په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١١

کورد و بلە فووگر.


عارف مەعروف    


کابرایەکی باریکی رەشتاڵە. کراسێکی دڕوا و شەروالێکی لە بەژن خۆ درێژتری لە پێدا بوو. هەر ئەوەش وایکردبوو کە چمکی شەرواڵەکەی زۆربەی جار لە بن پێیدا بخشێ و چلک و پیسی ئەو ناوە لە خۆی کۆبکاتەوە.

زوور جار ناوه‌راستی فیتەرەکانی شوریجەی دەگرت. چونکە بێ لەو ناوچەیە هیچ جێگه‌یەکیتر هێندەی ئەو ناوە ئاشنا نەبوو. ئەوانیش واتا فیتەرەکان و بگەرە هەموو شوریجەش، لە رێی بلە فووگرەوه‌ هەموو کاتێک ناخی خۆیانیان خاڵی دەکردەوە. چونکە ئەوەی بلە دەیگووت لە زەمانی دیکتاتۆردا بە هیچ کەسێکیتر نەدەوترا. هەر بۆیە کە بلە دەدوا هەموو لێی کۆدەبوونەوە وەک ئەوەی ئاوی ساردیان بە دڵدا بکەی وابوو. ئەویش بە بێ سێوودوو لێکردن دەرۆیشت، زەمی وەزعی دەکرد جوێنی بە پیاوە کوردەکان، ئەوانەی لە گەڵ رژیمدا کاریان دەکرد، دەدا. تاوەکو پیاوەکان رژیم دەهاتن و بڵاوەیان بە خەڵکەکە دەکرد. هەندیک جاریش بلەیان دارکاریی دەکرد و بەرەڵایان دەکرد. هەموو کاتیکش شووشەی شەراب و مەیەکەی بە دەستەوە بوو. چونکە ئەوەی پیخۆشتر بوو لەوەی کە بە کەماڵی ئەقڵەوە بمێنێ خۆی بخواتەوە.

بلە زۆر جار وەکو پاشایەک رەفتاری دەکرد، وەک ئەوەی لە بەر خۆیەوە فه‌رمانی بە سەر ئەم و ئەودا دەکرد. (تۆ بڕۆ فڵان کار بکە و تۆش برۆ بۆ لای پێی بڵێ کاک برایم ناردوومی دەبێ ئەو کارە جێبەجێبکرێ). بلە پیاوەکانی رژیمی رابردووش دەستیان لێشۆریبوو. چونکە دەیانزانی ئەو واتە بلە فووگر ئۆقرەگرتووی کاسەی سەری میوانی پی شایستە نابینی. بۆیە هەندیک جار لە لایەن ئەوانەوە رێپێدرابوو کە چی بڵێ و چی نەڵێ بە تەنها هێڵه‌ سوورەکان نەبێ، واتە بەس بە تەنها قسە بە کابرا گەورە نەڵێ. ئیتر هەرچیەکیتر دەڵێ سەرفرازە.

زۆر جار بلە دەموچاوی خۆی بە رەشی تەنووربانەکان رەش دەکرد. چەند رەش بوو، هیندەیتر رەشتر دادەگیرسا. کە پیێت دەگوت (بلە) بۆ خۆت رەش کردووە؟ سیمای لیتدەگێڕا و بزەیەکی بۆ دەکرد و دەیگوت (لەبەر خاتری تۆی ترسنۆک و بێفەڕ). ئەگەر زیاتر لە سەری برۆیشتبای ئەوە بلە کەلەیی دەبوو و هاواری دەکرد و هەرچی بە دەمیدا بهاتایە دەیگوت. بێئەوەی گوێ بە کەس بدا یاخود کەس بە لایەوە گرنگ بێ.

رۆژیکیان پارێزگاری کەرکوک، تازە گوازرابۆوه‌ بۆ کەرکوک . هەروەک هەموو پارێزگارەکانیتری کەرکوک، داروده‌سته‌که‌ی هەواڵی شوریجەیان پێدابوو . کە چی میللەتێکن و زۆربەیان لە عسکەرتاری ئەو کاتە هەڵدەهاتن. ئەویش بۆ هێوڕکردنەوەی بارودۆخەکە هەموو خەڵکی شوریجەی کۆکردبۆوه‌ تاوەکو بۆیان بدوێ. دوای ئەوەی لە سەر بارو دۆخی ئەوکاتە زۆری گوت ئەوجا رووی دەمی کرد خەڵکەکە و گوتی کێ قسەی هەیە با بە بێ ترس بێڵێ.

هەموو خەڵکەکە یەک تەماشای ئەوەیتری دەکرد، بە بێئەوەی کەسیان فزەیان لە دەمەوە بێتە دەر. لە پڕ بلە لە ناو خەلکەکەوە دەسی بەرزکردەوە، هەموو بە یەکەوە ئاوڕیان لە بلە دایەوە. چونکە دەیانزانی ئەوەی ئەوان لێیدەترسن بیڵێن ئەوە بلە ئێستا دەیڵێ. پاریزگاریش هێشتا بە بلە هێندە ئاشنا نەببوو. پیاوەکانی پاریزگار زۆریان هەوڵدا کە بلە هیچ نەڵێ.. بەڵام هەرچی پاریزگار بوو گوتی لێگەڕین، با ئەوەی دەیەوێ بیڵێت. بلە رووی دەمی تێکرد گوتی (ئەی تڕحێو لەم دەوڵەتییەی تۆ باسی دەکەی. نە ئاو نە کارەبا و نە قیڕتاوکردنی جادە و بانێک و نە نەخۆشخانەیەک و نە قوتابخانەیه‌ک، نە دووانێک بە ئارەزووی خۆت. نە ئاگاداربوونێک لە گێتی. بەس بە تەنها شەڕوشۆڕ. کوورە بەخوا دەوڵەتیی بەو جۆرە بێ منیش دەتوانم بەڕیوەی ببه‌م). پاریزگار بە بیستنی قسەکانی بلە هاتەوە سەر سفر و چاوی چووە پشت سەری. هێنده‌ی پێکرا دابەزیە خوارەوە. ئیتر پیاوەکانی بەربوونه‌ سەر و گوێلاکی بلە بە لیدان و دارکارییکردن. تا لە هۆش خۆی چوو. بلە لەو سه‌رده‌مه‌دا بە تاقی تەنیا خۆپیشاندانێکی تەنها کەسیی ئەنجام دا و بەرەو رووی رژیم وەستا کە هەموو خەڵکەکە لەو کاتەدا و لە ترساندا خۆیان مات کردبوو. بەڵام خۆ ئێستا ترس نەما و پووکایەوە ئیتر چی وامان لێدەکا بە سەرشۆریی رازی بین.

ئەی ئێوە بەرپرسانی کورد. ناهەقیه‌تی جەماوەر بلە ئاسا ، ئیستا دوای ئەوەندە ساڵ لە رووخانی دکتاتۆر بڵێ. ئەی تڕحێو لەو دەوڵەت بەڕێوەبردنەی ئێوە بەڕێوەی دەبن. ئەی تڕحێو لەو کارانەی ئێوە بە ناوی دەوڵەتەوە دەیکەن کە گوایە لێیدەزانن و پرۆفیشناڵن. ئەی تڕحێو لەو بە تەنگه‌وه‌هاتنەی ئێوە بۆ خه‌ڵک. نە دامەزراندن و نە قیڕتاوکردن کە ئیستا لە چەرخی بیستویەکین.. نە بە تەنگه‌وه‌هاتنی مرۆڤ.. نە مافی مرۆڤ لەو دیموکراتییەی کە لە زارتان شرین بووە. هەموو غەمتان بەس بە تەنها پڕکردنی گیرفان و هیچی تر نییە. پێتان وایە کە ئەو جەماوەری ئێستا رژاونتە سەر جادەکان، پیاوەکانتان وەک پیاوەکانی رژیمی رابردوو کە بلەیان دارکاریی و فەلاقەکرد ئەوەتان بۆ دەکرێ. ئاخر ئەو کاتە بلە بە تاقی تەنیا بوو و هەموو خەڵک تەماشاکەر بوو. هەرچەنده‌ بلە داواکاریی نەبوو بە قەد ئەوەی کە بارودۆخه‌که‌ی بە دڵ نەبوو و بەرامبەر بە گاڵتەجاریی خۆیەوە دەوەستا.

بەڵام ئەمڕۆ هەموو خەڵک ئەو داواکارییانه‌یان هەیە کە خزمەتگوزاریی بکرێ.. کە خەڵک دابمەزرێ.. کە سەرفرازیی به‌رجه‌سته‌ بکرێ.. کە چاکسازیی بە واتای چاکسازیی ئەنجام بدرێ نەک خۆ دزینەوە، بۆ ئەو خەڵکەی ئەنفال و کیمیاباران و زۆر شتیتریشی بە سەرداهات لە پیناوی وه‌دیهێنانی ئەمڕۆی کوردستان. کەچی تۆ بەوپەڕی بێشەرمییه‌وه‌ دەتەوێ هەموو شتێک زەوت بکەی تا خەڵکی نۆکەرییتان بکا.. مەگەر لە بەر چی؟ لە بەر چاکەی چەند ساڵەی رابردووتان؟ یاخود بە تەنگەوەهاتنی مرۆڤایەتیتان؟

بڕوا ناکەم گەر بلەش لەم کاتەدا بژیایە ئەوە لە رژیمی رابردووی زیاتر پێدەکردن.. نەخوازە ئەو خەڵکە رۆشنبیرەی ئێستا. بۆیە هەروەک مامۆستا هەردی دەڵێ: (کە جامت خستە سەر لێوت نەفامانە. دەبێت بینۆشی ژەهری ماریشی تیا بوو تاوانی خۆتە و بیزانە.) تۆ بڵێی ئێوەش رۆژێک نەیەت جامی ژەهراوییەکە نۆش بکەن.....
 

ماڵپه‌ڕی عارف مه‌عروف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک