوازتر، هەروەها دەڵێت: " هەمان دابڕان لە چینی سەردەست و موڵکداردا بە هەمان شێوەی چینی پرۆلیتاریا هەیە، بەڵام چینی بۆرجوازی و موڵکدار بەم دابڕانە هەست بە خۆشی و هێز دەکات، چینی بۆرجوازی هەست بە هێز و دیمەنێکی مرۆیی دەکات لە خۆیدا، لە بەرامبەردا کریکاران هەست بە داروخان دەکەن، بەو واتایەی، کە ئەم دابڕانە بوونیان وێران دەکات، هەست بە بێ هێزی و نەمانی مرۆیی خۆی دەکات".


(نامۆیی)مرۆڤ لە مرۆڤ، " لە گشتاندنی نامرۆیی سیستمی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگادا دێت، کە هەوڵی کرێکار وەک کاڵا بەکاردەهێنێت، لە جیاتی ئەوەی وەک چالاکیەکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دروستکەر بۆ باشکردن و چاککردنی باری کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت، کەچی سەرمایەداران بۆ قازانج و دەستکەوتی خۆیان بەکاریدەهێنن لە رێگەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکانەوە. کاتێک کرێکاران نرخی کرێکانیان کەم دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا سیستەمی سەرمایەداری بۆ مانەوەی سیستمەکەیان ئاراستەی ململانێ کرێکاراییەکان کە پێویستە دژی سیستەمەکی خۆیان بەرپابکرێت، دەگۆرن بۆ ململانێ و شەڕ و پێکدادان لە نێوان کرێکاران خۆیاندا، ئەویش بە دنەدانی چینی کریکاران بۆ بەرپابکردنی ئەو ململانێیە.


(نامۆیی)چەمکێک نییە، کە بە تەنها ئەکادیمییەکان و لێکۆلەرەکان بتوانن تێبینی بکەن، بەڵکو رۆژانە لە هەموو لایەنەێکی ژیانەوە دەتوانرێت هەستی پێبکرێت، لە لایەن هەر کەسێک لەو کەسانەی، کە لە کارەکانیان دەرکراون و کۆتایی بە کارکردنییان هاتووە و ئەمانیش بە تێنەگەیشتن سەرزەنشتی کرێکارە کۆچکردووەکان دەکەن بۆ وڵاتەکەیان و وای بۆ دەچن، کە کەمبوونەوەی دەرفەتی کارکردن هۆکارەکەی ئەو کۆچکردوانەیە، یان لە لایەن ئەو کەسانەی، کە رۆژانە چەندین سەعاتی زۆر کارێکی تاقەت پڕوکێنی مێشک ماندووکەر کاردەکەن و خوازیاری وەرگرتنی رۆژێک مۆڵەتن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەموو ماندووبون و ناڕەحەتی ژیانی رۆژانەی کارکردنیان. بەم جۆرە”نامۆیی”ناوەڕۆکە مرۆییەکەمان دەگۆڕێت و دەمانکات بە ئامرازێکی رووتی بوون، بە جۆرێک، کە هێزی بەرهەمهێنەر و تونا شاراوەکانیان، کە رەنگە داهێنانی گەورەی پێ ئەنجام بدرێت دەکەوێتە نێو سیستمێکی سەرمایەداری وشکهەڵاتوەوە. لەم سیستمە سەرمایەدارییەی، کە تەنها خواستیان قازانج و سوود وەرگرتنی چینی سەرمایەدارییە، کرێکارە نەریتیی و نا هۆشیارەکان دەکەونە ژێر هۆشیارییەکی ساختەەوە و دژی هاورێ کرێکارەکانی سەر بە چینەکەی خۆیان دەوەستنەوە. هیچ جۆرە سوود و قازنج و داهێنانێک، کە لە بەرژەوەندی چینی کرێکارانا بێت لەم سیستمی سەرمایەدارییەدا، کە لەسەر داگیرکردن و قۆرخکردنی هەوڵ و دەستکەوەتەکانی چینی کرێکاران دروست بووە، نایەتە دی و بە ئەنجام ناگات.


وەک (مارکس) دەڵێت، ئەو کەش و ژینگەی کارکردنەی، کە کۆمەڵگای سەرمایەداری هێناوێتیە ئارەوە “نامۆیی”کرێکاران دروستدەکات، واتە هیچ جۆرە دەرفەتێک بە کرێکاران نادات بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی ئاباووریی و کۆمەڵایەتیی خۆیانی پێ دروست بکەن. کرێکار لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا نامۆیە لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەبەر ئەوەی نە ئاسوودەیە و نە رازییە لە کارەکانیدا و ئەو سامانەی بەرهەمی دێنێت بۆ خۆی نابێت.


مارکس جارێکی تر دەڵێت، کرێکار ئەو بوونەوەریە، کە نامۆیە لە سروشتە راستەقاینەکەی خودی خۆی وەک مرۆڤ، ئەمەش بەو واتایە دێت، کە دابەشکردنی کار و بەرهەم بە شێوەیەکی نا هاوسەنگ و دابەشکردنی دەسەڵات و قازانج بە هەمان شێوە بە نا هاوسەنگ، کە ئەمانە خەسڵەتی کۆمەڵگ و سیستمی سەرمایەدارین، ئاستەنگ دروست دەکەن لە بەردەم کرێکاراندا بۆ ئەوەی هەوڵە مرۆییە دروستکەرەکانیان بەخەنە گەڕ، نەک هەر ئەمە بەڵکو وردە وردە هێز و توانا و داهێنانەکانیان داگیردەکرێت و ئەنجامی هەوڵ و تواناکانیان بۆ خۆیان ناگەڕێتەوە.


کرێکار نامۆ دەبێت، چونکە جیادەکرێتەوە لە بەرهەمەکەی، بەڵام لە هەمانکاتدا ناچارە واز لە بەرهەمەکەی بهێنێت، ئەم وازهێنانەشی وەک مارکس راڤەی دەکات حوکمی ژیانە لەسەری، ئەمەش جۆرێکە لەو نامۆییانەی، کە مارکس بە لێکۆڵینەوە نوێکانی پیشانی دا، بە گوێرەی ڕاڤەکردنەکەی مارکس ئەم نامۆییە لە نەبوونی دەسەڵاتی سیاسیی چینی کرێکارانەوە هاتوە. لێرەدایە جیاوزییەکەی مارکس لە راڤەکردنی نامۆییدا لەگەڵ فەیەلسوفەکانی پێش خۆیدا.


ئەم جۆرە لە نامۆیەی، کە مارکس دۆزیەوە، ئەوەیە، کە لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانییدا کرێکاران هەست بە کەماسی و بێ توانایی خۆیان دەکەن. هەڵبەت ئەمەش لە هەژموونی گەورەی چینی سەرمایەداریی و بیرۆکراتییەوە هاتووە. هەتا کرێکاران خۆیان بەسەر ئەو هەژمونەدا سەرنەکەون و دەسەڵات نەگرنە دەست بە دەست نامۆییەوە دەناڵێنن.


وەک مارکس راڤەی نامۆیی مرۆڤی کردوە، نامۆبوونی مرۆڤەکان، نامۆبوونێکی مێژوویی خۆرسک نییە، واتە مەسەلەیەک نییە، کە لە دروستبوونی مرۆڤەوە هاتبێت و هەتا هەتایی بێت، بەڵکو نامۆیی مێژووکردە، واتە لەسەردەم و قۆناغێکی تایبەتی مێژووی مرۆڤایەتییدا هاتۆتە ئاراوە، وردە وردە لە گەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووە، بە هیچ جۆرێک مرۆڤەکان ناتوانن رزگاریان بێت لە دەست نامۆیی تا خۆیان بە دەستی خۆیان رزگار نەکەن و سیستمێکی دادەپەروەر و یەکسان و بەرابەر لە دابەشکردن و دەسەڵاتی سیاسییدا نەهێنە ئاراوە.

_________________________________
سەرچاوە:

(وتووێژی مۆدێرن): www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=494891

پەراوێز:

١- (بیرمەند (فویرباخ) لای وایە، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ئارەزوومەند و تامەزرۆیە بۆ گەیشتن بە هەموو زانین و هۆشیارییەک، بەڵام کاتێک، کە دەستەوسان دەبێت لە گەیشتن بە هەموو زانینەکانی چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون، پەنا بۆ ئەوە دەبات، کە هێزێک هەیە لەسەرو هێزی زانین و هۆشیاری مرۆڤەوەیە، ئەو هێزە ناو دەبات بە خوداوەند)... وەرگێری کوردی.
٢- بەو واتایە دێت، کە لە لایەک زانین(مەعریفە)ی لە مرۆڤ دامڵیەوە و گەڕانوێتیەوە بۆ خوداوەندە، یان بۆ رۆحی رەها، چونکە سەرچاوەی زانینی مرۆڤی بەو رۆحە رەهایە دانەوە. لە لایەکی تریش مرۆڤی کۆتوبەند کردووە بەو رۆحە رەهایەوە، یان بەو خوداوەندەوە، کە مرۆڤ لێی جیابوەتەوە و نامۆ بووە لێی، واتە مرۆڤ ئازادی لێ سەندراوەتەوە... وەرگێری کوردی

٣- مەبەست لە هەڵوەشاندنەوە و نۆژەنکردنەوەکەی هێگڵ ئەوەیە، کە لە لایەک نامۆیی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە لایەکی دیکە بە گەیشتن بە رۆحە رەهاکە یان بە خوداوەندەکەی، خۆی نۆژەن دەکاتەوە...وەرگێری کوردی
٤- راڤەکردنەکەی هێگڵ لەسەر (ئەرێنی) و (نەرێنی) نامۆیی بەم جۆرەیە: مرۆڤ لە نامۆبوونی و جیابوونەوەی لە گشت، واتە جیابوونەوەی لە خوداوەند یان عەقڵی رەها وا لێ دەکات، کە هەوڵبدات بۆ گەیشتن بەو عەقڵە رەهایە، واتە بۆ کامڵبوونی خۆی، ئەم هەوڵدانەش بۆ کامڵ بوون ئەرێنیە. لە لایەکی دیکە بە هۆکاری نامۆیی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانی دیکەوە، ئەم کاریگەریی و مانەوەیەیی نامۆییەش خۆی لە خۆیدا نەرێنیە چونکە مرۆڤەکان ون دەبن و خۆیان ناناسنەوە، راستەقینەی خۆیان لێ ون دەبێت.


ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک