په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١١

په‌یامی ناوه‌ندی چاک،

له (٢٣)یه‌مین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا.

 


16.3.2011، ڕۆژێکی له‌که‌دارە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە بێدەنگی کرا لە رەفتارەکانی دڕەندەترین رژێمی سەدەی بیستەمدا، کە بە بەعس ناسرابوو سەرۆکێکی نەفام و کەلله‌رەق سەرکردایەتی دەکرد، بێگومان تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە هەر ئابروی بەعسی نەبرد بەڵکو ناسنامەی رون‌و ئاشکرای هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و جاڕنامه جیهانیەکانی مافی مرۆڤ‌و قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدو قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژی دایە دەستەوە‌و کە بینیمان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێناوی رژێمێکی تۆتالیتارو ستەمکاردا هەموو ڕێکه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی کردە قوربانی، تاوانی 16/3 هه‌ردوو زلهێزی ئامریکا و سۆڤیه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شه‌رمه‌زارکرد که‌بێده‌نگ بوون له‌ ئاستی ئه‌وتاوانه‌گه‌وره‌یه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ شارێکی کوردی سڤیل وبێچه‌ک کرا.


بێگومان بەر لە تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەش تاوانی تری کۆمەڵکوژی لەدژی گەلی کورد لە دۆڵی بالیسانی کوردستانی باشوور‌ و شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان روویاندابوو، بێدەنگی نێوەندە نێودەوڵەتیەکان نیشانەیەکی سەوزبوو بۆ عێراق هەتا تاوانی گەورەتر ئەنجامبدات، ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی وڵاتە زلهێزەکان‌و نێوەندە نیودەوڵەتیەکان لەپێشە هەموویانەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی‌و نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیە کورد ئەمرۆ یان سبەی دەبێت وەڵامی ئەو بێدەنگیە وەربگرێتەوە.


بێگومان سەردەشت‌و هەڵەبجە یەکەم شاری کوردنشین نین کە لەمێژوودا بەرچەکی کیمیایی‌و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی کەوتبن، نەخێر کۆمەلکوژی ژاپۆنیەکان بەرچاوترین ئەوتاوانەیان دەرهەق کراوە لە هێرۆشیماوناکازاکیدا، به‌ڵام قوربانیانی هیچکام لەوتاوانانە بەئەندازەی کورد پشتگوێ‌ نەخراوەو هیچ یەکێک لەو گروپ‌ونەتەوانەش بە ئەندازەی کورد بێباک نەبوون بەرامبەر بە قوربانیەکانی خۆی.


گازبارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، نیازێکی شۆفێنیانەی دەوڵەتی عێراق بوو لەناوتەپ‌وتۆزی جەنگی عێراق ئێراندا، ئامانجیش ئەوەبوو کێشەیەکی ناوخۆیی لەو جەنگە بئالێنێ‌‌و نەیارەکانی بە پلەی یەکەم پاکتاوبکات‌و گەلی کوردستانی باشوریش تەمبێ‌ بکات. بەداخەوە هێزە بەرهەڵستکارو سیاسیەکانی کوردیش زۆر ساویلکانەو بەئاسانی ئەو پاساوەیاندایە دەست بەعس‌و هاوپەیمانیتی ئێرانیانکردو شانبەشانی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەرشاری هەڵەبجەو سەرئەنجام سوپای بەعسیش لەلایەن هێزە ئاسمانیەکانیەوە گەورەترین تاوانی لەسەدەی بیستەمدا ئەنجام دا کە دەشێت بە شانزەی سێی کۆمەلکوژی ناوبەرین.


کوژرانی 5 هه‌زار که‌سی سڤیل‌وبێتاوان‌و برینداربوونی 10000 کەس بەگازی کیمیاوی، قوربانیەکی بێ‌ پەردەی بێدەنگی مرۆڤایەتی‌و سیاسەتی ئەوسای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ستەمکاری‌و دکتاتۆریەتی عێراقن، ئەمە لەکاتیکدابوو کە گه‌لی کورد نه‌خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بوو، نه‌ خاوه‌نی سوپایەکی نیزامی بوو، نه‌بەشێکیش بوو له‌ جه‌نگ تاهێرشبه‌ری سه‌ر دەوڵەت‌و سوپای عێراق بووبن، بێگومان تەنیا هۆکارێکی لۆژیکی ئەو گازبارانە تەنها کوردبوونیان بوو، که‌لەمێژبوو دەوڵەتی عێراق لێوی لێدەکرۆشتن‌و خۆشی بەچارەیان نەدەهات لەبەرئەوەی داوای مافه‌ ڕه‌واکانی خۆیان ده‌کرد.


به‌ داخه‌وه‌، کاریگەری ئەو تاوانە هەتا ئەمرۆ بەزەقی بەسەر خەڵکی ئەوشارەوە دەبینرێت هەتا ئێستا بەشێک لە بریندارەکانی بەدەم ئازارەوە دەتلینەوە، هێشتا بێسەروشوێن‌و بریندارانی گازبارانی هەڵەبجە پەراگەندەی وڵاتانن‌و جاربەجار دەدۆزرێنەوە، زمناکۆ(عەلی) نمونەیەکە لەو حاڵەتانە. ئەمە ئەگەر شەرمێک بێت بۆ کۆمەلگەی نێودەوڵەتی ئەوا ڕه‌خنه‌و گه‌لیه‌کانی خه‌ڵکی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش شەرمێکە بەرۆکی حکومرانێتی دەسەڵاتی لۆکاڵی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.


کولانەوەی برینی هەڵەبجە ئەمساڵ لەهەمووکات بە ئازارترە، لەبەرئەوەی دوای 19 ساڵ لە حوکمرانی ‌و سەرباری بودجەیەکی زۆری بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا خەڵک لەدژی گەندەڵی‌و بێ‌ مافیەکانیان دێنەسەرشەقام‌و دەسەڵاتی هەرێمیش بەگوللە وەڵامیاندەداتەوە.. کوژرانی سەرکارو شێرزادو رێژوان‌و شوان‌و گەرمیان‌و برینداربوونی 200 هاوڵاتی تر لەسەرشەقامەکان لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە، هاوکات بەردی دەستی خۆپیشاندەران یەکێکە لەو دیاردانەی بەرلەهەرکەس سوکایەتیە بە خوێنی شەهیدانی کیمیاباران‌و سوکایەتیە بە ئازار‌و ژیانی مەینەتبارانی هەڵەبجەییەکان بەتایبەتی‌و خەڵکی کوردستان بەگشتی.


دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەدوای 19ساڵ لە حکومرانی هەرگیز نەدەبوایە نەک هەر بەهەمان ئەداو نەفەسی شۆفێنیزمی عەرەبی بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە، بەڵکو دەبوایە بۆرێزگرتن لەو هەموو قوربانیانەی جینۆسایدی گەلەکەی رێگەی نەدایە هێزە ئەمنیەکانیشی هەمان ئەو جل‌وبەرگە نیزامیە بپۆشن کە سوپای عێراق‌و دەزگا ئەمنیەکانی بەعس دەیانپۆشی.. وەلێ ئەفسووس لە 17ی شوباتدا جارێکی تر ئەو راستیەیان سەلماندەوە کە هێشتا ئەو دەسەڵاتە دەستبەرداری زمانی توندو کارەکتەری توندرەفتارو لۆژیکی ستەمکارانەی سەروەختی بەعس نەبووە.


ئیتر دەسەڵاتی کوردی هەقوایە ئەو پرسیارە لەخۆی بکات لە 16/3 ی ئەمساڵدا یادی کام جۆرەی قوربانی بکەینەوە ئەوانەی بەعس بە گازی کیمیاوی خنکاندنی یان ئەوانەی ئەمساڵ لەسەرشەقامەکانی کوردستان بەگولەی کورد خەڵتانی خوێنکران؟


هەموومان مافی ئەو پرسیارەمان هەیە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرامبەر بەتۆمەتبارانی ئەنفال‌و کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەندە دڵنەرمن‌و بۆ بەرائەتی ئەوان دەگەرێنەوە بۆ بنەماکانی مافی مرۆڤ ئەی بۆچی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کوردستان ئەوەندە دڵرەقن‌و بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.. ئەگەر سوپاسالار نزار خەزرەجی‌و بەرێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی وەفیق سامەرائی‌و فرۆکه‌وان(تارق ڕه‌مه‌زان عه‌زاوی) شایانی رێزگرتن‌و پیاوی باش بوون بۆچی خەڵکی کوردستان شایانی ئەوەن سوکایەتی بەداوا رەواکانیان بکرێت‌و بە گوللە وەڵامیان دەدرێتەوە .. ئەم پرسیارانە درەنگ یان زوو دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و عێراقەوە بدرێنەوە.


بەهاناوە چوونی تاوانباران‌و تۆمەتبارانی هەڵەبجە، هەربەتەنها هەڵەی سیاسی‌و ئیداری دەسەڵاتدارانی کوردستان نین بەڵکو سوکایەتین بە سەروەریەکانی ئەم میللەتە سوکایەتین بە مافی قوربانیان‌و بەهەیبەتی دادگاکان‌و بەئەزموونی هەرێمی کوردستانیش.


ئێمه‌ لەناوه‌ندی چاک، وێرای ئەوەی سەری رێز بۆ گیانبەختکردوانی تاوانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ دادەنەوێنین، بەکردەوەش لە پێناوی ناساندنی ئەو دۆسێیە‌و پاراستنی مافی هاوڵاتیانی کوردستاندا تێدەکۆشین، چونکە پێمانوایە ناساندنی جینۆسایدی کورد بەجیهان دەبێت لە پێناوی دەستەبەرکردنی ژیانی شکۆمەندو ئابرومەندانەدا بێت بۆ زیندووەکان‌و هاوڵاتیانی کوردستان. هەرلەو سۆنگەیەشەوە نیگه‌رانین لەئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و دەمانەوێت بەشێک بین لەپێشگرتن به‌وتاوان و ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مافی مرۆڤی کورد ده‌کرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆجێییه‌وه‌.


ناوه‌ندی هه‌ڵبجه‌، دژ به‌ ئه‌نالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد - چاک

www.chak.info 
chak.org@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک