په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٣

پێنج چیرۆکى زۆر کورت.

کاروان محەمەد فەتاح

ململانێ.


گفتوگۆى نێوان من و هاوڕێکەم بەردەوامە. هەنگاوە شلەکان ڕێگاى ماڵەوەمان لێ دوورتر دەکەنەوە. باس لە زەمەن دەکەین، من دەڵێم مرۆڤ بەردەوام لە ڕابووردوودا دەژى، ئەو دەڵێت مرۆڤ هەمیشە بیر لە داهاتوو دەکاتەوە. بەردەوام گفتوگۆ دەکەین و ناکۆکین. لە کاتێکدا دەستەکانم دەئاخنمە گیرفانى پانتۆڵە ڕەشەکەمەوە، لە خۆمەوە دەڵێم:
- نازانم! زۆر سەیرە!
ئەو بە سەرسووڕمانەوە سەیرم دەکات و دەڵێ:
- چى سەیرە؟
- چڕنووکى گەڕانەوە بۆ ڕابووردوو لاى مرۆڤ نەرم نابێت. دەزانى هەموو گەڕانەوەیەک بۆ ڕابووردوو خۆدزینەوەیە لە ئێستا؟ لەوانەیە ئێستا وامان لێ بکات، بگەڕێینەوە بۆ ڕابووردوو، نەک ئەفسوونى یادەوەرییەکان.
ئەو کەمێک ڕەنگى تێکدەچێت و ڕستى قسەکان دەگرێتەوە دەست و دەڵێ:
- من بڕوام بە رابووردوو نییە، ڕابووردوو جگە لە وەهمێک هیچى تر نییە، داهاتوو ڕاستەقینەیە.
- من لە ئێستادا دەگەڕێمەوە بۆ ڕابووردوو و تۆش داهاتوو دەبینی، ئەى ئێستا چى؟
- ئێستا تەنیا بۆ ئەوە هەیە، کە داهاتووى لێوە ببینین.
لەوبەرى شەقامەکە منداڵێک پایسکیل لێ دەخوڕێت. خۆشحاڵ دیارە و هەوا لە درزى لێوییەوە هێرش بۆ ناودەمی دەبات. ئەو دیمەنە کۆمەکم دەکات و بە هاورێکەم دەڵێم:
- من دەتوانم ڕابووردوو ببینم. ئەو منداڵەت دیوە، کە پایسکیل لێ دەخوڕێت؟
- بەڵێ.
- کەواتە ئێمە ڕابووردوو، یان ڕاستتر بڵێم منداڵیی مرۆڤ دەبینین، چونکە منداڵیى هەموومان لە یەکدەچێت. تۆ دەتوانى داهاتووى مرۆڤم نیشان بدەى؟
- چى؟!


گۆڕان.


هەمیشە ئەو سێوە سوورەى نێو جانتا ڕەشەکەى نیگەرانى کردووە، کەچى تا ئێستا نەیتوانییوە فڕێى بدا و کۆتایى بە نیگەرانییەکەى بهێنێت. بێ ویستى خۆى ژیانى ڕۆژانەى بریتییە لە (گوێگرتن لەو سووکایەتییانەى پێى دەکرێ، بە تایبەت بە هۆى ناوە سەیرەکەیەوە، لەگەڵ تەماشاکردنى شتومەکى نێو جانتاکەى شانى و ناوبەناو قەپاڵگرتن لە سێوەکە، بێ ئەوەى تەواو بێت. دواتر گوێهەڵخستن بۆ دەنگى داخستنى زنجیرى جانتاکە.).
خەڵکى شارەکە کاتێک ناوی ئەم ژنەیان دەهێنا قاقایان لێ دەدا و ئاسمانیان بە پێکەنینى پڕ لە سووکایەتى و گاڵتەجاڕى دەهەژاند. دەیانگوت تا ئێستا کەسمان نەدیوە ناوى (زەوى) بێت! هاهاها
ناچار ناوى لە خۆى نا (ئاسمان)...


مەرگ.


شەوەکە هێندە تاریکە، گەر ڕووناکى گڵۆپەکانى سەرشەقامەکە نەبێت، کوڕەکە ناتوانێ دەوروبەرى خۆى ببینێ. بە دڵێکى خۆشەوە دەڕوات و نامەیەکى بە پەلە نووسراو لە گیرفانى ڕاستى کراسە ڕەشەکەیدایە، نامەیەک کە خۆشى نازانێت بۆ کێ، یاخود بۆ کوێى دەبات، بەڵام ئەوە باش دەزانێت دەبێت ئەو نامەیەى، کە نووسیویەتى بگاتە کەسێک، یان شوێنێک. دەگاتە (تێرمیناڵى مەرگ)، ئەو ناوە جادوویەکى سەیر لە چاوەکانى دەکا و ئاگابڕ دەبێت، لە هەموو شت، تەنانەت لە خۆشى. بەردەوامە لە هەنگاوى خێرا و بەرەو پێشەوە دەڕوات، نە ملى وەردەچەرخێنێ و نە چاوەکانى لەسەر ناوى تێرمیناڵەکە دەتروکێنێت. لەناکاو دەکەوێتە ناو چاڵێکى زۆر قووڵەوە. ون دەبێت...


هاواری مردوویەک.


زیــندانییەکە قۆڵى ڕاستى لەسەر شیشى ژوورى زیندانەکە دانـاوە. قژە ئاڵۆسـکاو و ڕیشە چڵکن و سمێڵە زەرد و نیگا نائومێدەکانى ڕووخســارێکى غەمگینیان پێ بەخشیـــوە. سیگارێکـى لە نێــوان لێوە ئەستوورەکانیدا گیر کردووە و بەردەوام مــژى قووڵی پــڕ لە چاوەڕوانیــى لــێ دەدا، دووکەڵى خەستى سیگارەکــە بەناو هۆڵى زیندانەکەدا سەمــا دەکا و تێکەڵى تاریکیى شەو دەبێت.
هێشتــا شەو لە سووڕى خۆی تەواو نەبووە، شتەکــان بە ڕوونى نابینرێن. شار چۆڵ و بێدەنـــگ، تەنیـا لە دوورەوە دەنگـى وەڕیــنى چەند سەگێــک دێت، کە ڕەنگە بە جووڵە و بینینى کەسێــک بوەڕن، یان هەر لە ترسى خۆیاندا وا بکــەن. کۆڵانەکان بۆگەنێــکى پیس داگیرى کــردوون، کەسێک بەناو یەک لــەو کۆڵانانەدا بە سەرخۆشــى پیاسە دەکا و سەرى شۆڕ دەکاتەوە و هەنگاوەکانى خـــۆى دەژمێرێت. لە ناکاو گوێـى بە دەنـگى فیشەکێک، کە لە نزیکى ئەو دەتەقێنــرێ، دەزرنگێتەوە. هاوارێـکى پڕ لە ئازار بەرز دەبێتەوە، ئازارێک، کە پێناسەى مەرگى کەسێک دەکات. گوێى بە دەنگى ئەو مرۆڤانـــە ئاشنا دەبێت، کە بە جلى خەو و چاوانى گێژ و خەواڵوو و هاواری پــڕ لە پرسیارەوە دەڵێن (کــێ مـــرد؟).
دوا مژ لە سیگارەکـــە دەدا و پاشماوە زەردەکــەى فڕێدەداتە ناو تەنەکــەى خۆڵـــى ژوورى زیندانەکـــە...


بۆشایی.


چەندین ساڵە بە ڕێگاوەم، ناگەمە زەوى. من دەبێت لە بۆشایى بژیم، زەوى بۆشایى تێدا نییە، هەموو شوێنێکى زەوى وەک کوشنى پاس گیراوە و جێگایەک بۆ من نەماوەتەوە تێیدا دابنیشم، ناشتوانم بە پێوە ڕاوەستم، چونکە زۆر ماندووم. هەر لێرە بم باشە، وا بکەم باشتر نییە؟

 

ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک