٢٢\١٠\٢٠١٣ پەیکەری خۆشەویستیی، لە نێوان گورگی هار و دادگایی (ماچ)!
هۆگر موحسین
یەکەم: کەسانێکی زۆر هەن لە ئیسلامی بە هەردوو بەرەی توندڕەو و میانڕەو کە وەک گورگی هار پڕ دەدەنە رەوشی شارستانیی و چاویان بە خۆشەویستیی و شیعر و هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە هەڵنایێ و ناتوانن هەرسی بکەن.. چونکە دینەکەیان رێگەیان پێ نادا و ناتوانن خۆ لەگەڵ جیهانی نوێ و تازەگەریی بگونجێنن.. لۆ بەرانگژبوونەوەی ئەوانەش ئەوەی لۆیان دەلوێ سڵی لێ ناکەنەوە و سەرئەنجام زۆر ئاساییە لە لایان دەست لۆ سوتاندن و شکاندن و بگرە کوشتنیش ببەن وەک ئەوەی کە لە رابردووشدا کەمیان نەکردووە!
دووەم: حیزبی باڵادەستی ئەو شارە کە (یەکێتیی)ە بە هۆی شکستەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١\٩دا، ببووە بنێشتە خۆشەی سەر زاری خەڵکی ئەو شارە و تێکڕای کوردستان، هەرسنەکردنی ئەو شکستە و هەوڵدان لۆ داپۆشین و لە بیربردنەوەی لە لای خەڵک وای پێویست دەکرد کارێکی لەو چەشنە روو بدا، لە پێناو ئەو ئامانجەش سوتاندن و شکاندنی پەیەکەرەکان لە پارکی ئازادیی ئەنجام درا، کە تا رادەیەکی باش ئەو سیناریۆیە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئیدی ئەوە وەک چیڕۆکی (هەیاس و گیسکەکەی) لێهات کە وەک دەگێڕنەوە هەیاس لە رووی ئالیکدان و بەخێوکردنی گیسکەکە هیچ کەموکوڕییەکی نەبوو بەڵام بە هۆی نیشاندانی گورگ بە گیسکەکە نەیدەهێشت قەڵەو ببێ و لە یەک ئاستدا رایگرتبوو، دەسەڵاتدارانی سلێمانیش لە دروسستکردنی پارک و خەرجیی و مۆڵەتدانی دانی پەیکەرەکان تا رادەیەک کاری چاکیان کردبوو، کەچی (هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەی ئەوە لەدەستدا نییە کە دەستی خۆیانی تێدا بێ) هەر لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتدارانەدا سوتاندن و شکاندنی پەیکەرەکان روویاندا.. بەوەش توانیان هونەرمەندان رۆشنبیران و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و خەڵکێکی زۆر بەو کارە دزێوە سەرقاڵ بکەن و قورسایی سەر شکستەکەیان هەندێک سووک و بکەن و ئەگەر بە شێوەیەکی کاتییش بێ لەبیر خەڵکی ببنەوە.
هەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کارەش هەڵمەتی (هەفتەی ماچ) راگەیەندرا و چەندین هاوسەر وەک کاردانەوەیەک یەکتریان ماچ کرد و لە رێگەی میدیاوە خستیانە بەرچاوی خەڵک، کە من ئەو کاردانەوەیە وەک مۆرکێکی نێرسالاریی و پەرچەکردارێکی پڕ لە رق و کینە تەماشا دەکەم نەک وەک هەڵوێستێک کە گوزارشت لە ماف و ئازادییەکانی تاک بکا، چونکە بێ ئاگایانە تێیکەوتوون و خزمەت بە شکستی دەسەڵات دەکەن.
راستەوخۆ دوای ئەو ماچوموچ و خۆنیشاندانەش، داواکاری گشتیی هاتە سەر هێڵ و داوای کرد لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێ کە کارێکی لەو چەشنەیان ئەنجام داوە.. کە گوایە بەزاندنی (ئادابی گشتیی)ە!؟ دیارە ئەوەش خۆی لە خۆیدا خزمەتکردنە بە جۆرێکی دیکە بە کاڵکردنەوەی شکستەکەی دەسەڵات لە ناوچەی کەسک و ژیاندنەوەی بزاوتی ئیسلامیی لەو ناوچەیەدا.
داواکاری گشتیی لە جیاتی ئەوەی لێپێچینەوە لەو گشتە مافیا و بازرگانە چاوچنۆکانەی نێو دەسەڵاتی گەندەڵ بکا کە چۆن بێ ویژدانانە سامانی گەل بەفیڕۆ دەدەن و بەربوونەتە و گیانی تاک بە تاکی ئەو هەرێمە داماوە.. یان لە جیاتی ئەوەی تاوانبارانی کوشتن و سوتاندن و ئەتککردن و ئازار و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونیانەی ژنان و ژێرپێخستنی مافەکانی منداڵان راپێچی دادگا بکا.. یان لە جیاتی ئەوەی لە کەیسی کوژراوان و بنبزرکراونی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوخۆ بپێچێتەوە.. یان لە جیاتی ئەوەی تاوانبارە ئیسلامییەکان و مرۆڤکوژەکانی ناو دەسەڵات بداتە داگا کە بە دەیان نووسەر و رۆشنبیریان تیرۆرکردن و بە سەدانیان ئازار و ئەشکەنجەدان.. یان و یان...) دێ و دەیەوێ (ماچ) کە نە پەیوەندیی بەو شتە هەیە کە ناویان لێناوە (ئادابی گشتیی!!!) نە بە هیچ جۆر و شێوەیەک ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ پێشێل دەکا.. بداتە داگا!!!
ئەوەیە دادوەری گشتیی!!!!! باوەڕ ناکەم تا ئیستا هیچ کەسێک هیچ (دادەوەرێکی گشتیی) ئەوها نایاب و یاساپارێز و پڕ لە دادوەریی و پێشکەوتنخواز و مرۆڤپەرەوەرانەی لە هیچ کونجێکی ئەو جیهانە پان و بەرینەدا دیتبێ!!! هەر بژی و پایەدار و سەرفراز بێ دادوەرە گشتییەکەی شارە (حەیات)کەی خۆمان و کوردستانە زۆر زۆر شیرین و خۆشەویستەکەی خۆمان!!!
شکۆمەندیی بۆ دادوەری گشتییییییییییییییییییییی!!! شکۆمەندیی بۆ دادوەری گشتییییییییییییییییییییی!!! شکۆمەندیی بۆ دادوەری گشتییییییییییییییییییییی!!!
|