په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٤

پێشمەرگە، شوناسێکی پەناهەندە.


کازیوە ساڵح       

 

ئەوەی تا ئەم ساتە بە دی و ئەزموونم کردوە ئەو ڕاستێیە تاڵەیە کە شوناسی شۆڕشگیڕەکان شوناسێکی تاک ڕەهەندی و پەناهەندەیە لە کۆمەڵی کوردیدا هاوچەشن بە کۆمەڵی بەعس و دوژمنانی کورد . تەنها شۆڕشگێرەکان بەرپرسن لە هەر مەترسێک ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە . وەکو چۆن کێشە دروستکەرێک یان مرۆڤێکی ساکار خۆی خاوەنی دەرئەنجامی کردارەکانی خۆیەتی ، ئەوا شۆڕشگیریش خۆی خاوەنی کێشە و نەهامەتیەکانی خۆی و نەتەوەکەشیەتی. بەڵام بەدەر لە دەرئەنجامە باشەکانی.


لە سەردەمی بەعسدا ماڵە شۆڕشگێڕەکان تەنانەت کاتێک داوای شەوێک پەناهەندەیان لە نزیکترین خزمی خۆیان ئەکرد ، دەرئەکران ، کێشەی سیاسی و شۆڕشگێری ئەوان کێشەی کورد ، دراوسێ و خزم و کەس نەبوو. ئەوە کێشەی کەسی شۆڕشگێڕ بوو؛ ئەو خاوەنی شوناسێکی ناچیزە و ناپەسەند بوو کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسییەوە جێگەی نەئەبووە. تەنانەت خەڵک هاوسەری لەگەڵ کچ و کوڕی ئەم کەسانە نەئەکرد بۆ ئەوەی لە بەڵاو نەهامەتیەکانیان دووربن. ئەمە ئەو کلتورە بووە بەعس چاندبووی و کوردیش دروێنەی ئەکرد. ڕاپەڕین و گەڵالەبوونی دەسەڵاتی کوردی چۆن و لە کوێدا و بە چ میتۆدێک ئەو کلتورەیان کرد بە کلتورێکی گشتی کێشەی ئەم وتارە نیە ، چوون لە ٢٠٠٤دا و ئەو کاتەی کورد تووشی ڤایرۆسی دەم داخستنێکی گشتی ببوو بە سێ وتاری درێژ لەو کێشەیە دواووم.


ئەوەی لێرەدا ئامانجە باس لە کەنار خستنی شوناسی پێشمەرگە و بەرهەم هێنانەوەی ئەو کلتوری پەناهەندەیەییە لە ئاست سەروەرترین چەمک و باوەڕ. پەناهەندیی بە واتای هاوڵاتی نمرە دوو کردنی شوناسێک یان گرووپێک دێت. وەکو چۆن هاوڵاتیکی پەناهەندە ،هەموو وزەی وەگەڕ ئەخات و تواناکانی ئەباتە سەرەوەی هاوڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە ، بۆ ئەوەی ببن بەو خاوەنی ئەو شوناسەی ئەوان هەڵگرین، بەڵام زۆربەی جار تا ئاستی بەرزتر و توانای لە بارتر بێت ، چانسی شوناسی هاوڵاتی پلە یەک بوونی کەمترە ، چوون بە مەترسی سەیر ئەکرێت. بەو شیوەیە بەر لە ڕاپەڕین ماڵە شۆڕشگێڕەکان ئەمڕۆ پێشمەرگە هەمان خەبات ئەکات بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی شوناسێکی ڕەسەن، بەڵام هەوڵەکان هەموو جارەیەک وەکو بەردەکەی سیڤەر دێتەوە دامێن. ئەگەر لە هەر سێ شوناسی سیاسی ، کلتوری و کۆمەڵایەتی پێشمەرگە بڕوانین بە بەراورد لەگەڵ ماڵە شۆڕشگێرەکانی سەردەمی بەعس، لێک چوونیکی نکولی لێ نکراو ئامادەیی هەیە..


لە ڕووی سیاسیەوە هەتا ئێستا پێشمەرگە لەبەرئەوەی نەکراوە بە هێزیەکی نیشتمانی سەربەخۆی خاوەنی بڕیار و چارەنووسی جیاواز لە چارەنووسی تاکێک یان گرووپێکی سیاسی نیە . نەکراون بە ڕۆڵەی کوردستان ، بەڵکو بە میراتی حیزب و گرووپ و ناوە سیاسیەکان، تەنانەت کوڕیشیان نین . واتە خاوەنی نیمچە شوناسن ، بەشێکن لە لقە زۆرەکانی شوناسی حیزبی . میراتگەریەک کۆشش و سەرکەوتنەکانیان بۆ کەسان و گرووپی دیاریکراو تۆمار ئەکرێت. واتە شوناسیشیان لە سای ئەو دیماگۆگیە سیاسیەدا بە ئامراز بوونە نەک ئامانج بوون . ئەمەش تەنها لە شەڕەکانی وەکو ئەوەی ئێستا زیانی بە کورد نەگەیاندووە ، بەڵکو ئەگەر هەر شەڕێکی ناوخۆ هاتە ئاراوە ، ئەوان بێ دەسەڵاترین چینی کۆمەڵن و نابن بە خاوەنی هیچ بڕیاریەکی پاراستنی نیشتمانی و تەنها لە دەرەوەی ئاسایشی نەتەوەیی نابینرێن ، بەڵکو دیسان ئەبنەوە بە ئامرازیەک بۆ خۆشکردنی دژایەتیە حیزبیەکان وەکو لە شەڕی ناوخۆدا ڕوویدا. واتە ئەوەی هێزی سەربازی میسر لە سەردەمی قەیرانەکانی میسردا توانی بیکات بە ئامانج زۆر دوورە لە دەسەڵاتی پێشمەرگەی باشوری کوردستانەوە وە لە کاتی ئاراهاتنی دۆخێکی هاوشێوەدا.


لە لایەکی دی ، لە کاتێکدا سیاسیەکانمان بە پاڵپشتی ناوبانگ و توانای پێشمەرگەی کوردستان هەڕەشە لە وشک و سەوز ئەکەن . بەڵام بە بێ چەک و تەقەمەنی تەواو ، بە بێ لێپرسینەوە لە بوونی پێشمەرگەی ڕاستەقینە و پێشمەرگەی موچە و ژمارە ئەیانێرینە مەیدانی شەڕەکان . ئەم کەمتەرخەمی و بێ بەهاکردنەی ژیانی پێشمەرگە تەنها لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هێزیەکی سەربەخۆی خاوەن دەسەڵات نیە. ئەگەر لە بری پێشمەرگەی حیزب پێشمەرگەی کوردستان بوونایە ، داوا و هەموو پێداویستیەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە سەروو بەرژەوەندیەکانی کوردستانەوە بوو ، چونکە ئەوان پارێزەری کوردستانن.


لە ڕووی کلتورییەوە ناوی پێشمەرگە لە پاڵەوانەوە کرا بە پێشگری چێنە نەخوازراوەکانی کۆمەڵگە وەکو جاش و بەعسی و تد. وسەربارکردنی ژمارەکان. ئەو پێشمەرگەی ناو هێنانی دوژمنی ئەتۆقاند و کوردی ئەبردە مەکۆی خۆبەخشی و ورەوە . پاش ڕاپەڕین بەرژەوەندی حیزبی ئەم شوناسەی لێ سەندەوە و تەنها نەیکرد بە ژمارەیەکی ئاسایی بەڵکو کردی بە ئامرازی زیاکردنی ژمارەی لایەنگرانی حیزب بە سەربارکردنی مەفرەزەی جاش و بەعس و کۆمەڵێک هەل پەرست ، هەنێکیش بێ کار بۆ وەدەست هێنانی موچە ، هەر ناویشی پێشمەرگە بوو. شکاندنی ناوی پێشمەرگە کە لوتکەترین سەرەوەی نیشتمانی کوردە و دابەزاندنی بۆ پەناهەندەیی لە سایەی شوناسی جاشدا، جگە لە سرێنەوەی ڕۆحی نیشتمانی ئەو چەمکی لێپسراوەیەتیەشی سڕیوە کە پاڵەوان بەرانبەر بە چەوسێنەر ئەیکات بە ئامانج. کلتوری میللەتی خاوەن پاڵەوان بوو بە چیرۆکی ڕابردوو. شەڕکردنی ئەم دواییە پێشمەرگەش دژی داعش ئەو ڕاستیەی دەرخست کە کامانە پێشمەرگەی ڕاستەقینە بوون و کامانەش مەفرەزەی جاش بوون خزێنرابوونە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە.


لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە،ساکارترین خاڵ کە شوناسی کۆمەڵایەتی لێوە سەرچاوە ئەگرێت نوێنەرایەتی کردنی خودە لە ژیانی ڕۆژانەدا. ژیانی ڕۆژانەش پەیوەستە بە لۆژیکی ژیانەوە ، لۆژیکی ژیانیش لای هەموو تاکێک جیاوازە لای ڕۆژهەڵاتی نەبێت . ڕۆژهەڵاتی جیاوازیە لۆژکیەکان تەنها بە داخراوی لای تاک ئەمێننەوە و نوینەرایەتی ناکرێت ، چوون ئەو بنەمای کۆمەڵ شوناسی لە سەر دائەڕژێتەوە بەهرە وەرگرتنە لە شوناسە سیاسی و کلتوریەکە . ئەو دوو هۆکارە ناوبراوەش وایانکرد جاشێکی بە پێشمەرگە کراو نوێنەرایەتیکردنی خودی باڵاتر بێت هەتا پاڵەوانەکانی ڕابردوو. ئەمەش تەنها لەوەوە سەرچاوەی نەگرت کە داروخانە سیاسی و مۆراڵیەکان بوون بە فروی کۆمەڵ ، لەوەشەوە کە جگە لەوەی مرۆڤی دوو جار شوناس ئەتککراو و شوناس پەناهەندە دراو لە پەنای شوناسی ساختەدا ، توانای نوینەرایەتیکردنی خودی نیە ئاگابوونیش لە سەروەریەکانی ڕابردوو، شوناسی ئێستا و کەسیەتی داهاتوو بوونیاد ئەنێت . ئەمەش تیوریەکی نەناسراوە لای کورد و لەم سۆنگەیەشەوە ئەوەی هەنوکەی نەبێت نوێنەرایەتی بکات ، داهاتووی نادیارە. ئاشکرایە کاری بەرچاو و پرۆئاکتیڤیش لە سایەی نادیاردا مەحاڵە.


ئەوەی پێشمەرگە لە قەیرانی ناوبراو ڕزگار ئەکات کۆکرنەوەیانە لە ژێر یەک چەتردا کە هێزی سەربازی و پێشمەرگەی کوردستانە. ئەوان هێزی سەرەکی بن، نەک هێزی ژێر ڕەکیڤی لایەن و تاک . هەروەها ئەوانەی بە مەفرەزەی جاشەوە خزاونەتە ناو پێشمەرگە بخرێنە خزمەتی حیزبەکانەوە. ئەم هەڵویستە ئەوان ڕزگار ئەکات لە کەمسەری نیمچە بوون بۆ سەنتراڵ بوون، جگە لەوەی ئاسایش و ئارامی لە دەروونی هاوڵاتیانەدا ئەچەسپێنێت ، چوون ئەو کاتە پێشمەرگە ئەبێت بە هێزیەک کورستان لە حیزبە کوردیەکانیش ئەپارێزێت نەک تەنها لە دوژمنان..

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک