په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٣

نەتەوەپەرستیی و دین هیچوپووچترین هەست و باوەڕی دژەمرۆیین!


عوسمان رەحمانی    


نەتەوەپەرستیی و دین، بە تایبەتی لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا، هۆکاری کوشتار، ئاوارەیی، دەربەدەریی، سووکایەتی، ریسواکردن، پاکسازیی نەتەوەیی و دینیی هەزاران ملیۆن مرۆڤ بووە و هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا. سەرانی نەتەوەیی و دینیی، بە بەکارهێنانی هەڵاواردن و نابەرابەریی کۆمەڵاێەتی و ئابووریی و کولتووریی تەنها لەبەر وابەستەبوونی نەتەوەیی و دینیی، مرۆڤەکانیان لە هەست و باوەڕی کوێری دژەمرۆیی دینیی و نەتەوەپەرستیی و ڕەگەزپەرەستیدا نوقم کردوە و خاڵی هاوبەشی مرۆیی و رەوشتیی مرۆییان لێ وەرگرتوونەتەوە. ئەم سیاسەت و هەست و باوەڕە دەستکردانە مرۆڤەکانیان بەرانبەر بە یەکتر راگرتوە و بوونەتە هۆی دووبەرەکێ و دوژمنایەتی و مرۆڤایەتییان لە مەرگ و بەدبەختیی و کوشتار و خوێندا نوقم کردوە.

هەڵخڕاندنی هەستی نەتەوەیی و دینی لە لاێان هەلپەرستانی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخوازی سەرمایەدارنی نەتەوەیی و دینییەوە، بووەتە هۆی رووودانی بەردەوامی شەڕی خوێناوی و رۆژانە گیانی خەڵکی بێتاوان دەگرێ و شار و گوند و وڵاتان خاپوور و نابود دەکا. شەڕی نەتەوەیی و دینیی لە سکاندیناوی، ئەرمەنستان و ئازەربایجان، ئەفغانستان و چیچان، ئەندونزیا و کەشمیر، ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی، ئێران و عێراق، تورکیە و دەکرێ بڵێین هەموو جیهان، مەرگ و خوێن و ئاوارەیی و برسیەتی کردوەتە ڕۆتینی ژیانی رۆژانەی ملیونان مرۆڤ.

ئەم تەقینەوانەی کەرکوک و دوزخورماتوو، تەنها بەشێکی بچووکن لە کوشتاری رۆژانەی مرۆڤەکان کە بەرهەمی هەستی هیچوپووچیی نەتەوەپەرستیی و دینن و ئاوا دڕندانە و شەلم کوێرم ناپارێزم تیرۆر و کوشتار دەکن. ئەم تەقینەوانە بەرهەمی فدرالیسمی ساختەی نەتەوەییە و دینی کە راستەوخۆ دەستی خودی سەرانی حیزب و گوروپە نەتەوەیی و ئیسلامیەکانی تێدایە. سەرانی کورد و عەرەب، سەرانی دینی ئیسلام بە شێعە و سوننەێەوە، هەم لە ناڵ دەدەن و هەم لە بزمار. لە لاێەک دەوڵەتێکی فدرالیان پێکەوە پێک هێناوە و پێکەوە کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش و ستەمکێشی عێراق و کوردستانی پێ سەرکوت و دەمکوت دەکەن، لە لاێەکی دیکەوە خەڵکی خۆیان بە پشت بەستن بە هەستی کۆنەپەرەستانە و سەخیفی نەتەوەپەرەستی و ئایینی کە دەستکردی خۆێانە، بەرداوەتە گیانی یەکتر بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە یەکتر و پتەو کردنەوەی دەسەڵاتی ستەمکارانە و چەوسێنەرانەی چیناێەتیان. لەم نێوانەدا ئەوەیکە وا بووەتە قوربانی و رۆژانە کوشتار دەکرێ، منداڵی دەکوژرێ و بە کۆمەڵ لەت و کوت دەکرێن، سەرماڵی تاڵان و ئاوار دەکرێ، خودی ئەو خەڵکەیە کە فریوی ئەم هەست و باوەڕە دژی مرۆییەی نەتەوەیی و دینی خواردەوە و بە دەستی خۆێان یەکتری نابود دەکەن لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی سەران و دەسەڵاتدارانی خۆیاندا، سەران و دەسەڵاتدارانێک کە لە کۆمەڵگاکانی خۆشیاندا بە دڕندانەترین شێوە خەڵکی خۆیان دەچەوسێننەوە و سەرکوتیان دەکەن.

ئەم تەقینەوانە و هەڕەشەی شەڕ و سنگەر لە یەک گرتنەی دەسەڵاتدارانی عێراقی و کوردستانی، تەنها سیناریویەکی ڕیاکارانەی داڕێژراوە بۆ فیودان و چەواشەکاریی خەڵکی ستەمکێش و چەوساوەی عێراق و کوردستان. ئەم تیرۆرانە سیاسەتی خودی سەرانی نەتەوەیی و ئیسلامیە بۆ ئەوەی کە بە ئاسانیی و بێ کێشە لە دزین و تاڵانکردنی سامانی خەڵک بەردەوام بن. ئەمە سیاسەتی پێکهێنەرانی حکومەتی عێراقی و کوردستانە تا کەس دەرفەتی بیرکردنەوەی لە سەر مافە مرۆییەکانی نەمێنێ و هەر هەموو لە ترس و بێ ئاسایشییدا بژین و بەم شیوەێە ڕقی و دەمارگیریی نەتەوەیی و دینی پتر و بەرینتر بکەن.

هیچ عەقڵێکی سەلیم ناتوانێ ئەم گاڵتەجاڕیە قەبوڵ بکا کە، سەرانی کورد خۆێان کۆلەکەێەکی بەهێزی حکومەتی عێراقین و پۆستە گرنگ و کلیلیەکانی حکومەتی عێراقیان بەدەستە، سەرکۆماری عێراق کورد، وەزیری دەرەوەی عیراق کوردە، سوپاسالاری عێراق کوردە بەڵام سوپای عێراق هەڕەشە لە کوردستان دەکا؟

(رۆناکبیران)ی نەتەوەیی کورد کە زۆر خۆیان زۆر پێ سیاسی و شارەزا و هوشیارە، ئاگاهانە یان نائاگاهانە بونەتە مقاش و بووقی ئەم سیاسەتە دژەمرۆییەی سەرانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و بەردەوام خەریکی دنەدان و هاندان و بەهێز کردنی نەفرەتی نەتەوەیی و دینیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان و ناوچەکەن. وەک میراوێکی لێهاتوو بەردەوام ئاو بە ئاشی فاشیسم و ناسیونالیسم و دین و خورافەی سەرماێەدارنی ستەمکاری ناوچەکەدا دەکەن.

هەتا ئەم شاعیر و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانە نەتەوەییانە پێشرەوی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بن، بە دڵنیاییەوە دەبێ رۆژ لە دوای رۆژ پتر چاوەڕوانی تیرۆر و کوشتار و خوێنڕشتن و کاولکاری بن! تەنها ڕێگای چارەسەری ئەم بارودۆخە پڕ لە ترس و نائومێدی و کوشتارانە، یەکەیەتی و یەکگرتنی خەڵکی چەوساوە و جەماوەری کرێکار و زەحـەتکێشی بەشمەینەتە بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتی و خەباتی چینایەتی لە دژی دەسەڵاتی مافیاکانی نەتەوەیی و دینی.
 


osman_r@hotmail.no

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک