په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

رانانی پەرتووک:

پەرتووکی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری.

- بارستاییەک لە نۆستالیژیا و خەرمانێک لە گێڕانەوە -

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

 

پەرتووکی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری بیرەوەری و ئەزموونی نووسەرانی کەرکووک لە نێوان شار و تاراوگە، لە ئامادەکردنی ئازاد ئەحمەد ئەسوەد و چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک ساڵی ٢٠١٥، لەم ماوانە کەوتە بەردەستی خوێنەران. ئەم پەرتووکە کۆنووس و کۆبابەتی ژمارەیەک نووسەر و هونەرمەندی شاری کەرکووکە کە لە تاراوگە دەژێن. ئەم پەرتووکە کۆمەڵێ تایبەتمەندی لە خۆ دەگرێ لەوانە، یەکەمین پەرتووکە دەکرێ لەڕێگەی گێڕانەوە و نۆستالیژیای کۆمەڵی نووسەر و هونەرمەندی کەرکووکەوە وەک دەروازەیەک بۆ ڕوانین لە دۆخی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و سیاسیی شاری کەرکووک لە سێ دەیەی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، چاو لێبکرێ. هەروەها یەکەمین پەرتووکی کوردییە ئەزموونی نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە تاراوگە بەرجەستە بکاتەوە و نیشان بدات. یەکەمین پەرتووکە لەمێژووی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی شاری کەرکووک کە نووسەرانی شارەکە بەسەر بکاتەوە و ببێتە مینبەر بۆ دەنگ و تێڕوانیان سەبارەت بە ئەزموونی نووسینیان. یەکەمین پەرتووکە وەک بەڵگەیەکی ئەدەبی و مێژوویی سیاسیی قسە لەسەر دراوێکی شاری کەرکووک(شەقامی جمهوری) دەکات کە ببووە چەقێک بۆ خوڵقاندن و پێگەیاندنی گەلێ نووسەر و هونەرمەند. بوونی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکووک لە دەیەکانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، دیاردەیەکی ناوازەیە کە نە لەشەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی و نە لە شەقامی باتای شاری هەولێر و نە لە شەقامی خانی شاری دهۆک دەچێ، بەڵکو تایبەتمەندییەکەی لەوەدایە کە لە شارێکدایە سێ نەتەوەی جیاواز و چەند ئاینێکی جیاجیای تێدا دەژێن. ئەو شەقامە بۆ کوردی کەرکووک پەرستگای وشە بوو، شوێنی ئاڵگوگۆڕی پەرتووک و تێڕوانینی سیاسیی بوو، جێگای چاو و دڵ ڕوونبوونەوەی هاوڕێیان بوو بەیەکتر، ژوانی دڵداران و عاشقان بوو. خاڵی پێگەیشتنی ئەو مرۆڤانە بوو کە تووڕە و پڕ بوون لەڕژێمی بەعسی زۆردار.


لەم پەرتووکەدا کە شانزە نووسەر و هونەرمەند بەشدارییان تێدا کردووە، سەرجەم بابەتەکانیان لە دەوری سێ تەوەرەی بنەڕەتی دەخولێنەوە. تەرەوەی یەکەم بریتییە لە دەستبردن بۆ نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ ڕۆژگارە دوورەکان، گەڕانەوە بۆ منداڵی و سەردەمی هەرزەکاری، گەڕانەوە بۆ کەلێن و قوژبنەکانی ئەو ڕۆژگارانەی کە خەونەکان سادە و مرۆڤەکان لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی توندوتۆڵدا بوون، گەڕانەوە بۆ لای خەون و ئومێدە وەریوەکانی ڕابردوو. چوونەوە و لە دەرگادانی منداڵی و سەرکێشان بەو ڕۆژانەی کە هەر بەرائەتیان لەخۆ پێچابۆوە و هەروەها هەر بەو عەقڵە سادەی منداڵیی، ڕۆڵێکی گەورەتر لە ڕۆڵی منداڵیکی ئاسایی بینراوە. ئەمەش بۆ خۆی سەرکێشییە کە ژیانی ئەوسای منداڵێک یان هەرزەکارێکی نەخشاندووە. ئەم سەرکێشییە پێ بەپێێ هەڵکشانی تەمەن ئەویش هەڵدەکشێ و گەورە دەبێ و دواتر لەدۆخە جیاوازەکانی ژیان ( فیراری، پێشمەرگایەتی، ژیان لە ئوردوگای ئێران، چوون بۆ تاراوگە) چر دەبێتەوە. پاشان سەرکێشییەکە دەبێتە جۆرێک لە یاخیبوون لە نۆرمەکانی ژیان تا دەگات بەوەی ببێتە هۆی خوڵقاندنی ئەدەبیی و داهێنانی هونەریی. چونکە ئەو ڕوحە سەرکێشە بەردەوام بە خوێندنەوە و مەعریفە موتوربە دەکرێت، سەرەنجام لەبری پاڵەوانێکی دۆنکیشۆتی، داهێنەرێکی ئەدەبیی و هونەریی لێ دێتە بوون. تەوەرەی دووەم خستەسەرپشتی دەروازەی ئەزموونی بەشداربووەکانی نێو پەرتووکەکەیە. لەنێو یادەوەرییەکاندا وەک من سەرنجم دا، گێڕانەوەیەکی سادە سێبەری نەخستۆتە سەر نووسینەکان، بەڵکو هەریەک لەلای خۆیەوە بێئاگا لە بابەتەکانی تری نێو ئەم پەرتووکە هەوڵیان داوە لەسەر ڕاستە ‌هێڵیک لە ڕاستگۆییەوە چیرۆکێکی هونەریی بگێڕنەوە ، چیرۆکێک بە زمانی هونەری سەردەم، بە زمانێک کە ڕێک بە بەر ئەو تابلۆیە بێت کە نمایشی خود و ناخی خود دەکات.

 

گێرانەوەکان سەرنجڕاکێشن و خوێنەر بە ئاسانی ناتوانێ دەستبەرداری بابەتێک بێت تا تەواوی نەکات. هەرچی تەوەرەی سێیەمە بریتییە لە مەسەلەی وابەستەبوون (ئینتما). هاوڕێیانی شەقامی جمهوری لە ئینتمایەکی فراواندان بۆ شار و شەقامێکی شارەکە، ئەویش ئاماژەی لێک نزیکبوون و هاو دەردەدڵی و هاوسۆزی سیاسی کۆمەڵایەتییە، شەقامێک کە نەک تەنها شوێنی گوزەرکردنی مرۆڤی پیادە و ئۆتۆمبێلەکانی شارە، بەڵکو شوناسی جیددی بوون و هەوێنی پەروەردەکردن و قوتابخانەی پێگەیاندنی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانە کە ئەمڕۆ جێ پەنجەیان بە کاروانی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی کوردییەوە دیارە. لەم شەقامی جمهورییە گوڵ نەدەپشکوت، بەڵام سەدان گوڵی گەش بۆ ئازادی هەر لەسەر ئەو شەقامە و هەر لەبەردەم پەرتووکخانەی ئاسۆدا دەپشکوتن و چرۆیان دەکرد و دەبوونە ئومێدی دواڕۆژی خەبات و بەرخواردان لەدژی ستەمی حیزبی بەعسی خوێنمژ.


ئەم نووسەرو هونەرمەندانەی لەم پەرتووکەدا بەشدارن نەک هەر هەموویان لە ئاستێکدا نین، بەڵکو هەر یەکەیان لەئاستێک لە داهێنان خەریکی بەخششن، هەر یەک بەجۆرێک دەڕواننە دونیای داهێنان و ئەدەب و ئاریشەکانی، هەروەها هەریەک بە جۆریکیش دەیانەوێ وەفاداربوونی خۆیان لەهەمبەر بڕینی ڕێگای داهێنان دەربڕن. ئەم نووسەر و هونەرمەندانە لەڕاستیدا بەشێکن لەو هاوڕێیانەی شەقامی جمهوری کە بەپێی میتۆدی ئامادەکردنی پەرتووکەکە کەوتوونەتە دەرەوەی بازنەی (تاراوگە) و لە کوردستاندا دەژێن. نەبوونی بابەتی ئەو کاراکتەرە چالاکانەی کەلە پەرتووکەکەدا بەشدار نین بەڵام سێبەرەکانیان لەنێو دێر و پەرەگرافەکانی بابەتەکاندا دەبینرێن، ڕەنگە ببێتە خۆزگەی ئامادەکردنی بەرگی دووەمی کتیبی شەقامی جمهوری کە بەبڕوای من دەبێتە تەواوکەری شوناسی ئەو تەیفە لە نووسەران و هونەرمەندان کە جگە لە خەم و خۆشەوسیتی و خەبات لە پێناو مرۆڤ و ئازادی شتێکی تریان پێ نەبووە و نییە.


پەرتووکی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری سەرباری ماندووبوونێکی زۆری هاورێیانێک بە ئامادەکردن و سەرپەرشتی چاپکردن و دزاینی بەرگ و ناوەوە، بەڵام جێی داخە پڕە لە هەڵەی چاپ (کە باشترە ناوی بنێم دەردە فۆنت) کە لە ئەنجامی گواستنەوەی فۆنتەکانەوە ئەو هەڵانە هاتوونەتە بوون، ئەمەش سەرباری کەمەندکێشی بابەتەکان، خوێنەر تووشی وەڕسی و ساردبوونەوە و بێتاقەتی دەکات لە خوێندنەوە.


لەکۆتایشدا دەستی ماندوونەبوونی یەکە بە یەکەی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری دەگووشم و سڵاو لە و بابەتە جوانانە و ستایش بۆ داهێنان و ئەو بیرۆکە بەپێزەی ئەم پڕۆژە گرنگە و خۆشەویستیم بۆ هەموولایک. نووسینەکەشم بەم وتەیەک کاک ئازاد ئەحمەد ئەسوەد کۆتایی پێدێنم کە لە ئیمەیڵێک بۆ هاوڕێیانی شەقامی جمهوری نووسیویەتی، دەڵێ " ئەم پەرتووکە پەرتووکێکی ئاسایی نییە بخوێنرێتەوەو تەواو، بەڵکو ئەشێت وەکو مەرجەعێك reference بەکار بهێنرێ بۆ هەر لێکۆڵەرێك بیەوێ لە مێژووی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کەرکووك لە سەردەمێکی دیاریکراو بکۆڵێتەوە."


کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک