٣\٤\٢٠١٣
پێداگیریی
هەرێم لە سەر (پارە و پووڵ) خاڵی لاوازی
کورد نیشان دەدا.
مەهدی خالید خەمبار
ئەوەی کە تا ئێستا لە سەرمێزی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە زەقی
دەبینرێت و دەخوێندرێتەوە ، هەست دەکرێت جگە لە کێشەی بوجە و پارە و
نەوت بەولاوە، نەپەڕیوەتەوە بۆ ئاقاری کێشە بنچینەییەکانی تر، لە
ڕاستیدا و بە حوکمی ئەوەی ئەم مەسەلانە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا
چەسپاون بۆیە پێویستە حکومەتی ناوند (ژاکە ژاکی) لە سەر نەکات و لایەنی
کوردیش ئەوەندە ئەو مەسەلانە نەکاتە (بنێشتە خۆشەی ژێر ددانی) قسەکردنی
زیاتر لەم بارەیەوە.
١- دەبێت بە هۆکارێک بۆبە فیڕۆدانی زیاتری
کاتی لایەنی کوردی و تێوەگلانی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک کێشەی تر کە
دەستور خاڵی خستۆتە سەر پیتەکانی، ئامانجی حکومەتی ناوەند لەمە
خەساندنی مەسەلە جەوهەریەکانی ترە کە خۆیان لە (گەڕانەوەی هەموو ئەو
شار و شارۆچکە و ناوچانەدا دەبینێتەوە کە لە سەر دەستی ڕژێمی بەعس
ڕوبەڕوی لکاندنی بەزۆر و تەعریب و کۆچپێکردنی بەزۆر بونەتەوە بۆ کاتی
پێش ئەو دەستکاریکردنە سیاسیە دوژمنکارانەیە). لە دوای ڕوخانی ڕژێمەوە
تا ئێستا ئەم خەساندنە درێژەی هەیە ، تا ئێستا مەسەلەی دیاریکردنی
سنوری کوردستانیش بە منجەمنج و شەرمەوە جار ناجاری باسی لێوە دەکرێت!
٢- زیاتر ڕەخساندنی کات و زەمینە لە بەردەم
، نوێکردنەوە و پڕ چەککردن وئامادەسازی زیاتری هێزی سوپا ، کە هێزێکە
عەمامە بەسەر و پیاوانی تائیفی و جەمسەرە حیزبیەکان ، دەیجوڵێنن و
ئاشتی و شەڕی پێ ئەنجام دەدەن ، بۆیە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کوردی
حیسابی وورد بۆ ئەم لایەنە بکات و ئەزمونە تاڵەکانی بهێنێتەوە بەرچاو و
ئەمجارە لانی کەم یەک هەنگاو پێش ڕوداوەکان بکەوێت . دەبو پێرار ،
پێرار نەبو ، دەبو پار ، پار نەبو ، ئێستا هەرچەندە درەنگە ، بەڵام
ئێستاش کورد وتەنی ( زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە ) ئەگینا
دوای ماوەیەکی تر و پاش ئەوەی کە دەبێتە خاوەنی سوپایەکی پڕچەک و
ئامادە ، ئەوکات بە ئاسانی ناتوانرێت سەر لە ئاستیدا بەرز بکاتەوە و
ئیتر کێشە و قەیرانە سیاسیەکان بۆ ماوەیەکی تر وەک سەردەمی ڕژێمی بەعس
دوچاری چەق بەستویی دەبنەوە و کەرکوک و خانەقین و شەنگال و زەممار و
مەندەلی و تەلەعفەر و گوێر و شوێنەکانی تر هەر دەبێت بەم دەردەی
ئێستاوە بناڵێنن و خەڵکەکەشی ببنە قوربانی سیاسەتی چەوتی سەرکردایەتی و
بنکردایەتی سیاسی کورد!!
٣- ئەگەر چی لە ئێستادا حکومەتەکەی مالیکی
لە نێو بازنەیەکی داخراوی پڕ لە قیران و کێشەدا ، گیری خواردوە ، بەڵام
ئەمە نەیتوانیوە لە پەلوپۆی بخات و زمانی هەڕەشەی لە گەڕان بخات ،
دەرگای لە بەردەم هەمو ئەو ئەگەرانە خستۆتە سەر پشت کە ماڵی عەرەبی لە
عێراقدا ڕێک بخاتەوە بۆیە لە ئێستادا ، دەیەوێت بە دانی هەندێ دەستکەوت
، بە عەرەبی سوننە ، بگاتە خاڵێ ڕێکەوتن و وەک نەتەوەی عەرەب لە عیراقی
عەرەبیدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ( ئەگەر گۆشتی یەکتریش بخۆن ئیسکی
یەکتر نەشکێنن)!!! گومان لەوەشدا نیە کە لە هاناوی ئەم جۆرە
ڕێکەوتنانەدا ( هەڕەشە و مەترسی ) زیاتر بۆ سەر هەرێمی کوردستان و
دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە دایک دەبێت!
زۆر جار کە باس لە بەدەستهێنانی دەسکەوتی باش لە لایەن حکومەتی
ناوەندەوە دەکرێت ، بەش بەحاڵی خۆم دوچاری شۆک دەبم ! خۆم لە خۆم
دەپرسم ئایە کێشەی ئێمەی کورد و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق
تەنها لە کێشەی پارە و دەست پانکردنەوە و دەروەزە دا چڕکراوەتەوە ؟
ئەگەر ئەوە بایە ئەوا زۆر لە مێژ بوو ، نە ئەم ڕوبارە خوێن و
فرمێشکەمان دەڕشت و نە دوچاری ئەم هەموو ماڵوێرانیەش دەبوین ! ئایە
دانانی ژمارەیەک ، وەزیری دەست کورت و چەند پەڕلەمانتارێکی (ئاو بەدوای
بێڵا ناهاتو) لە بەغداد ، کە تەنانەت توانای گەڕاوەی بوجەی ئەمساڵیشیان
نەبوو ، ئاخۆ ئەمانە بە دەستکەوتی مەزن هەژمار دەکرێن ؟( خۆ لە کاتی
بەعسیشدا و لە ماوەی ڕێکەوتتنانەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ ٤ وەزیری کورد
وەزارەتی وەرگرت ) من نازانم کامە دەستکەوت ئەوەندە گەورەیە بەو
قەبارەیەی کە لایەنی کوردی وا لە پێش چاومان (زل ، قەبە)ی کردۆتەوە؟
ئەوەشی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا گەشەی سەندوە ، ناکرێ ئەوە بە دەستکەوتی
سایەی حکومەتی مالیکی بزانن!
سێبەری دوکەڵی ڕەشی نەوت، (خۆشەویستی و حەیاتی پارە) خەریکە دەست لە
بنەقاقای داخوازیە نەتەوایەتی و سیاسیەکانی گەڵەکەمان گیر دەکەن .
ئەگەر بێین و مادەی (١٤٠)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بە نمونە بهێنینەوە
کە خۆی لە سێ قوناخی (ئاساییکردنەوەی بارودۆخ ، سەرژمێری و ئەنجامدانی
ڕاپرسی) لە ناوچە دابڕێنراو و کێشە بۆ دروستکراوەکاندا چڕکردۆتەوە ،
هەرچەندە ، قۆناخی سێهەم کە نەدەبوو لایەنی کوردی بە هیچ جۆرێک سازشی
لە سەر بکات ، چونکە ئەم قۆناخەی ئەم مادەیە بریتیە لە (گریمانە و گرەو
چەڵەمەشکێنە لە سەر ڕاستیەک کە مێژوی کەڤنار و تازەش نەیتوانیوە و
ناتوانی نکۆڵی لێ بکات) کەچی لایەنی کوردی هاتوە خۆی بە دەستی خۆی و بە
بڕیاری خۆی ئەو شار و ناوچە دابڕاوانە دەخاتە بەر تیشکی گومان و لە
هاوشانی نەیاراندا ئەم گومانە تۆخ دەکاتەوە.
ئەگەریش لە خودی ئەم مادەیە بکۆڵینەوە ،
ئەوا دەبینین درێژەکراوەی مادەی (٥٨)ی یاسای حکومەتی عێراقی بوو لە
قۆناخی گواستنەوەدا ، مادەی ١٤٠ ، بەدەر لەمەش ، دوا وادەی جێبەجێکردنی
قوناخەکانی دەبوو لە ٣١. کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ دا بە کۆتا بهاتایە !
لەمانەش سەیر تر ، نەک هەر بەندەکانی بە کۆتا نەهاتون ، بگرە هێشتا لە
قۆناخی (بسمالله الرحمن الرحیم) دایە و
کەچی خەریکن یاسینی بەسەرا بخوێنن و لە کۆی بەندەکانی ، ئەوەتا حکومەتی
ناوەند ، خەڵکەکەی بە پارەیەکی ڕەمزیەوە سەرقاڵ کردوە ، کە ئەگەر لە
حەفتاکاندا ، شۆڕشی کوردی بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شەڕی نەدایە ،
بەیاننامەی ١١ ی ئازار بچەسپایە ، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕێژەی
قەرەبوکردنەوەکان زۆر لەمەی ئەمڕۆ زیاتر دەبوو کە حکومەتی مەرکەزی ،
پاش هەزاران (بڕوبیانوو) و (کێشمەکێش) بە
خەڵکانی زیان لێکەوتوی کوردستانی دەدات ، کە بریتیە لە (١٠ ملیۆن
دینار)، کە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە گاڵتەجاری و پێڕابواردنێکی سیاسیانە
بە عەقڵی سیاسی کوردی و خەڵکانی بەش مەینەتی کوردستان!
کورد ئەگەر چی لە ڕۆژگارێک، پارسەنگی هاوکێشەکان و لایەنێکی دیاری
خاوەن بڕیاری گۆڕەپانەکە بوبێت ، بەڵام لە ئەمڕۆدا ، مەخابن خەریکە خۆی
دەکاتە پاشکۆی (هێزە شیعی و سونیەکان) و وەک
وەرقەیەکی سوتاوی لێ دێت لە دەستیاندا و و هەر لایەنە و بۆ چاوترساندنی
بەرامبەرەکەی دەیەوێت بەکاری بهێنێت. داهاتوش ئەمەمان بۆ سپی دەکاتەوە.
mxembar.kerkuki@gmail.com
|