په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٤

پەتپەتێن و (لەگەڵ بەنج)!!!


دارا خونچە         

 

هەر کەسەک ملکەچی حیزب و دەسەڵات ببی دەتوانی (هزری بۆگەن)ی خۆی هێندە جوان و بۆنخۆش پیشان بدا کە حیزبەکە یان دەسەڵاتەکە ناچار ببی توانستە مادیی و تەکنیکییەکانی خۆی بخاتە بەردەستی.. ئیدی ئەویش لە پای ئەوە وە شێوەیەکی فرە رووکەشانە و لە رێی هێندەک تاکتیکی وەک (کرانەوە.. ئاشتەوایی.. نەرمونیانیی.. لەبەرچاو گرتنی رای ئەویدی.. دیموکراسیی.. ئازادیی دەربڕین و... هتد) رێک بەو جۆرەی کە پێی رادەسپێرن وە هۆی لەخشتەبردن و ئەنجامدانی کۆمەڵە درۆودەلەسەیەک حیزب و دەسەڵات تەنانەت بەرپرس و سەرکردە خێڵەکیی و دیکتاتۆرییەکانیش وە جوان و چاک و نایاب پیشان دەدا.. ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەرفەت دەڕەخسێنی هزرە بۆگەنەکەی خۆشی لە بەرانبەر گەمژەکان وە جوان و چاک و بۆنخۆش بخاتەڕوو و وەیان لێبکا ببێژن: ''ئۆییی لەو بۆنە خۆشە.. هەر کتومت رەشە رەیحانە''!

دیارە مەبەستم لە ''لەگەڵ بەنج'' بەرنامەکەی کاک (رەنج)ە کە وە ناوی ''لەگەڵ رەنج'' لە تەلەفزیۆنە ئاست نزمە گومانکارەکەی (رووداو) پێشکەشی دەکا، کاک (رەنج) وە پێی هەموو تێگەیشتنەکەی خۆی وەدەزانی خەڵک هەست بەوە ناکەن و تێناگەن کە ئەویش وە هەمان ئەو رێچکەیەدا رۆیشتییە کە لە سەرێ ئاماژەم پێی دایە.. هەر وە هەمان شێوازیش جێی خۆی لە نێو ئەو تەلەفزیۆنە کردیتەوە و وەدەزانی دەتوانی بینەران و بیسەران (بەنج) بکا و وە قازانجی پارتی و بارزانی یاری وە چارەنووسی گەلەوە بکا، ئەرێ هیچ گومانی تێدا نییە کە دەتوانی ژیان و گوزەرانەکی چاکی لێ وەدەست بخا.. لێ هەرگیز ناتوانی گۆڕینی (پەتی کۆیلەییی)ەکەی لە نێو تەلەفزیۆنەکەی یەکێتی وە (پەتی کۆیلەیی)ەکەی لە نێو تەلەفزیۆنەکەی پارتی وە گۆڕینەکی ئاسایی پیشانی خەڵک بدا و وەک (سەنگەر گۆڕین)ەکی ئاسایی - کە لە ئەنجامی گەشەکردن و گۆڕانی هزر و تێڕوانینی رامیارییەوە دێتە کایەوە - بیخاتەڕوو!

پێشتر لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیی کە ئەمن خۆم تێیدا بووم (سەنگەر گۆڕین) هەبوو.. لێ زۆربەی زۆری سەنگەر گۆڕینەکان ئەوە بوون کە پێشمەرگەیەک دەگەیشتە ئەو باوەڕەی حیزبەکەی وە پێی ئەو بەرنامەیەی هەیەتی کار ناکا و رێش نادا هیچ کەسەک وەک ئەوەی باوەڕی پێیە کاری خۆی بکا.. ئیدی ئەویش ناچار دەبوو بڕواتە نێو حیزبەکی دیکە کە وەی هەست دەکرد رەنگە لەوێ لە نێو ئەو حیزبە نوێیەدا بتوانی وە پێی هزر و تێڕوانینەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکا، ناوی ئەو جێگۆڕکێیەش هەر لەسەر ئەو بنچینەیە پەیدا ببوو کە کۆمەڵە سەنگەرەکی جودا جودای دژ وە دوژمن - حیزبی بەعسی رەگەزپەرست و چەوسێنەر - هەبوون.. کە کەسەک لە حیزبەکەوە وە حیزبەکی دیکە پەیوەست دەبوو پێیاندەگۆت سەنگەری خۆی گۆڕی.. ئەو کەسانەش کە حیزب یان سەنگەریان دەگۆڕی زۆر جێی رێز بوون و وەش دەهاتە بەرچاوان و هەر لە راستییشدا وەها بوو کە ئەو کەسانە ملکەچی لادان و خراپەکارییەکانی هیچ حیزبەک نابن و وەدووی راستییدا دەگەڕێن.

لێ پاش راپەرین زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەنگەر گۆڕینانە - کە سەنگەر گۆڕین نییە و ئەمن ناوی دەنێم ''گۆڕینی پەتی کۆیلەیی'' - لە راستییدا سەنگەر گۆڕین نین بەڵکە کاتەک لە نێو حیزبەک کۆمەڵە کەسەک دەبنە بەرپرس و دەرفەتی کاری خودپەرستیی و گەندەڵیی وەردەگرن ئیدی دەرفەتی ئەوە نامینێ کەسی دیکە یان خەلکانەکی دیکە ببنە بەرپرس و هەمان کار وەدەست بخەن چونکە بەشی ئەو هەمووە کەسە ناکا.. جا ئەو کەسانە کە ئامادەن هەمان کاری خودپەرستیی و گەندەڵیی ئەنجام بدەن لە بنەوەڕا پەیوەندیی لەگەڵ حیزبەکی دیکە دەبەستن و واز لە حیزبەکەی خۆیان دەهینن و لە راگەیاندنەک خۆیان وە حیزبە نوێیەکەیان پەیوەست دەکەن تا لەوێ بتوانن کارە خودپەرستیی و گەندەڵییەکان وەربگرن.. سەیریش لەوەیە ناو لەو (پەتپەتێن)ە دەنێن (سەنگەر گۆڕین) کە هیچ پەیوەندییەکی وە سەنگەر گۆڕینەوە نییە چونکە ئەوان هەر لە بنچینەدا سەنگەریان نەبووە و کۆیلەگەلەکی پەت لە مل بوونە و لە جێگۆڕکێیە تازەکەیاندا تەنێ پەتی کۆیلەییەکەیان دەگۆڕن و وە شێوەیەکی سیاستەبازانە فرە خراپتر لەوەی کە لە نێو حیزبەکەی پێشانیان بوون دژ وە ماف و ئازادییەکانی خەڵک رادەوەستن!

ئەو (پەتپەتێن)ە لە نێو ئەو حیزبە گەندەلانەی کوردستان هێندە باوە زۆر جار لەوە تێپەڕ دەکا کە هێندەک کەس وە شێوەی تاک تاک یان وەک بەرپرسەک وەخۆی و کۆمەڵە بەردەستەکی خۆی خۆیان رادەستی حیزبەکی دیکە دەکەن؛ وەک ئەوەی وەبیرم بێ لە سنووری هەولێر خەڵکەکی زۆر هەن (کە پێویست ناکا لێرە ناوەکانیان بخەینەڕوو چونکە ''دار هەڵببڕی دزەکان وەدەردەکەون!'' و خۆیان زۆر باش خۆیان دەناسن و لە نێو میللەت ریسوا بوونە و هەر وە هەلپەرست و درۆزن و ساختەچیی تاماشا دەکرێن و ناویان دەبردرێ!) پەتی کۆیلەیی خۆیان گۆڕی.. بەلکە چەندین جار وەبووە سەرلەبەری حیزبەک وەی هۆی ئەوەی کە هەست دەکەن رێیەکی فرە سەخت و دوور و درێژیان لە پێشە تا بگەنە قۆناغی ئەوەی کە دەستیان لە گەندەڵیی گیر ببی و خۆیان لەسەر میللەت بژیێنن.. هەڵدەستن تێکڕایان - واتە گاڕان وە خڕیی - دەچنە نێو حیزبەکی دیکە و رێک وە پێچەوانەی هزر و تێڕوانینەکانی پێشانیان رەفتار دەکەن! ئەوانەش وەک (ئاڵای شۆڕش، پارتی گەل، حسک، پاسۆک و... هتد)، لەوەش سەیرتر ئەوەیە جار هەیە کۆمەڵە کەسەک کە لە نێو حیزبەکەیان کارکەنار و فەرامۆش دەکرێن و هومێدی ئەوەیان دەبڕێ کە سەرکردایەتیی حیزبەکەیان داگیر بکەن.. هەڵدەستن تەنێ لە پێناو وەدەستخستنی سامان و پەیداکردنی ناوبانگ و دەسەڵاتی حیزبیی - کە دەسەڵاتی مۆدێرنانەی خێڵە - حیزبەکەیان دووچاری پەرتبوون و دەستەگەرییەکی کەسیی و تاکڕەوانە دەکەن و سەرەنجام بەشەکی لێدەکەنەوە.. لە سەرەتادا هەر وە هەمان هزر و ئایدیۆلۆژیای پێشانیان رووکەشانە خۆیان جوایەز پیشان دەدەن و حیزبەکی دیکە وە ناوەکی سەرنجڕاکێش و هەڵخەڵەتێنەرانە رادەگەیەنن.. پاشان کە دەبنە ژماەرەیەک لە نێو حیزبەکان ئەنجا هووردە هووردە هەمان هەڵسوکەوت و رەفتاری خودپەرستانە و گەندەڵکارانەی جارانیان دەگرنەوەبەر! باشترین نموونەی ئەوەش (گۆڕانەکەی نەوشێروان)ە.

جا وەی لێهاتییە دەزگەکانی میدیاش ئاڵوودەی ئەو (پەتپەتێن)ە ببن و خەڵکانەکی زۆر لە نێوان دەزگەکان تەڕاتێن بکەن تا بتوانن لە جێیەک لە جێیەکان خۆیان دەربخەن و پارووییەکی چەوری لێ پەیدا بکەن.. هەر وەک نموونە کەسەکی وەک کاک (رەنج) تا دوونێ لە نێو دەزگەکانی یەکێتی خزمەتی سیاسەتەکانی ئەوانی دەکرد.. کەچی ئەوە ماوەیەکە بێ ئەوەی پێشینەی خۆی لەبەرچاو بگری و هیچ شەرمەک لە خۆی بکاتەوە لە نێو گومانکارترین تەلەفزیۆن بە ناوی (رووداو) کار دەکا کە هیچ کەسەکی ئازادییخواز گومانی لەوە نییە ئەو تەلەفزیۆنە وە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پێناو دژایەتییکردنی پەکەکە و کوردانی پارچەکانی دیکە و خزمەتکردنی سیاسەتە پاشداما و سەرکوتگەرییەکەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دامەزرایە و هەر خۆوەخۆ خەڵک ناویان لێناوە (تەلەفزیۆنی نەفتەکە - واتا وە پارەی دزرای بەرهەمی نەفت کە هی میللەتە بەڕێوە دەچی -) و کەسیش گومانی لەوە نییە کە دەستی سیخوڕەکانی حیزب و دەسەڵاتدارنی تورکیا لە پشتیەوەن، کەچی کاک (رەنج) هەر تەقەی سەری دێ و بێجگە لەوەی هەر خودی ناوی بەرنامەکەی (لەگەڵ رەنج) زۆر خودپەرستانە و خۆدەرخەرانەیە بانگەشەی ئەوەش دەکا کە بەرنامەکەی دەنگی هەموو چین و توێژەکان و تێڕوانینی هەمەڕەنگی میللەتە و لە پێناو گەیاندنی دەنگ و رامانی جودا جودا و وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵک کۆشش دەکا!!!

 

٥\٥\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک