پێشنیازی
یاسای (رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان - عێراق).
بەناوی خودای بەخشەندە و میھرەبان
بەناوی گەلەوە
پەرلەمانی کوردستانی - عێراق
پشت بە حوکمی بڕگەی (١) لە مادەی (٥٦)ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموار کراو و لە سەر پێشنیاری ژمارەی
یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە دانیشتنی ژمارە (…)
رۆژی .... بڕیاری دەرچواندنی ئەم یاسایەی دا:
یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان - عێراق
مادەی (١):
مەبەستی ئەو دەستەواژە و زاراوانەی لەم یاسایەدا ھاتووە ماناکانی لە
بەرامبەریان نووسراوە:
حکومەت: حکومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق
ھەرێم: ھەرێمی کوردستان-عێراق
سەندیکا: سەندیکای سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان
میدیای ئەلکترۆنی: ھەرچالاکییەکی راگەیاندن کە تێدا بابەت و
خزمەتگوزاری میدیایی پەخش یان بڵاوبکرێتەوە کە ناوەرۆکێکی ئەلکترۆنی
ھەیە، بەرھەم دەھێنرێ یا گەشەی پێدەدری یا نوێدەکرێتەوە دەستاودەستی
پێدەکرێ و لەرێی تۆڕی زانیاری نێودەولەتی "ئینتەرنێت" یا ھەر تۆڕێکی
تری پەیوەندییکردن پەخش و بلاودەکرێتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنی: گواستنەوە یان پەخش یان ناردن و یاخود
وەرگرتنی چالاکی مێدیایی ئەلکترۆنی و ئەو بابەتانەی کە لە رێگەی لاپەڕە
و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی
پەیوەندیکردن یان ھەر تۆڕێکی دیکەی پەیوەندیکردن بەھۆی بەکارھێنانی
ئامێر و جێبەجێکاری (ئاپ (APPی ئەلکترۆنی سروشتەکەی ھەر جۆرێک بێت یان
ھەر ئامرازێکی دیکەی تەکنیکی مۆدێرن بەو ئامانجەی لەلایەن خەڵکەوە
دەستاودەستی پێ بکرێت.
دۆمینی ئەلکترۆنی: ئەو دۆمینە تۆمارکراوەیە لە تۆڕی ئینتەرنێت یان ھەر
تۆڕێکی دیکەی پەیوەندییکردن کە لە رێگەیەوە داخلی پێگەکە دەبیت.
پێگەی میدیای ئەلکترۆنی: لاپەڕە یان بەستەر یان پێگە یان ئەپلیکەیشنی
ئەلکترۆنی دەگرێتەوە کە ناوێکی دیاریکراوی ھەیە وبەناونیشان (دۆمێنێک)ێکی
دیاریکراو دادەمەزرێ و لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە یان ھەر تۆڕێکی
دیکەوە بەکاردێ.
بابەتی ئەلکترۆنی: ھەر بابەتێکی نوسراو یان بیستراو یان بینراوی وەستاو
یان جولاو یان تێکەڵەیەک لەوانەی باسکران و لە رێگەی ئامرازی
ئەلکترۆنیەوە بەرھەم دەھێنرێت و لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت یان تۆڕەکانی
دیکەوە بڵاوبکرێتەوە.
رۆژنامەی ئەلکترۆنی (ێحیفە الکترونیە): وێبسایت یان ئامرازیەکی
ئەلکترۆنییە کە لە رێگەیەوە ناوەڕۆکێکی ئەلکترۆنی بڵاودەکرێتەوە و خۆی
لە ھەواڵ و بابەت و وتارو ژانرە رۆژنامەنووسیەکانی دیکەدا دەبینێتەوە
جا لەکاتێکی دیاریکراودا بێت یان دیارینەکراو.
خزمەتگوازارییەکان یان ریکلامی بازرگانی بەشێوەی ئەلکترۆنی: ھەر
ناوەڕۆکێک کە بانگەشە بۆ کار و خزمەتگوزاری یان بەرھەم یان کەسانێک بکا
لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێت یان ھەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە.
خاوەنی (وێبسایت) یان پێگەی ئەلکترۆنی: کەسی سروشتی یان مەعنەوەی یە کە
وێبسایتەکە یان ئامرازە ئەلکترۆنیەکە بە ناویەوە تۆمارکراوە.
سەرنووسەری پێگەی ئەلکترۆنی : کەسێکی سروشتییە کە خاوەنی وێبسایتەکە
دیاری دەکات و لەبەرامبەر دامودەزگا کارگێڕی و دادوەرییەکاندا لە
ناوەڕۆکی وێبسایتەکەدا بەرپرسە.
مادەی (٢):
میدیای ئەلکترۆنی بە یەکێک لە پێکھێنەرەکانی سیستمی میدیایی ھەرێم
دادەنرێت، بەپێی بڕگەکانی ئەم یاسایە ھەموو کەسێک ئازاد لە بەکارھێنانی،
ھیچ سانسۆرێکی پێش وەختە دانارێت بۆ ئەو بابەتانەی لە رێگەی میدیای
ئەلکترۆنیەوە یان ھەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە پەخش و بڵاودەکرێتەوە.
مادەی (٣):
بۆ دروستکردن یا دامەزراندنی پێگەی ئەلیکترۆنی، پیویستە خاوەنی ئیمتیاز
یا دامەزرێنەری وێبسایتەکە راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە تیایدا ئاماژە
بەئامنجی دامەزراندنی وێبسایتەکە و ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنی
نیشتەجێبوونی خۆی و سەرنووسەرەکەی و ناو وزمانی نووسینی پێگە
ئەلکترۆنییەکە بکات، راگەیەندراوەکە لەسەندیکای رۆژنامەنووسان
تۆماردەکرێ و بەبەیانی دامەزراندنی پێگە ئەلکترۆنییەکە دادەنرێت.
مادەی (٤):
ئەم یاسایە بەسەر ئەم وێبسایت ومیدیا ئەلکترۆنیانەی خوارەوەدا جێبەجێ
دەکرێت:
- خانەکانی بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنی.
- خزمەتگوازرییەکانی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و ئاژانسەکانی دەنگوباسی
ئەلکترۆنی.
- رۆژنامە ئەلکترۆنییەکان.
- وێبسایتەکانی رۆژنامە وەرەقی و کەناڵە بینراو و بیستراوەکان و پیگە
ئەلکترۆنییەکانی ریکلامی بازرگانی.
- پێگەی ئەلیکترۆنی رێکخراو وکۆمپانیا بازرگانییەکان.
- مالپەری ئەلکترۆنی دامەزراوە حکومی و فەرمییەکان.
- وێبسایتە کەسییەکان و لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و
گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.
مادەی (٥):
دامودەزگاکانی حکومەت و دەستە گشتییەکان و ھەر لایەنێکی دیکەی حکومی و
رێکخراوەکان و سەندیکا و یەکێتیەکان و کۆمپانیاکان دەتوانن لە ماوەی
شەست (٦٠) رۆژدا بەپێی ئەم یاسا سەندیکا لە کردنەوەی وێبسایتەکەیان یان
دەزگا میدیا ئەلکترۆنیەکەیان ئاگادار بکەنەوە و سەرنووسەرەکەی بناسێنن.
مادەی (٦):
خاوەنی ئیمتیاز یا دامەزرێنەری مالپەری ئەلیکترۆنی پێویستە ئەم
مەرجانەی تێدا بێ:
- دەبێ ھەڵگری ناسنامەی عێراقی بێت.
- دەبێ سەرچاوەی داراییەکەی دیار بێت.
- تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و لەرووی یاساییەوە ئەھلیەتی تەواوی
تێدابێ.
- نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم
درابێ.
- دەبێ ناوی وێبسایتەکە یان ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیەکەی دیاری بکات
و نابێ ناوەکەی ھاوشێوەی وێبسایتەکانی دیکە بێت یان لەگەڵ داب و نەریتی
گشتیدا نەگونجێ.
مادەی (٧):
دەبێ سەرنووسەری مالپەر ئەم مەرجانەی تێدابێ:
- دەبێ ناسنامەی عیراقی ھەبێ.
- تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و ئەھلیەتی تەواوی ھەبێ بۆ کاری
رۆژنامەوانی.
- لانی کەم دەبێ بڕوانامەی ئامادەیی یان ھەر بڕوانامەیەکی دیکەی
ھاوتەریبی (معادل) ئەوەی ھەبێ.
- نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم
درابێ.
- نابێ لە یەک کاتدا سەرنووسەری وێبسایتێکی ئەلکترۆنی دیکەی بێ.
- گەر داواکاری مۆڵەت کەسێکی سروشتی بوو یان کۆمپانیای تایبەتی کەسێک
بوو، دەتوانێ خۆی وەک سەرنووسەری وێبسایتە ئەلکترۆنیەکە دەستنیشان بکات.
مادەی (٨):
لەکاتی بەتاڵ بوونی پۆستی سەرنووسەر یان لەدەستدانی یەکێک لەو مەرجانەی
کە لە مادەی (٨)دا ھاتووە، دەبێ خاوەنی ماڵپەڕەکە لە ماوەی شەش مانگدا
کەسێکی دیکە وەک سەرنووسەری وێبسایتەکە لە جێگەی دابنێ کە ھەمان
مەرجەکانی سەرنووسەری تێدا بێت، لەو ماوەیەشدا خۆی بەرپرسە لە
وێبسایتەکە.
مادەی (٩):
خاوەنی وێبسایت بۆی ھەیە وێبسایتەکە بفرۆشێ یان دەست بەرداری ببێ بۆ
کەسێکی دیکە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی سەندیکا، بەومەرجەی ئەوکەسە ھەمان
ئەو مەرجانەی تێدا بێ کە لەم یاسایەدا ھاتووە.
مادەی (١٠):
ھەر گۆڕانکارییەک لە دۆمین یان سەرنووسەری وێبسایتەکەدا ھات، دەبێ
خاوەنی وێبسایت لە ماوەی مانگێکدا سەندیکا لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار
بکاتەوە.
مادەی (١١):
سەرنووسەری وێبسایت یان خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەرپرسە لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڵاویدەکەنەوە. دەبێ بێبەرامبەر
راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەکان لای خۆیان بڵاوبکەنەوە کە لە
لایەن ئەو کەسایەتیە راستەقینە و مەعنەویی و دامودەزگا حکومی و
ئەھلیانەی ناویان ھاتبێ یان یان ناڕاستەوخۆ تۆمەتبارکرابن. وەڵامەکان
دەبێ لەو کاتەدا بڵاوبکرێتەوە کە خاوەن سکاڵا داوای دەکات و دەبێ
راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆ خستنەوەکە لە ھەمان شوێن و بە ھەمان زمان
و ھەمان قەبارە بڵاوبکرێتەوە کە بابەتە سکاڵا لێکراوەکەی تێدا
بڵاوکراوەتەوە.
مادەی (١٢):
ھەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیانەی کە ئەم یاسایە
دەیانگرێتەوە نابێ بە ھیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە بەپێی
بڕگەکانی (٢) و (٤) مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ تایبەت
بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)دا بە تاوانی تۆقاندن ھاتوون.
مادەی (١٣):
جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (١٣) ھاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی
مادەی شەشەمی یاسای ژمارە (٣٥)ی ٢٠٠٧ یاسای رۆژنامەگەری کوردستان سزای
سەرپێچیکەران دەدات.
مادەی (١٤):
دادوەر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان مافی
لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو تاوانانە ھەیە کە لەم یاسایەدا ھاتووە.
مادەی (١٥) مافەکان:
میدیاکارانی میدیای ئەلکترۆنیی، سەرەڕای ئەوەی ھەمان ئەو مافانەی
رۆژنامەنوسانیان ھەیە کە بەپێی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم بۆیان
فەراھەمبوە، ئەم مافانەی خوارەوەیشیان بۆ دەستەبەرە:
١. مافی ئاشکرانەکردنی پاسۆردی تایبەت بە وێبسایتەکانیان
٢. مافی پاراستنی ئامێرەکانیان لە رادێر (التنێت) و ھاککردن.
مادەی (١٦): سزاکان
ھەرکەسێک پەلاماری میدیاکاری ئەلکترۆنیی بدات، یان دەستدرێژیی جەستەیی
بکاتە سەر، یاخود سوکایەتیی پێبکات، وەک ئەوە وایە سوکایەتیی و
دەستدرێژیی کردبێتە سەر فەرمانبەرێکی میریی.
خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەکردنێک کە لە ٣٠٠ سێسەد ھەزار
دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد ھەزار دینار زیاتر نەبێت، گەر
سەرپێچی مادەی (١١)ی ئەم یاسایەی کرد. گەر ھەر بەردەوامیش بوو، مۆڵەتە
تۆمارکراوەکەی ھەڵدەوەشێتەوە.
خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەکردنێک کە لە ٥٠٠ پێنجسەد ھەزار
دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠٠٠٠٠٠ ملیۆنێک دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر:
یەک: سەرپێچیی مادەی (١٠)ی ئەم یاسایەی کرد.
دوو: پێش تەواوکردنی لێکۆڵینەوە (تحقیق)ی دادگا، وردەکاریی
لێۆڵینەوەکەی بڵاوکردەوە.
سێ: سەرپێچیی مادەی (٩)ی ئەم یاسایەی کرد. سەرەڕای ئەوەی ئەگەر ھەر
بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچییەکردنی ئەم مادەیە، مۆڵەتە تۆمارکراوەکەی
ھەڵدەوەشێتەوە و ناتوانێت تاکو ماوەی (٣) سێ ساڵ، خاوەندارێتیی "وێبسایت"
بکات.
سەرنووسەری "وێبسایت"، یان خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕە فەرمییەکانی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان، سزا دەدرێن بە غەرامەکردنێک کە لە ١٠٠٠٠٠٠ ملیۆنێک
دینار کەمتر نەبێت و ٥٠٠٠٠٠٠ پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی
کەسێکیان زڕاند، یان سوکایەتییان پێکرد، یاخود ھەڕەشەیان لێکرد، یان
پێشێلی یەکێک لە مەرجەکانی نێو مادەی (١٢)ی ئەم یاسایەیان کرد. ئەگەر
ھەر بەردەوام بوون، تۆمارکردنەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە و ئەکاونت و لاپەڕە
فەرمییەکەیشیان دادەخرێت.
لە کاتی بڵاوکردنەوەی مادەیەکی میدیایی دا، کە بەپێی خاڵەکانی (٢) و
(٤)ی "مادەی چوارەم"ی "یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ یاسای
بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە ھەرێمی کوردستان- عیراق" بە
تاوانی تۆقاندن ھاتوون و قەدەغەکراون، سەرنووسەری "وێبسایت" و خاوەنی
ئەکاونت و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سزاکانی ھەمان ئەو یاسایە
دەیانگرێتەوە.
مادەی (١٧):
ھەر تاوانێک کە لەم یاساییەدا ھاتووە گەر لە ماوەی سێ مانگ لە
بڵاوکردنەوەیدا لە لایەن داوکاری گشتی یان کەسی زیان لێکەتووەوە سکاڵای
لەسەر بەرز نەکرایەوە بەکۆتایی ھاتوو دادەنرێ.
مادەی (١٨):
ھەموو ئەو وێبسایت و ئامرازی میدیا ئەلکترۆنیانەی کە لە مادەی (٥)ی ئەم
یاسایەدا ھاتووە، دەبێ لە ماوەی ساڵێک (سێ مانگ) دوای کارابوونی ئەم
یاسایە لە سەندیکا خۆیان تۆمار بکەن.
مادەی (١٩):
حکومەت بەرپرسە لە فەراھەمکردنی پشتیوانی بۆ میدیا ئەلکترۆنیەکان و ئەو
کەسانەی کاریان تێدا دەکەن و رەچاوی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەکەن، دەبێ
کارئاسانیان بۆ بکات بۆ ئەوەی دەستیان بە نوێترین تەکنەلۆژیا و
ئامێرەکان و تۆڕە پێشکەوتووەکانی ئینتەرنێت رابگات.
مادەی (٢٠):
کار بە ھیچ یاسایەک ناکرێ کە لە گەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێ.
مادەی (٢١): لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان
حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
مادەی (٢٢):
ئەم یاسیا لە رۆژی بڵابونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)
کاری پێ دەکرێت.
ھۆیەکانی دەرچواندنی ئەم یاسایە:
رۆژ بەرۆژ میدیای ئەلکترۆنی لە کۆمەڵگەی کوردستان و نێودەولەتیدا رۆڵ و
کاریگەریەکانی زیاتر دەبیت و ئامرازێکی گرنگ و سەکۆیەکی فراونی
پەیرەوکردنی ئازادی وخستنەرووی بیرورا جیاوازەکان و گواستنەوەی ھەواڵ
زانیارییە، پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنەلۆژیای پەیوەندییکردن و زانیاری
دەرفەتێکی لەباری بۆ ھەموو کەسێک رەخساندووە، بەئاسانی دەستیان بە
تۆرەکانی ئەنتەرنێـت و پێگە ئەلکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا رابگات،
میدیای ئەلکترۆنی لەیەک کاتدا دەتوانرێ وەک کەناڵێکی (بینراو و بیستراو
ونووسراو) بەکاربھێنرێ، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە
میدیایە بەسەر کۆمەڵگا و لەپێناو رێکخستنی بواری میدیای ئەلکترۆنی
دروست، ئەم یاسایە دانرا.
* ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن راوێژکارانی لیژنەی رۆشنبیری و وەرزش و
لاوان و کۆمەڵی مەدەنی ( مەجید ساڵح و تارق جەوھەرسارمەمی) بەسوود
وەرگرتن لە ئەزموونی چەندین ولاتی عەرەبی وناوچەیی ونیودەولەتی
ئامادەکراوە.
________________________________________________
*
بەڵگەنامەی پێشنیازی یاسایەکە:

|