په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستاندا لاى دەسەڵات چى ئەگەیەنێت.


هیوا ڕەش   


کۆرپەڵەکانى سەردەمى دەسەڵاتدارێتى پارتى و یەکێتى هاوسەرگیرییان پێکهێنا و بوون بە ژن و مێرد و نەوەیان خستەوە ، بەڵام ئەزمونى حکومەتى کوردستان هەر ساوایە و هێشتا لە گڕ و گاڵ نەکەوتووە ، وا بۆ نۆزدە ساڵى خشت ئەچێت گەلى کورد چارەنووسى کەوتۆتە دەست دوو زلحیزبى بێ منەتەوە و لەو ماوەیەدا تا دێت ژیانى سەختتر و دۆخى ناهەموارتر ئەبێت ، کەچى مەترسى و دڵە ڕاوکێى لە لەناوچوونى ئەزمونە گەندەڵەکە هەر ناڕەوێتەوە ، لایەک بەدەست تێکەڵى قەرەقوشى تورکیا هەوڵى قەڵاچۆى پارتى کرێکارانى کوردستان ئەدەن ، و هاووڵاتییەک بۆ گەشت و گوزار سەردانێکى تورکیا بکات بە میتى تورکى تۆمەتبار ئەکرێت ، لە لایەکى دیکەوە گرەو لە سەر دیموکرات و کۆمەڵە ئەکەن لەگەڵ بەسیج و پاسدارى ئێراندا ، و هاووڵاتییەک بۆ چارەسەرى نەخۆشى سەردانى ئێران بکات بە ئیتیڵاعات تۆمەتبار ئەکرێ ، هەموو کردەوەیەک لە خۆیان جوانە و لە خۆیان عادەتە و بۆ گشت خەڵکیى عیبرەتە ، بۆ خۆیان ڕەوایە شارەزایى هەموو داڵانە نهێنییەکانى حکومەتە داگیرکارەکانى کوردستان بن و نابێت کەسیش پێیان بڵێت سەرى چاوتان برۆیە ، ئەگەر هاووڵاتییان بۆ داواى ماف و خزمەتگوزارییەکان بڕژێنە شەقام ، ئەو ئاکارانەى ساڵەهاى ساڵە خۆیان خووگیرى بوونە پێیانى ئەفرۆشنەوە و بە دەست لە پشتدانى موخابەراتەکانى دەور و دراوسێ تاوانباریان ئەکەن .

گەندەڵى دایوەشاندوون ، ناعەدالەتى دایخوراندوون ، نایەکسانى دایکرماندوون ، بەڵام نابێت وورتەمان لێوەبێت چونکە بەرژەوەندى حیزب ئەکەوێتە مەترسییەوە ، کە ئەمانەوێت بە شێوەیەکى ڕێکخراوتر ، مەدەنیانەتر ، شارستانیانەتر ، هێمن تر و سیاسییانەتر ئاراستەى داواکانمان بجوڵێنین لە جیاتى بەرهەڵًسکاربوون لە گەندەڵى و ناعەدالەتى و نایەکسانییەکان تاوانى بەکرێگیراو بوون ئەدەنە پاڵمان .

پارتى چەپى کوردستان وەکو پارتێکى نوێخوازى کوردستانى پێداویستى دۆخەکە هێنایە بوون و لە 14 ى تەمموزى 2007 دا لە کۆنگرەیەکدا خۆیان ڕاگەیاند ، و ئاوێتەى داخوازییە جەماوەرییەکان بوون و ئەندامیان بوونە ( میوان ) ى ئاساییشى دەسەڵاتى کوردى و لەگەڵ چەندین ئەندامى یەکێتى کۆمەنیستەکان و حیزبى کۆمەنیستى کرێکارى و دەستەى داکۆکى لە داخوازییەکانى خەڵک گیران کەچى زۆر بێباکانە ئەیانویست توهمەى نابەجێیان بەسەردا ببەخشێننەوە بەڵام ووریایى جەماوەر و پێداگرتن لە سەر ئازاد کردنیان پیلانەکانیانى شکست پێ هێنا ، پارتى چەپى کوردستان وەکو توێژێکى بەشخوراو بۆ چرکە ساتێک لە پاڵپشتیى زیندانییانى سیاسى کوردستان غافڵگیر نەبووە کەچى بۆ فشار و گوشار وەکو نەیارێکى دەسەڵات لە ( بەخششى ) مۆڵەت وەدەریان ئەنێن و دانیان پێ ناهێنن ، تاک ، کۆمەڵ ، گروپ ، ڕێکخراو و حیزب ئەگەر چەشنى حیزبە شاگردەکانى پارتى و یەکێتى نەبێت و دەست لەسەر سنگ لە حزورى گەندەڵى و تاڵانییەکانیان بەپشتەملا نەکێشێت ، ناحەز ، نەیار و دوژمنى ئەزمونى نوێى دەسەڵاتدارێتى گەلى کورد و کوردستانە ، ئەم تۆمەتە ئامادەکراو و داتاشراوەى فەرهەنگى دەسەڵاتداران هەمیشە لەسەر پێیە بەرامبەر هەر ناڕازیبوون ، مانگرتن ، ڕێپێوان و خۆپیشاندانێک و زۆر بێباکانە ئەیدەنە پاڵ دڵسۆزترین و غەمخۆرترینەکانى خەڵکى ستەملێکراو .

ئۆپۆزیسیۆن لەم نیشتمانەى ئێمەدا ئەبێت بە پرس و ڕاى پارتى و یەکێتى بێت ئەگینا لەو سیفەتەى دائەماڵن و گێڕانەوەى ناوچە داگیرکراوەکان بۆ سەر کوردستانیان بە قەد ئەوە بە لاوە گرنگ نیە کە چ وێنەیەکى بێزراوى نێو ئەلبومى خۆیانى پێوە بلکێنن ! چونکە ئەوان خۆیان بە خاوەنى نیشتمان ئەزانن و هەر ئەوانیش بۆیان هەیە میدالیاى نیشتمانپەروەرى لە بەرۆکى خەڵک بدەن ، لەوە بترازێت نیشتمانپەروەر ئەکەن بە نیشتمانفرۆش و ئۆپۆزیسیۆنیش لاى ئەوان خۆفرۆشە ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە ئێمەش ئەو بەرژەوەندى گەلەى ئەوان کردویانەتە مەزەى خۆیان بە بەرژەوەندى حیزب بە ڕاى گشتیى بناسێنین و ئەو مەترسییە دەرەکییانەى خەڵکیى پێ ئەترسێنن ئێمەش خەڵکیى لە مەترسییە ناوخۆییەکان ووریا بکەینەوە ، و هانیان بدەین کە خەباتى سەردەم و هاوچەرخ پەرە پێ بدەن و لە زیاتر پێشێل کردنى مافەکانیان یاخى بن ئەگەر وا نەبێت دیارە ئەوەى دەسەڵات بە ئۆپۆزیسیۆنى ئەڵێت هەمووى ڕاستن و لە جێى خۆیایەتى .


07701309524
Hewarash1@yahoo.com