په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٤

    پاییزی من لە (ئۆکتۆبەر)دا سەرهەڵدەدا و

  لە (ئۆکتۆبەر)یشدا سەر دەنێتەوە.*

شوان عوسمان

              بۆ شارەکەم..


من هەمیشە لە (پاییز)دا، بە بایەک بە (پاییز) ئەبم،
بە(پاییز)ێک بەبا ئەبم...
تا هەناسەیەک ئەدەم ،لە هەناسە ئەبم،
هەناسەیەکم بە بایەک ئەوەرێ...
بەرلەوەی پەلکێک بوەرێت،
من خۆم وەریوم ،ئەوەرێم..
پەلکەکانم یەکە یەکە دەست لەیەک بەرئەدەن،
بەر ئەبنەوە..
هەمیشە خەزانێک دێ،
بەرلەوەی خەزانی پاییزێک بگاتە ئێرە،
خەزانی من هەر بەرێوە لە رێی (پاییز)م ئەکات..
دژەباکانی کورد دژوارترن لە دژەباکانی پاییز،
کاتێک ئەوان لە دژماندا دێن و ئەچن،
لە رێ و لە پێم ئەکەن....
ناهێڵن بڕۆم،
کە من جێپێیەکانم بزر ببن، لە رێ کردنیش بزر ئەبم...
ئەو رێگایانەی بەرە و بەهار ئەچن تا سەر بۆنی گوڵ نادەن،
یەکە یەکە لەبەردەم بەهاری ئێمەدا ئەوەرێن،
ئەوان ئەبینم رەگیان لێ ئەوەرێ..
من رەگ ورێیان ئەبینم، کاتێک ئەوان دەست لەیەک بەرئەدەن..
من لەگەلیان ئەوەرێم..
بەرلەوەیخەزانێک هەڵبکات،
من لە رەگ و رێ ئەبم...
دیسان لاوکی وەرانی منە و وەرانێک هاتووە لەبەر دەرگام رەق رائەوەستێت،
بەرلەوەی من دەست پێبکەم،
راوەستم..
وەرانی من هەمیشە لە (ئۆکتۆبەر)دا ئەکەوێتە رێ،
بەرلەوەی من بکەومە رێ، بەرە و زستان و (ئەپرێل)م..
ئەو وەرانە چ ئافاتێک بوو منی تاسەر داوەران،
هەڵیتەکاندم،
لە رێ و لە بنەوانی کردم....
هەموو رێگاکان لە پایزدا دەستپێکەن، لە وەرزەکانم ئەکەن،
وەرزەکانم رەنگ بەرئەدەن..
هەموو رەنگەکان لە دووڕیانێکدا،
بێڕەنگ ئەبن...
کە پاییز دێ،
خەمێکی گەورەم لەدایک ئەبێت،
من زاکیرەم بە زاکیرەی پاییزی گەلێکەوە خەریکە،
من هیچ نابینم،
ناتوانم بیر بکەمەوە....
جگە لە وەران نەبێت...
من لەپاییزدا بۆنی وەرانی باڵەکان و
رەنگەکانی خۆم ئەکەم....
__________________________
* "(پاییز) لە فەرهەنگی (بەعس)دا بریتی نەبوو لە وەرزێکی وەرانی دار و دەوەن بەتەنیا، بەلکو بریتی بوو لەوەرزی هەڵوەرانی(ئینسان)ی کورد، ئەنفالەکان لە (پاییز) و لە (ئۆکتۆبەر)دا روو دەدەن، ئەنفالی (شەقڵاوە)ش هەر لە هەمان وەرز و لە هەمان مانگدا روو دەدات، ئایا ئەوە رێکەوتێکە و بە بێ هۆ و هۆکار رێککەوتووە، یان ئەوە هۆیەکە بۆ هۆکارێکی نادیار و پلانێکی دەستجەمی ئەو سیاسەتەی وەرزی پاییز و وەرانی گەڵا و پەلکی درەختەکانی بە فەسلی وەرانی گەلێکەوە گرێ دا...".


٢٢\١٠\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک