په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١\٢٠١١

 پەیکەرێک لە ئێسقان.

هەردى شەفیق     

ئەى بەلەمى خنکاو
ڕۆژگارێک بوو
تۆ ڕۆحى زیندووەکانت به‌ ئاوەکانا ئەگێڕا
ئێستا لە مەستیدا بۆ خۆت بگەڕێیت شێتیە
تاکو لە بادەدا خۆت ونبکەیت زیاتر دیاریت


بۆ/ فریشتە سپیەکەى عیشق، ئەو کەسەى تاهەتایە جێت خاڵیە.
سڵاوى وێرانەبوون و کۆڵەوارى..


نەگبەتى عیشق ئەوەیە چەند لێى هەڵدێی ئەوەندە زیاتر لەناویداى ،کاتێکیش کەتۆ هەست ئەکەیت هەزار ساڵ لێی دورکەوتویتەوە و گۆڕى فەرامۆشى و گوزەرکردنى ساڵەکان هەمووشتێکیان لەدەرونتدا سڕیوەتەوە ،ناگەهان شتێک وەک فڕینى پاساریەک ،گریانى کوکوختیەک ،ژاکانى گوڵێکى سور پێت ئەڵێت (بێهودە لەدەست عیشق هەڵدێی کەئەو لەبەردەمتدا بازگەى بۆداناوى ،مایەپوچ خۆتى لێئەشاریتەوە کەئەو پەیکەرێکى هەیە لەدڵتدا،بەخۆڕایی ڕەنج بەخەسار ئەدەیت و دڵت ئەپێچى کەئەو برینێکە لەڕۆحتدا.).


گوڵى خەیاڵ.....هەر لەبەر ئەوەى تۆ لەهەموو شیعرێک و خڕۆکە بەخڕۆکەى خوێنما و دونیا نازدارەکەى ڕۆحما بوونت هەیە، حەزم نەکرد لەم کتێبەشدا جێت خاڵى بێت .بمبورە کەمن بەشى ئەوە دنیاى تۆم تاریککرد نەتوانى ڕوناکى بکەیتەوە ،بەڵام منیش نەمئەتوانى وێرانکارێک نەبم و بەسوپاى ئەم کەساسیە کاولکارەوە ڕو نەکەمە ماڵى ڕۆحت.تۆ پێت وتم عیشق ئەوەندە ئەرزشى هەیە هەزارجار بۆى بمریت ،بەلا َم کەمردن بەردێک نەخاتە سەربەردێک و جار لەدواى جار خاپوربوونێکى ترى بەدواوە بێت و ناچاریشبیت دیسان بەزیندوویی بمریت،ئەبێت هەناسەساردانە بیر لەگۆرانیەکى تربکەیتەوە بۆ ئەم دنیا بێئەخلاقە بشێت ،بمبورە کەنەمتوانى وابم  و زۆر هەوڵى بێسودیشمدا.


ویستم تۆ لەناودڵى خۆمدا بکوژم و بۆ هەتاهەتایە ئەو عیشقە سەرەخۆرە بخەمەگۆڕ،بەڵام ئاسان نیە کەسێک لەناو دڵتدا زیندەبەچاڵبکەیت بەرلەوەى تۆ دەستبکەیتەوە نیگا خەمبارەکانى وەکوچەقۆ ئەتبڕێ،ئاسان نیە وەکو ئیحساسیى شاعیرێک بەرلەوەى گوڵێک بپچڕێت هەڵئەوەرێت،هەڵوەرێیت،ئەو ئەوینە بەخاک بسپێریت وەکو نەشتەرێکى ژاراوى لەناخەوە ئەتبڕێت.ویستم لەهەمووشتێک هەڵبێم ،لەوخاکەى گوڵى تیاسەوز نەبوو ،لەویادەوەریانەى لەهەر ئایندەیەکدابم لەناویاندام ،لەو کۆڵانەداخراوانە هەڵبێم ئەچنەوە شەقامە خوێناویەکانى دڵى خۆم،ویستم هەتا ئەگەر بەدرۆوەش بێت ،تەنانەت جۆرێکیش بێت لەخۆ گێلکردن و خۆ فریودان ،هەستبکەم ئیتر من بەختەوەرم ،هەستبکەم ئیتر ئەتوانم بیر لەکەسێکى تربکەمەوەو تۆ خەیاڵم وێران نەکەیت ،ویستم ئیتر هیچ یەکێک لەو دەموچاوانە نەبینم دیوارى گۆڕەکەى خۆمم بیر ئەخەنەوە،بەڵام نەکرا ڕوئیا.


لێت ناشارمەوە دواى تۆش من ویستم ئەوینداربم ،ڕاستیەکەى عیشقێک بوو بۆئەوەى عیشقێکى ترى تیادا بکوژم ،ساتێک بوو بۆئەوەى ئەو ساتانەى تیادا لەناو بەرم تۆى تیادا بووى ،بەڵام بێفایدەبوو تابتوانم ئەو کچەم خۆشبووێ لەتۆ نەئەچوو،ئەو کچە بێچارەى لەزانکۆدا ئەیخوێندو لەڕێگاى ئینتەرنێتەوە ناسیم. لەماوەى ساڵێکیشدا تەنیا جارێک دەستەکانیم گرت ،دۆخێکى سەیربوو لەدەستەکانیا من هەستم بەدەستەکانى تۆ نەئەکرد،لەچاوەکانیا چاوەکانى تۆم نەئەبینى ،بەچاوێکى پڕلەگومانەوە پێى وتم دەستەکانت بۆ واساردو سڕن؟لەنیگا ڕازدارو پەشۆکاوەکانى ئەو کچە کەساسەدا ئایندەى خۆمم ئەبینى وێران ئەبوو ،ترسام لەوەى کەمن ئیتر بۆ هەتاهەتایە مردووم و دەستێک نیە زیندوم بکاتەوە ،ترسام لەوەى ئیتر من کەڵکى ئەم سەردەمەم پێوەنیە .ئاخر عیشقى من تەنیا شەرابێک بوو بۆئەوەى تاهەتایە تۆم بیرچێتەوە ،بەڵام بێفایدەبوو ،کاتێک لەچاوە بێگوناهەکانیم ئەڕوانى چاوە بێگوناهەکانى تۆ سەیریان ئەکردم ،گوناهم کرد ڕوئیا....تەنانەت جارێکیش لەکۆفى نێتەکە دانیشتبووین پێى وتم تۆخەیاڵت لەجێگایەکى ترە ،هەستئەکەم کێشەیەکت هەیە ،بڕۆ جارێکى تر پێکەوە قسەئەکەین.ئێستاش چاوە بێگوناهەکانى ئەو کچە بێگوناهە ئەمکوژێت لەدوا ئێوارەدا پێم وت بمبورە لەدەستەکانى تۆدا بۆدەستەکانى کەسێکى تر ئەگەڕام ،ویستم ئەوعیشقەى من دەستم نەئەچووە خوێنى تۆ بیکوژیت ،بەڵام نەکرا.بێچارە دەردەدارو داخدار ئەگریا ،تائەو ساتەش عەلاگەکەى دەستى هەڵگرتبووم بێئەوەى بچوکترین گللەیش بکات ،پێم وت بێنە باخۆم هەڵیگرم ،وتى قەینا دوائێوارەیە حەزناکەم تۆ هیلاک بیت شتىترت پێە ،بێئەوەى تەنانەت بچوکترین گلەیش بکات بێدەنگ فرمێسکى ئەڕشت ،حەزم لێبوو دنیایەک قسەى سوکم پێبڵێ ،بەڵام نەیکرد .ڕەنگە خۆیشى زانیبێتى بەمیهرەبانى زیاتر ئەتوانێت بمکوژێت.ڕوئیا بیرم لێئەکردەوە کێ ئەڵێت ئەویش هەربەو هەموو جوانیەوە خۆشت ویستم خۆشى ناوێم ؟بەڵام ڕوئیا خۆزگە قسەى دڵ شتێکى تر نەئەبوو ،خۆدڵ ئاگاى ئەم شتانە نازانێت،ئێستاش دواهەمین ڕستەى ئەوکچە چاو فرمێسکاویە وەک گوێزانێک لەهەناوەوە لەتلەتم ئەکات وتى :تەمەنناى ئاسودەیت بۆئەکەم و بیرت نەچێت من تاهەتایە خۆشم ئەوێى .ئێستاش غەمى بۆئەخۆم کەمنیش بوومە ئەو کوڕە دڵشکێن و ڕۆحە غەریبەى کارەساتێک بەسەر ژیانى ئەوەوە بەجێبێڵم ،بەڵام خۆناکرێت لەتاریکى ڕۆحى خۆت هەڵبێیت و بۆناو ئاگرێکى سوتێنەر بچیت،سادەوە ئاسان بچیتە ژیانى کەسێکەوە دڵت لاىنەبێت،گوناهمکرد ڕوئیا بەرامبەر بەئەو ،بەرامبەر بەعیشقى تۆ .بۆیە ئەمە وام لێئەکات هەرگیز لەخۆم نەبورم کاتێک بەو هەستە پاکو دورلەخیانەتەوە خۆشى ویستم و نەمتوانى پاڵەوانى خەونەکانى بم .سەیرکە هێشتاش خەریکى کاولکردنى منى.


ئەو ئێوارە خەمێکى زۆرم لێخوارد و سبەینێ کاتێک تەلەفونم بۆکرد تاپێى بڵێم( ئەکرێت هێشتا هاوڕێ بین و لەژیانیشدا زۆرهاوڕێیەتى هەیە ئەتوانێت لەعیشق جوانترو پیرۆزتربێت )،تاپێى بڵێم( تۆ ئەتوانیت کەسێکى ترت خۆشبووێت و دڵخۆشبە لەم سەرەتانەى من بەدوریت) ،بەڵام هەر ئەوڕۆژە ژمارە تەلەفونەکەى گۆڕیبوو ،تەنانەت بەئیمەیلەکەشیەوە لەسەر خەتى ئینتەرنێت ڕێکەوتم نەکردەوە. وەک ئەوەى بەمکارەى پێم بڵێت (هیچ هاوڕێیەتیەک جێگاى عیشقى پێ پڕناکرێتەوە).وەک ئەوەى پێم بڵێ( کچان هاوڕێیەتى دواى عیشق بەدرۆیەکى پوچ ئەزانن.).


تۆش خراپتکرد لەکاتى ئەو ئەوینەدا وەکو تارمایی گەڕایتەوە. هاتى بۆئەوەى ئەو پەڕەگوڵانە جێبێڵیتەوە لەناو دڵى مندا پەژموردەنابن ،ئاخر تۆیادگارى ڕۆژگارێکى لەم تەمەنە دورو درێژەدا تەنیا ئەو ساڵە پڕمیهرو جوانیانە بەشى منبوون تۆى تیادابووى .ڕۆحسوک و دڵئێشاو لەژیان و بەڕۆحێکى شەکەت و دڵێکى برندارەوە تەسلیمى ئەو قەدەرە بوویت چرکەکانى چەقۆیان بەدڵتدا ئەهێناو ،لەگەڵ ئەوەشدا ڕابردوویەکى بریندارت بەدواى خۆتدا ڕائەکیشا، وەکو جەستەى مارێکى هەلاهەلا نەئەتوانى لەکۆڵى دڵى خۆتى بکەیتەوەو نەئەتوانى بەوبارە قورسەشەوە ڕێبکەیت.ئاخر هیچ شتێک لەوە سەختتر نیە ساڵانێک لەناو خۆتدا بکوژیت خۆشت ئەوێن ،ئەو برینانە خەبەر کەیتەوە لەناو دڵتدا خەوتوون ،لاپەڕەى کۆنە ئەوینێک هەڵبدەیتەوە ،یا ئەلبومى دڵداریەک بکەیتەوە لاپەڕە لەدواى لاپەڕە وەک ئەوە وایە برین بکولێنیتەوە ،زەمانەیەک بهێنیتەوە یاد ڕۆحت ئەکرۆژێ.تۆ ئەزانیت چەنێک سەختە لەبرى ئەوەى گوڵى ئایندە ئاوبدەیت بەدیار ژاکانى گوڵى یادگاریەکانتەوە بگریت ،وەک ئەوەى لەتەقەلایەکى بێسوددا لەدەست جانەوەرێک هەڵبێی لەناو ڕۆحى خۆتدا.ئێستاش وەکو جاران تەنیا دەزویەک منى بەم دونیا بۆگەن و بێزارکەرەوە بەستووەتەوە ئەویش تۆى،تەنیا تۆ!تەنیا کەسێک زیندووبوون و عیشقى قیمەتى مردنى هەبوو لەپێنایویدا تۆ بوویت ،من  و هەرکەسێکى دى دوودونیاى تەواو پێچەوانەین،ئەزموونى دواى تۆ واى پێوتم ڕوئیا.پێى وتم کێ ئەتوانێت لەداهاتووى وێڵگەردێکدا ببێت بەشەرێک لەڕابردوویدا غەرقى خوێن بووە ؟مەستى وەکو دیوێکى فریوکارى ئەبینێ لەگەڵ ئەو ئازارەى لەدڵیدا وەکو دۆزەخ ئەیسوتێنێ.


گوڵى خەیاڵ .......ئەزانم سەختە وەکو پاساریەکى سەربڕاو سەما بکەیت و چەپڵەت بۆ لێبدەن،وەکو کەناریەکى بریندار گۆرانى بڵیت و وابزانن دڵخۆشى ،من نازانم ڕۆژگارى بێپارەیی و کەساسى بوو وایکرد لەم دنیا بێئەخلاقەدا هەڵبێم و لەناو کتێبەکانا خۆم مەستبکەم ،یا کتێبەکان بوون ئەو ڕۆژگارە تاڵانەیان بەمن ئاشناکرد !پێیان وتم عیشق هەمووشتێک ئەکات بەقەرەبروت جگەلەخۆى ،کتێبەکانیش تەنیا وەهمت ئەدەنێ ،بەڵام اخ ئەى ئاسمانى ڕەش ئەو یادگاریانە ئایندەى منیان وێرانکرد ،بەجۆرێک لەناو خۆیانا ونیانکردم لەبیرم چوو ڕۆژانێکیتر لەدواى ئەوان بوونیان هەیە .منیش سەیرم لێدێت تۆپێیەکت لەم دونیایەداو پێیەکەى ترت ئەوەتانێ لەدونیاکەى تردا ،لەچاوەڕوانى هاتنى موعجیزەیەکدا دەستەکانت هەڵئەبڕى لەکاتێکا خوێن ئەبارى و موعجیزە داینەکرد .ئاخر هەتا ئەوانەش یەقینێکى تەواویان هەیە بەگومانن و دڵنیانین لەدونیاکەى تر چى ڕوئەدات،نازانن ئەوەى ڕوئەدات ئەو وێنە ناوازاەو شکاوانەن بەخەیاڵى خۆیان کێشاویانن ،یا ئەو سزاو بەدبەختیانەى ساڵەهاى ساڵ لەدەستى هەڵاتوون .لەنامەیەکدا بۆت نوسیبووم ناتەوێت لەوێنە خەیاڵیەکەى ناو ناخى ئەوان بچیت و ئەتەوێت ئەو وێنەبیت کەهەیت ،بەڵام ئەشێت خوداش لەوێنە خەیاڵیەکەى ناو ناخى کەسمان نەچێت ،وێنەیەک هەریکەمان بەخواستى خۆمان کێشاومانەو بەهەشت و جەهەننەمان بەسەر دۆست و دوژمندا دابەشکردووە ،ئەشێت بەهەشت و جەهەننەمى خوداش لەبەهەشت وجەهەننەمى ناو ناخى کەسمان نەچێت ،لەبەر ئەوەى تەنیا ئەو ئەزانێت چى لەژێر مێزەکانا ڕوئەدات (ئاخر قومارى راستەقینە هەمیشە لەژێر مێزەکانا ئەکرێت ،لەوشوێنەدایە کەتۆ چاوت نایبینێ،لەو جێیەدا کەتۆ ئاگات لەفڕێدانى کاغەزەکان نیە )ئاخر تەنیا ئەو ئەزانێت لەناو دڵا چى ئەگوزەرێت ،تەنیا ئەو ئەزانێت ئێمە چ دۆزەخ و بەهەشتێکمان هەبووە لەناو دڵماندا بۆ ئەوانى دى ،چەند پیلان و گریانمان هەبووە بۆکەسێک بێئاگابووە لەناو دڵمان .ئێستا منیش وەک باڵندەیەک باڵەکانى لەقومارا دۆڕاندبێت ئاسمانێکم نیە بۆى بچم، سەرزەمینێکم نیە بۆنى خوێن و غوربەتێکى ئەبەدى لێنەیەت.ئەشبێت تۆش لەدواى مردنیش وەڵامى ئەو پرسیارەت دەست نەکەوێت ئەوانەى ئەم دونیا وێران ئەکەن چیان لێدێ؟


من زوو پێم وتى مردنیش کاتێک جوانە شتێک لەبارى ئەم دونیا لاسەنگە هاوسەنگ بکاتەوە ،بەڵام تۆ ئەتەوێت بە خۆکوشتنت چى بەخودا بڵێیت کەئەو هەمووشتێک ئەبینێ و زیارتر لەهەرگوناهێک لەخۆ کوشتنى مرۆڤێک توڕیە؟!ئایا خۆکوشتن نکۆڵى کردن نیە لەو جوانیەى خودا دروستیکردووە؟ئایا خۆکوژیش تاوانبار نیە بەکوشتنى کەسێک؟تاوانبارنیە بەسڕینەوەى بەشێکى شوێن دەستەکانى خوا لەسەر زەوى ؟؟ئەزانم ئەوانەى تێزاب ئەکەنە بنى گوڵەکانى جوانى بەخەیاڵى خۆیان ئاویان ئەدەن ،ئەزانم عیشق وەک تلیاک وایە تەنیا یەکەمجار ئەتگەیەنێتە ئەو ئاسمانەى باڵەکانت بکەیتەوەو دووەمجار لەژێر هەورەکانەوە ئەفڕى بەبێ ئەوەى باران ببارێ و سێهەمجاریش سەرقاڵى باڵە تەپێى و واش ئەزانیت ئەفڕیت ،بەڵام هەزار ساڵ بەم حاڵەوە بەردەوامبیت ناگەیتە ئەو ئاسمانى جوانیەى دڵ و ڕۆحت داواى ئەکەن .نابووتى ئەم دونیاش ئەوەیە کاتێک عیشق ئەوەستێت ژیان ئەڕوات کاتێک عیشق ئەڕوات دیسان ژیان ئەڕوات.ئیتر ئەبێت ئەمەش بەشى ئێمەبێت و بەوەندەش ڕازى بین و هەزارجایش شوکربین نەکەوتینە دەورو زەمانێکەوە لەسەر شاشەى مۆبایلەکان عیشق بەمردوویی لەدایک بێت و بەنابوتى بمرێت.


گوڵى جوانى .....بەکۆڵانى هەر خەیاڵێکدا هاتبى جێپێکانت دیارن ،لەهەر داڵغەیەکدا گوڵت ناشتبێت شوین دەستەکانت سەوزن ،نازانى چەنێک کەسەرم خوارد لەگەڵ بادا هاتى و لەگەڵ نەسیم ڕۆشتى ،لەگەڵ بەهار هاتى و لەگەڵ گوڵەکانى ڕۆشتى ،ئێستاش کەبیر لەدروستبوون و ڕێکەوتى ئەو هەموو قەدەرە ئەکەمەوە لەوەئەچێت دەستێک یارى بە (تێکدان)یا (میکانۆ)یەک کردبێت و جێگۆڕکێى بە خانەکان کردبێت واتۆى کرد بەهاودەمى ئەو کوڕەخەیاڵپەرستەى بەنیگا دڵبڕەکانت ئەتکرد بەدیل ،بەبزە دڵنشینەکانت ئەتکرد بەعاشق و بەکۆیلە ،یادەستێک ویستبێتى کوێرەوەرى دنیا لەسەر ژیانى منو تۆ تاقى بکاتەوە و ئەو هەموو ئازارو خوێن وبرینە لەڕۆحى دوومرۆدا سەیر بکات ،ڕەنگە کارى بەمانەش نەبووبێت و سەرقاڵى یارى کردنى خۆیبێت بەتێکدان و دروستکردنەوەى ملیارەها خانەى وەک منو تۆوە ،منو تۆش نزیکبوونەوەى پارچەى میکانۆ کەمان بەدەرفەت زانیبێ و ئەویش لەسەر یاساى یارکردنى خۆى بەردەوام بووبێت (تێکدان و دروستکردنەوە)هەتا هەریەکێکمان کەوتبینە دووگۆشەى دوورە دەستى ئەمسەرو ئەوسەرى دونیا.


زۆرجار پێم ئەوتیت عیشقى ڕاستەقینە مردن لەچاویدا هەرزانە ،پێم ئەوتیت ئەوانەى حیکایەتێکیان نیە بۆ گێڕانەوە ،یادگاریەکیان نیە بۆى بژین،چڵەگیایەکیان جێنەهێڵاوە شایستەى مردنن.ئێستاش هەر هەنگاوێک لەتۆ دورئەکەومەوە هەست ئەکەم لەمردن و لەتۆ نزیک ئەبمەوە ،بەڵام مرۆڤ بۆئەوەى لەم زەلکاوەدا نەخنکێت ئەبێت ڕۆحى خۆى بدات بەکۆڵیدا و ڕوبکاتە خەڵوەتى عیشق ،بۆ ئەوەى گوڵبێت ئەبێت تەمەن کورت و جوان بژى تائەو کاتەى هەڵئەوەرێت،ئەبێت گوێ لەدڵ و ڕۆحى خۆى بگرێت ،ئەگەر ئەمەى نەکرد لەسەر شانۆى ئەم تڕۆهاتە ئیدى ئەو ئەکتەرێکى مردووە.ڕوئیا ...چى ئەڵێیت لەگەڵ دەورو زەمانێک مرۆڤێک دۆزەخ ئەوەتا بەکۆڵیەوەو بۆدۆزەخ ئەچێت ،شێتیە گوڵى ژاکاو ...لەدۆزەخێکەوە بەپێى پەتى گەیشتویتە ئەوسەرى هاوار بکەیت ...ئاه من چەند بەختەوەرم !شێتیە لەم زەلکاوى خوێنەدا گۆرانى بۆئەو باڵندە خەیاڵیە بڵێیت لەهێلکەدا باڵیان شکاند،بچیت و یادگارى سەر ئەو درەختانە بخوێنیتەوە کەس نازانێت ئەو عاشقانەى لەسایەیاندا دائەنیشتن دەردى ئەوین بۆکوێ ى بردوون.بەهارێک بیت و خەزان لەناختا سەوز بووبێت ،هەموو کارێک بکەیت بۆئەوەى لەعیشق هەڵبێیت و لەناو دڵتا بێت ،واهەستبکەیت یەک سەدەلەدەردو مەینەتى دورکەوتوویتەوەو ئەو ڕۆحت بخوات.


تۆ پێت وتم بەڕابردووت سزاى خۆت مەدە ،بەپەشیمانیت خۆت مەکوژە،بەڵام ئێستا ئەم دڵپەروەرو جواندۆستە پێت ئەڵێت ئەوەى لەحەقیقەتا مرد لەخەیاڵا زیندوو ناکرێتەوە .تۆ پێت وتم کاتى ئەوە هاتووە بیرێک لەوە بکەیتەوە بەبێ من بژیت ،بەبێ من بەختەوەرى دروستبکەیت ،ئێستاش تەنیا شتێک لەیادەوریدا بۆى بژیم ئەو پەڕەگوڵە شادى بەخشو جەرگبڕانەى تۆن ،تۆ تەنیا جوانیەکى دڵنشینى وەک لەشێکى غەریب و ڕۆحێکى ئاشنا ،وەک جوانیەکى ناسک و دڵکوژ،وەک ڕاوچیەکى دڵپێکراو و بریندار ،تاهەتایە وەک گوڵێکى ژاکاو هەلت ئەگرم ،وەک ئەو پەڕەگوڵە نیازدارانە هەڵت ئەگرم لەناو لاپەڕەکانى (شەوەسپیەکان)ا پێتبەخشیم وپێت ئەڵێم (کەسێک گوڵەکانى ڕۆحى ژاکاون مەحاڵە بەدواى گوڵدا بچێت).


من ئەزانم دڵخۆشى بۆ ئەوکەسەى هەواڵى لەسێدارە دانى خۆیی پێدراوە ،فریو کاریەکى گەمژانەیە لەگەڵ خۆیدا ،ئەزانم سەختە گۆرانى وتن بۆ ئەوکەسەى بریندارو بیمار بەناو تاریکیا ئەڕوا ،سەختە وەکو باڵندەیەکى مردووى سەرئاو کەتوتوو بەدەم شەپۆلێکەوە سەمابکەیت هاژەى دەنگى بەئاوازى دڵتەنگى تۆ نامۆیە ،لەودۆزخەدا بەهەشت دروستبکەیت بۆیان تاو داویت .من ئەزانم ئەو کەسەش شەوان چەنێک ئەگرى کاتێک جوانیەکەى ئەبینى برینێکت لا بەجێدێڵێ،بەڵام جوانیش بۆ ئەو دیوێکى ترى موسیبەتە ،جوانیش وەکو خەیاڵ زۆرجار بەو دنیایەت غەریب ئەکات تیایدا ئەژیت،من ئەزانم لەناو ئەو هەموو دڕکەدا ژیان سەختە بۆ ئەو گوڵئەندام و گوڵنازەى ڕابردووى هەمیشە بریندارى ئەکات و کەسیش دنیایەک برینى ئەرشیفکراوى نابینێ،بەڵام بمبورە لەوەى پێم وتى بۆ ئەوەى ببین بەمرۆڤ پێویستە ئازار بچێژین ،کەسێک تێکشکان وئازار نەچێژێت لەئازارى دیگەران تێناگات ،من دەمویست پێت بڵێم پێویستە ئازار بچێژیت بۆ ئەوەى لەئازار تێبگەیت ،بەڵام ئەمڕۆکەسانێک ئەبینم ئەوەندەى گرفتارت ئەکەن بەئازارەوە ئەوەندە هەوڵنادەن لەئازارت کەمکەنەوە ،ئەوەى کەمن ئەمویست ئەوە بوو لەئازار تێبگەیت نەوەک موعتاد بیت پێى.ئاخر کەسانێک هەن تائەو ساتەى لەناخى یەکترى تێنەگەن بەیەکترى ئاشنان ،تا دەربارەى ناخى یەکترى بزانن بەیەکترى نامۆ ترئەبن،هەرچەند زیاتر بەناخى یەکترى ئاشنابن لەیەکترى دورئەبن،تالەیەکترى نزیکبنەوە لەیەکترى دور ئەکەونەوە .ئەوان ئاسکیان نەدیوە بەبریندارى بگرى ،شەوانێک لەمەستیدا نەگریاون و خاوەنى ڕۆحێک نین گرفتارى و دەردەدارى بناسێت ،بەشتە بچوک وکەمبایەخەکان سەرسام ئەبن ،سەرەتا گرەو لەسەر دڵ و ڕۆحت ناکەن ،گرەو لەسەر ئەوشتە ڕاگوزەرانەئەکەن تۆزى زەمانە کاڵیان ئەکاتەوەو نایان هێڵێت ،ئەوەندەى بەجوانیەکەت شەیدا ئەبن ئەوەندە ڕۆحت ناناسن ،هەمیشە بەدیوە ڕوکەش وبازاڕیەکەت شەیدا ئەبن و ڕەنج بۆ بینینى دیوەکەى ترت نادەن ،بۆیە ناتوانن بەعیشقەکانیان تاهەتایە لەخەیاڵتا بژین و هەرلەبەر ئەمەشە جەستەت ئەکەنە قەفەز،ئەوانە گرەو لەسەر جوانی و ئایندەت ئەکەن نەوەک لەسەر عیشق ،ئاخر ئەوەى ئایندەیى خۆى لەتۆ ئەوێ ڕەنگە موحیبەتى لێت نەوێت و موحیبەتت نەداتێ،ئەوە نیە ئەم وڵاتە پڕە لەخێزانى وا؟ئەوەى ئایندەى لەتۆ ئەوێ لەئایندەیەکى ڕوخاوا بەجێت دێڵێ ،بەڵام ئەوەى عیشقى لەتۆ ئەوێ هیچ ڕۆژگارو وێرانکردنێک سەنگەرەکەى پێ چۆڵناکات.ئەوان ئەیانویست لەماڵەڕازاوەکەیاندا بژیت و و لەدڵیاندا نەبیت ،من ئەم ویست لەخەیاڵما بژیت و لەناو دڵما بێیت و بچیت و ماڵیشت هەرلەوێدا بێت .ئەبوو بۆ ئەوەى لەم دونیا بۆگەنکردووە دوربکەوینەوە لەخەیاڵمانا ماڵێک دروستبکەین و لەسەر زەمینى حەقیقەتیش کوخێک لەگەڵا پایزیەکان ،ئەبوو گوڵەکانى ڕۆحمان خزمەت بکەین.ئاخر ناکرێت گوڵ بیت و پێستى پڵنگ لەبەر بکەیت ،پڵنگ بیت و بەپەڕەى گوڵ خۆت داپۆشیت ،ئاخر ناکرێت لەقەفەزێکەوە بۆ قەفەزێکى تربفڕیت و بڵێیت من ئازادم ،من شادمانم،لەدۆزەخێکەوە بۆ دۆزەخێکى تر وەکو گوناهکارێک بڕۆیت و بڵێیت من بەختیارم ،سەیرم لێدێت کەسێک لەشى لەباوەشى تۆدابێت و دڵى لەناو دڵى کەسێکى ترداو بڵێت من ئاسودەم و خۆشبەختت بکات!تۆ پێویستت بەکەسێک بوو هەموو شەوێک بەعیشق ئاگرت تێبەربدات ،ئاگر لەناو دڵتدا بکاتەوە نەک لەسەر لەشت،کەسێک بەعیشق ئاگرت تێبەربدات نەک بەشقارتە ،کەسێ بێت تاشەوى داهاتوو لەو خەیاڵەدا غەرق بیت چۆن لەڕوتبوونەوەى ئەمجارەتدا لەززەتت لێببینێ و لەززەتى لێببینى ،بەو خەیاڵەوە گیرۆدەتکات چۆن ئەمجارە خۆتى بۆ بڕازێنیتەوە نەک ئەوەى خەیاڵى ئەتککردن بتکوژێت .ڕوئیا ...لەبەر یەک کەوتنى لەشەکاندا ڕۆح ئامادەگى نەبێت هەموو جۆرە تێکەڵاو بوونێک لەکارێکى شەرمئاوەرو قیزەون ئەچێت ،مەگەر سێکسى سۆزانیەکان و لەشکڕەکانیش هەروانیە؟؟کاتێک لەدەست و پەنجەى بزێوى پیاوێکدا یارى لەگەڵ لێوى مەمکەکانت ئەکات ،ڕۆحێکى ئەویندار هەست پێنەکەیت ،لێوى گیانت بەماچ نەشوات ،پەڕە پەڕەى جوانیت بۆن نەکات ،شێت و نیان نەبێت وەک ئەوەى لەگەڵ گوڵێکدا بەرخورد بکات ،لەچاوەکانیا ڕۆحێکى شەیداو دور لەدەمامک نەبینى ،لەلێوەکانیا ڕۆحى عاشقێکى تامەزرۆ هەست پێنەکەیت ،لەئاوازى هەناسەیدا تاسەى دڵێکى ئەویندار درک پێنەکەیت ئەوکاتە تۆ بۆ مردن ڕوت ئەبیتەوە نەک بۆ عیشق.ئەو کاتە تۆ لەگەڵ کەسێکدایت دڵکوژو دڵخنکێن ،کەسێک لەو کەسانەى مرۆڤ وەکو قاپێکى سەفەرى ئەبینن و لەبرى ئەوەى جوانیەکەشت لەپاڵ ئەودا بەختەوەریت بداتێ سەرت ئەخوا.


گوڵى سپى تۆ ژیانت ڕەشکردم و وات لێکدرم بیر لەمردن نەکەمەوە ،وات لێکردم لەناو هەر گوڵێکدا بەشێک لەو جوانیەى تۆ ببینم هەڵئەوەرێت ،وات لێکردم لەهەر گوڵێکدا بۆ جوانى تۆ بگەڕێم ،من ئەڵێم ئەوە عیشقە مرۆڤ ئەکات بەگوڵ و وا لەهەستى ئەکات دڕکى تیا سەوز نەبێت.


سەیرکە هەندێک لەم دنیایە ئەڕۆن و هیچ شوێنێک لەدواى خۆیان جێناهێڵن وەک چۆن هیچ بۆشاییەکیشیان پڕنەکردەوە تا لەدونیادا بوون ،ئاخر ئەوەى ئەم دونیا وێرانە دروست ئەکاتەوە خوێن بەخشو دڵبەخشەکان نین ،ڕۆحبەخشەکانن .نەگبەتترین وبەدبەختترین کەسى دونیاش ئەوەیە لەئامێزى هاوسەرەکەیدا تەنیایی ئەیکرۆژێ نەک ئەو تەنیایەى بەدواى مەعشوقەیەکى ونبوودا ئەگەڕێ و نایدۆزێتەوە ،نەک ئەوەى لەدواى کەسێکى لەدەستچوو خۆى هەڵئەکێشێت لەخوێن ،نەک ئەوەى لەدواى گۆڕى عیشقێک ئەڵێ ى خۆڵى گۆڕى بەسەرا باریوە .من ئەزانم ئەوەش مردنە کەسێک بچێتەوە جێگاى یادگاریەکانى وبیان هێنێتەوە یادى کاتێک خەیاڵو داڵغەش هیچ کۆمەکێکى ناکەن جگە لەئازار،یا تا هێزت تێدایە جێنێو بەم دونیا حیزەبدەیت جێگاى دوو دڵى تێدانابێتەوە ،لەژێر ئاسمانى ئەو شەوەدا بگریت هەرگیز ئەستێرەى لە(یل و مەجنون) بەیەک ناگەن .من ئەزانم هەموو هەڵاتنێک لەحەقیقەت ڕاکردنە بەدواى کارەساتدا ،من ئەزان ئەوە دیوە ڕاستەقینەکەى خۆ کوشتنە بەدواى خەیاڵە دڵکوژو دڵهەژێنەکاندا تا ئەو سەرى نامورادى بچیت ،بەڵام هێشتا لەگۆرانى ئەو ئارزوو پەرستانە جوانترە کاتێک ستایشى عیشق ئەکەن زیندەبەچاڵى ئەکەن ،من ئەزانم ئامێرەکان لەگەڵ هاتنیاندا مرۆڤیشیانکرد بەئامێر، بەڵام هەرگیز ئەو ڕۆژگارە نامرێت مرۆڤ بەدیار مۆم وپەروانەوە خەڵوەتى بۆ عیشق ئەکێشاو شیعرى بۆ ئەنوسى.


گوڵى نیانى و بەرائەت ......ئیتر عیشق قومارێکە ئاگات لێى نەبێت خۆتى تیا ئەدۆڕێنیت ،تەنیا ئازارێکە ئەتوانیت لەززەتى لێوەرگرى ،تەنیا سوتانێکە لەتاریکیدا ئەتوانیت نەمریت ،کێ ئەڵێت هێزێک لەسەروى دەسەڵاتى من و تۆوە کاتێک ئەم هەموو تاسان و سوتانەى دیوە ،زانیویەتى لەبەریەک کەوتنى من وتۆدا ئەو جوانیانە تیائەچن و ئەبن بەهەڵم،هەرلەبەر ئەمەش بۆ هەتاهەتایە بەدورىو ئازار مەحکومى نەکردوین و پێى حەیفبووە ئەو عیشقە لەتێکەڵاو بوونى جەستەکانا ببێت بەهەڵم ،ئاخر هەموو ئەوانەى عیشق تاسەر ئێسقان هەڵى کۆڵیون ئەڵێن عیشق لەدورىو ئازارا جوانترە.


یەکەم نیگا ئەویندارانەکەتم لەیادە لەچاوەکانتا نوسیبووت ،(چەند هەژارن ئەوانەى هەمووشتێکیان هەیەو غیشقیان نیە )ڕەنگە لەخەیاڵى خۆتا وتبێتت ئەمڕۆ دەستبەسەرو دیلى ئەکەم ،بەڵام من هەر لەسەرتاوە دیل بووم .ئەو ڕۆژەش دڵم پێى وتم (تاکەى لەناو ئەو خوێنەدا گوڵەکانت سەوز ئەکەیت ؟)تێگەیشتم ئیتر ئەوە ئێمەین ئەڕوخێین نەک دیوارەکان ،ئەوە ئێمەین دا ئەخرێین نەک ئەو کۆڵانانەى بە بنبەست گەیشتوون ،چومەوە شوێنى ئەو نیگایەو سەیرى تۆمکرد ،دڵم ئەیوت بێچارە ئەویش ڕۆژگارۆێک بوو زیندووبوو ،کەوتەوە بیرم ئێمە هەموومان کۆن ئەبین وەکو ئەو چڵە گیایەى سەرەنجام لەشێوەى چڵە پوشێکدا بائەیبا.تێگەیشتم هەمووشتێک لەم دونیایەدا کۆن ئەبێت و ئەمرێت وەک ئەو سێوەى لەچاوەڕوانى دەستێکى ئاشنادا ئەمرێت ولێى ناکاتەوە و سەرەنجام ئەکەوێت ،دواتریش فەیلەسوفێک دێت لەبرى ئەوەى یاساى مردنى پێبدۆزێتەوە ،بیر لەیاساى کێش کردنى زەوى ئەکاتەوە .هەمووشتێک لەم دونیا پیرەدا ئەمرێت بۆیە ئەکرا نیوتنیش یاسایەکى ترى بدۆزیایەتەوە بۆ ژیان، بۆنمونە یاساى نەمردن.تەنیا شتێک نامرێت خودى عیشقە ،تەنیا شتێک جێئەمێنێ وەک جێپێیەکى سیحراوى و جاویدانى ئەو پەنجانەن تابلۆى ئەوینیان لەسەر دیوارە خوێناویەکانى ژیان کێشاوە .ئەگەر ئەم کوڕەش مرد ئەوە بزانە دڵى خۆشە وێرانبوونى ئەو وەکو گوڵێک بەیەخەى کراسەکەتەوەیە.


ڕوئیا....من ئێستا لەشوێنى باخچە چکۆلانەکەى ئەوساى تۆدا دانیشتووم ،بیر دەکەمەوە ڕۆژگارێک بوو دەستەکانى تۆ شوێنى ئەم باخچە چۆڵەى ئاو ئەداو گوڵى تیاداسەوز ئەبوو ،تۆ هەر لێرەدا سەیرى گوڵەکانت ئەکردو جارجارەش بەدەسکێک ڕەیحانەى ئەم باخچە بێتاقەتەوە ئەهاتى ،ئێستاش نازانم بۆ ئەوەندە حەزت لەڕەیحانەو نازناز بوو ؟!ئاخر ناز ناز بەو هەموو شەوقو زەوقەوە ،تۆش بەو هەموو خەمەدەرونخۆرەوە ،بەو هەموو تاریکیەوە دەستى لەبیناقاقاتا بوو چى شتێک کۆى ئەکردنەوە جگەلەجوانى ؟!ئاخۆ لێرەدا چەند جار بیرت لەمن کردبێتەوەو خەمت خواردبێت ،چەند جار گوڵەکانى ئەم باخچە بێ ئاسەوارە چاویان لەگریانى تۆو، کەسەرو پیاسەى شەوانت بووبێت ،چەند جار لێرەدا فرمێسکەکانت بەسەر بێنازیاو تەنیاییە دڵکوژەکەى ماڵەوەو خەمى بێ هاودەمیتا هەڵوەراندبێت و ڕۆژگارى تەنیایی وبێکەسیت بەسەرقاڵى و سەیرى گوڵەکانیەوە بەڕێکردبێت؟؟ ڕوئیا تۆنازانیت یادگاریەکانى تۆ چەند ئازارم ئەدەن!!


ڕوئیا ....ژیان خیانەتى لەئێمە کرد ،بریا ئێمە لەیەکتریمان کردبا بۆئەوەى ئاسان یەکترى لەبیر بکەین .سەیرکە لەدواى ئاوابوونى جوانى سەردەمێکى بەسەر چوو ئەگەڕێتەوە، نەئەتوانیت بگەڕێیتەوە ناوى و نەداڵغەش بەردێک ئەخاتەوە سەر بنیاد نانەوەى بیناى ڕوخاوى ژیانت ،ئێستا ئەوەى ماوەتەوە لەدنیادا شانۆى عیشقێکى کوژراوە لەنێو بینەرێکى خاڵى لەوەفاو خاڵى لەویژداندا ،تۆش ڕێگاى خۆت بگرەو بڕۆ و ئەم برینانە مەکولێنەوە، ئیتر هەرچەند سەیریان بکەیت ئەوەندە ئازاریان زیاترە ،ئێمەش ئیتر ئەبێت ئەو بوونەوەرە زەلیلانەبین ئاخریەکەى چۆک دابدەین و عادەت بەم ژیانە باو و سواوەوە بگرین .ئەبێت لەکۆتاییەکەیدا ترسى خەڕۆ بوون و مردن و کارەسات و ئایندەو عادات تەحەکوم بەسەر ژیانمانەوە بکات ،نەوەک عیشق.ژیانیش چیە جگە لەپەڕى کۆنى باڵندەیەک لەئاسمانا فڕێى ئەدات؟چیە جگە لەو شەرابە هەراسانکەرو گێژکەرەى بەرلەوەى لەززەتى نۆشینى بکەیت بەسەر چووە ،پڕیان کردووە لەخوێنى حەرام؟
ڕوئیا ماڵاواییەکان هەمییشە تاڵن ،هەربۆیە هەمیشە لەناویانداین و لێیان ڕائەکەین ،ئاخر ئەوانە یادەوەرى سەردەمێکى بەسەرچووت نیشان ئەدەن تۆ ناتەوێت تێپەڕن ،هەر لەبەر ئەمەش مرۆڤ وێنە ئەگرێت،هەرلەبەر ئەمەشە مرۆڤە جوانەکان مەحکومن بەوەى خەیاڵیان بۆ ئەو بەشە تاڵەى ژیان تەرخانبکەن .هەمیشە ڕێگا ڕاستەکان ناگەنەجێ ئەمە ئیتر بیرو باوەڕى منە و لاشم وایە ئەمە عادەتى ژیانیشە ،عیشقیش دوژمنى ڕێگا پێچاو پێچەکانەبۆیە عیشقەکان بەناکامى ئەگەنە بنبەست.دڵم پێى وتم ئەگەر ژیان بوو بەقومار بەئازیزترین کەستى بدۆڕێنە، بەڵام ئەفسوس ڕوئیا ئێمە قومارمان نەکرد بۆ یە دۆڕاین ،وتم ئەبێت ئێمە بەسەر واقیعدا سەرکەوین و قومارەکەى لێببینەوە، بەڵام ئەفسوس ڕوئیا ئێستاکە ئیتر ناچارین باوەش بەماڵاوایدابکەین ،ئەوشتەى ساڵەهاى ساڵ لەدەستى هەڵئەهاتین.


ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق