په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٤

ناوەرۆکی ئاڵوگۆڕەکان و پشکی نەتەوەی کورد!

جەمالی عەلیالی    

 

ڕووسەکان نەهاتنە "کریم" و ئۆکرانیا بۆ ئەوەی مامەڵەی لە سەر بکەن! ڕووسەکان هاتنە ئەو دوو شۆێنە و رەنگە هێندێک شۆێنیتر بۆ ئەوەی بمێننەوە. داخۆ ئەو ئاڵوگۆڕە بۆ لە دۆخی هەنووکەییدا دێتە ئاراوە؟ لە کاتێکدا کە ئابووری جیهان پاش دەسپێکی دوواین قەیرانی بەر لە سێ ساڵ، ئێستاش بە گشتی نەگەیشتۆتە ئاستی بووژانەوە هەر چەندە بە تایبەتی لە قازانجی هێندێک وڵات ڕوی لە گەشانەوەدایە. دیارە ئەو ئاڵوگۆڕانە گرینگن بەڵام وەکی کورد کوتەنی: نان ئەو نانەیە ئەوڕۆ لە خۆانێدایە! پێویستە بزانین ئاڵوگۆڕەکان چ ئاکامێکی بە باش یان خەراپ، بۆ ئێمە دەبێت.


ماوەیەک لەمەو بەر لە کورتە نووسراوەیەکدا باسی ئەوەم کرد کە جیهان پێویستی بە جەمسەرێکیترە، واتە لایەنێکیتر کە بتوانێ ڕکێف لە ئامریکا گوورج بکات. ئەو پێداویستییە لە کاتی کووژرانی "ئۆسامە بین لادن" زیاتر کەوتە بەرچاو. خەڵکیتریش باسی ئەو پێداویستییەیان کردووە. پرسیار گەلێک کە لە پێداویستییەکە گرینگترن ئەوەیە کە بۆچی گەڕانەوە بەرەو پاش؟ یا خود ئایا ئەوە گەڕانەوە بەرەو پاشە؟ چ هەڵسەنگاندنێک لەسەر "بەرەو پاش گەڕانەوە" هەیە؟...


بە ڕای من بناخەی چەمکی گەڕانەوە بەرەو پاش ناتوانێ تێڕای دۆخەکە بکات. ئەو پێناسەیە کاکڵی ڕووداوەکە ئاشکرا ناکات، بە هۆی ئەوە کە گەڕانەوە بۆ پارێز لە هەڵەیە. ئەگەر هەڵە بە هۆکاری نەبوونی زانست ئەنجامدرا و ساڵانی بە سەرا چوو، ئەوسا ئێتر دۆخێکی نۆێ هاتۆتە کایە کە سیستەمێکی نۆێ لەخۆوە دەگرێ. واتە هەر ڕووداوێکی "شاز" سیستەمی تایبەت بە خۆی پێک دێنێ. ئەو ئاڵوگۆڕە لە لایەن هێندێک زانای فەلسەفە وەک "پێداویستی بۆ ئاڵوگۆڕ" ناوبراوە کە هێندێ جار لە چوارچێوەی پێداویستی بۆ دابەشکردنی سەرلە نۆێی سەروەت و سامانی جیهانی پێناسەدەکرێ.


ئەگەر پێداویستی بۆ ئاڵوگۆڕ یاخود دابەشکردنی سەر لە نۆێی سامان وەک "ئاکامی کردەوە" پێناسە بکەین ئەوکات تووشی دژوارێکیتر دەبین. ئەو دژوارییە بە کوورتی، گوزارە لە تێنەگەیشتن و کەم عەقلی مڕۆڤەکان دەدات، کەواتە رەنگە باشترە کە هەر لە ئێستاوە بە رەت کردنەوەی ئەو پێناسەیە خۆمان لە تێنەگەیشتن و گومانی لەو شێوازە قوتار دەین.


ڕەنگە فرە ڕوانگەیتر هەیە کە تیشک بخاتە سەر ئەو پاشگەز بوونەوە بەڵام لەو بوارەدا گەیشتن بە ئەنجامێک دەگمەنە. ئەگەر بخوازین بە زمانێکی خۆماڵی لە سەر ئاڵوگۆڕەکان بدوێین پێویستە بە کورتی بڵێین کە هەر ڕووداوێک سیستەمی تایبەت بە خۆی پێک دێنێ واتە سیستەم دیاردەیەک نیە گرێدراوی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ڕووداوێک بێت، سیستەمەکان لە پێوەندی لە گەڵ یەکتر، تەنیا خۆیان نۆێ ناکەنەوە بەڵکوو سیستەمی نۆێش دەخوڵقێنن...


کەس لە زیادبوونی بیر و هۆشمەندی خۆی، تێگەیشتنی زیاتر، واتە لە "بەکارهێنانی بەوەجی زانیاری" زەرەرمەند نەبووە و نابێ، هەر بەو هۆیەوە رەنگە پێویست بێت کە ئەو بابەتە زیاتر بکەوێتە بەر تاووتۆێ بۆ ئەوەی کە بیر و هۆشمەندی تاکی کورد بەرەو ژوور هەڵکشێ. لە لایەکیترەوە رەنگە دەسکەوتی لێکدانەوەی چۆنیەتی و چەندی ناوەرۆکی ئاڵوگۆڕەکان ببێتە دەرمانی هێندێک دەردان.


ئەگەر نەتەوەی کورد لەو ئاڵۆگۆڕانەدا نەتوانێ دەسکەوتێکی بە کەلک بۆ خۆی مسۆگەر بکات ئەوسا هەوڵ و تێکۆشانی چەند سەد ساڵەی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە فیرۆ دەچێت. بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد تووشی ئەو خەسارە گەورەیە نەبێت بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتی پێویستە. بڕوانە ئەوە کە بە هاتنی ئۆکراینا بۆ ناو هاوكێشەکانی سیاسی چۆن پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا بەرز بۆتەوە... تەجرەبەی چەند دەیەی ڕابووردوو ئەوە دەگەیێنێ کە کولتووری داسەپاوی داگیرکەر هۆکاری سەرەکی پێکهاتنی هەستی (بە زمانی خۆماڵی) "خۆ خۆری"یە لە لایەن تاک و سازەی کوردیە. بە پێی ئەو کولتوورە چەوتە هەر لایەک، داگیرکەری لا گرینگترە. ئاکامی ئەو هەستە، "بە کەم گرتنی" لایەنیتری کوردی لە لایەن کوردەوە لێدەکەوێتەوە. کاردانەوەی ئەو بیرە چەوتە لەوە دا دەبینین کاتێک داگیرکەر دەخوازی لە سەر سنوورە دەسکردەکان خەندەق هەڵکەنێ، بۆ ریسوا نەبوونی خۆی لە سیاسەتی ناونەتەوەیی و لای نەتەوەی کورد، یەکەمجار خەندەق بە لایەنێکیتری کوردی هەڵدەکەنێ! ئیتر ئەوە دەمێکە لە تراژێدی و کۆمێدی دەرچووە!... لە کۆتاییدا ئاراستە کردنی پرسیارێک بۆ تاکی کورد ئەرکێکی ئەو نووسراوەیە: ئایا کورد دەتوانێ بە پێداگری لە سەر داخوازی ڕەوا دژ بە داگیرکەر بێ و لە هەمان کاتدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی داگیرکەردابێ؟ بە ڕای نووسەر ئەوە نە هاوکێشەیەکی سیاسییە و نە هەتا سەر دەگرێ.

 

٢٦\٤\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک