په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٤

پەروەردەی ئاینیی لە نێو حیزبەکاندا!

نەهرۆ          


بێگومان حیزب ئامرازە بۆ رزگاری چینیک یان نەتەوەیەک، بەرنامەو پەیرەوی ناوخۆی هەیە، بەرنامەکەی لایەنی دوورو نزیکی هەیە وەک قوناغی دیموکراسی و سوسیالیزم بۆ نموونە لای حیزبە کومونیستەکان، هەروا پەیرەوی ناوخۆشی هەیە وەک میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێو ئەندامانی دا و چونیەتی بەستنی کونگرەو کونفرانس و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات ! لێرەدا حیزب دەبێتە ئامرازێکی ئورگانیکی و دامەزراوەیی! لە راستی دا نابێ حیزب و دەسەڵاتی حیزب لە کەسێکی دیاریکراو بەرجەستە بکرێ بەناوی میژووی تێکۆشان و بوونی کاریزما لە کەسایەتی یی دا، لەبەر ئەوەی ئەم تێروانینە زەمینە خۆش دەکا بۆ هاتنەکایەو پەیدا بوونی دیکتاتۆر، لە میژووی میللەتان دا نموونە زۆرە وەک نازیەکان و فاشیەکان کە لە کەسایەتی هیتلەرو مۆسۆلینی دەسەڵات و بریار بەرجەستە کرا!


ئەمەی سەرەوە پێناسەی زانستی حیزبە وەک لایەنی تیئوری بەڵام جێگای داخە زۆربەی حیزبەکان لە پراکتیک دا نابن بە ئامراز یان وەکو ئامراز چاویان لێ ناکرێ بەڵکو دەبن بە ئامانج خودی حیزب وەک پێکهاتەیەک لە خەڵک بوونی گرنگە تەنانەت هەندێ جاریش ئەو پێکهاتە خەڵکە بە ناوی رەوایەتی ئامانجەکانی حیزب بە نارەوا ئیشی لەسەر یادەوەری کۆمەلگا کردووەو، لە رێگای ئەو دەسەڵاتە دیاریکراوەی کە هەیبووە چ لە شاخ چ لە شار ! حیزب وەک دەسەڵات لە ژێر چەمکێکی مافیایی خۆی پێناسە کردووە، مافیایی بەو مانایە ( انێر اخاک ڤالما او مڤلوما ) لیرەدا من جەخت لەسەر لایەنی پەروەردەیی حیزب دەکەم، بەتایبەتی لە ناوچەی خۆمان وەک وڵاتانی رۆژهەڵات!


سەرەتا حیزب دروشمی هەنگوین ئامێز ئەخاتە روو وەک ئازادی و رزگاری و سەربەستی و مافی نەتەو و مافی چینی ژێر دەست و دیموکراسی و مافی مرۆڤ!


بەڵام کاتێک لە رێگای ئەم دروشمە شیرین و بریقەدارانەوە لایەنگرێک یان دوستێکیان ڕاکێشا دەکەونە ئیش کردن لەسەر یادەوەری تاکی داماوی بەستەزمان و فریوخۆاردوو، بەهەزارو یەک رێگاو شێواز یادەوەری تاکی ملکەچ بە خۆیانەوە گریی دەدەن، رەنگە سەرەتا بە پروگرام و پەیرەوی ناوخۆ دەستی پێ بکەن بەڵام لە ڕاستی ئەم دووانە وەک ( کلام حق یراد بە الباطل) وایە کە دەخرێتە زەینی دوست و لایەنگری نوێ یەوە، بەڵام کێشەکە دواتر دەست پێ ئەکا، کاتێ کە دوست یان لایەنگر دەبێتە ئەندامی ئەو حیزبە دووچاری دەیان کوسپ و تەگەرەو مێشک شووشتنەوە دەبێتەوە!


حیزبی دیاریکراوە وا لە یادەوەری ئەندامی نوێ خۆی دەخاتە روو کە ئەو تاقە فریادرەسی ئەم میللەتەیە، لە قۆناغیکی ناسک دەستی بە خەبات کردووە، یادەوەری پێکهێنەرانی حیزب دەکرێ بە دیکۆمینت و دەسەپێنرێ بەسەر یادەوەری کۆمەلگا دا، حیزب وا خۆی دەخاتە روو کە خاوەنی کاروانی شەهیدانە، هەقیقەتی رەها لای خۆیەتی، حیزب و لایەنەکانی دی دەخاتە ژێر نەشتەری رەخنەوە لەوانەیە رەخنەکانیش وەهمی بن ! بە شێوەکی کە بوونی حیزبی تر و بیرکرنەوەی تر نارەوایە!


بێگومان تاک ئینتمای هەیە بۆ خێزان، بۆ گەڕەک بۆ قوتابخانە بۆ شارو ناوچەی خۆی، بۆ خاک وەک لایەنی جوگرافی، نیشتمان وەک لایەنی مەعنەوی، بۆ نەتەوە، بۆ چین، بۆ ئاینێکی دیاریکراو لای ئیمانداران ! لە نێو ئەم هەموو ئینتمانە حیزبی لای خۆمان کاتێ لایەنگرێ پەیدا دەکا بە پێ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی خۆی ئیش لەسەر ئینتما کان دەکا، پێش و پاشیان دەخا تا دواجار ئەندامی بەستەزمان خۆی لە نێو ڕایەڵێکی تری پەیوەندی خۆی دەدۆزێتەوە، ڕەنگە تاڕادەیەک ئاڵۆز بێ، کە بریتی یە لە سکتاریزم و دەمارگیری حیزبی و داخستنی ئاسوی بیرکردنەوەی ئەو ئەندامە بە شێوەیەک دوور لە بازنەو سنووری حیزب شتێکی تر نە بینێت ! کاتێ کە سەرکردایەتی ئەو حیزبە یا دەسەڵاتی زاڵ دڵنیا بوو لەوەی ئەندامەکەیان لە نێو بودەقەی حیزب و بیروبۆچوونەکەی تواوەتەوە وەک لایەنی عاتیفی نەک ئایدۆلۆژی ئیدی وەک داش دامە ئەندامی بەستەزمان پاش و پێش دەخەن تا هەرەسی دەروونی پێ دەکەن و دەیان گریی لا زیندوو دەکەنەوە!


لەوانەیە لێرە تیئورەکەی بافلوف شیاو بێ کە بیهێنینەوە وەک نموونە، بافلوفیش لە رێگای تیئوری کردەی مەرج داری پێچەوانەوەو بەستنەوەی لیکاوی برسی بوونی سەگ و کۆترو میشکەکان بە پێشاندانی رەنگی جیاوازی گڵوپەکان ولیدانی تونی زەنگی جیاوازو پێدانی پاداشت و سزا، ئەو گیانلەبەرانەی دەخستە ژێر کونترۆڵی خۆیەوە دواجاریش دەیتوانی هەرەسی ئەقڵیان پێ بکا!


لێرەدا من مەبەستم ئەوە نیە، هەر حیزبێک ئەندام و لایەنگری خۆی پەروەردە نەکا بەڵکو رێگاو شیوازی پەروەردەی شیاوو زانستی و تەندروستی پیویستە، بەشێوەیەک کە ئەندامی دیاریکراو ون نەبێ لە نێو زاڵبوونی دەنگی ژاوەژاوی نێو حیزب کە هەندێ جار دەنگە وەک یەکەیەکی فیزیاوی وهیپنوتیزمی بۆ لە خشتە بردنی ئەندامان و خەواندنیان و سەندنەوەی ئیرادەو بریاری سەربەخۆ لێ یان تاوەکو نەتوانن هەڵویست لە رووداو پێشهاتەکان وەرگرن و بە چاوی رەخنە بۆی بروانن، دوور لە کارتێکردنی دام و دەزگای حیزب، بە هەنگاوی باش بڵێن باش بە هەنگاوێ خراپیش بڵێن خراپ!


کەچی ئەمرۆ بەهۆی پەروەردەی ئاینیی ئامێز لە نێو حیزبەکان، دەرئەنجام کەسایەتی دەرویش ئاسایان خوڵقاندووە، یادەوەری دەرویشەکان بە رموزو سیمبولی گوڕاوو نەگوری حیزبەوە بەستراوە، بە گوێبیستی ستایشی حیزب دەگەشێنەوە، لەکاتێکدا بە رەخنە گرتن لە حیزب مڕومووچ دەبن!


هەر ئەم پەروەدەشە دەبێتە هۆی هینانە کایەی بنکەیەکی فراوانی دەرویشی کە تەنیا توانای کایەکردنێکی دیاریکراویان هەیە، ئەویش لە نێو قەلەمرۆ و نفوزی حیزب دا.


لەکاتێکدا دەمیان دەبێتە تەڵەی تەقیو لەبەردەم تەڵیسمی سکرتیری حیزب و ئەندامانی سەرکردایەتی دا، دەتوانم بڵێـم پەیوەندی نیوان سکرتیر و ئەندامان دەبێتە جۆرێک لە پەیوەندی لە چەشنی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان شێخ و موریدەکان بەرقەرارە!


ئەم جۆرە پەیوەندییە تەنیا لای بنکەکانی خوارەوە بوونی نییە بەڵکو لە نێوان سەرکردایەتی و کەسی سکرتیر دا ئامادەیی بەردەوامی هەیە!


لەکۆی کایەکان دەسەڵاتی رەها دەدرێ بە سکرتێر تەنانەت ژن و کوڕو ئامۆزاو خاڵوزاکانی مۆرکی پێرۆزی وەردەگرن، لەکاتێ غیابی سکرتێر دا دەشێ هەر یەک لەوانە جێگای روحی سکرتێر پڕ بکاتەوە!


لێرەدا باسی روحمان کرد، روح وەک چەمک زیاتر نزیکە لە سۆزەوە، سۆز لە کانگای دڵەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەقڵ پەیوەستە بە لوژێکەوە، ئەوانەی خاوەن ئەقڵن زیاتر خەڵکی ئایدولۆژی و فەلسەفی ین، بەلاچوونی کەسە دەسەڵاتدارەکان، بەڵانس و تەرازووی بیرکردنەوەیان تێک ناچێ، ئەوە ئەقڵە پێمان دەڵێ جوڵانەوەی رزگاری خوازی جۆرێک لە سیستەم بەرێوەی بردوەو دەبا، کەسەکان تیایدا روڵێ دیاریکراویان هەبووە، بە لاچوونیان بەشێوەیەکی ئەوتوماتێکی وەک زادەی کایەیەکی میژوو کرد ئاڵتەرناتیڤ پەیدا دەبێ! لای خاوەن ئەقڵەکان هەمێشە پەنا دەبرێتە بەر کەرەستەی رەخنە، سێبەرو مێژووی ئەو کەسانەی خۆیان سەپاندووە ناتوانێ ئێرادە لە خاوەن ئەقڵەکان وەرگرێ!


ئەگەر ئاوەرێکی حیزبەکانی لای خۆمان بدەینەوە ئەوە زیاتر دوست و لایەنگرەکانیان لەسەر بناغەی سۆز پەروەردە دەکەن، سۆز بۆ سیمبولەکانی حیزب، سۆز بۆ شەهیدەکان، سۆز بۆ سەرکردەکانی ، سۆز بۆ میژووی حیزب، لە نێو فەزاو ئەتموسفێری سۆز دا ئەندامی حیزب لە سروت و سیرمۆنییەکی ئاینیی رۆژانە دەژێ !
بەردەوام ئینتمای خۆی تازە دەکاتەوە لە رێگای گوفتارو نووسینەوە، هەر وەک چۆن لە مەزهەبی شیعەدا لە موحەرەم و عاشورا پەیرەوانیان بەدەست و بە زەنجیر لە خۆیان ئەدەن و بەڵێن تازە دەکەنەوە و لە ئینتمای تاکەوە دەپەرنەوە بۆ ئینتمای شوناسی بە کۆمەڵ ! لە کاتێکی دیاریکراو لە ساڵ دا! بەڵام لای موریدەکانی حیزب ئەم لە خۆدانە بەشێوەیەکی میتافوری و (مجازی) بەردەوام و رۆژانە بوونی هەیە و لەگەڵ روحیەتیان تێکەڵ بووە، بە زمانێکی زانستی، سێبەری حیزب یادەوەری یان کونترۆڵ کردووە، بەشێوەیەک کە ناتوانن دوور لە حیزب هەڵویست بنوێنن، دوور لە حیزب بیربکەنەوە، ناتوانن جیهان بینینێکی تر بۆ خۆیان پەیدا بکەن کە زیاتر نزیک بێ لە ئازادی تاک و سەربەخۆبوونی، زیاتر نزیک بێ لە مافی مرۆڤەوە، زیاتر تێگەیشنیان هەبێ سەبارەت بە پروسەی دیموکراسی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات!


لەبەر بوونی ئەم پەروەردە ئاینییە لە نێو حیزبەکان تا ئێستا کوردستان نەبووەتە مەڵبەند ومەکۆی لە دایکبوونی دەنگی ئازادو سەربەخۆ، دەنگی رەخنەیەکی بێگەردو بێلایەن، کەسایەتی یە سەربەخۆوەکان بە ناو سەربەخۆون ئەگەر نە وەک نەست و لە واقعیش دا لە ژێر کاریگەری حیزب و گروپێکی دیاریکراودان، لێرەدا ئەوەش تێبینی دەکرێ ئەوانەی پیشینەی حیزبایەتیان نییە، هەست بە گریی خۆ بەکەم زانین دەکرێ لە گوتاریان دا!


دەمەوێ لێرەدا هاوکێشەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێنم، تاوەکو حیزبەکانی کوردستان لەدەستی پەروەردەی ئاینیی و روحی و مافیایی و دەمارگیری و سکتاریزم و تەنگ نەزەری خۆیان رزگار نەکەن (کە لەکاتی حازر دا ئەمە مەحاڵە!) میللەتی کورد وەک یەکەیەکی نەتەوە بەئاسانی بەمافە رەواکانی شاد نابێتەوە!


ئەم پەروەردە ئاینییە وای کردووە کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای میللەت، رکەبەرایەتی تەسکی حیزبی بکرێ، حیزبەکان هەر یەکەو گوتاریکی جیاوازیان هەبێ، هەندێ جار ئەمیان لەرقی ئەوی تردا ئاو بۆ ئاشی دوژمن ببا ! لە نواندنی هەڵویست بەرانبەر پێشهاتە سیاسیەکان!


دیارە لەم سازش نواندنەو پایماڵ کردنەی مافی رەوای خەڵک گرەو لەسەر دەرویشەکانیان دەکەن وەک هیزێکی فیزیکی لەسەر ئەرزی واقیع، پلانی دژواریان پێ جێبەجێ ئەکەن!


کە هەندێ جار دژ بە خواست و ئیرادەیان بەڵام بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە هەستی پێ ناکەن!!


٧\٢\٢٠١٤ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک