په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٥

پەیامبەری داعش و ئازادیی رادەربڕین لە کوردستانەوە تا پاریس.


ئاسۆ کەمال      


لەهێرشی ئیسلامیە تیرۆریستەکان بۆسەر نووسینگەی گۆڤاری چارلی هیپدۆ لەشاری پاریسی فەرەنسا، ١٢ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠ کەسێکیش بریندار بوون بەهۆی ئەوەی گۆڤارەکە کاریکاتیری لەسەر محمدی پەیامبەری ئیسلام دروستکردوە.


لەسەر ڕەخنەی حەمەسەعید حەسەن وەک نووسەرێک لە محەمەد وەک پەیامبەری داعش لەلایەن یەکێتی زانایانی ئیسلامی و وەزیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانەوە هێرش وهەڕەشە دەکرێ کە ئەم ڕەخنانە" ئاسایشی نەتەوەیی" تێک دەدا و کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکا.


ئیسلامیەکانی فەرەنسا و کوردستان بەم شێوەیە دەیانەوێ ئەم پێرۆزیانەی خۆیان بکەنە خەتی سووری ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕادەربڕین لە فەرەنسا و کوردستاندا قەدەغەبکەن.


بەڵام ئاشکرایە لە فەرەنسا و ڕۆژئاوادا کە سکۆلاریزم ئەو دەسەڵاتەی لە دینەکان سەندۆتەوە کە بەناوی پیرۆزیە دینیەکان ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن قەدەغەبکەن و مێژووی دووسەدەیە کە عیسا و ئینجیل وەک هەر بیروباوەڕو کەسێکی تر جێگای ڕەخنە و کاریکاتیر لەسەر دروستکردنن و تیرۆریستانی ئیسلامی ناتوانن بەم کردەوە بەربەریانەیان محمد و قورئان لەڕەخنە و ڕادەربڕین لەسەریان بپارێزن. لە کوردستانیش کە شەڕ لەدژی داعش هاوکات شەڕە لەگەڵ بەرنامە و کردەوەکانی داعش کە بەرنامەی دەوڵەتە ئیسلامیەکەی قورئان و حەدیس و کردەوەکانی پەیامبەری ئیسلامە .هەربۆیە ئەم شەڕە بەناچاری ڕوبەڕوی قورئان و حەدیس و پەیامبەری ئیسلام دەبێتەوە و ئیسلامی سیاسی ناتوانێ بە جنێو و هەڕەشە بەربە ئازادی ڕادەربڕین لەسەر ئیسلام و پەیامبەرەکەی بگرێ.


کاریکاتۆرەکانی چارلی و"یاسای یەکسانی کانتۆنی جزیرە" و کۆمێنتی "پەیامبەری داعش" نمونەکانی کەوتنەبەر هێرشی ئیسلام و بەرنامە و ڕەمزەکانێتی .دنیای ئازادی ئەمڕۆ ڕازی نابێ بەناوی پیرۆزی ئاینیەوە ئەمانە لە دەرەوەی ڕەخنە و ئازادی ڕادەربڕینەوە دابنرێن و بەکردەوە و هەڕەشەی تیرۆریستانە ئەم بەرنامە و ڕەمزە ناپیرۆزانە بەسەر کۆمەڵگەی ئینسانیدا فەرزبکرێ.


ئەمڕۆ تیرۆریزمی ئیسلامی و داعش کارێک دەکا کە نازیزم و فاشیزم کردویانە ئەویش ئاگادارکردنەوەی مرۆڤایەتیە لە خەتەری خۆی و بەرنامەکەی .لەم شەڕانەدا ئێمە ڕوبەڕوی یەک ڕاستی دەبینەوە ئەویش دڕندایەتی ئەو پیرۆزیانەیە کە تادوێنێ بەناوی نیشتمان و نەتەوە و ئاین و پەیامبەرانیەوە لەژوور سەرمانەوە پاراستومانن . ئێستا بەبێ شەڕ لەگەڵ ئەمانە و بەبێ ڕزگاربون لێیان کۆمەڵگەی ئینسانی ناتوانێ ئازاد و سەلامەت بژی. نازیزم و فاشیزم لەگەڵ خۆیاندا بەرنامە و ڕەمزەکانیان خرانە زبڵدانی مێژوەوە و ئەمە چارەنوسێکە چاوەڕوانی داعش و ئەلقاعیدە و ڕەمزەکانی دەکا.


نمونەیەکی تر کڵێسای چاخەکانی ناوەڕاستە کە پیرۆزیە ئاینیەکانی خەڵکی کردبوە سەرچاوەی دەسەڵاتدارێتی دڕندانەی بۆ چەندین سەدە. کاتێک شۆڕش دژی دەسەڵاتدارێتی کڵێسا و پاشاکانیان بوە پێویستیەکی ئازادی کۆمەڵگەی ئینسانی ئیتر پیرۆزیە ئاینیەکان لەدەستور و یاساکانی دەوڵەتدا لابران و کرانە کەلوپەلێکی شەخسی کە هەرکەس لەماڵ و شوێنی ژیانی خۆی دەتوانێ بەپیرۆزی دابنێ، وە چیتر نەتوانرا لەژێرناوی پیرۆزیەکانی خەڵکدا دەسەڵاتی مەسیحیەت بەسەر خەڵکدا بسەپێنرێ. نە ئینجیل و نە عیسا ئەو پیرۆزیە ڕەسمیەی جارانی نەما و ڕەخنەگرتن لەمانە وەک ڕەخنەگرتن لە هەر بەرنامە و کەسانێکی تر بوە کارێکی ئاسایی و سنورەکانی ئازادی بیروڕا ئەم پیرۆزیە ڕەسمیانە و خەتە سورانەی ڕەخنەگرتنی بەزاند و پیرۆزیەکانی خەڵکیش گۆڕان لە ئینجیل و عیساوە بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتی و ئازادی و یەکسانی و ڕەمزەکانی شۆڕش و پێشکەوتنخوازی.


ئیسلام لەشەڕی دژی داعشدا پێویستە ئەم گۆڕانکاریەی بەسەردا بسەپێنرێ و ئیسلام بکرێتە کاری شەخسی هەرکەس کەدەیەوێ موسوڵمان بێ و تەنیا وەک پیرۆزی بۆ ئەو شەخسە بناسرێ . چیتر خەتی سوری ڕەخنەگرتن لەئیسلام و پەیامبەرەکەی نەبێتە یاسا و ڕێسای نیوکۆمەڵگەی کوردستان هەرچۆن ناتوانێ ببێتە یاسای نێوکۆمەڵگەی فەرەنسی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. شەڕ لەگەڵ فاشیزمی ئیسلامی وداعش شەڕ لەسەر بەدیل و بەرنامەی ئیسلامە کە داعش دەیەوێ بیسەپێنێ و شکستی داعش پێویستە ڕاگەیاندنی شکستی ئەو بەرنامە و بەدیلە ئیسلامیە بێ. شکستی بەرنامە و بەدیلی ئیسلامی بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە واتە سڕینەوەی خەتی سوری ڕەخنە لەو بەرنامەیە و ڕەمزەکانی ،واتە سڕینەوەی ڕەسمی پیرۆزیەکانی ئیسلام لە یاسا و دەستوردا و دەبێ ئیسلام و لایەنگرانی ئامادە بن وەک هەر باوەڕ و کەسایەتیەک ڕەخنەیان لێ بگیرێ و بەناوی تێکچونی ئاسایشی نەتەوەیی و کێشەی کۆمەڵایەتیەوە هەڕەشە لە ژیان و سەلامەتی کۆمەڵگە نەکەن.


کاتێک شەڕ دژی داعش و فاشیزمی ئیسلامی سەردەکەوێ کە پیرۆزیەکانی زۆرینە یان کەمینەیەکی ئیسلامی نەکرێتە یاسای قەدەغەکردنی ڕەخنە و ڕادەربڕین. بەپێچەوانەوە سەرکەوتنی پیرۆزیەکانی ئیسلام بەسەر ئازادی بیروڕا و ڕەخنەگرتن لە ئیسلام و پەیامبەرەکەی ،واتە مانەوەی هەڕەشەی داعش و پیرۆزڕاگرتنی پەیامبەرەکانێتی.


دەنگ بەرزکردنەوەی ئەمڕۆ لە پاریس و فەرەنسا و دنیادا کە "هەمومان چارلین" وەڵامی دنیای سکۆلاریزمی ئەمڕۆیە بەم فاشیزمە ئیسلامیەی کە دەیەوێ لەڕێگای بەپیرۆزدانانی بیروڕا و ڕەمزەکانیەوە بەدیلی کۆنەپەرستانەی خۆی بەسەر دنیای ئازادیخوازدا بسەپێنێ . نمونەکانی یاسای یەکسانی کانتۆنی جزیرە و شکستی داعش لەسەر دەستی ژنانی قارەمانی کۆبانی نیشانی دەدا کە وەڵامی خەڵکی کوردستانیش وەک بەشێک لە بەرەی ئازادیخوازی دنیا هەمان وەڵامی "نا" وتنە بە پیرۆزیەکانی فاشیزمی ئیسلامی .پیرۆزیەکانی خەڵکی کوردستانیش لەگۆڕاندایە لە قورئان و پەیامبەری داعشەوە بەرەو یەکسانی ژن وپیاو و ئازادی ڕەخنەگرتن لە پیرۆزیەکانی ئیسلام .پیرۆزیەکان وەک بیروباوەڕەکان بەرهەمی قۆناغێکی مێژوویین و لەلایەن ئینسان خۆیانەوە بەرهەم هاتون وە لە ڕێگای پراتیکی شۆڕشگێڕانەی گۆڕێنی هەلومەرجەکانی ژیانیەوە ئینسان پیرۆزیەکانی خۆشی دەگۆڕێت. لەم شەڕە لەگەڵ فاشیزمی ئیسلامیدا ئەمڕۆ پێویستمان بەبەرەیەکی ئەنتەرناسیونالی هەیە کە ئازادی ڕادەربڕین و سکۆلاریزم و یەکسانی وەک مافە پارێزراوەکانی ئینسان لە بەرامبەر بەربەریەتی فاشیزمی ئیسلامیدا بەرزڕاگرێت و چارەنوسی ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە بکاتە هەمان چارەنوسی نازیزم و فاشیزم و کۆمەڵگەی ئینسانی لەم بزوتنەوە بەربەریەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری ڕزگاربکا.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک