په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠١٣

پێنووسفۆبیا.


عەبدولڕەحمان محەمەد

 
ھەر دیاردەیەک یا کارێک کە ببێتە مایەی ئەوەی کە مرۆڤ تووشی ترس و پەشێوی بکا، ئەوە لە لیستی فۆبیاکان ھەژمار دەکرێ. بۆیە دەیان و بگرە سەدان جۆری فۆبیامان ھەیە، فۆبیا لە تەماشاکردن لە شوێنی بەرزەوە، فۆبیا لە پیاو لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا، فۆبیا لە دەرچوون لە ماڵ لە ترسی تەقینەوەدا، فۆبیای نەڕۆیشتن بە چەند گەڕەکێکدا لە ترسی بوونی بارەگای حیزبیی و ماڵی بەرپرس یا دەزگا سیخوڕییەکانی دەسەڵات، فۆبیای سەردان نەکردنی چەندەھا ھاوینەھەوار و سەیرانگا لە ترسی لێپرسینەوە، خۆم تووشی فۆبیای خاڵە پشکنینەکانی نێوان ھەولێر و سلێمانی ببوم، فۆبیای قسە نەدانە بەر قسەی بەرپرسێک، فۆبیای نەپرسینەوە لە بودجەی دەوڵەت و کاربەدەستانی دەسەڵات، فۆبیای باسکردنی نەبوونی ئاو کارەبا، فوبیای رەخنە، ھەزارەھا جۆر لە فۆبیا کە زیاتر لە کۆمەڵگای کوردیدا پەیدا بووە، بۆیە ھەر کەسێکمان دەتوانێ لە دڵی خۆیدا بیانژمێرێ (تکایە من بەرپرس نیم ئەگەر ئەم فۆبیایانە باس بکەن و تووشی لێپرسینەوە ببن!!!!، خۆتان بەرپرسن!!) بەڵام ئەگەر ھەموو پێکەوە و بە یەک دەنگ ھاوار بکەین و بیڵێینەوە ئەوە ئەو فۆبیای لێپرسینەوە کەمتر دەبێ لە سەرمان.


لە لیستە گەورەکەی فۆبیادا گەڕام کون بە کونی ،ھەموو دێڕەکانیم پشکنی، وشەکانم دایە بەر خۆر، زەرەبینم ھێنا، سەدان جار خوێندمنەوە، ھەزاران جار وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی، دەیان فەرھەنگی وەرگێڕانم بەکارھێنا، بڕوا بکەن. تەنھا لە فەرھەنگی فۆبیادا، پێنووسفۆبیای تیادا نەبوو، دەتوانن بە دزیی و دوور لە چاوی پیاوانی دەسەڵاتەوە ئێوەش بە دوایدا بگەڕێن، پیاوانی دەسەڵات تەنھا مەبەستم لە چەکدارەکانیان نییە، کامیان ڕۆشنبیر و خاوەن بەڵگەنامەی بەرزە لە ھەمویان زیاتر جێگەی ترسە (کەواتە فۆبیای ڕۆشنبیران و نووسەران و ھونەرمەندانی دەسەڵاتیشمان ھەیە)، بۆیە ھەموو کەسێکی نزیکی خۆتیش کە براکەتە و ئەندامی پارتە دەسەڵاتدارەکانە وەک فۆبیا حیسابی لەسەرکە، کەواتە لە کۆمەڵگای کوردیدا، فۆبیای خزم و برا و باوک و... ھتد ھەیە، پێنووس و پێنووس بەدەستانی ئازادیخواز کە بناغەی ئاڵوگۆڕەکانن و خۆیان بە بەرپرسی بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دابینکردنی خۆشگوزەرانی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیانن، گوناھییان چیە کە خۆیان رۆشنبیر کردوە بە شەونخونیی و بێ دەرامەتی، لە ژێر فۆبیای باوکە گەورەی دەسەڵاتی کوردی کە فاشیزمی بەعس بوو، ئێستاش باخچەکان و کونەدیواری ماڵەکانیان بگەڕێن ھەمووی پەرتووکی بە نرخە، بیبەن بۆ بەرپرسەکانتان بەڵکو شتێکی لێ ھەڵکڕێنن!!؟؟ ئای کە نەگبەتی و بێبەختیی و رەنج بە با بردەی باوکی من و سەردەشت و سۆران و کاوە و ھەزارانی تر کە بە بێ گوناە کوژراون یاخود لە لیستی رەشدا لە چاوەروانیدان.


تەنھا دەسەڵاتی کوردییە، لە فەرھەنگی فۆبیادا، کە ھیستریای پێنووسفۆبیای ھەیە، ترس لە پێنووس یانی کۆمەڵگایەکی بێ ئاگا، کۆمەڵگایەکی بار لە سەر جیھان نەوەک و بەرھەمھێنەر، لە ماوەی بیست ساڵدا ئەوەندەی سکاڵا کراوە لە دەسەڵاتی کوردی لە لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتی وا ھەیە سەد ساڵە دەوڵەتە و دامودەزگای ھەیە، بەو چۆرە تاوانبار نییە، شەرمەزارییە ترس لە پێنووس، بە راستیی ئازادیخوازان ناسڵەمێنەوە لە مەرگ، مەرگ نووکی پێنووسەکانیان تیژتر دەکا، بۆیە ئێوە تەنھا کۆمەڵێک پێنووسفرۆشی بێ ئابڕوو کە کاریان تەنھا نان پەیداکردن و پارەیە، بەڵام کۆمەڵگا تەنھا ئەمە نییە، وڵاتانی جیهان رۆژنامەنووسەکانیان دەنێرن بۆ وڵاتان بۆ گەڕان بە دوای شتی تازەو داھێنانی نوێدا، ھەزاران کاری ترسناک دەکەن بۆ پەیداکردنی زانیاریی لە سەر رشتە جیاوازەکان بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان سوودی لێ ببینێ، ئێوە تازە بە تازە لە پێش چاوی دایکمان دەمانکوژن!!! بە راستیی شەرمەزارییە.


شەھامەت بدەنە خۆتان، ئێمەی ئازادییخوازان ھەر لە چاوەڕوانیی ئەوەداین کە ئاڵوگۆڕ بکرێ و کۆمەڵگای کوردی، شان بە شان لە گەڵ کۆمەڵگاکانی تردا بتوانێ ھاوکاریی و کۆمەک بۆ ئاسوودەی مرۆڤ دابین بکا، ھێشتا درەنگ نییە، بۆیە شەرمەزارییەکی گەورەیە ترسان لە پێنووس یا داھێنانە نوێیەکەتان (پێنووسفۆبیا).

 

١٩\١٢\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک